دکتۆرە ڤیان: نێچیرڤان بارزانی پرسی ژنی کردە پرسی کۆمەڵگە

0

نوچەنێت

دکتۆر ڤیان سلێمان، سکرتێری گشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت، باس لە پێشکەوتنی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، حزبەکەی من پشتگیری تەواویان بۆ کارەکانمان هەیە.

نوچەنێت: جارێکی تر بوویتەوە سکرتێری گشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئایا بەهۆی باشی ئەدای تۆوە بوو بۆ رێکخراوەکە؟

دکتۆر ڤیان: من باوەڕی تەواوم بە مافەکانی مرۆڤ لەناویاندا ئافرەت هەیە، بە دڵ و بەگیان کار بۆ بەرەوپێشچوونی رەوشی کۆمەڵایەتی دەکەم. خۆشحاڵم لە حزبێکی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستانم، کە پشتگیری تەواویان بۆ کاری ئێمەو دۆزی ئافرەت هەیە. سەرکردایەتی پارتی بۆ کارکردن لەسەر دۆزی ئافرەت پشتگیریمان دەکەن.

نوچەنێت: باسی پشتگیری سەرکردەی حزبەکەت دەکەی. پێتوایە ئەوە پرەنسیپی حزبە یان خۆشیان باوەڕیان بە دۆزی ئافرەت هەیە؟

دکتۆرڤیان: سەبارەت بە بابەتی یەکسانی و مافی ئافرەت لە کوردستان، کە لە مێنتاڵێتی سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان هەیە. بە تایبەت لە پارتی دیموکراتی کوردستان وجودی هەیە، لەم روانگەیەوە کە پارتی لەدەسەڵاتە خودی کاک نێچیرڤان بارزانی، بڕوای تەواوی بە مافەکانی ئافرەت هەیە.

تەنانەت لە رەفتارە کەسییەکانی دیارە. وەکو دەرکەوتنی هاوسەرەکەی لەگەڵی قسەو رەفتاری خودی خۆی کەسێکی کراوەیە. ئەو وەکو کەسی یەکەمی حکومەت هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە. من هەمیشە دەڵێم ئەم سەردەمە بۆ ئافرەتانی کوردستان سەردەمی زێڕینە، کە کەسێکی وەکو نێچیرڤان بارزانی بەباوەڕەوە کار بۆ پرسی ئافرەتان دەکات. بۆیە دەبێ ئێمەی ئافرەتان زۆرترین هەوڵ بدەین کە دەستکەوتەکانی ئافرەتان لە کوردستان زیاد بکەین. بیرمان نەچێ لەناو پارتی، دووکەسمان هەیە کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە کە بڕوای تەواویان بە مافەکانی ئافرەت هەیەو داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی ئافرەتن. پشتگیری ئافرەتان و هاتنیانن بۆ ناو کۆمەڵگە. ئەویش جەنابی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانین.

نوچەنێت: بەچی بەڵگەیەک؟

 دکتۆرە ڤیان: بەڵگە زۆرە. بۆ نموونە بڕۆ ئەرشیفی وتار و خیتابیان،

کەم خیتاب هەیە کە پەیوەندی بە رەوشی کوردستانەوە هەبێت و سەرۆک بارزانی، باسی ئافرەتی نەکردبێ. هیچ هەڵوێستێک نییە ئەو ئاماژەی بە رۆڵی ئافرەت نەدابێ. ئەو لە جاوپێکەوتندا دەڵێت، نمونەی باڵای من نیشتیمان پەروەری دایکی شەهیدێکە کە ئامادەیە لە پێناو نیشتیمانەکەی رۆڵەی خۆی فیدا بکات. کاتێک خەڵاتی ئاشتی وەرگرت. پێش هەمووکەس گوتی، ئەوە خەڵاتی ئافرەتانی کوردستانە و من پێشکەشی بە قارەمانێتی دایکی شەهیدانی دەکەم. هەروەها گرنگی بەردەوامی بۆ یەکێتی ئافرەتان هەیەو دەڵێت، من هاوکار و پشتیوانتانم.

ئەوە لە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، کە لەهەمان رێباز و بنەماڵەیە رەنگی داوەتەوە، کاک نێچیرڤان بە کردەیی هەنگاوی بۆ یەکسانی نێوان ژن وپیاو ناوە. هەر لەدەستپێکی وەرگرتنی دەسەڵات  وکابینە لەدوای کابینەی حکومەت پشگیری و کارەکانی بۆ ژنان زیاتر و بەرچاوترن.

یەک لەکارە هەرە گرنگەکانی ئەوەیە گرنگی بە بواری پەروەردە دەدات. ئەو تەرکیزی بەردەوامی لەسەر پەروەردە هەیە، ئێمە و وەزارەتی پەروەردە هاندەدات کە کار   بۆ پەروەردەی یەکسان و دروست بکەین.

بۆ نموونە لە لادێکان بەر لەهەرشتێ قوتابخانەی کردەوە، هەتا هەندێ لادێ هەبوو چەند ماڵێک بوو، بەڵام دەیزانی کە لەو ماڵانە بەپێی نەریتی کۆمەڵایەتی تەنیا کچان لە خوێندن بێبەش دەبن، بۆیە لە رێگەی زیادکردنی قوتابخانە لە هەموو گوندێک وایکرد کە کچان لە هەمووشوێنێ بڕۆنە بەرخوێندن. کە هەموومان دەزانین ئەوە دەرگایەکە بۆ دروستبوونی هوشیاری و هاتنە دەرەوەی کچان لە ماڵ. جگە لەوە ئەو پرۆسانەی کە لە رێگەی وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجام دران، وەکو سستمی خوێندنی خێرا. هەروەها بڕیارێک بە ئاگاداری بەرێزیان دەرکرا کە کە رێگە بۆ ئەو کەسانە خۆشبکرێت بگەڕێنەوە بەر خوێندن کە بەهەر هۆیەک لە خوێندن دابڕاون.

نوچەنێت: تا ئێستا رێنماییەکی تایبەتی هەبووە بۆ ئێوە، کە کار لەسەر پەروەردە بکەن؟

دکتۆرە ڤیان: بەڵێ، هەمیشە پێمان دەڵێت، لە رێگەی جۆراوجۆرەوە کار لەسەر رەوشی ژنان بکەن. بەردەوام کە ئێمەی بینیوە داوای لێکردووین کە کار لەسەر رەوشی کۆمەڵایەتی ئافرەتان بکەین. لە کۆبوونەوەی ئەمجارە سەرۆک بارزانی پێیگوتم، بوێربن و داوای مافی خۆتان بکەن.  

کاک نێچێرڤان پێی گوتین، من کاری حزبایەتیم لە ئێوە ناوێت. ئەوەی کە لەئێوەم دەوێت کارکردنە لەسەر رەوشی ئافرەت. دەمەوێ رەوشی کۆمەڵایەتی ئافرەتان بگۆڕێت. شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەرپابکەن.

دەمەوێ ئەوە باس بکەم، کە نێچیرڤان بارزانی، هەر لەو کاتەوە دەسەڵاتی گرتە دەست لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت، گۆڕانکاری لە رەوشی ژناندا دروست کرد، هەم لەبواری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی.

بەر لەدەسەڵاتی ئەو لە کوردستان ئافرەت لە سلکی پۆلیسدا بوونی نەبوو، ئەو وایکرد کە ژنان بڕؤنە ئەکادیمیای پۆلیس، سەرەتا چەند ژنێک بوون، دوای ئەوە کە دەرچوون یەکی دەمانچەیەک و پارچە زەوییەکی پێدان، دواتر هەموویانی لە پۆستی باش دانا، تا ژنان هانبدات بڕؤنە ئەو بوارە. دواتر کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبەئافرەتان. کە هەموومان دەبینی رۆڵیان چۆنە لەکارکردن لەسەر پرسی توندوتیژی و بەردەوامن. لە کابینەی پێنجەم کاک نێچیرڤان بیری لە پاڵپشتی یاسایی کردەوە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەبوو هات لە رێگەی هێنانی زانایانی ئاینی وەکو مستەفا زەڵمی بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەو پیاوە ئاینیانەی کە بە هەمواری یاساکە رازی نەبوون. ئەوەبوو یاسایەکە بەجۆرێک هەموار کراوە، جگە لە سنوردارکردنی فرەژنی، کاری لەسەر شایەتیدانی ژن و مافی سەرپەرشتی خێزان و زۆر کاری تری گرنگی دا بە ژنان، کە لەهیچ یەکێک لە وڵاتانی دەوروبەر تا ئێستا یاسایەکی وا پێشکەوتوو و لە بەرژەوەندی ژنان بوونی نییە. ئەگەر ئەو نەبوایە هەرگیز ئەو یاسایە هەموار نەدەکرایەوە.

لە رووی پەروەردە، بەبڕیاری ئەو بڕیارێک دەرکرا کە هەرکەسێک بەهەر هۆیەک لە خوێندن دابڕاوە مافی گەڕانەوە بۆ خوێندنی هەیە، ئەوەتا دەبینین لە زانکۆکان ژمارەی کچ و کوڕ وەکو یەکە. بێگومان هەموو ئەوانە کاریگەری لەسەر دۆزینەوەو رەخساندنی هەلی کار بۆ ئافرەتان هەیە. هەروەها لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە ژنان لە ماڵ دێنە دەرەوەو پێگەیان لە ناو خێزان و کۆمەڵگە دەبێت.

باوەڕبوونی کاک نێچیرڤان بە یەکسانی ژن و پیاو، وایکردووە کە هەمیشە بیەوێ لەم بوارەدا کارو پێشکەوتنی بەرچاو هەبێت، بەڵام دەشزانێ کە کارکردن لەسەر نەریتەکان ئاسان نییە. رەنگە زۆر زوو ئەنجامەکەی بەشێوەی بەرچاو دەرنەکەوێ.

یەکێک لە خیتابەکانی کاک نێچیرڤان لە ٢٥ نۆڤەمبەر کە زۆر جێی دڵخۆشیی ئافرەتان بوو ئەوەبوو، کە گوتی: دڵنیاتان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات لە پێناو گەرەنتی بەدەستهێنانی یەکسانی و ئازادی ئافرەتی کورد، لەبەر ئەوەی بڕوای تەواومان بە مافەکانی ئافرەت هەیە. ئێمە دەستمان پێکردووەو بەردەوامین لە پشتیوانیکردن و پاراستنی مافی مرۆڤ، بە گشتی و مافی ئافرەت بە تایبەتی.

نوچەنێت: کەواتە بۆچی ژنان گلەیی لە رەوشەکە دەکەن، لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەت ئەو هەموو کارەی ئەنجام دابێت؟

دکتۆرە ڤیان: ئەوەی هەیە لە ئاستی ویست و تموحی سەرۆکی حکومەت نییە، هەروەها لە ئاستی ویستی ئێمەش نییە، بەڵام لەگەڵ ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەی کە لە ناوجەکەدا هەیە. رەوشی ژنان بەبەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر لە پباشترین و پێشکەوتووترین ئاستیدایە. ئەوەتا خۆمان رەوشی ژنان لە باشوری عیراق دەبینین کە کەس کارکردنی لەو باتە بۆ گرنگ نییە. هەروەها لە سوریا، تورکیا و ئێرانیش بەهەمان شێوە. بیگومان هەوڵی باشتربوون دەدرێت هەتا من پێموایە پێسیتمان بەهەموارکردن و دەرکردنی یاسای تری مەدەنی هەیە، بەڵام کارکردن لەسەر  رەوشی کۆمەڵایەتی هەنگاو بەهەنگاو دەبێت.

لە سیما دیارەکانی کاری حکومەت لەم قۆناغە، ئاوەدانی، خاوەندارێتی کۆمەڵێ دامودەزگای نەتەوەیی و نیشتیمانی و حکومەتداریی، ئامادەیی ئافرەتان و بەشداری فراوان و رۆڵی چالاکانەیان لە پەرەپێدانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. دەزگای یەکسانی و هەڵمەتی ساڵانەی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و مامەڵەکردنیان وەک پرسی کۆمەڵگە و پێشخستن و بەدامەزراوەییکردنی رێگرتن لە توندووتیژی و دانانی میکانیزم بۆ پاراستنیان. هەروەها دووبارە بونیادنانەوەی کەسایەتی ئافرەتانی بەندکراو و نەوجەوانان، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتیدا. دامەزراندنی دەستەی باڵای تایبەت بە مافی مرۆڤ و کردنەوەی سەنتەری کوردستان بۆ جێندەرناسی، پەسەندکردنی پلانی کاری نیشتیمانی لەبارەی بڕیاری ١٣٢٥ و پێکهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەی ئافرەتان و جێکردنەوەی ئافرەتان لە ناو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، کە لەسیاسەتی سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانیدا هەیە کە لەهەمان کاتدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com