تورکیا چەند لێکگەیشتننامەیەک لەگەڵ عێراق ڕادەگەیەنێت

0

نوچه‌نێت

وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار، ڕایگەیاند لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە چەند لێکگەیشتننامەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان. چەند سەرچاوەیەکی تورکیش پێشبینیدەکەن لە نیوەی دووەمی مانگی ئاداری داهاتوو ئۆپراسیۆنێكى هاوبەش لەنێوان ئەنکەرە و بەغدا و ئیدارەی کوردستانی عێراق ئەنجامبدرێت دژ بە بنکەکانی ئەو حیزبە لە باکووری عێراق.

چەند مێدیایەکی تورکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناویان نەهێنراوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسی ئاکار بە هاوڕێیی سوپاسالاری تورکیا یەشار گیولەر، ئەگەری هەیە ڕێککەوتن لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان کرابێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەش دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

لە مانگی حوزەیرانەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئاسمانی و زەمینی لە باکووری عێراق ئەنجامدەدا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەمەش ڕووبەرووی ڕەخنە و تووڕەیی عێراقی کردووەتەوە و ناو بە ناو باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت دەکەن بۆ گەیاندنی ناڕەزایی خۆیان. هەروەها ئەوەش خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێیە کە تورکیا چەند بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەکە هەیە.

ئەو بەرپرسە عێراقییانەی لەو سەردانە سێ ڕۆژەدا وەزیرە تورکییەکە دیداری لەگەڵیان هەبووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت بەسەر هەموو خاکەکەیەوە.

ئاکاریش جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت کۆتایی بە (تیرۆر) بهێنرێ وەکوو ئەو ناوی بردووە، ئەویش بە هاریکاریی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، لەم بوارەشدا ئاماژەی بە چەند لێکگەیشتننامەیەک کردووە. لە چەند لێدوانێکیدا لە بارەگای کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، خەمڵاندنێکی کردووە بۆ ئەنجامی سەردانەکەی بۆ عێراق “سوورین لەسەر کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە ڕێگەی ئەو هاریکارییەی دروستیدەکەین لەگەڵ بەغدا و هەرێمی باکووری عێراق. قۆناغی داهاتوو شاهیدی ڕووداو و پێشکەوتنی گرنگ دەبێت لەڕووی هاریکاریی ئەنکەرە لەگەڵ هەریەک لە بەغدا و هەولێر لە لەناوبردنی تیرۆر”.

ئاکار ئاماژەشی بەوە کرد کە تورکیا “لە نزیکەوە چاودێریی دەرکردنی تیرۆریستەکان دەکات لە چواردەوری شنگال و ئامادەین هاریکاریش پێشکەش بکەین لەم بوارەدا”. ڕوونیشیکردووەتەوە کە دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر “بەرهەمدار و سەرکەوتوو بووە” و لەگەڵیان باسی دۆسیەی لەناوبردنی پارتی کرێکاری کوردستانی کردووە، لەگەڵ “بابەتگەلی ئاسایشیی تایبەت بە هەردوو وڵات و ناوچەکە”.

لە مانگی ئۆکتۆبەر بەغدا و هەولێر ڕایانگەیاند گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی “مێژوویی” بۆ ئیدارەدانی ناوچەی شنگال، لەناویاندا دروستکردنی ئیدارەیەکی هاوبەشی نێوانیان و کۆتاییهێنان بەو ڕێوشوێنانەی لە دوای ساڵی ٢٠١٧ ەوە دانراون، هەروەها ڕاسپاردنی پۆلیسی فیدراڵی بە پاراستنی ئاساییشی ناوچەکە بە هاوکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، کە ٨٠٪ی زیانی پێگەیشتووە بەهۆی داگیرکرانی لەلایەن ڕێکخراوی داعشی تیرۆریستی.
هەروەک لە ڕێککەوتنەکە دەرکردنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و گرووپەکانی حەشدی شەعبی تێدایە لەپێناو گێڕانەوەی ئاوارەکان.

چەند ڕاپۆرتێک لە تورکیا باس لەوە دەکەن تورکیا لێکۆڵینەوە دەکات لە پلانێکی سێ قۆناغی بۆ لە قاڵبدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شنگال، دواتر بەرەو چالاکییە سەربازییەکانی لە سووریا، بەو پێیە “لە قۆناغی یەکەمدا بەرەو کۆتاییپێهێنان و کۆتکردنی چالاکییەکانی حیزبەکە لە ناوچەکانی شنگالی هاوسنووری سوریا و بڕینی پەیوەندیی نیوان شنگال و سوریا هاوشێوەی گەمارۆدانی چیای قەندیل لە ماوەی دوو ساڵدا”.

لە قۆناغی دووەمدا “تورکیا دەچێتە جەنگەوە لەگەڵ باڵە سورییەکەی حیزبەکە (یەکینەکانی پاراستنی گەل) لەناو سوریا” بەڵام ئەم کارە دژبەر دەبێت لەگەڵ هەڵویستی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە پشتیوانی یەکینەکانی پاراستنی گەلن کە گەورەترین پێکهاتەی هێزەکانی سووریای دیموکراتە. لە قۆناغی سێيەمدا “پرۆسەی چاککردنەوە و گەڕانەوەیە بۆ دۆخی ئاسایی، تێیدا هێڵی پەیوەندیی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ بەهیزدەکرێت لەبارەی گفتوگۆکانی سووریاوە”.

سەردانەکەی ئاکار بۆ عێراق لەلایەن مێدیای تورکیاوە بە چڕی ڕووماڵ کرا، لە ڕووماڵەکانیشدا بە تایبەت سەرنج دەخرایە سەر بابەتی ئاسایشی و تایبەتتر لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەوەش تایبەتتر دۆخی شنگال. ڕۆژنامەی (ئەیدنلیک)ی نزیک لە پارتی “نیشتیمان”ی چەپڕەوی توندڕەو لە بەرگی کۆتایی خۆیدا نەخشەیەکی شنگال و ناوچەکانی سووریای ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (کە تورکیا تۆمەتباریان دەکەت بە شوێنکەوتەیی پارتی کرێکارانی کوردستان)ی کێشاوە و لەسەری نووسیوە “شنگال لەسەر مێزی گفتوگۆی ئاکار و گیولەر و بەرپرسانی عێراقی”.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەگەلێکەوە کە ناوی نەبردوون دەڵیت تورکیا گرنگییەکی زۆر بە ناوچەی شنگال دەدات، بەو پێیەی هێڵی گواستنەوەیە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ پشتیوانیی هەژموونیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ئاکار و سوپاسالاری تورکیا لەو سەردانەی بۆ بەغدا کردیان دیداریان هەبوو لەگەڵ جومعە عیناد وەزیری بەرگریی عێراق، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق و لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراقەوە پێشوازییان لێکرا. لە هەولێریش لەگەڵ نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دیداری هەبوو، هەروەک سەردانی نووسینگەی هەولێری بەرەی تورکمانیی عێراقی کرد. چەند بەرپرسێکیش لە پێشوازیکردنیان ئامادە بوون لەوانە ئایدن مەعروف وەزیری کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکردنی بەرەی تورکمانیی عێراق و ئاکار جەختیکردەوە لەسەر “بەردەوامیی پشتیوانیی بەرەی تورکمانیی عێراق”.

سەردانی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر دوای مانگێک هات لە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنکەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان. چاودێران وای دادەنێن سەردانەکەی ئاکار لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی تورکیایە بۆ مسۆگەرکردنی هەژموونی خۆی لە دەرەوەی وڵاتەکەی، بەر لەوەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن چاوبگێڕێت بە دۆسیەکانی دەرەوەدا.

.سه‌رچاوه‌ :شه‌رق ئه‌وسه‌ت

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com