بڕیار محەمەد: کێشەمان لە جێبەجێکردنی یاساکان هەیە

0

نوچەنێت

بڕیار محەمەد، پاریزەرێکە لەسەر کەیسەکانی ژنان و توندوتیژی کاردەکات، لە رێگەی رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، هاوکاری و راوێژی یاسایی پێشکەش دەکات. لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لەگرنگی یاسای باری کەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکات، هاوکات گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنیان دەخاتە روو.

نوچەنیت: ژنان چۆن ئێوە دەدۆزنەوە؟

بڕیار: ئێمە وێب سایتمان هەیە ژنان دەتوانن لەوێوە پەیوەندی بکەن، هەروەها پەیجی فەیس بوکمان هەیە، کە لەناو خەڵک بڵاوترە. بەردەوام هەڵمەتی هوشیاریمان هەیە دەچێن بۆ لادێ و شوێنە دوورەکان، لە ناو شارەکانیش سیمینار دەکەین کە سەبارەت بەو یاسایانەی کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە.

بەشێکی تری کارەکانمان بە هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان. فلێکسمان لە ناو دادگاکان داناوە. هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ ناووسینگەی مافی مرۆڤ هەیە، یەوانیش ئەگەر ژنێک پێویستی بە هاریکاری یاسایی هەبێت بەتایبەت لە سنوری گەرمیان هەر ژنێک پێویستی بە هاریکاری یاسایی هەبێت رەوانەی لای ئێمەی دەکەن.

هەروەها ژمارە تەلەفۆنمان هەیە کە بڵاومان کردۆتەوە. بۆئەوەی ژنان پەیوەندیمان پێوەبکەن.

نوچەنێت: کارەکانی ترتان چییە؟

بڕیار: جگە لەوانەی باسم کرد، کارێكی تری ئێمە چاودێری کردنی ئەو یاسایانەیە کە پەیوەندیدارە بە مافەکانی ژنەوە. بۆ نموونە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خیزانی، کە بۆ هەموو ئەندامانی خێزانە بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە لە خێزاندا ئەوەی زۆرترین جار رووبەرووی توندوتیژی دەبێتەوە ژنان وکچانن بۆیە ئەمە وایکردووە یاساکە مۆرکێکی ژنانە وەربگرێت. ئێمە بەهاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پڕۆژەمان هەیە کە ئایا ئەم یاسایە تا چەند لە خزمەتی ژناندایە، بۆیە رەشنوسێکمان داڕشتووە بۆ هەمواری ئەم یاسایە بە ئامانجی ئەوەی زیاتر لە خزمەتی ژناندابێت.

نوچەنێت: لە سایتەکەی یاسای توندوتیژی خێزانی و باری کەسێتی دانراوە، ئەم یاسایە تا چەند هاوکاری ئێوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان؟

بڕیار: هەمواری یاسای باری کەسێتی لە بەرژەوەندی مافەکانی ژنانە، یەکێک لەو خاڵانەی بەلای منەوە زۆر گرنگە ئەوەیە کە رێگە نادات پیاو ژنی دووەم بهێنێت بەبێ رەزامەندی ژنەکەی، یان کۆمەڵێ مەرجی بۆ دانراوە. پێشتر پیاو دەیتوانی بەبێ رەزامەندی ژنەی یەکەم ژنی دووەم بهێنێت.

یاساکە زۆرباشە، بەڵام لە هەموو عیراق کاری پێناکرێت. ئەوەش وادەکات زۆرجار پیاوەکان بڕۆن لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ژنی دووەم بکەن.

نوچەنێت: ئایا لە رووی یاساییەوە، دەتوانرێ چ رێوشوێنێک بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم دەکەن؟

بڕیار: بەداخەوە ئەو کەسانە بەپێی یاسا هیچ رێکارێکی وایان لەگەڵ ناگیرێتە بەر، چونکە ئەگەر بۆ نموونە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەی، دەڵێ، من بەپێی یاسا مارەم بڕیوە لە داداگایەک کە شەرعیە. ئەمە کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە، بۆیە ئێستا رەشنوسێک لە پەرلەمانی عیراق هەیە کە هەوڵ بدرێ پەرلەمانتاران هوشیاربکرێنەوە بەوەی کە هێنانی ژنی دووەم بە توندوتیژی دابنرێت.  جگە لەمە چارەسەری تر نییە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتارەکانی پەرلەمانی عیراق هەتا  ژنەکانیش حەزیان لەو یاسایانەیە کە لە بەرژەوەندی پیاوە.

ئەمەو زۆر هۆکاری تر وادەکەن خێزانەکان هەڵبوەشێنەوە.

نوچەنێت: پێتوانییە بەشێکی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، هوشیاربوونەوەی خودی ژنانە ئێستا وەکو جاران هەمووشتێ قبوڵ ناکەن؟

بڕیار: بەڵێ بەشێكی ئەوەیە کە خۆشبەختانە ژنان هوشیاری ئەوەیان هەیە بە هەوڵی رێکخراوەکان. لە کاتی هەر توندووتیژییەک دێن سکاڵا تۆماردەکەن. جیا لەمە هۆاکری تر هەیە ئەویش ئەگەر بێی سەیری ئامارەکان بکەی، سەرچاوەی زۆربەی کێشەکان، بەهۆی خراپی باری دارایی خەڵک و سەفەرە بۆ ئەوروپا. جاریوایە لە رێگا لێیان بووە بەشەڕ جاریوایە پیاوەکە دەڕوا ژنەکە لێی جیادەبێتەوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین، هۆکاری سەرەکی هەڵوەشانەوەی خێزان داراییە. ئەم ئامارە لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە بەرزبۆتەوە، چونکە کێشە سیاسییەکان گرفتی ئابوری دروست دەکەن و ئەمەش دێتە ناوخێزان، حکومەت و حزبەکانیش زۆر کەمتەرخەمن بەرامبەر بە کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.

نوچەنێت: وێڕای واقعی کۆمەڵی ئێمە ، حکومەت ئەو هەموو دەزگایایەی بۆ چاککردنی رەوشی ژن داناوە، کەواتە نیەتی چاککردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە، هەروەها هەموارکردنییاسای باری کەسێتی و دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، کەواتە ئەم کارانە بۆچی کراوە؟

بڕیار: هەموارکردنەوەی یاساکان زیاتر رۆڵی رێکخراوەکان بووە. پێموایە ئەوەی کە حکومەت و پەرلەمان کردوویەتی، ئەرکی خۆیەتی و ئەرکی حکومەتە هوشیاری لەناو کۆمەڵگە بڵاوبکاتەوە.

هەموارکردنەوەی ئەم یاسایانە ئەوەندەی هەوڵی رێکخراوەکان بوو هی حکومەت نەبوو.

نوچەنێت: لە ٢٠١١وە هەمان پڕۆژە یاسا لە پەرلەمانی عێراقە وێڕای هەوڵی رێکخراوەکان تێناپەڕێت. پێتوانییە ئەفکار و کراوەیی بیری بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمان کاریگەری هەیە؟

بڕیار: راستە، فکرەی کەسەکان و ئەفکاری دەسەڵاتدارەکان کاریگەری هەیە. تا پەرلەمانتارو دەسەڵاتداران باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت ئاسانکارییە بۆ ئەوەی یاسای باشتر دەرچێت. ئەگەر واشی دابنێین حکومەت هاوکاربێ. جێبەجێکردنەکەشی لایەکی بابەتەکەیە دەتوانین بڵێین، سەدا شەستی یاساکە جێبەجێ ناکرێت. حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی.

نوچەنێت: دادگای تایبەت بە کێشەکانی توندوتیژی و کەیسە خێزانییەکان هەیە، دادوەرەکەی ئافرەتە، ئەوە هەنگاونان نییە؟

بڕیار: پێویستە ئێمە دادگای تایبەتمەندمان هەبێ لەسەرجەم پارێزگاو قەزاکان، بەڵام دادگای لێکۆڵینەوەیە تەنیا لە ناوەندی پارێزگاکان هەیە، هەڵەبجە چەند ساڵە بووە بە پارێزگا تا ئێستا بەڕیوەبەرایەتییەکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تێدا نییە. لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبێ هەبێ، لە رووی ئیداری و یاساییشەوە کێشەی دروستکردووە.

کە بۆئەم مەبەستە دەگەڕێینەوە بۆ لای حکومەت، دەڵێ ئێمە قەیرانی داراییمان هەیە، بەڵام ئەم یاسایە لە ٢٠١١ جێبەجێکراوە تا ٢٠١٤ ئێمە هیچ کێشەیەکی داراییمان نەبووە، کەواتە حکومەت خۆی کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی یاساکە. ئەگەر لە هەڵەبجە توندوتیژی هەبێت بۆ شەڵتەر دەنێردرێتەوە سلێمانی، ئەگەر ژنێک سکاڵای هەبێ دەبێ بڕواتە نوسینگەی سەیدسادق سکاڵا تۆماربکات. ئەمەش وایکردووە زۆرجار ژنان نەتوانن بڕۆن، بە ئاسانی بەبنکەکان بگەن. لەم حاڵەتەدا ژنەکە دەڵێ بە حاڵی خۆمەوە دانیشم باشترە.

لەلایەکی تر  حکومەت هەنگاوی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نەناوە. حکومەت کار لەسەر فاکتەرەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ناکات، حکومەت و حزب و سیاسییەکان خەریکی کورسییەکانیانن کەس ئاگای لە کێشە خێزانییەکان نییە. کە لە ئەنجامدا جۆرەها کێشەی وەکو باندی لەشفرۆشی دزی و تاوان زیاد دەکات.

نوچەنێت: باست لە ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکان کرد، پێتوانییە ئەوەش بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پیاوانی قەزاش پێویستیان بە هوشیارکردنەوەیە، چونکە یاساکە هەیەو لەبەردەستە کەواتە بۆچی وەکو تۆ دەڵێی وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێت؟

بڕیار: بەدڵنیاییەوە. ئەگەر قسە لەسەر ئەفکارو باوەڕی کەسەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ مافەکانی ژن بە تایبەتی بکەین، بەشێک لە کەسانی ناو دادگا هەر لە دادەوەرەوە تا دوایی بیگرە باوەڕیان بە قەزیەی ژن نییە.

رەنگە جۆرێ لە جۆرەکان، لە کاتی هەبوونی کێشەکاندا سوکایەتی بە ژن بکەن. ئێمە کێشەیەکی ترمان لە بواری قەزا هەیە. ئەویش ئەوەیە ئەوانەی کە لەم بوارە ئیش دەکەن خۆیان وادەبینن کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان. ئێمە وەکو رێکخراوەکان ئەوکێشەیەمان هەیە هەندێجا رەنگە خولێکمان هەبێ یان کۆنفرانسێک هەر ئامادەنین بێن.

نوچەنێت: کەواتە چارەسەری ئێوە بۆ هوشیارکردنەوەی ئەوان چییە؟

بڕیار: ئیشی ئەوانەی کە لەقەزادان کاری حکومەتە، فکر و تێڕوانینی  دادەوەر کاریگەری لەسەر یەکلاییکردنەوەی کێشەکان هەیە، بەڵام جێبەجێنەکردنی حکومەت کەمتەرخەمە.

کێشەی حکومەت ئەوەیە، کە تا ئێستا لەسەر ئاستی کەفائەو لێهاتوویی پۆستەکان دابەش ناکات. بەڵکو لەسەر بنەمای حزبایەتی و واستەیە. هەتا لەناو زانکۆ و کۆلێژەکاندا بەهەمان شێوەیە.

کاتێک دادوەرێک دەستنیشان دەکەن، تێستەکەیان تەنیا لەسەر لایەنی نەزەری قانونەکەیە، دادوەر چەند زەرورە لە دەقە یاساییەکان شارەزابێ ئەوەندەش زەرورە کە لەسەر لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی ئەو کاربکرێت.

پێویستە لە مەعهەدی قەزایی، کار لەسەر لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی دادوەرەکان بکرێت. پێویستە لایەنی مرۆیی و باوەڕبوونی بە مافی ژن و و بەو مەبدەئە سەرەکییانە کە لە پەیماننامەکاندا هاتووە، لە دادوەرەکاندا رەچاوبکرێت.

نوچەنێت: لە ئەوروپا کورد ژن دەکوژێت. خۆ لەوێ بۆشایی یاسایی و هەموو ئەم کێشانە نییە کە باسمان کرد. پێتوانییە  لایەنێکی بەهێزی ژن کوشتن و ئەنجامدانی توندوتیژی، پەیوەندی بە کلتوری کۆمەڵ و لایەنی ئایینەوە هەیە؟

بڕیار: ئەوەی کە لەئەوروپا هەیە سەروەری یاسایە. لێرەش یاساکانمان یاسای باشن بەڵام کێشەمان لەسەروەری یاساو جێبەجێنەکردنیدا هەیە.

لێرە هوشیاری یاسایی کەمە. پیاو لەم کۆمەڵگەیە فشەی بە یاسادێ. ئەوە دوولایەنەیە هەم یاسا و هەم کلتورە. ئەگەر لێرەش بیزانیایە سزایەکی توند هەیە نەیدەکوشت. لەسەر ئاستی گشتی بەمجۆرەیە. کاتێک پەروەردە باش بوو پێویستمان بە یاساش نابێ، لێرە پەروەردەش سەقەتە. کە ئەویش کاری حکومەتە. سەیری سستمی خوێندن بکە لێرە و لە وڵاتانی پێشکەوتوو لەوێ منداڵ فێری مرۆڤ دۆستی دەکرێ، لێرە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بۆیە دەکرێ لئەوروپا لەسەر ئاستی تاک وێڕای یاسا توندوتیژی ئەنجام بدرێت بەڵام لەسەر ئاستی گشتی نەبوونی هوشیاری یاسایی و مافەکانی مرۆڤە.

نوچەنێت: لە ٢٠١٤وە شەڕی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئایا ئەوە کاریگەری هەبووە لەسەر سستی لە جێبەجێکردنی یاساکان؟

بڕیار:  کاریگەری شەڕ وادەکات تاراددەیەک خەڵک توندوتیژ بێ. رەنگە هەندێ زرەفی لە ناکاو هەبێ بەڵام ئەگەر حکومەت جددی بێ کاریگەری لەسەر یاساکان نابێ. رەنگە هەندێ کێشەی داراییت بۆ دروست بکات بەڵام لەسەر جێبەجێکردنی یاسا دروستی ناکات. ئەگەر دامودەزگاکان مەزبوت بن یاسا هەر جێبەجێ دەکرێت. لە ناو خۆتدا ئاشتی و ئارامی هەبوو کۆمەڵگە پتەو دەبێ، پتەوی کۆمەڵگە لەسەر پتەوەی خیزانەکان بەندە.

نوچەنێت: جیاوازی بەر لە هەموارکردن و هەبوونی یاساکان، لە گەڵ هەبوونیان چییە؟

بڕیار: بەدڵنیاییەوە. ئەو هەموارکردنەوەیەی کە لە یاسای باری کەسێتی کراوە هەروەها یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خیزانی کە لە سالی ٢٠١١ دەرچوو. باشترین یاسایە لە ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ کەموکورتی هەیە. ئێمە رەوشنوسمان هەیە داومانە بە پەرلەمان، بەڵام ئەو دۆخە سیاسییەی لە ناو پەرلەمان هەیە وایکردووە گوێ بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان نەدرێت. نەتوانێ لەسەر یاسایەکی گرنگ قسەبکات، پەرلەمان ناکرێ هەمووکاری بایکۆت بێت و لەسەر نەوت و پڕۆژە سیادییەکان. بەڵکە کاری تری گرنگیش هەن کە پێویستیان بە گرنگیدانە.

دەبێ بزانین کە ئەم یاسایانە جیاوازی زۆری دروستکردووە. بۆ نمونە پێشتر ئەگەر ژنێک کێشەی هەبوایە تۆ تەنیا یاسای باری کەسێتیت هەبوو. یان یاسای سازادانی عیراقی، ئەمە زیاتر ژنی بێزار دەکرد و وایدەکرد زیاتر ژن نە پارێزرێت. هەروەها لە ناو دەعوای تر تێکەڵ دەکرا، لە کاتێکدا  کێشە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە پاراستنی نهێنییەکانیەتی و ئەوە زۆر گرنگە. ئێستا باشترە لەوەی پێشتر، تاراددەیەک ئاسانکاری کردووە بۆئەوەی کە کێشە کانی ژنان و کێشە خێزانییەکان باشتر بڕۆنە پێش و کاتێکی کەمتریان بوێ. زووتر بەڕێوەبچێت و چارەسەر ببێ. ئێستا ژنان هوشیارن بەوەی کە شوێنێک هەیە تایبەت بە کێشەو بەدەنگەوەهاتنی ئەوان، ئاسانتر دەتوانێ بزانێ چؤن ماف خۆی وەربگرێ لەبەرئەوەی ئەم هەموو شتە هەیە، وایکردووە ئەوهەموو جیاوازییە بەراورد بە پێشآتر دروستبێ کەواتە بەشێوەیەکی گشتی یاساکە یاسای باشە. گۆڕانکاری باشی دروستکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستی تموحی ئێمە نییە چونکە خودی یاساکە خۆی کێشە یاسایی هەیە و کێشە لە جێبەجێکردنیشی هەیە.

نوچەنێت: ئێوە دەڵێن ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی یاساکە دەکەین، کەواتە هەوڵەکانی ئێوە چین و چؤن بە حکومەتتان گوتووە، کە ئەم یاسایە وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێت؟

بڕیار: ئێمە پڕۆژەی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژی خێزانیمان هەیە بە هاوکاری رێکخراوی نیدی ئەمریکی، مۆنیتەرمان لە ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم پارێزگاکان هەیە. ئەم مۆنیتەرانە رۆژانە دێن سەردانی ناو دادگاکان دەکەن بزانن بەربەستەکانی بەردەم ئەو کەیسانە لە جێبەجێکردنی یاساکە چییە. ئێمە ساڵانە دوو راپۆرتمان هەیە. شەش مانگ جارێ هەموو ئەوکێشەو گرفتانەی کە لەبەرەدەم جێبەجێکردنی یاساکە هەیە هەمووی باس دەکرێ و دەخرێتە روو. لە کۆتایی راسپاردەمان هەیە بۆ رای گشتی و میدیا دەیخەینە روو-و بڵاوی دەکەینەوە. هەروەها بۆ قەزاو حکومەتیشی دەنێرین.

نوچەنێت: چەند گرنگی بە راپۆرتەکەی ئێوە دەدرێت؟

بڕیار: بەخۆشحاڵییەوە بەهۆی راپۆرتەکەی ئێمە هەندێ حاڵەت چارەسەرکراوە، بەڵام وەکو پێویست نییە.

نوچەنێت: کێ کاری لەسەر دەکات؟

بڕیار: یەکێک لەو کەمپینەی کە ئێمە کردومانە. کردنەوەی بەڕیوەبەرایەتییە لە پارێزگای هەڵەبجەو ئێستا وا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کاری لەسەر دەکەین تا بکرێتەوە، هەروەها لەسەرەتای دەرچوونی یاساکانەوە، ئەم راپۆرتانەی ئێمە زۆر هاوکاربوو لە دامەزراندنی دادگای توندوتیژی خیزانی و لە تەشکیلکردنی لیژنەکان، لیژنە ئاشتەواییەکان ئەم کارانە سودی هەبووە.

 هەندێ لە دادوەرەکان هەن، کاتێک راپۆرتەکەی ئێمەیان وەرگرتووە. کە کێێە نوسینگەکانیان خوێندۆتەوە، بانگی نوێنەری نوسینگەکەی کردووە، لێکۆڵینەوەی کردووە.

نوچەنێت: کەواتە کەم و زۆر وەڵامدانەوەو ئیرادەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردن؟

بڕیار: بەڵی. بەڵام لە ئاستی پێویست و تموح نییە. شتەکان وردن و وەڵامدانەوەکان ئەوەندە گەورەیە نییە کە پێویستە هەبن.

نوچەنێت: ئایا وێڕای هەر شتێک بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی. دۆخی ژن لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر چۆن دەبینی؟

بڕیار: بەدڵنیاییەوە دۆخی ژن لە هەرێمی کوردستان، لە ئێران و سوریا باشترە بەڵام لە تورکیا نازانم. دۆخی ژن لێرە لە رووی یاسایشەوە باشترە، بەڵام ئەو واقعەی لەوێ هەیە لێرە نییە.

نوچەنێت: حکومەت چیبکات تا ئەو گرفتانە نەمێنی؟

بڕیار: ئەوەندی من لە سەرجەم پارێزگاکان ئیش دەکەم، زەرورترین شت هوشییارییە ئەگەر ئێمە پەروەردەمان باش بکەین. پێویستمان بە یاساش نابێ. پلەیەک دەبێ هوشیاری لەسەر کۆمەڵ خیزان و ژن و پیاو پێکەوە هوشیاربکەیتەوە.

نوچەنێت: میکانیزمەکان چی بن؟

بڕیار: لەسەر لایەنی دەرونی خەڵک بکرێت، زیاتر لە رێگەی سۆشیال میدیاو تی ڤیەکانەوە، بەتایبەت شتی هیوا بەخش بەپێی دۆخەکە لە ئێستا خیزانەکان زۆر بێ هیوان.  چاککردنی بواری ماددە ئیشی حکومەتە بەڵام ئیشی رێکخراوەکانە لەلایەنە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکە سەپۆرتیان بکەین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com