حاکم ئەمیرە: کەیس هەبووە خودی نێچیرڤان بارزانی موتابەعەی کردووە

0

نوچەنێت

دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە هەولێر، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاماژە بە ئاڵۆزی کەیسە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و دەڵێت، ئەو یاسایانەی کە بۆ کەمکردنەوەی توندووتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان هەن، نموونەی یاسای باشن لە ناوچەکە، هاوکات دەڵێت، نەبوونی خانەی بێ سەرپەرشتان بۆ منداڵانی خوار پێنج ساڵ یەک لە کێشەکانی ئێمەیە.

نوچەنێت: جیاوازی یاساکانی توندووتیژی خێزانی و ئەو یاسایانەی کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، جیاوازی چيیە لەگەڵ بەغدا؟

حاکم ئەمیرە: لە بەغدا تا ئێستا یاسای (تووندوتیژی دژی خێزانی) یان ئەوانەی پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە تەنیا مسودەیە پێشکەشکراوە، تا ئێشتاش نەبۆتە یاسا تا بەراوردی بکەین، واتە لەوێ هیچ یاسایەکی بەم جۆرە نییە.

نوچەنێت: کەواتە لەم سەردەمە کە تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان زۆرە، بە چی یاسایەک مامەڵە لەگەڵ تاوانەکان دەکرێت؟

حاکم ئەمیرە: ئەوان بە یاسای سزاکان کار دەکەن.

نوچەنێت: لە یاسای سزاکانی عێراقیدا، تا ئێستا (غسل عار) لانەبراوە؟

حاکم ئەمیرە: لانەبراوەو بەهەمان دەقی جاران کاردەکرێت.

نوچەنێت: کەواتە دەتوانین جیاوازییە یاساییەکانی چۆن باس بکەین و بخەینەڕوو؟  یان وەکو چالاکوانان دەڵێن، یاساکانی ئێرە باشترن لەوێ؟

حاکم ئەمیرە: لە هەرێمی کوردستان، ئەو یاسایانەی کە پەیوەستە بە کێشە خیزانییەکان و ئافرەتان هەموار کرایەوە، بۆ نموونە، لە ماددەی ٣٧٧ فەقەرەیەکی تێيدایە سەبارەت بە پیاو کە سزا بدرێ لە بارەی زیناوە،. ئەگەر ئەم زینایە لە ماڵی خۆی بوایە سزادەدرا، بەڵام بۆ ژنەکە دیاری نەکرابوو، واتە ژنەکە لە هەر جێگایەک خیانەتی کردبایە سزای خۆی وەردەگرت و لەسەری بە زینا حساب دەبوو، بەڵام هی پیاو تەنیا ئەگەر لە ماڵی خۆی بوایە سزای وەردەگرت، لە کوردستان ئەمە هەموارکرایەوە و ئەوە نەماوە و هەردووکیان لەهەر جێگایەک بن کە لەسەریان ئیسبات بوو زیانایان کردووە سزا دەدرێن، لە یاسایای هەرێمی کوردستان، ئەم هەڵاواردنە یاساییە لادرا بەڵام لە بەغدا وەکو خۆیەتی. 

نوچەنێت: ئەی لە بابەتی (غسل عار)؟

حاکم ئەمیرە: پێشتر ئەگەر پیاوێک ژنەکەی لە دۆخێکدا کوشت کە گوتی، بۆ شوشتنەوەی ناموسە، سزایەکی سوکی هەبوو، دوای هەموارکردنەوەکە لە هەرێمی کوردستان ئەوە نەماوە، کوشتن بەهەر بیانویەک هەر کوشتنە و هەمان سزای هەیە، ئەسڵەن لە هەرێمی  کوردستان، بکوژانی ژن بەر لێبوردنی گشتیش ناکەون، ئەم دوو ساڵەی کۆتایی، لێبوردنی گشتی ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بەبیانووی شەرەف ژنیان کوشتووە.

نوچەنێت: هی کام ساڵانەبوو کە هەڵاواردن کراو لێبوردنی گشتی بکوژانی ژنی نەگرتەوە؟

حاکم ئەمیرە: لە هەردوو ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٧.

نوچەنێت: بەڵام بەردەوام رەخنەی ئەوە دەگیرێت، کە بکوژانی ژن لە هەرێمی کوردستان بەر لێبوردنی گشتی دەکەون؟

حاکم: نەخێر، لە لێبوردنی گشتیدا هەڵاواردن بۆ بکوژانی ژن کراوە، لەم دوو ساڵە لێبوردنی گشتی ئەوانی نەگرتەوە.

نوچەنێت: ئەم هەڵاواردنە لەسەر داوای کام دەزگا یان کێ بوو؟

حاکم ئەمیرە: بێگومان یاسا لە پەرلەمان دەردەچێ و حکومەت ئیمزای دەکات و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

نوچەنێت: لە کاتی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی، زۆرترین قسەو گفتوگۆ لەسەر بابەتی فرەژنی بوو، تا ئێستا و دوای هەموارکردنەکەش رەخنەی ئەوە هەیە کە یاساکە نەیتوانیوە وەک پێویست رێگری لە فرەژنی بکات، بۆچی؟ 

حاکم ئەمیرە: لە بابەتی فرەژنیدا راستە لێرە یاسا رێگە بە فرە ژنی نادات، بەڵام بەداخەوە خەڵکەکە فێربوون لەدەرەوەی دەسەڵاتی دادگاکانی هەرێمی کوردستان،  گرێبەستی هاوسەر گیری دووەم دەکەن. کاتێک ژنی یەکەم دەزانێ ئەو گرێبەستی کردووە، کە سکاڵا تۆمار دەکات، پیاوەکە گرێبەستێکی هاوسەرگیریت دەداتێ کە یاساییە و ناتوانی ئیجرائاتی لەگەڵ بکەی. زەواج یەک لەو حاڵەتانەیە کە ئیختساسی مەکانی تێدا نییە، بۆ نموونە جەرائیمی جەزائی ئیختیساس مەکانییە و لە کوێ روویدا دەبێ لەوێ لێکۆڵینەوە بکرێ، بەڵام لەبابەتی زەواجدا وا نییە.

کاتێک ژنێک دێت دەڵێ، پیاوەکەم بەبێ رەزامەندی من ژنی دووەمی هێناوە، ئێمە پیاوەکەی بانگ دەکەین. سەیر دەکەین گرێبەستەکەی لە موسڵ کردووە،  لەبەر نەبوونی توخمی سزایی ئێمە ناچارین داواکە دابخەین،  لەو حاڵەتانەدا ئەو ژنە تەنیا مافی جیابوونەوەی بۆ دەمێنێتەوە و دەتوانێ لە دادگای باری کەسێتی، داوای جیابوونەوە بکات. 

نوچەنێت: کەواتە لەم حاڵەتەدا، ئێوە ناتوانن هیچ ئیجرائاتێکی یاسایی بکەن؟ 

حاکم ئەمیرە: مەبدەئی تەمیزییە و من چەندجار بەرزم کردبێتەوە تەمیزیان کردۆتەوە تەسدیق بووەتەوە لە مەحکەمەی جینایە و دەڵێن، قەرارەکە قانونییە. بەس یەک حاڵەت ئێمە ئیجرائات دەکەین ژنەکە بۆ نموونە، ئەمڕۆ ٢٢-١١-٢٠١٨ زانیویەتی پیاوەکەی ژنی هێناوە و عەقدی نەکردووە هێشتا و پیاوەکە دەچێ ٢٣-١١-٢٠١٨ زەواجەکەی دەکات، ئەو کاتە جەریمە قائیمە لەبەر ئەوەی ژنەکە بەر لە ئەنجامدانی گرێبەستەکە سکاڵای تۆمارکردووە، بەپێی دۆخەکە مامەڵە دەکرێت و بانگ دەکرێ تەقریر مەسیری دەکەی کە ئایا تەوقیف دەکرێ یان کەفالەیە، رەوانەی دادگای موختەسی دەکەین و لە مەحکەمەی موختەس، ئیقاف تەنفیزیش نییە لە سزاکەی و پارەکە و سزاکەی هەردووک تەنفیز دەکات، قەزیەکەش قابیلی کەفالەیە، کە غەرامەکەی ١٠ ملیۆنە و سزاکەشی لە ٦ مانگ کەمتر نەبێ و لە ساڵێک زیندانی زیاتر نییە. لە ماددەی ٣ى ياساى بارى كه‌سێتى هەموارکراو. ئیشکالەکە چییە؟ ئیحتیمالە ٣ بۆ ٤ حاڵەتم ئیحالە کردبێت، ئەگەرنا لێرە هەمووی غەلقە، ئەو حاڵەتانەش کە ژنەکە بەر لە گرێبەستەکە بزانێ یان بێ سکاڵا تۆماربکات زۆر کەمە.

نوچەنێت: ئێستا پرسی فرەژنی لە کەرکوک هاریکاری دەکرێ، پێموایە جەنابیشت ئاگاداری، کە دەڵێن، دەتوانن ژنی دووەم و سێیەم مارە ببڕن بەبێ رەزامەندی ژنی یەکەم وەک ئاسانکاری. کوردستان هیچ دەرەتانێکی قانونی هەیە کە پیاو جورئەت وەربگرێ و بچێ کارێکی لەو شێوەیە بکات؟

حاکم ئەمیرە: ئەو یاسایەی کە لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت یاسا هەموارکراوەکەیە، هیچ یاسایەکی تر کاری پێناکرێت، پێشتریش لە عێراق کارێکی واکرا، بۆ نموونە پیاو هاندەدرا بێوەژنێک بخوازێت بەبێ رەزامەندی ژنی یەکەمی، بۆ ئەنجامدانی ئەم هاوسەرگیرییە پیاو و ژنەکەش پارەیان وەردەگرت، بێگومان ئەوە  کەمکردنەوەی کەسایەتی ژنە.

لەوانەيه‌ ئەو پیاوە مەبەستی هاوسەرگیری نەبێ لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا، مەبەستی پارەکەیە کە بڕێکی زۆرە لەبەرامبەر مارەبڕینی بێوەژنێکدا، کە ژنەکەو پیاوەکەش هەمان بڕ وەردەگرن، لێرە ئەو قانونانە نییە و کاری پێناکرێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هەمواری ئەوە کراوە کە ژن ئیستیسنا کراوە لە حەقی تەئدیبی زەوج، کە لە قانون عقوبات لە ماددە ٤١ باس دەکات، کە پیاو دەتوانێ تەئدیبی وەک جنێو یان  شەقازلەیەک کە لێیدەدات تەئدیب بوو، پێشتر وەک حەقێک بوو، بەڵام لەکوردستان ئیقاف بەو فەقەرەیە کراوە لە حەقی تەئدیبی زەوجی دەرهاتووە و ناتوانێ بیکات. 

هەروەها لە بابەتی غەسل عار، لە بڕگەی ٣٧٧ هەمان شێوەی ئەوانە هەمووی هەموار کراوە و زۆربەی ژن پێشتر خۆی دەکوشت بەهۆکاری ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرا. دەیبینی پیاوەکە لەگەڵ ژنێکی دیکە خیانەتی لێدەکات، ژنەکە دەسەڵاتی نییە و لەوانەیە لە قانون نەزانێ بۆیە خۆی دەکوشت، یەعنی سەبەبەکە خیانەتەکە بوو، ئەو سەبەبە زیاد کرا لە ماددەی ی٤٠٨ ئینتیحار، پێشتر تەحرید و مساعەدە هەبوو، لە کوردستان هەموار کراو و سەبەبەکەشی لەگەڵ زیاد کرا. یەعنی حاڵەتەکانی ئێرە زیاتر ئافرەت ئینتیحاری کردووە و سەبەبەکەیە ئیشی لەسەر دەکرێت.

نوچەنێت: زۆربەی چالاکوان و کەسانی یاسازان، یاسای باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستان، بە یاسایەکی کەم وێنە و دەگمەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن، تۆ کەسێکی یاسایی و لەم بوارەدا کاردەکەی، ئایا ئەم یاسایە ئەوەندە باشە یان زیادەڕۆیی لە باسکردنیدا دەکرێت؟

حاکم ئەمیرە: فعلەن باشترین یاسای ناوچەکەیە، من چەند موتابەعەی قانونەکانی دەورووبەر دەکەم، کە هەموو کەس دەتوانێ ئەوە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بزانێ. دەڵێن، یاسای توندووتیژی خیزانی لە هەرێمی کوردستان، باشترین یاسای ناوچەکەیە، چەندین راپۆرت و رەخنەی یاسایی وڵاتان هەیە، کە چالاکوانانی وڵاتەکە رەخنە لە یاسای خۆیان دەگرن و هەرێمی کوردستان بە نموونە دەهێننەوە.

نوچەنێت: ئەو یاسایە کە وەک تۆش باسی دەکەی ئەوەندە گرنگە، تاچەند ئاسانکاری لەکارەکانتاندا کردووە و داکۆکیکارە لە مافی ژن؟

حاکم ئەمیرە : بەرێژەیەکی زۆر بێگومان،  ئێستا کە دەڕۆیتە ناو خەڵک، دەڵێن پاش دانانی ئەو یاسایە(یاسای توندوتیژی خێزانی) توندوتیژییەکان زیادی کردووە، بابەتەکە ئەوەیە کە  خەڵکەکە نەیدەزانی یاسایەک هەیە بەرگری لێدەکات. پیاو لە ژنی خۆی دەدا، ژنەکە لە منداڵی خۆی دەدات خوشکەکە لەگەڵ برایەکی کێشەی دەبوو لەسەر یاسای سزاکان دەرۆیشتین، یاسایەکی تایبەت بە تاوان و توندوتیژییە خێزانییەکان نەبوو، ئێستا کە ئەم یاسایە دانراوە، ئەو خەڵکە دەزانن دەتوانێ مافی پێ وەربگیردرێت دێت سکاڵا تۆمار دەکات، هاوکات رێکخراو و چالاکانی مەدەنی کاریان لەسەر هوشیاری خەڵک کردووەو خەڵک لە جاران هوشیارترن، پێشتر ژن بەرامبەر هەرلێدان و توندوتیژییەک بێدەنگ دەبوو، یان دایک و باوک لەلایەن منداڵەکەیەوە توندووتیژی بەرامبەر دەکرا قسەی نەدەکرد، کەواتە زیادبوونی رێژەی سکاڵا، نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری خەڵکە.

نوچەنێت: کەواتە کار ئاسانی زۆری بۆ کاری ئێوە کردووە. تا چەند توانیوتانە بە سوود وەرگرتن لەم یاسایە داکۆکی لە مافی ژن و کەسی زوڵم لێکراو لە ناو خێزان بکەن؟

حاکم ئەمیرە: باشترین شت کە کارئاسانی بۆ ئێمە کردووەو دەتوانم بەرگری لێبکەم، هەبوونی سەنتەری داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەیە کە بەهۆی کێشەیەکەوە خێزانەکانیان قبوڵیان ناکەنەوە یانیش هەڕەشەیان لەسەرە. حاڵەتمان هەبووە، هەیە ماڵی بابی قبوڵی ناکەن دەڵێن، بابڕوات خۆی کێشەکەی لەگەڵ مێردەکەی چارەسەربکات.،کاتێک دەڕواتەوە مێردەکەی لێیدەدات، بۆیە شوێنێک نابێ کە رووی لێبکات، بۆیە روودەکاتە سەنتەری داڵدەدان.

نوچەنێت: ژن هەبووە دوای ئەوەی لەسەنتەری داڵدەدان، لەلایەن کەسوکارییەوە وەرگیراوەتەوە کوژراوە، ئێوە چۆن دەتوانن رێگری لەوە بکەن؟ 

حاکم ئەمیرە: کاتێک ژنێک خۆی رازییە بڕواتەوە لای کەسوکاری و بە ئێمە دەڵێت، من کێشەم لەگەڵ مێرد یان ماڵی باوکم نەماوە، تەمەنی یاسایی تەواوە واتە هەژدە ساڵ زیاترە، ئێمە ناتوانین رێگەی گەڕانەوەی لێ بگرین،  هیچ حاڵەتێک نییە زەمانەتی بکەی کە ئەگەر رۆیشتەوە نەکوژرێت، بەڵام بەپیی داواکاری خۆی  دەتوانی چاودێری بکەین، لە رێگەی نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی، کە لە مەرکەز فایلی هەیە و لە زمەی ئەوان چووەتە نووسینگەکان. نابێ لە سەنتەرەکانەوە دەربچێ، چونکە لە نووسینگەکانی توندووتیژی موتابعەیان هەیە. لەوانەیە ١٥ رۆژ جارێک پەیوەندی پێوەدەکەن و فۆرمێکی پێ پڕدەکەنەوە و بەڵێننامەکە دەزانن چۆن وەردەگیرێت سەلامەتە، ئەگەر بزانن سەلامەت نییە و نەیانتوانی پەیوەندی پێوەبکەن، ئەوکاتە ئێمە ئاگادار دەکرێینەوەو بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

ئەو کەیسانەی من دەزانم مەترسیان لەسەرە چاودێرییان بۆ دەنووسم، چاودێری دەکرێت تا ئەوکاتەی کە خۆی دەڵیت، من هیچ مەترسیم لەسەر نەماوەو چاودێریم مەکەن، هەندێجار رەنگە ئێمە پێمان باشبێ چاودێرییەکە بەردەوام بێت، بەڵام ژنەکە دەڵێت، کە ئێوە چاودێریتان بەردەوام بێ کێشەم بۆ دروست دەبێتەوە، ئێمە لەم حاڵەتانەدا ناچارین رایبگرین. 

نوچەنێت: ئەگەر ژنێک داوایکرد لە ماڵی داڵدەدان بڕواتە دەرەوە، رێوشوێنی ئێوە چییە، ئایا تەنیا بەڵێننامە بە کەسوکاری پڕدەکەنەوە؟

حاکم ئەمیرە: بەڵێ تەعەهود وەردەگیرێت، هەروەها بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، فەرمانەکانی حاڵەتی پاراستن چەند حاڵەتێکە، لەوانە تەعەهود لە موتەهەم وەردەگیرێت کە تەعەروز نەکات بۆ موشتەکی (سکاڵاکار) خۆی و ئەفراد حەسەب وەزعەکە، ئەوە یەک لە حاڵەتەکان کە تەعەروزە. حاڵەتی تر هەیە باوک سکاڵا لەسەر کوڕەکەی تۆمار دەکات، دەڵێت: دەبی نەگەڕێتەوە ماڵ و دەمەوێ ئەمری حمایەم بۆ دەربچێ کە کوڕەکەم نەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، ئەوە بەپێی داواکاری خۆیەتی، تەعەهودە بۆ ئەوەی تەعەروزی نەکات جارێکی دیکە. یانیش دەیبەتە ماڵی پاراستن یان داڵدەدان، ئەوە فەرمانی پاراستنەکانە. کە تەعەهودەکەی دا و دواتر پێوەی پابەند نەبوو، عقوبەی هەیە و عقوبەکەی ئینتهاکی ئەمری حیمایەیە بەزیندانی بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر یانیش بە غەرامە ٣٠٠ هەزار دینار، بەڵام ئەگەر دووبارە تەعەروزی کردەوە ئەوە دەبێتە تاوانێکی تر جگە لەوەی کە ئینتیهاکی ئەمری حیمایەی کردووە.

نوچەنێت: ئەگەر ژنێک بە تەعەهود وەرگیرایەوە و لەلایەن کەسوکاریەوە کوژرا، فەرمانی پاراستنیشی هەبوو لەم حاڵەتە ئێوە چی دەکەن؟

حاکم ئەمیرە: ئەوە قەزیەی کوشتنەکە خۆی مەلەفێکە و سزای هەیە. لێکۆڵینەوە دەکرێ و وەک ئەوەی فەرمانی پاراستنی شکاند ئەو سزایانەی باسکرا (٤٨ کاتژمێر و ٣٠٠ هەزار) لەسەری جێبەجێ دەکرێت، ئەوە وەک گوتم ئەوە جەریمەیەکی قائیمە بەتەنێ و ئەو ئیجرائاتی قەتلەکە وەردەگرێ، ئەو کاتەی مەحکەمە عقوبەی دەدا بە نەزەر ئیعتیبار وەردەگیرێت، کە ئەوە دراوەتەوە کە حیمایەی بکات کەچی کوشتوویەتی، یەعنی بۆ تەشدیدی عقوبەکەی کە دەیکات مەحکەمە ئەوە بەنەزەر ئیعتیبار وەر دەگرێ، حاڵەتی لەم جۆرەمان هەبووە. ئافرەتەکە تەلەفونێکی بە غەڵەت بۆ هاتبوو پیاوەکەی گوتبووی ئەو تەلەفونە بۆ تۆ هاتووە کێیە و دەتکوژم، ژنەکە هەڵات و چووە سەنتەر و لە سەنتەر حەفتەیەک تا دە رۆژ مایەوە. دواتر گوتی دەردەچم و هیچ مەترسیم لەسەر نەماوە و کێشەکەم چارەسەر بووە، مێردەکەی و باوک و برای هاتن تەعەهودیان داو بردیانەوە ماڵەوە، باوەڕیان بۆ ژنەکە دروست کردبوو کە هیچ کێشەیان نەماوە، بۆ عەسر کوشتیان تەعەهودیش لە هەموویان وەرگیرابوو، ئێستا ئەوراقی قەتلەکەی ماوە لێکۆڵینەوە لە قەتلەکەی دەکرێت ئەو ئەوراقەی تەعەهودیان لەسەر دا ئەوەش ماوە، سزای جیاوازیان هەیە بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراون و هەموویان قاچاغن. 

نوچەنێت: ئایا کەسی بکوژ دەتوانێ رابکات بۆ دەرەوەی وڵات؟

حاکم ئەمیرە: ئەو کەسەی قەتڵ دەکات بەقاچاخ دەڕوات ئێمە ئاگامان لێ نییە، هەندێجار تا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێ و بۆ فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکانی دەنێری ئەو رایکردووە، چونکە پێشتر پلانی بۆ داڕشتووە، بکوژیش هەیە هەر لە کوردستان خۆی دەشارێتەوە، یان کەسوکاری دەیشارنەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکێک هەیە باوەڕی بەوە هەیە کە ئەوە قەزیەی شەرەفەو مافی خێزانییە، هەتا دایک هەیە دەڵێت، تازە کچەکەم کوژراوە بۆچی کوڕەکەشم بچێتە زیندان. 

نوچەنێت: ئەگەر لەو حاڵەتەی بنەماڵەی ئەو کەسەی کە دەکوژرێ سکاڵاکار نەبن، یان زۆرجار دایکەکە لە ژێر فشار رازی دەکرێت سکاڵا نەکات یان بیکشێنێتەوە سزاکە چییە؟

حاکم ئەمیرە: لەو کاتانەدا سزاکە حەسەب زروفەکەیە، ناتوانم ئاوا دیاری بکەم چونکە قانون بۆ هەموو حاڵەتێک زروفی داناوە عوزری موخەفەفی داناوە زروفی موشەدەدی داناوە، ئەوە مەحکەمەی موختەس کاتی تەحقیق و محاکمەکردنی روون دەبێتەوە، بەس کەس سکاڵای نەبێ، وەک گوتم کە بەر عەفوی دەکەوتن ئەوانە ئەگەر غەسلی عار بێ ئیستیسناکراوە لە عەفوی عام. حاڵەتمان هەبوو ئیحالە کرابوو بەڵام ئێمە ئەوراقمان ناردبوو بەر عەفوو نەدەکەوتن چونکە غەسل عار بوو. 

دەستگیرنەکرانی تۆمەتباران دەمێنێتەوە سەر سوڵتەی تەنفیزی، کاری مەحکەمە دەرکردنی قەرارەکەیە.

بۆ نموونە کەسێک ئاسایشی لایەنێک بووە، ئێمە نووسراومان بۆ ئاسایش کردووە کە رادەستی بکەن، بەڵام ئەوان نوسراویان بۆ ناردووین کە فەرمانی فەسڵکردنی کەسەکەی تێدایە و دەڵێن، پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە.  

حاڵەت هەیە دایکەکە دێت و دەڵێ، سکاڵام نییە و نایەت شوێنی کوڕەکەی ئاشکرا بکات یەک لەوانەشە ئیعفا دەکرێت، کە ئەگەر بڵێ تۆ تەسەتول لە سەر موتەهەم بێت چارە دەکەی، لەوانەیە کە دایک لە عەقاریبەکان دیاری کراوە ئەعفا کراون لە تەسەتول لەسەر موتەهەم.

ئێمە لە چەند کۆنفرانس و هەمواری قانونەکە جارێک دانیشتنێک کرا لەسەر ئسولی قانونی محاکمات، من لەوێ بووم ئاماژەم پێدا، کە پێویستە ئەو ئەعفایە بە نیسبەت تەسەتول لەسەر موتەهەمی هارب لە قەزایای عونفی ئوسەری نەمێنێت، چونکە عونفی ئوسەری هەموو خێزانن، ئەگەر تۆ تەسەتورت کرد ئەوا دەتوانی موتەهەم تەسەتور بکەی و عقوبەشی نییە، یەعنی لە کەیسەکانی توندوتیژی موتەهەم ناگیریێت. یەعنی ژنێک سکاڵا لە مێردی خۆی دەکات، دایکی پیاوەکە کە دەکاتە دایکی موتەهەمەکە کوڕی خۆی دەشارێتەوە عقوبەی لەسەر نییە. ئەگەر نا تەسەتور لەسەر موتەهەمێک جەریمەیە، بەڵام دایک ئیستیسنا کراوە. داوامان کردووە هەموار بکرێتەوە و ئەوەی لێ دەر بهێندرێت.

حاڵەتێکی ترمان هەیە کە شاهیدی باوکە لەسەر منداڵ، شاهیدی یان وەرناگیریێت بەقەدەر ئەوەندی دیفاعە وەردەگیرێت ئەوەی دیکە وەرناگیریێت، ئێستا لە عونفی ئوسەری کێ شاهیدە، کە دوو برا بەشەڕ دێن کێ شاهیدە هەر ئەفرادی ئوسرەیە هەر ئەوان شاهیدن، ئەگەر ئەو شاهیدیەت وەرنەگرت ئیهدار کرا ئەوەی دژیەتی ئەدی چی وەر دەگری، ئەو جا لەو تەعدیلاتە داواکراوە ئەو شتانە جێگەیەکیان بۆ بکرێتەوە. 

نوچەنێت: ئەو لیژنەیەی کە بۆ هەمواری پڕۆژەیاساکە دانرابوو دەڵێن، سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای باری کەسیتی بووەو ئەو نەبوایە رەنگە هەموارکردنەکە سەرکەوتوو نەبوایە، ئەوە تا چەند راستە؟

حاکم ئەمیرە: زۆر راستە، کاک نێچیرڤان پشتگیری تەواوی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئافرەتانە، زۆربەی جار لەو کەیسانەی کە دەگاتە بەرگوێی یان بەشێوەیەک دەزانێت، تەداخول دەکات، هەتا کێشەکە چارەسەردەبێت و لە سەلامەتی ئافرەتەکە دڵنیا دەبێت بەدواداچوون دەکات، لە رێگەی کەسە نزیکەکانی خۆی وەک راوێژکارەکانی چاودێری کەیسەکان دەکات بۆ سوڵحکردن بۆیان، یان بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی ئافرەتەکە، چەندینجار حاڵەتی وامان بۆ هاتۆتەپێش. هەتا حاڵەت هەبووە هەنگاو هەنگاو لەگەڵ بووە تا لەوانەیە نەفەرەکە نێردراوەتە دەرەوەی وڵات، بۆ پاراستنی سەلامەتی کەیسمان هەیە ئافرەتێک لەگەڵ کەسێک بینراوە و بریندارکراوە ئێستا هەر لە سەنتەرە و خۆی بەدواداچوونی کردووە تا عیلاجکراوە. 

نوچەنێت: تۆ ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ پێتوایە ئەوە بیروباوەڕی خۆیەتی یان چی مەبەستێک؟

حاکم ئەمیرە: باوەڕی بە مافەکە هەیە(مافی ئافرەت)، گرنگترین شت ئەوەیە، من دەڵێم کاتێک یەکێک دادەنرێ لەو جێگایەی مەحکەمەکانی توندوتیژی لێیە، لەبواری توندوتیژی دەبێ باوەڕی بە مافەکان و قانونەکە هەبێ، ئینجا دەتوانی کاربکات. لەبەر ئەوەی کاتێک باوەڕت بە شتێ نەبێ چۆن دەتوانی کاری لەسەربکەی؟ بۆیە ئەو پاڵپشتی و بەرگرییەی کاک نێچیرڤان بۆ کێشەکانی ئافرەتان، نیشانەی باوەڕبوونی ئەوە بەمافەکانی مرۆڤ بەبێ جیاوازی.  

ئەوەی پەیوەستە بە ئافرەت، ئەوە پشتگیری دەکات، بۆ هەموارکردنی و دانانی هەر یاسایەک پشتگیری کردووە ئەوەش جێی شآنازییە.

نوچەنێت: حاڵەت هەبووە ئێوە پێتان چارەسەرنەکرابێت و داوای یارمەتیتان لەسەرۆکی حکومەت کردبێ، چونكه‌ هەموومان دەزانین لە کۆمەڵگەیەکی عەشایەرین؟

حاکم ئەمیرە: ئێمە بەپێی یاسا دەڕۆین، بەڵام وەک باسم کرد شەخسی خۆی موتابعەی ئەو کەیسانە دەکات کە زانیاری پێدەگات، بەدواداچوونی تایبەتی خۆی بۆ ئەو کەیسانەدەکات، کە زانیاری پێدەگات. 

یان کێشە هەیە، خێزانەکان سوڵح ناکەن و نییەتی کوشتن لە مێشکیاندا هەیە، کاتێک زانیاری پێدەگات موداخەلە دەکات لە رێگەی خۆی و کەسە نزیکەکانی زۆربەی ئەمجۆرە کێشانە چارەسەردەکات، ئافرەتەکەش براوەتەوە ماڵ و حاڵی خۆی و چەندجاریش بەدواداچوونمان بۆ سەلامەتی کردووە داوای کردووە بەدواداچوون نەکەین، چونکە کێشەکەی چارەسەر کراوەو سەلامەتە.

نوچەنێت: کەواتە دەتوانین بڵێین، سەرۆکی حکومەت یەکێک لەو کەسانەیە کە خزمەتی مافی ژنی کردووە؟

حاکم ئەمیرە: ئەوە موناقەشەی لەسەر نییە، بە دڵنیاییەوە رۆڵ و جێدەستی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و یاساکان هەیە. پاڵپشتی بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان و دەرچوونی یاسای وەکو توندووتیژی خێزانی، نموونەی دیارن.

نوچەنیت: جەنابت لە مەجالەکە کاردەکەیت و کەسێکی یاسایی، ئایا ئەو پێداگرییەی بۆ هەموارکردنی یاساکە و بەدواداچوونی کەیسەکان دەیکات، لەسەر جێبەجێکردنی یاساکەش ئەو پێداگریەی هەیە؟

حاکم ئەمیرە: بێگومان، بەڵام هەندێک دۆخ هەیە کە کاریگەری لەسەر وەستانی بەرەوپێشچوون یان گۆڕانکارییەکان دروستدەکات.

بۆ نموونە ئەو دۆخە ئابورییەی کە کوردستان تووشى بوو، هەروەها شەڕی تیرۆر، فشارە لەسەر حکومەت.هەندێ پڕۆژەشمان بەم هۆیەوە وەستاوە، بۆ نموونە سندوقی قانونی ئەحوال شەخسی باس دەکرێ، بۆ نەفەقەی ئافرەتان، کە تا ئێستا دانەنراوە، یەکێک لەوانە پێویستمان بە نەخۆشخانەیەکی دەروونی تایبەت بە ئافرەتانی موزمین هەیە لە هەولێر، ئەو نەخۆشخانەیە نەکراوەتەوە، من ئاگاداری بەدواداچوون و پشتگیری ئەوەم بەڵام ئاگاداری بارودۆخە سەختەکەی هەرێمیشم.

نوچەنێت: دۆخی ئابوری و شەڕی داعش، کاریگەری لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی هەبووە؟   

حاکم ئەمیرە: بەڵێ هەیەتی و ئەوە بەدەست کەسمان نییە، پشتگیرییەکی تری سەرۆکی حکومەت ئەوەیە کە چەندجار لە کۆبوونەوەکان و له‌ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، قسە دەکات، داوا دەکات رێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی هاوکاری حکومەت بن بە هەموویان و زیاتر کار بکەن لەسەر چالاكکردنی یاساکان.

 نوچەنێت: بەگشتی رای تۆ، لەسەر پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ ئافرەتان چییە؟

حاکم ئەمیرە: رۆڵی ئەو لە کارە گرنگەکاندا دیارە، ئەگەر پشتگیری و پشتیوانی ئەو نەبێ نە هەموارەکە و نە دانانی ياساکان بەو شێوە نەدەبوو،  جێبه‌جێكردنى ياساكان زۆر گرنگە، ئەو باوەڕی بە مافەکەیە، ئەگەر ئەو جارە هەموار بکرێتەو باشتر بەرەو پێشتریش دەچێت، چونکە زۆر داواکراوە کە هەندێک سەغەراتی تێدایە. هیچ ياساێك بەبێ کەموکورتی نییە، بۆ ئەوانەش داواکراوە و ئەویش گوتوویەتی پشتگیریتان دەکەم لە هەموار کردنەکەش. 

نوچەنێت: ئێوە وەک دەزگایەکی حکومی هەماهەنگیتان لە گەڵ سەرۆکی حکومەت هەیە بۆ ئیشوکارەکانتان؟ 

حاکم ئەمیرە: کاری ئێمە کارکردنه‌ بە یاساکان، لەگەڵ دادوەران و یەکێتی دادوەران و هەر ئیشکالێک هەبێ (هەماهەنگی دەکەن) زانیاری پێدەگات.

نوچەنێت: دەگوترێت ئێستا حاکم هەیە بڕوای بەو یاسایانە نییە، بۆ ئەم مەبەستە ئێوە پێشنیارتان کردووە کە لەکاتی دامەزراندنی حاکمەکان جگە لە شارەزایی لە یاساکان، باوەڕبوونی بە مافەکانی مرۆڤ بکرێتە یەک لە مەرجەکان؟  

حاکم ئەمیرە: لە زۆربەی ئەو ۆرکشۆپ و خولانەی کە لەسەر توندووتیژی دەکرێت ئەو دادوه‌رانه‌ی کە لەم بوارەدا کاردەکەن لەگەڵ داواکارە گشتییەکان بانگکراون، هەر لەم ماوەیەدا خولێکی پێنج رۆژە سەبارەت بە کەیسەکانی توندووتیژی کرایەوە، چەند لێکۆلەری دادی، نووسینگەکانی بەدواداچوونی توندووتیژی، بەشی چاکسازی، دادگای کەتنی توندووتیژی بەشداربوون، واتە لە زۆربەی ئەو خول و کۆنفرانسانەی کە بۆ ئەم بابەتە دەکرێنەوە بەشدارین.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسا، دادوه‌ر دەبێ ئەو یاسایەی کە هەیە وەکو خۆی جێبەجێی بکات، بۆ ئاسانکاری دەبێ بەپێی یاساکە بێ بیکاتە عوزری موخەفەفە و زروفی موخەفەفەیە ئەوانە دەکات، کاتێک کە تاوانبارێک دەستگیر ناکرێت ئەوا خەلەل لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەیە نەک دەسەڵاتی قەزا. تەنیا بڕیاردەرکردنەکە ئیشی دادوه‌ره‌، کاتێک تاوانبار دێتە پێش دادوه‌ر بۆ تەقریر مەسیری، کە ئایا بە کەفالە بەری دەدات ئایا تەوقیفی دەکات یان نەفسی وەقت ئیفراجی دەکات.  بەپێی بەڵگەکانە،  ئەوا بۆ قەناعەتی حاکمەکە دەگەڕێتەوە، هیچ ياساێك دیاری نەکراوە لە قەزایەی توندووتیژی خێزانی، حاکم ناتوانێ بە کەفالە بەری بدات، ئیللا دەبێ تەوقیفی بکات ئەوە قەزییەکە قابیلی کەفالەیە، لە قەزیەکانی توندووتیژی دەبێ موراعاتی زروفی خێزانى و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بکرێت، ئەگەر لەسەر شتێکی بەسیت ئەو پیاوە تەوقیف بکەی، رەنگە کێشەکان ئاڵۆزتر بکەی.

 حاڵەتمان هەبووە لە زیندان گوتویەتی، من لەسەر ژنم تەوقیف کراوم ئەوا بە شاهیدی فڵان و فڵان ژنی خۆم سێ بە سێ تەڵاق دا و نامەوێتەوە. یەعنی ئێمە هەندێجار ناچارین موراعاتی ئەم دۆخانە و شوێن و مەکانی کۆمەڵایەتی کەسەبکەین تا کێشەی ژنەکە و خێزانەکە ئاڵۆزترنەبێت.  کاتێک ئێمە ئەوانە رەچاو دەکەین، بەو مانایە نییە کە حاکمەکە ئاسانکاری کردووە.

حاڵەت هەبووە، پیاو لە ژنەکەی داوە کە دەستگیرکراوە دانی پێدا ناوە و بە کەفالەت ئازادکراوە، کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەی دەڵێت، ژنەکەم ئیستیفزازی کردم و توڕە بووم بەڵام زۆر پەشیمانم. ژنی خۆم دەوێ و دەچم ئاشتی دەکەمەوە. لەم حاڵەتدا حاکم موراعاتی ئەوە دەکات کە ئەو کێشە خێزانییە ئاڵۆزتر نەبێت و ئازادی دەکات. بەتایبەت کە پێشتر فایلی نەبێت و یەکەمجاری بێ کە سکاڵای لەسەر تۆماردەکرێت. بۆیە ئازاکردن بە کەفالە بەپێی دۆخەکان دەگۆڕدرێت. 

کاتێک ئەو کەسەی کە توندوتیژی کردووە، یەکەمجاری نەبێت و پێشتریش سکاڵای لەسەرتۆمارکرابێت. دەچێتە مەحکەمەی موختەس بۆ ئیدانە کردنی و ئینجا ئیدانەی ئیفراز مەحکەمە کردن بە نەزەر ئیعتیبار وەر دەگیریێت، کە ئەوە یەکەم جاری نییە توندوتیژتی بکات، بۆ تەشدیدی عقوبەکەی و مەحکەمش بە چاوێکی تر سەیری کەیسەکە دەکات. 

نوچەنێت: تێگەیشتن و رادەی مەدەنی بوونی حاکم، چەند کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی هەیە؟

حاکم ئەمیرە: کاتێک گوتم باوەڕبوون بەمافەکانی مرۆڤ ئەوەیە. باوەڕ بوونی حاکم بە مافەکان و یاساو دۆخە کۆمەڵایەتییەکە، کاریگەری دەبێت، واتە ناتوانێ یاساکە جێبەجێ نەکات بەڵام لە بڕیاردان  دەستی شل دەکات. بۆنموونە کاتێک من باوەڕم وابێ ئاساییە شەقازللەیەک لە منداڵێک بدرێت ئاساییەو منداڵ چییە. مافی نییە قسە بکات، لێدەدەم و لە ژوور حەپسی دەکەم، کاتێک من ئەوە بەرامبەر بە منداڵەکەی خۆم بکەم بێ گومان کاتێک کەیسێکی لەمجۆرە بێتە بەردەمم، کاریگەری لەسەر بڕیاردان دەبێت.

نوچەنێت: پێشتر باسی خولی هوشیارکردنەوەمان کرد بۆ کەسانی دەسەڵاتی دادوەری، پێتوایە ئەگەر خولەکان بەردەوام بن کاریگەری ئەرێنی دەبێت؟

حاکم ئەمیرە: خولەکانیش بەردەوام بن، پێموایە کەسێک خۆی باوەڕی بە مافی مرۆڤ نەبێ ناگۆڕدرێت.

نوچەنێت: کەواتە لەم حاڵەتەدا دەتوانین بڵێین، کارکردن لەسەر هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە گرنگترە؟

حاکم ئەمیرە: بێ گومان. پێشتریش باسم کرد بەرزبوونەوەی رێژەی سکاڵا نیشانەی هوشیاربوونەوەی خەڵکە.  بۆ نمونە من هەندێجار کە لەدەرەوەی دەوام، لە دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکان دادەنیشین قسەدەکرێت دەڵێن، بابە ئێستا پیاو ناوێرێ دەست لە ژنی بەرز بکاتەوە قانونێک هەیە بەرگری لێدەکات. بڕۆ لە مافی ئافرەت سکاڵا بکە. واتە ئێستا هەموو کەس دەزانێت نوسینگەو بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە توندوتیژی هەیەو کاتێک لە ئافرەت بدات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. هەندێ پیاو کاتێک بۆ چارەسەری کێشە قسەیان لەگەڵ دەکەی هەست دەکەی نوسینگەکانی بەدواداچوونی توندوتیژی لێبووەتە گرێێ دەرونی، دەڵێت، لەبەر ئەم نوسینگانە ناوێرین بە ئارەزووی خۆمان رەفتار لەگەڵ خێزانی خۆمان بکەین. 

نوچەنێت: دەڵێن، کاری دادگای توندوتیژی هەندێ هێواش و سستە. هەبوونی یەک حاکم لەم دادگایە وایکردووە کە کارەکان زۆر هێواش بڕۆن؟

حاکم ئەمیرە: سستییەکە هی ئەوەنییە، هەندێجار ئێمە درەنگ ئەوراق ئیحالە دەکەین، هەوڵدەدەین لەلای خۆمان سوڵح بکرێت.  رۆژانە ١٢٠ تا ١٨٠ کەیس دەبینین، رۆژانە ئەو هەموو کەیسە دێت. من سەرەتا ئیفادەی هەموو ئەوانە وەردەگرم کە لەم رۆژەدادێن، چونکە رەچاوی دۆخی ماددی خەڵک دەکەم. دڵنیام لەوەی ئەوەی کێشەی خێزانی هەیە پارە لە گیرفانیدا نییە، هەموو رۆژێک بە تاکسی بێ و پێی رانەگات بڕاو و بێتەوە کێشەکانی گەورەتردەبن، بەڵام سەرەتا دێم ئیفادەی خەڵکەکە وەردەگرم و بەڕێیان دەکەم.  ئەوەی رۆژانە قەرارێک عەرز کراوە و کتابێک عەرز کراوە یان داواکارییەک عەرز کراوە، وەلای دەنێم و دەڵێم دوایی بۆ خۆم سبەی زوو دێم یان لەگەڵ خۆم دەیبەمەوە لە ماڵ تەواوی دەکەم، بەس با ئەو خەڵکە رانەوەستێ و ئیفادەیان وەربگیردرێ. ئەمەش بە پێی تاقەتی خۆمانە. رۆژی وا هەیە  هەموو دەزانن ئاخر کەس لە دادگا دەردەچم دەواممان کاتژمێر ١:٠٠ تەواو دەبێ من ٢:٣٠ دەڕۆمەوە و بەیانیانیش ٨:١٠ لەدەوام دەبم.   

نوچەنێت: دەڵێن ئەو دووساڵەی کۆتایی رێژەی کوشتنی ژن زۆر بووە. ئەوە راستە؟

حاکم ئەمیرە: کوشتن بە گشتی زۆر بووە نەک تەنیا ئافرەت، یەعنی هەر تەلەفزیۆن دەکەیەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش هەمووی هەواڵی کوشتنە. 

هۆکارێکی تری زیادبوونی کێشەی ئافرەتان، تەکنەلۆژیایە. خێزان هەیە کێشەکان زیاد گەورەدەکەن. دایک وباوک هەیە دێن منداڵیان موبایلی لە دەست گیراوە، لە ترسان هەڵاتووە چووەتە سەنتەری داڵدەدان.  جاری وا هەیە بە نیو ساعەت لەگەڵ ئەو باوک و دایکە قسە دەکەم، پێیان دەڵێم ئێمەش لە تەمەنی ئەوان ئەو هەڵانەمان کردووە و کەس نییە هەڵە نەکات، سەرت لەخۆتان و منداڵەکانتان تێک مەدەن.  هەڵەکەش بەوجۆرە نییە کە چارەسەر نەکرێت. یان هەیە کچەکە لەگەڵ کوڕێک رۆیشتووە، من دەمەوێ وابێت کە خێزانەکان قبوڵیان بکەنەوە، جاری وایە ئەم هەڵانە لە تەمەنی زۆر کەمدا دەکرێت، بۆیە دەکرێ خێزانەکە بڵێن مادم کچەکەمان سەلامەتە، قبوڵی دەکەینەوەو بەشێوەیەکی جوان دەیدەینێ.

 هاوکات دەبێ ئەوەشیاب پێ بڵێم، کە راستە من ئێستا وەکو کەسێکی کۆمەڵایەتی قسەیان لەگەڵ دەکەم، بەلام سبەی هیچ شتێ بەرامبەر ئەو کچە بکەن بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم و فەرمونی دەستگیرکردنیان دەدەم. چونکە کەیسمان هەیە رایکردووە لەگەڵ کوڕێک یان بەهۆی کێشەیەکەوە لە سەنتەری داڵدەدانە تەمەنی زۆر بچوکە، بۆیە دانەدانە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دادەنیشم و قسەیان لەگەڵ دەکەم.

حاڵەت هەبووە تەمەنی یاسایی کەمتروە، بۆیە من لێی دەپرسم کە چەند برای هەیە. کێ لە خێزانەکەی توندڕەوە. بانگی هەموویان دەکەم و بەجیا لەگەڵیان دادەنیشم، بۆئەوەی بتوانن ئەوەی کچەکەیان کردوویەتی وەکو هەڵەیەک وەریبگرن کە چارەسەری هەیە. جاریوایە کچەکە هەر برایەی لە شوێنێکە، من هەوڵ دەدەم بە تەلەفۆن رازییان بکەم بێن بۆ دادگا بۆ قسەکردن لەگەڵیان. دەبێ  ئێوە بزانن کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەی ئێمە یەکجار سەختن. من تەشەنەنەکردنی کەیسەکان فشار لەسەر خۆم دروست دەکەم.

ئەوەی کێشە زۆر بۆ ئێمە دروست دەکات و لە دەست ئێمە نییە، نەبوونی خانەی بێ سەرپەرشتانە لە چاکسازی هەولێر، ئێستا منداڵمان هەیە باوک و دایک فڕێیانداوە و کەمترە لە پێنج ساڵ ناردوومەتە سلێمانی، چونکە لە هەولێر نییە، هەروەها نەخۆشخانەی دەروونی ئافرەتان لە هەولێر نییە دەبێ ئەویش رەوانەی سلێمانی بکەین.  بۆیە ئەگەر ئەم دوو شوێنەمان بۆ بکریت بێ گومان بەشیک لە گرفتەکانمان چارەسەر دەبن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com