عەقڵی بچووک قسە لەسەر کەس دەکات

0

بەهرە حەمەڕەش

کاتێک دیاردەیەکی ناشیاو لە کۆمەڵگە سەرهەڵدەدات، خەڵکی هوشیار بۆ باگکراوند و هۆکاری کێشەکە دەگەڕێتەوە، چونکە پێویستە لە دەرئەنجام زیاتر قسە لە سەر هۆکار و رەهەندی کێشەکان بکرێت. قسەکردنی هەڕەمەکی و رووکەش کاری خەڵكێکە کە بیرناکەنەوە، چونکە قسەکردن لە بیرکردنەوە، تێهزرین و لێکۆڵینەوە ئاسانترە، خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی کۆمەڵی ئێمە هەمیشە ویستوویانە و دەیانەوێ ناوەند یان کەسایەتی و دەزگا هەبن لە جیاتی ئەوان بیربکەنەوە، فەتوا و بڕیاربدەن. ئەوانیش لە دوایان دووبارەی بکەنەوە! هەر ئەم تێگەیشتن و نەریتە هەڕەمەکییەش وایکردووە، کە وەک جیهانی سێیەم پۆلێن بکرێت.

هەر کۆمەڵگەیەک لە رووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە، بریتییە لە چین و توێژ، شەڕ و ململانێ و ناکۆکی لە نێوان ئەم چین و توێژانە بریتین لە بەرژەوەندی و دەسەڵات. دەرئەنجامی ریتمی ئەم ناکۆکییە، بەستراوە بە ئاستی خەڵکی کۆمەڵگە، کە چۆن دەبێتە هۆی پێشکەوتن یان رێگەگرتن لە پێشکەوتن. دەرئەنجامی ئەم ململانێیە بۆ حەزی پێشکەوتن، کۆمەڵە دەزگایەکی مەعنەوی دروست دەبن، وەک زانکۆ، حزب، سەندیکا و…، ئەمەش وەك کارگەیەک کادر و خەڵکی پسپۆڕ لە بواری جیاجیا پەروەردە و ئاراستە دەکات. بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر کێشە و گیروگرفتی کۆمەڵگە بوەستن.

راستە هەموو ئەم پێکهاتە و دەزگا و دامەزراوانەمان هەیە، لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵگەی ئێمە توشی گیروگرفتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بووە، بەڵام لە جیاتی خەڵكی پسپۆڕ و بەتوانا بێن کۆنفرانس، مێزگرد و دانوستان لە سەر ئەم گرفتانە بکەن، لە رێگەی کەناڵە جیاجیاکانی سۆسیال میدیا رێگە بە خەڵکی کاڵفام دەدرێت، کە بە ئاگا و بێ ئاگا، قسە لە سەر هەموو حاڵەتێکی ئاسایی، نا ئاسایی بکەن! هەتا لە سەر کەسانێکیش، کە پێویستە شانازییان پێوە بکەین. ئەوەش شیرازەی کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات. 

لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کۆمەڵێک حزب و پێكهاتە هەن، ئەم حزبانەش بە پێی تەمەن، سەنگ و توانای خۆیان خەبات دەکەن، دیارە کە مرۆڤ جوڵانەوە دەکات هەڵەش دەکات. کاری مرۆڤی زانا و دانایە، کە وەک چاودێرێکی کۆمەڵایەتی یاسایی یان سیاسییە، بێن رەخنەی زانستی لە سەر هەڵە و کەموکورتییەکان بگرن. نەبوونی ئەم رێکارە زانستییە، دیاردەیەکی دروستکردووە، کە هەرکەسێک بە پێوەری خۆی خەڵك بە “خائین و خۆفرۆش” ناو ببات. تێگەیشتنێکی کاڵفامانە و هەڕەمەکی بۆ خەڵك دروستکراوە، کە ئەوەی “لە حزبەکەی من، ئایینەکەی من، ئایدۆلۆژیاکەی من” نەبێت خائینە. تەنانەت رێگە بە خۆیان دەدەن قسە لە سەر جل و بەرگ و شێوازی خواردنی کەسانی تریش بکەن! تایبەتمەندییەکان بەزێنراون و بازاڕێک پەیدا بووە، هەریەک بە چەک و ئامرازی خۆی فەتوا لە سەر خەڵک دەدات. ئەم دیاردە ناشیرینە وایکردووە، کە خەریکە ئاشتی کۆمەڵایەتی لەرزۆک بکرێت یان تێکبچێت. دەرئەنجام، ئەم رەفتارە نا شیاو و نا شارستانیانە بەر لە هەر کەس بەرۆکی خودی ئەم دەزگا و حزبانە دەگرێتەوە، کە لە پشت ئەمجۆرە لە هاندانەوەن.

لە بەرئەوە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بیر لە گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی درێژخایەن وەک پرۆژە، کۆنفرانس و…، لە سەر ئاستی کورد و دۆستەکانی کورد بکەنەوە کە پێداچوونەوەیەک بێت، هیچ نەبێ بە سەد ساڵی مێژووی بزووتنەوەی کوردیدا. بۆ ئەوەی هەم رێگا لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانمان بگرێت و هەم دەمی خەڵکی کاڵفام بگرێت، کە بە میزاجی خۆیان قسە لە سەر خەڵک/ مێژوو دەکەن.

پێویستە زانکۆکان لە مامۆستا و کەسانی نا شایستە پاکبکرێنەوە، چونکە مامۆستای نەزان بە قەد تیرۆر مەترسی و زیانی بۆ کۆمەڵگە هەیە. هاوشانی زانکۆ نوخبە، نوسەران و هونەرمەندان زیاتر کار لە سەر بواری رەخنەی زانستی بکەن. بۆ ئەوەی، کە ئێمە رەخنە لە سەر تێکستەکانی کۆمەڵگە، ئایین، سیاسەت و ئەدەبیات دەگرین، لە ئاستێکی مەعریفی بێت، کە بتوانین جۆرێک لە چارەسەر بدۆزینەوە. ئیتر فێربین لە جیاتی کەسەکان، قسە لە سەر کار و تێکست بکەین.

ئەوەی تا ئێستا ئێمە لە هەندێ دەزگای راگەیاندن و سۆسیال میدیا دەیبینین، نەک تەنانەت لە بەرژەوەندی گشتی کوردستاندا نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسیش دا نییە. کەواتە وەرن با پێکەوە بیر لە رێگە چارەیەک بکەینەوە، کە کۆتایی بە کلتوری هەڕەمەکی قسەکردن و شەڕە جنێو بهێنین، کە بەهیچ شێوەیەک خزمەتی دۆزی ئەمڕۆ و بەیانی گەلی کورد ناکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com