نێچیرڤان بارزانی هۆشداری به لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌دات
نوچه‌نێت: دهۆك
له به‌رده‌م ده‌یان هه‌زار كه‌س له هه‌وادارانی پارتی و یه‌كێتی له شاری دهۆك، نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی، هۆشداری دایه هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و وتی “هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت داواكاری خه‌ڵك، بكاته پردێك بۆ تێكدانی ره‌وشی هه‌رێم، لێی قبوڵ ناكرێت”.
له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی ده‌یان هه‌زار كه‌سی، كه هه‌موویان هاوادارنی پارتی و یه‌كێتی بوون، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند “ئێمه له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی كه‌موكوڕی و هیوا و ئومێده‌كانی خه‌ڵكداین و پارتی و یه‌كێتیش بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك دامه‌زراون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به سیاسی كردنی كه‌موكوڕییه‌كانی خه‌ڵك نین”.
نێچیرڤان بارزانی له‌به‌رده‌م هه‌وادارانی حیزبه‌كه‌ی و یه‌كێتی كه بۆ یادكردنه‌وه‌ی 20 ساڵه‌ی راپه‌ڕینی شاری دهۆك و 108 ساڵه‌ی له دایكبوونی مه‌لا مسته‌فا بارزانی كۆببوونه‌وه، له رۆژی (14/3/2011) وتی “هه‌ندێك لایه‌ن داوای روخاندنی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نها میلله‌ت ده‌توانێت حكومه‌ت بڕوخێنێت، حكومه‌ت به ده‌نگی خه‌ڵك هاتۆته سه‌ر حكوم، پێویسه خه‌ڵك به‌رگری له ده‌نگی خۆی بكات و به‌رگری له‌و حكومه‌ته بكات، كه به ده‌نگی خۆی هاتۆته سه‌ر حكوم”.
بارزانی ئاماژه‌ی به خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كانی ناوچه‌كانی سلێمانی دا و وتی “ئه‌وه‌ی له سلێمانی روویدا، پێویستی به هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی له‌چوارچێوه‌ی یاسادا خۆپیشاندان بكات و داوای مافی خۆی بكات و داواكاری خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام جێگه‌ی داخه، هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌و خۆپیشاندانانه بكه‌ن به پردێك، بۆ تێكدانی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین، بۆیه جێگه‌ی قبوڵ كردن نیه”، وتیشی “میلله‌تی ئێمه قبوڵ ناكات، هه‌ندێك لایه‌ن كه‌می خزمه‌تگوزاری بكه‌نه ئه‌جێندایه‌كی تاكه كه‌سی، نابێت و قبوڵ ناكرێت كه داواكردنی خزمه‌تگوزاری بكرێته هیوایه‌ك بۆ تێكدانی ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان”.