شیلان عوسمان: كچانى ئێستا پێیانوایه‌ كورد پێویستى به‌ سه‌ما و خۆده‌رخستنه‌

0

ساڵانێكه‌ به‌ هونه‌ره‌وه‌ ماندووم

29 كیلۆم له‌ كێشم دابه‌زاندووه‌

دیمانه‌ى لاڤین عومەر حەمە، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

شیلان عوسمانى هونه‌رمه‌ند له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى “نوچه‌نێت” باس له‌ چه‌ند لایه‌نێكى هونه‌ریى و تایبه‌تى ژیانى خۆى ده‌كات. دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر به‌رگه‌ى ماندبوونى گرتووه‌، بۆئه‌وه‌ى كاره‌ هونه‌رییه‌كانى ته‌واو بكات.

کاری هونەریی بە تایبەتی گۆرانی ژنان لە ئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

بەڕای من هەر هونەرمەندێ کاری جوان بکات خۆی لە خۆیدا تایبەت دەبێت، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا هونەرمەندی ژنمان زۆر کەمە ئەوەی هەشمانە لەم تازانە، من زۆر بەدڵم نین.

پێتوانییە هەندێک لە کچان ئێستا بۆ بەناوبانگ بوون پەنا دەبەنە بەر وروژاندن؟ کە ئەم شێوازە لە پێشتر لە ناو کورددا نەبوو بە تایبەتی لە نەوەی ئێوە و پێشتر؟

بە دڵنیایەوە تەنیا بۆ دەرخستنی خۆیانە و هیچی تر. چونکە هیچیان به‌یاخیان بە لایەنە هونەریەکە نەداوە.

ئایا کۆمەڵگای کوردەواری لەگەڵ هونەرمەندانی ژن دادپەروەر بووە؟ پێتوایە وەک پێویست بایەخی بە هونەرەکەی داوە؟

بە دڵنیایەوە من وەک خۆم بایەخێکی زۆر باشیشم بە هونەرەکەم داوە، چونکە هونەر حەز و خولیای خۆم بووە کاتێ کە من گۆرانیم دەوت کۆمەڵگاکەمان هەرچی بەدەمیانا بهاتایە به‌ ئێمه‌یان ده‌گوت، بەڵام لەخوا بە زیاد بێت من هەر کاری خۆمم کردووە و خێزانیشم هەمیشە هاوکارم بوون .

لە دیمانەیەک باس لەوە دەکەیت هەندێک هونەرمەند کچ لاسایی ستایلی بیانی دەکەنەوە لە گۆرانیگووتن، دەکرێ نموونەیەکمان پێ بلێت ؟ ئایا ئەم دیارده‌یه‌ باسی دەکەیت تاکوتەرایە یان زۆرە؟

وەڵای بەڕای من زۆر زۆریشە ئەو دیاردەیە، چونکە وا هەست دەکەن کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە ڕەقس و خۆ دەرخستنە بەڵام هەرگیز وانییە ئێمە کولتوورێکمان هەیە دەبێت پارێزگاری لێ بکەین .

زۆر جار دەردەدڵ دەکەیت و خۆزگەی ئەوە دەخوازی ڕێگەی هونەرییت نەگرتایه‌بەر بۆچی؟

چونکە دنیای هونەر زۆر زۆر دنیایەکی قوڕسە بەڕاستی کەسانی خۆی دەوێ. منیش ساڵانێکە زۆر ماندووی ناو هونەرم چونکە زۆر ئازارمان چەشتووە بە تۆمارکردنەوە و بەکاری کلیپەوە و جگە لەوانەش قسەی خەڵکیش بەردەوام کە بەڕاست و چەپتا دێنە خوارەوە لەبەر ئەوە پەشیمانم .

لە یەکەم هەنگاوی هونەریت چ کۆسپێکت هاتە بەردەم؟

کاتێ دێتە دنیایەکی ترەوە بە تایبەت دنیای هونەر دەبێت چاوەڕێی هەموو شتێک بکەیت، کە ئاڕاستەت دەکرێ چ خراپ بێت یان چاک بێت. منیش زۆربوون لەوانەی کە پێم وترا بەڵام لەخوا بەزیاد بێت بەهەوڵی خێزان وخۆشم نەمانهێشت کاریگەر بێت لەسەر هونەرەکەشم وخۆشم .

وەک دەزانین کاری هونەریشت هەیە، چۆن دەتوانی کاری هونەری و ڕاگەیاندن هاوسەنگ ڕابگریت؟

من ماوەی یەک مانگە بەرنامەی هونەری پێشکەش دەکەم هەمیشە حەزو ئارەزووم بوو لەگەڵ کاری هونەری کارێکی ئاواشم هەبێت کاتێ کە بانگیان کردم بۆ بەرنامەیەکی ئاوا زۆر زۆر خۆشحاڵ بوم . زۆر ئاساییە چونکە بەرنامەکەم هەفتەی جارێکە بە ناوی ژووانی هونەر بەڵام کاری هونەریم جاری وا هەیە بە چەند ساڵ جارێک کارێک دەکەیت .

دەگوترێ کارێکی هونەری نوێت ئامادە کردووە کە ئەلبومێکە دوای تۆمارکردنیشی ڕەتتکردۆتەوە، هۆکارەکەی چی یە؟

هۆکاری ڕاگرتنی ئەلبومەکەم باش دەرنەچوونیەتی ئەوەی من دەمویست وا نەبوو بەڵام دەمەوێ چەند کارێکی جوانی تێدایە دەست بکەم بە تۆمارکردنیان ئه‌گەر خوا یار بێ .

لە وەرزی کۆرۆنا هەموو کارێک وەستا بە تایبەتی کاری هونەری کە زیانێکی گەورەی کردە سەر هونەر چ کارێکی خاتوو شیلان وەستا؟

من لەو کاتەدا هیچ کارێکی هونەریم نەبوو. کارەکانیشم گەر وەستا بێت هۆکارەکەی کۆرۆنا نەبوو .

هەمووان دەزانن لەناکاو کێشت دابەزاند، چ ئیرادەیەک وای لێکردی رجیم و وەرزش بکەی بۆ خۆ لاواز کردن؟

من هەمیشە حەزم لە زەعیفی بووە بەڵام ماوەی کەرەنتینە زۆر بوو بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کاتێ كێشى خۆمم بینی زۆر ببوو . ببوومە ۹۳ کیلۆ هەستم کرد . كێشى زۆر هەم بۆ نەخۆشی هەم بۆ تەمەنیش زۆر ناخۆشە بڕیارمدا دەست بکەم بە ڕجیمێکی توند. لەخوا بەزیاد بێت ئیرادەم زۆر بەهێز بوو .تا ئێستاش بەردەوامم لە ئێستادا ٦٤ کیلۆم . سوپاس بۆ خوا .

چی وای لە شیلان عوسمان کرد بەبێ بیرکردنەوە بریاری وازهێنان لە هونەر بدات؟ هۆکارەکەی چی بوو؟

بیرم زۆر لێ کردبویەوە بەڵام نەم دەتوانی واز لەو کارە بێنم کە خولیای مناڵیم بوو . بەڵام هەستم کرد ماوەیک بو زۆر هونەرمەندان پشتگوێ خراون هەر کارێک دەهاتە بەر دەمم بۆم نەدەکرا زۆر قوڕس بو بۆم منیش بڕیارمدا واز لەخەونەکەم بێنم . بەڵام بەڕاستی کاتێ لە ئەکاونتی خۆمەوە بڕیاری وازهێنانم بڵاو کردەوە بەگریانەوە . پەیامەکەم دەنوسی چونکە دەمزانی کە ناتوانم بەڵام مەجبوور بووم . داواتر زۆر لە هاوڕێی و کەسە نزیکەکانم نەیانهێشت واز لەو خەونە بێنم ئەوە بوو بڕیاری دەستپێکردنم دایەوە . بەڵام بەداخەوە کە تا ئێستاش هونەر هەر قورسە کارەکان زۆر بە قورسی تێدەپەڕێت بۆ ئێمە بەڵام بۆ هەندێک زۆر ئاسانە . لەکۆتایدا زۆر زۆر سوپاس بۆ بەسەر کردنەوەتان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com