دانا شوانی: ماقوڵ نییە حکومەت بەو هه‌موو هێزەوە نەتوانن کەسێک دەستگیربکەن کە دووکچی خۆی کوشتووە

0

بەهرە حەمەڕەش

دانا شوانی، مامۆستای زانکۆ لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە کۆمەڵێک هۆکاری توندوتیژی دەکات، بە تایبەت لە دۆخی کۆمەڵگەیەک دەکات کە شەڕ و نا ئارامی سیاسی و ئابوری تێدابێت. بەرای ئەو پێویستە کار لەسەر هۆکارەکانی توندوتیژی بکرێت و حکومەت پلان و دام و دەزگای تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە هەبێت.

نوچەنێت: توندوتیژی لە کۆمەڵگەیەک کە شەڕی تێدابێت، بەراورد بە کۆمەڵگە ئارامەکان چۆنە؟

دانا شوانی: لە کۆمەڵگەیەک کە شەڕی تێدایە لەگەڵ کۆمەڵگەیەک کە شەڕی تێدا نییە دۆخ و ئاستەکانی توندوتیژی جیاوازن، توندوتیژی لەکۆمەڵگەیەک کە شەڕی تێدابێ نائارامی لە کەسایەتییەکاندا دروست دەبێ، لە کوردستان کاتێک کە دۆخی دارایی، کۆمەڵایەتی و سیاسیمان نائارام دەبێ جیاوازییەکی زۆرە لەگەڵ ئەوکاتەی کە کۆمەڵگە ئارامە.

ئەگەر توندوتیژی بەرمەبنای رەفتارێکی تایبەتمەند وەربگرین لە توندوتیژییە سیاسییەکانیش بەهەمان شێوە، بۆ نمونە کاتێک دۆخی سیاسی تورکمانەکان نائارام بێ زۆرترین توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێ، بەڵام کاتێک دۆخە سیاسییەکەیان باش دەبێ ئەو توندوتیژیە رەمزی و جەستەییەی بەرامبەریان دەکرا، گۆڕانکاری بەسەردادێت.

ئینجا ئەگەر ئەوە بێنینەوە  بۆ توندوتیژی کۆمەڵایەتی، شۆڕدەبێتەوە بۆ توندوتیژی خێزانی و ژنان و منداڵان زۆرترین توندوتیژیان بەرامبەردەکرێت.

نوچە: رەهەندەکانی توندوتیژی جیاوازن، ئایا رەهەندی ئاینی، سیاسی، یان ئابوری بەهێزترە؟

دانا شوانی: هەموویان بەرێژە و قۆناغی جیاواز بەشدارن، بەپێی ئەو توێژینەوانەی پێشتر هەمان بووە لە هەندێ جۆری توندوتیژی رەهەندی ئاینی هۆکار بووە، هەندێکی تر سیاسی و هەندێکی ئابوری بووە. بۆ نمونە لە بابەتی خەتەنە رەهەندە ئاینییەکە کاریگەرە.

لە کایەی سیاسی، کاتێک ململانێ لەنێوان سیاسییەکان پەرەدەسەنێ ژنانی ناو حزبەکان رووبەرووی زۆرترین توندوتیژی دەبنەوە، رەنگە ئەم توندوتیژییە رەمزی یان بە قسە یانیش بە تەلەفۆنێک بێت.

نوچە: پیاوی کورد بۆچی توندوتیژە؟

دانا شوانی: لە کۆمەڵگەدا زۆرجۆر توندوتیژیمان هەیە، یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنانە. ئەو هۆکارانەی کە وادەکەن پیاو بەرامبەر بە ژن توندوتیژ بێ هەمەچەشنن، هەتا به‌گوێره‌ى شوێن و جێگەی كۆمه‌ڵایه‌تی و پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تییش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، چونكه‌ كه‌سایه‌تی مرۆیی هه‌مه‌چه‌شنمان به‌گوێره‌ى په‌روه‌رده‌ی فه‌رمی و نافه‌رمی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پرسی پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ به‌گوێره‌ى خێزان و كولتوور و ورده‌ كولتوور گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.

نوچە: بەڵام بەشێک لە پیاوی کورد لەگەڵ ژینگە، لەکاتی شوفێری لە سڵاوکردنیش توندوتیژە. واتە لە دیمەنە گەورەکەش توندوتیژە. نەک تەنیا بەرامبەر بە ژن و منداڵ؟

دانا شوانی: ئەمە هۆکاری هەیە. بە درێژایی مێژوو پێگەی ژن لە چوارچێوەیەک و پێگەی پیاو لە چوارچێوەیەک دانراوە. کاتێک گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە روودەدات بەهاو نۆرمەکانیش دەگۆڕدرێن. کلتورو وردەکلتورەکانیشمان دەگۆردرێت. بۆیە هەزمکردنی ئەم گۆڕانکارییانە زۆر زەحمەتە. لەم دۆخەدا توندوتیژی زۆردەبێت دواتر دێتەوە خوارەوە. واتە رێژەکە بەپێی قۆناغ دەگۆڕدرێت. لەم قۆناخە ئەگەر واقیعی بین بەپێی ئەم بارودۆخەی کە هەیە رێژەکە زۆر نییە.

دەبێ بزانین کۆمەڵگە کۆمەڵێک نۆرم وکولتورو بەهای تازەی قبوڵکردووە، بەڵام لە هەندێ خێزان و لای هەندێ کەس هێشتا ئەو نۆرم ورده‌ کولتورە تازەیە و تەواو نە چەسپیوە، پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر ژنانی مەسیحی پانتۆڵیان لەپێ دەکرد، بەڵام ئەو کەسانەی کە جاران پانتۆڵیان بۆ ژن قبوڵ نەبوو ئێستا خوشک و دایکی ئەوانیش پانتۆڵ لە پێ دەکەن. لەبەرئەوەی ئێستا واقعی کۆمەڵایەتی جیاوازە، هەندێ خێزان پێیان ئاساییە ژنەکانیان شەوان بڕۆنە دەرەوەرە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی قبوڵنەکراوە، مەرج نییە دەساڵی دیکە ئەم کلتورە وا بمێنێتەوە. تێڕوانینی خەڵک بۆ ئەمە دەگۆڕدرێت.

نوچە: کاتێک ئێمە باسی گۆڕینی نۆرم و بەهاکان دەکەین، لە ناو هەندێ خێزاندا رۆیشتنە دەرەوەی کچەکانیان بەشەوان ئاساییە بەڵام هەندێ خێزانیش ژن دەکوژن، نمونەی ئەوە مانگی رابردوو باوکێک دووکچی خۆی کوشت کە تەمەنیان(١٧ و ١٩) ساڵبوو. ئەوە چۆنە؟

دانا شوانی: توندوتیژییەکان لە شارێکەوە بۆ شارێک لە قەزایەکەوە بۆ قەزایەک گۆڕانکارییان بەسەردادێت.

نوچە: مەگەر روبەری هەموو کوردستان چەندە؟ دووری نێوان سلێمانی و چەمچەماڵ چەندە؟ بۆچی لە سلێمانی دۆخی ژن بەرەوپێشچوونی هەیەو لە چەمچەماڵ ژن دەکوژرێت؟

دانا شوانی: کۆمەڵگەی مرۆیی کۆمەڵێك کولتوری هەیە هەر ناوچەیەک کولتورو وردە کولتوری خۆی هەیە. بەهای ماددی و ناماددی هەیە، هەر خێزانێکیش کلتورورو- وردە کلتور و بەهاو نۆرمی تایبەت بە خۆی هەیە.

شتێک هەیە لە کۆمەڵناسی پێی دەگوترێت کارلێکی کولتوری، کارلێکی کولتوری واتە هاتوچۆی زۆری نێوان شارەکان، ژن و ژنخوازی … لە کوردستان، هاتوچۆی نێوان شارەکان زۆر کەمە، ئەوەی هەیە بەپێی پێویستییە نەک گەشتیاری و ژیان.

 ئێستا کچانی سلێمانی به‌رێژه‌یی ئامادەنییە لە هەولێر هاوسەرگیری بکات، کچانی هەولێریش بەهەمان شێوە. بۆ ناوچەکانی تریش ئەمە راستە، من خەڵك دەناسم جلی مۆدەی لەبەربووە بەڵام کە لە شارێکی تر هاوسەرگیری کردووە ناچاربووە ئەو کلتورو وردە کلتورەی هەیبووە وازیلێبێنێت لە جل و بەرگەوە تا کۆتایی، بابەتی توندوتیژیش بەهەمان شێوەیە.

بۆ نمونە خەتەنەکردنی مێینە لە دهۆک بوونی نییە، بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگەی کوردی کولتورێک بەرهەم هاتووە، لەوێ یاسا و ئاین کاریگەری نەبووە، بەڵام ئەگەر بۆ هەمان بابەت بێینە ناوچەکانی تری کوردستان جیاوازە، لە شاردا کولتور جیاوازە تا دەرەوەی شار ئەگەر هەشبوو جۆرەکانی دەگۆڕدرێ بۆ نمونە توندوتیژی ئەگەر لە شارەدا رەمزی بێت لە قەزاو ناحیەکان فیزیکییە.

واتە تێکەڵاوی کولتوری کەمە، هۆکارێکی تر ئەوەیە کە رێکخراوەکانیش زیاتر لە سەنتەری شار کاردەکەن ناڕۆنە دەرەوە بۆیە گۆڕانکارییەکان لە دەرەوەی سەنتەر سستە.

نوچە: ئایا تەکنەلۆژیا نەیتوانیوە گۆڕانکاری لەم ناوچانەدا دروست بکات؟

دانا شوانی: ئێمە کۆمەڵێک ئامرازمان هەیە بۆ گۆڕانکاری یەکێک لەوان تەکنەلۆژیایە، بەڵام ئەوەش زۆر کاریگەر نییە، داتایەکمان هەیە زانیاری بدات لەسەرئەوەی ئایا کچ و ژنی قەزاو ناحیەکان دەتوانن تەکنەلۆژیا بەکاربێنن؟

نوچە: بەڵام پیاوەکان هەموویان بەکاری دەهێنن.

دانا شوانی: مەرج نییە ئەوانەی تەکنەلۆژیا بەکاردێنن دیدگایان بەرامبەر کۆی کایەکانی ژیان بگۆڕدرێ، چونکە مەسەلەکە مەسەلەی کولتورییە و پەیوەندی بە کۆی کولتورەوە هەیە. مەرج نییە کەسێک کە تەواوی تەمەنی بەوە پەروەردەکراوە کە ژن دەبێ چێشت لێبنێ و لەماڵەوەبێ، بە دووپۆستی فەیس بوک بگۆردرێت. راستە کاریگەری هەیە بەڵام دیارە کاریگەرییەکە قوڵ نییە.

نوچە: بەپێی داتاکان زۆرترین رێژەی تەڵاق بەهۆی تەکنەلۆژیایە. ئایا کاریگەرییە نەرێنییەکە زیاترە؟

دانا شوانی: بابەتەکە رێک  ئەوەیە. تەکنەلۆژیا کاریگەری هەیە بۆئەوەی رێژەی توندوتیژی زیادبکات نەک گۆڕانکاری کولتوری رووبدات. پیاو هەیە هەر ئامادەنییە هاوڕێکانی ژنەکەی پیاو بن. دەیان کەیسم هەبووە لەسەر یەک نامە یان یەک تەلەفۆن کە بە هەڵە هاتووە، کێشەی بۆ دروستبووە، کەواتە تەکنەلۆژیا نەیتوانیوە تێڕوانینی ئەو کەسە بگۆردرێت لەگەڵ ئەوەی هەموومان تەلەفۆن و نامەی بەهەڵەمان بۆ هاتووە.

 ماقول نییە نامەیەک دەتەوێ بۆخێزانتی بنێری بەهەڵە بۆ کەسێكی تر بڕوات بتکوژن، بەڵام ئێستا ئەمجۆرەی توندوتیژیش کەم بووەتەوە ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان پێنج ساڵ پێش هاتنی داعش، کچ هەبوون وێنەی خۆیان لە فەیس بوک دانەدەنا بەڵام ئێستا هەیە. کچ وێنەی خۆی و باوک و کەسوکاریشی دادەنێ. توشی کێشەش نابێ چونکە ئێستا دیدگای خەڵك گۆڕاوە، نەوەی دواتر لە سۆشیال میدیا زۆرکراوەترن، تیکتۆک تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە تەنیا مۆسیقاو گۆرانییە بۆ کات بەسەربردنە، نیو کاتژمێر سەیری بکە دەبینی کە نەوەی دوای دووهەزار ئازادییەکی تەواو رەهاتریان هەیە لە نەوەی پێش خۆیان.

دایک و باوکانیش بەرەبەرە خەریکن خۆیان لەگەڵ ئەم دنیا تازەیە دەگونجێنن چونکە واقیعی کۆمەڵایەتییە، ئەمە پەیوەندی بە ئاستی ئەم گۆڕانکارییانەوە هەیە کە لە خێزانەکاندا روودەدەن. نەوەی ناوەڕاستی هەشتاکان بۆ دواوە گرنگیان بە کاردابەش کردن داوە لەناو خێزانەکانیان ، بەڵام هەندێ ماف و ئەرکیش هەیە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

نوچە: ئەو توندوتیژیەی کە ئێستا ئەنجام دەدرێت چەند پەیوەندی بە مێژووی پیاوی کوردەوەهەیە؟

دانا شوانی: ئەو دیدگایەی کە پێیوایە پێشتر ژنی کورد، ئازاد یان ئازاد نەبووە، دەقیق نییە، چونکە دۆخەکان بەپێی قۆناخ گۆڕاون خۆئەم ئازادییەی لە ئەوروپا هەیە بەخۆڕایی و بە دوورۆژ دەستنەکەوتووە. توندوتیژییەکان لە قۆناخێک بۆ قۆناخێک دەگۆڕدرێن. کاتێک گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە روودەدات رەفتار و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانیش گۆڕانیان بەسەردادێت. ئەم پرۆسەیە لە شار خێراترە. هەتا تێگەیشتنی کولتوری لە عەینکاوە بۆ ناو هەولێر یان لە گەڕەکێك بۆ ئەویتر جیاوازە.

نوچە: پێش شەڕی داعش، زۆر گۆڕانکاری لە دۆخی ژن ئەنجامدرا. کۆمەڵێک یاسا هەموارکرانەوەو یاسای نوێ و باش لەبەرژەوەندی ژن دانران، هەروەها دەزگا و دامەزراوەی تایبەت دامەزران وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان. بۆچی ئەمە وەستا یان پاشەکشێی کرد؟

دانا شوانی: توندوتیژی بەهەموو جۆرەکانییەوە ئەوکاتە زیاد دەبێ کە دۆخی سیاسی و ئابوری تێکدەچێ، ئێمە لە یەک کاتدا هەم دۆخی سیاسیمان تێکچووە هەم دۆخی ئابوری، دەکرێ لە هۆکارەکانی توندوتیژی بن، ئێستا کێشە تەندروستییەکەش هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژی، بۆنمونە کەسێک شەش مانگ بەهۆی ئەم دۆخە تەندروستییەوە بێکاربێ دواتر ناتوانێ خێزان بەڕێوەبەرێت. بەرەبەرە کێشەکان زیاددەبن، حکومەتیش پێڕاناگات کێشە سیاسی و ئابوری یان کۆمەڵایەتی یان سیاسییەکان پێکەوە چارەسەر بکات، پێش ساڵی٢٠١٤ لەبەرئەوەی سەقامگیریەک لە دۆخی سیاسی و ئابوری هەبوو زۆرترین سەرنج لەسەرئەوەبوو، کە یاساکان چۆن بگۆڕدرێن هەروەها گرنگی بەکاری رێکخراوەکان دەدرا. ئێستا کێشەکانمان بە جۆرێکی ترە و ئەولەویەت گۆڕدراوە، لەجیاتی کوشتنی ژن ببێتە بابەتێک ئەنجومەنی وەزیران بۆی کۆبێتەوە، بۆ ئەوە کۆدەبنەوە کە چۆن دەتوانن لە ماوەی مانگێگکدا موچە دابەش بکەن.

نوچە: کەواتە لە دۆخی ناسەقامگیر پرسی ژن لە ئەولەویەت نامێنێ؟

دانا شوانی: بەڵێ، لە هەموو شوێنێکیش وایە ئەولەویەت بەپێی دۆخی سیاسی و ئابوری دەگۆردرێت.

نوچە: بەپێی زانستی کۆمەڵناسی، کۆمەڵگەی دوای شەڕ چەند کاتی پێویستە ئەگەر بە نزیککردنەوەش بێت تا کاریگەرییەکانی شەڕ لەم وڵاتە کەم بێتەوە؟

دانا شوانی: هیچ پێوەرێک نییە بۆئەوەی پێمان بڵێت، کۆمەڵگە لەدوای دۆخی شەڕ چەند کاتی دەوێ بۆ ئاساییبوونەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم کایانەی کە پێویستن زووتر ئارام دەبنەوە وەک ئەولەویەت، لەبەرئەوە توندوتیژی خێزانی لە کوردستان کە لە ئەولەویەتدا نییە درەنگتر ئارام دەبێتەوە. بەراورد بەکایەکانی تر. کایەی ئابوری و سیاسی ئەولەویەتی زیاترە لە کایەی ئازادی و توندوتیژی، بەڵام بۆی هەیە کە کۆمەڵگە لە دۆخی گۆڕانکاری بەردەوامدایە توندوتیژیەکان لە کوشتنەوە بگۆڕدرێت بۆ دەستدرێژی، وەک ئێستا دەستدرێژی بۆسەرمنداڵ زۆرە یەک لە هۆکارەکانیش چاولێکەرییە، لەبەرئەوەی یاساکان یاسای توندوتۆڵ نین بۆ سزادان، ئەوکەسانە سزای توند وەرناگرن کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، بۆنمونە ماقوڵ نییە حکومەتی هەرێم بە شەشسەد هەزار پێشمەرگەو ئاسایش و هێزی ناوخۆ، لە وڵاتێکی سێ چوار پارێزگایی نەتوانن کەسێک دەستگیربکەن کە دووکچی خۆی کوشتووە. بۆیە کەسێکی دیکەش کە کچەکەی رەفتارێک بکات لەگەڵ بەهاو رەفتارە بنەڕەتی و باوەکانی خۆی نەگونجێ دەیکوژێت و لە سزای یاسایش ناترسێت.

نوچە: پێتوایە لایەنی جێبەجێکار یەک لە هۆکارەکانی بەردەوامبوونی توندوتیژی کۆمەڵایەتییە؟

دانا شوانی: بەڵێ، کاتێک یاسا سەروەری و کاریگەری زیاتر بوو بەرەبەرە توندوتیژی کەم دەبووەوە، چونکە بونیادی کەسایەتی مرۆڤ بونیادێکی شەڕانییە، ئەمە بۆ هەموو تاکێک لە هەموو نەتەوە و کۆمەڵێک راستە، ئەوەی رەفتاری کۆمەڵایەتی تاک رێکدەخات یاسا، پەروەردە و دینە. پەروەردەی فەرمی کوردی تەنها فێرکردنە لایەنە پەروەردەییەکە گرنگی پێنادرێت.

لە کۆی ٨ هەزارقوتابخانە ٦ هەزاری توێژەری کۆمەڵایەتی تێدانییە، ئەوەی تێیدایە کۆمەڵێک چوارچێوەی هەیە بۆکارکردن. کۆمەڵێك داتامان هەیە، کە ئەو قوتابخانانەی کە توێژەری کۆمەڵایەتی تێدایە هۆکارن بۆئەوەی رێژەی خۆکوشتنی کچانیان کەم بێتەوە، هەروەها رێژەی وازهێنانی کوڕوکچانیان لە قوتابخانە کەم بێتەوە. هەندێ توندوتیژی کە لە قوتابخانەکان هەبووە وەکو لێدان و جنێودان کەم بووەتەوە. واتە کێشەی کۆمەڵایەتی یان توندوتیژی لەم ٢هەزار قوتابخانەیە کەم کراوەتەوە. بەڵام ٦ هەزارقوتابخانە هەیە کە هەر توێژەری نییە، کەواتە لایەنی پەروەردەیی کێشەی زۆری تێدایە، کاتێک پەروەردەی فەرمی لە لاوازبووندایە، رێژەی توندوتیژی ژنان زیاد دەبێت.

  نوچە: ئەی مزگەوت و حزب ئێستا کەناڵی پەروەردەیی نین؟

دانا شوانی: ئێستا مزگەوتەکان ئەو وەزیفەیان لێوەرگیراوەتەوەو قوتابییان نییە.

نوچە: بەڵام ئێستاش لە هەندێ مزگەوت وانەی ئاینی هەیە، ئەگەر بە فەرمیش نەبێ هەروەها لە هەندێ ماڵ و حوجرەش بەم شێوەیە؟

دانا شوانی: ئەگەر هەشبێ فەرمی نین، جاران لە مزگەوتەکان وانەی ئاینی هەبوو.سەبارەت بە حزب من نەمزانیوە حزب پەیوەندی بە زیادبوونی توندوتیژی کۆمەڵایەتییەوە هەبێت.

نوچە: گەنجێک لە تەمەنێکی کەمەوە دەچێتە ریزی رێکخراوە حزبییەکان و باوەڕی پێیانە، رەنگە دەیان نمونەی هەبێ لەناویان کە گوێڕایەڵیان بێت و بیەوێ لاساییان بکاتەوە، دواتر بەشێک یان بکوژی ژنان سەربەم حزبانەن و لەلایەن ئەوانیشەوە داڵدەدەدرێن و رادەستی یاسا ناکرێن. هەروەها بە چەکی ئەوان تاوانەکە ئەنجام دەدەن.

دانا شوانی: لەم رووەوە راستە، بەڵام کە حزب خۆی بەرنامەیەکی وای هەبێ نییە.

نوچە: چارەسەرچییە؟

دانا شوانی: پێویستە حکومەتی هەرێم سیاسەتی کۆمەڵایەتی، پلان و دەزگای هەبێت. زانیاری و داتای ساڵانەی سەبارەت بە کێشەکۆمەڵایەتییەکان هەبێت، ئایا ساڵانە چەند کوڕ و کچ واز لە خوێندن دێنن، هۆکاری وازهێنان لە خوێندنیان چییە؟  دەرفەتی کار و جۆرەها وردەکاری تری تێدابێت. دەکرێ بەر لە هاوسەرگیری کوڕو کچان بخرێنە خولی راهێنانەوە، هاوکات کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بچێتە قەزاو ناحیەکانیش و ئەوانیش گرنگیان پێبدرێت.  دەبێ پلان بەپێی  داتاو لێکۆڵینەوە دابنرێت، پیاوی ئاینی لەم گۆڕەپانە رۆڵیان بدرێتێ. یاسا رۆڵ ببینێت و توندوتۆڵ بێت لە سزادانی ئەو کەسانەی کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

پڕۆفایل:

– دانا شوانی

– نوسەرو وەرگێڕ

– خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە کۆمەڵناسی

– مامۆستای زانکۆ

– نوسەری ١١کتێبە لەبواری کۆمەڵناسی و فەلسەفە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com