دکتۆر رێدار: بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی جەنگ دەبێ کەسانی دانا بخرێنە پێگەی بەرپرسیارێتی

0

بەهرە حەمەڕەش

دکتۆر رێدار ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان، لە گفتوگۆیەکی نوچە سەبارەت بە کاریگەرری و ئاسەوارەکانی جەنگ لە سەر رێژەی توندوتیژی لە کۆمەڵگە دەڵێت، ئەگەر بمانەوێ ئەگەری دووبارە رودانی شەڕ لاوازبکەین و کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دەرون دروست بنیات بنێینەوە دەبێ گرنگی بە بواری پەروەردە بدرێت و کەسی دانا و ئاشتیخواز بخرێنە پێگەی بەرپرسیارێتی.

نوچە: لەکاتی شەڕدا، توندڕەوی و رۆحی توندوتیژی تاچەند لە کۆمەڵگەدا هەڵدەکشێ ؟

د.رێدار: پلاتۆ دەڵێت: تەنیا مردووەکان کۆتایی جەنگ دەبینن. مارگرێت ئەتوود، نوسەرێکی ئافرەتە دەڵێت: شەڕ ئەوکاتە دەستپێدەکات کە زمانی گفتوگۆ سودی نامێنێت. ئەمانە و چەندین کەسایەتی تر لە سەر زمانی نامۆراڵی شەڕ قسەیان کردووە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەگەر مرۆڤەکان بە گشتی دژی شەڕن، بۆچی شەڕ بەردەوامی هەیە؟ ئەگەر شەڕ ماڵوێرانییەو تەنیا مردووەکان کۆتایی شەڕ دەبینن، بۆچی مرۆڤ بەردەوام دەجەنگێت؟

هەندێک دەرونناس پێیانوایە شەڕ بەشێکە لە رەمەکی سروشتی مرۆڤ لە پێناو مانەوە. کەواتە مرۆڤ وەک چۆن ئامادەیە لە پێناو مانەوەی خۆی سروشت بشێوێنێ  کە کۆتاییەکەی لە ناوبردنی خۆیەتی، هەمان رەمەک و غەریزەش پاڵی پێوەدەنێت شەڕبکات و زیاتر بژیت. لە پێناو ئەمەشدا هەمیشە هەوڵیداوە بیانوو بهێنێتەوە. شەڕ لە پێناو، ئاین، خاک، مانەوە، ئاشتی، نەڕشتنی خوێنی زیاتر، ئەمەی دوایی توندوتیژترین جۆرە وەک ئەوەی ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی بەرامبەر یابان بە کارهێنا، لە بەرامبەر کوشتنی ئەم هەموو خەڵکە سڤیلە بیانووی ئەوەبوو کە بۆیە وایکردووە شەڕ زووتر بوەستێنێت و کەمتر خوێن بڕێژێت. سەیرە مرۆڤ چ هونەرمەندێکە لە رازاندنەوەو جوانکردنی کارە قێزەونەکانی.

بۆچوونێکی تر هەیە، هی لیبراڵ و فیمینیستەکانە پێیوانوایە شەڕ روفتارێکی کلتورییەو مرۆڤ لە وانیترەوە فێری دەبێت. دیاردەیەکی دەستەجەمعییە زیاتر لەوەی تاکی بێت.

نوچە: شەڕ کە لەوڵاتێکدا هەڵگیرسا تاچەند و چۆن کار دەکاتە سەر جۆری ئارامی و توندوتیژی؟ چۆن ئەو کاریگەرییە دەگوازرێتەوە ناو خێزانەکان.

د.رێدار: ئەگەر شەڕ بۆ نیشاندانی هێز و کۆنتڕۆڵکردن بێت ئەوا چاوەڕوانکراوە زۆرترین قوربانی ئەو کەسانە بن کە بێهێزترن یان بەشداری رەاستەوخۆی شەڕیان نییە. مرۆڤی توندوتیژ و شەڕخواز بە لە ناوبردنی ئەویتر ژیانی خۆی دەدۆزێتەوە، بۆیە سڵ لەوە ناکاتەوە کە ئەویترکێیە و دەیکوژێت. لای ئەو گرنگ لە ناوبردنە. نوسەرێک دەڵێت”شەڕ ئەو حاڵەتەیە کە ئێمە بیرکردنەوەی ئاژەڵیانەی خۆمان لە دەست دەدەین”. دەرونناسان پێیوانوایە، جگە لە بڕبڕەدارەکان هیچ بونەوەرێک وەک مرۆڤ چێژ لە کوشتنی جۆری خۆی وەرناگرێت.

نوچە: لەکاتی جەنگدا بۆچی ژن و منداڵ زیاتر دەبنە قوربانی ؟

د.رێدار: دەستدرێژیکار چێژ لە ئازاردانی قوربانی دەبینێت، ئەو شێوازەش بەکاردەهێنێت کە پێیوایە زۆرترین ئازار بە بەرامبەر دەگەیەنێت. بەپێچەوانەی باوڕی باو ئەوکەسەی کە ئافرەتێک لاقە دەکات بە مەبەستی چێژی سێکسی ئەم کارە ناکات، بەڵکو مەبەست لێی ئازاردانە(ئەمە قسەی دەونناسانە).

نوچە: ئاسەواری شەڕ تا چەند کار لە ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆمەلغە لە دوای شەڕ دەکات؟

د.رێدار: ئەگەر شەڕ ماڵوێرانی بێت ئەوا ئاسەواری شەڕ دەجار ماڵوێرانییە، بۆیە ئەگەر سیستەمێکی سیاسی، پەروەردەی تۆکمە نەبێت شەڕ بە شێوازێکی تر درێژەی دەبێت، چونکە ئەوانەی ماون هێشتا ویستی کوشتن، تۆڵەسەندن وزاڵبوون لە ناخیاندا هەیە، رواندا جوانترین نموونەی قبوڵکردنی یەکتربوو دوای کوژرانی یەک ملیۆن مرۆڤ لە شەڕی ناوخۆی نێوان دوو هۆزی ئەم وڵاتە.

نوچە: کۆمەڵگەی دوای شەڕ، تاچەند کۆمەڵگەیەکی ئاساییە بۆ مافی ژن و مناڵ ؟

د.رێدار: کۆمەڵگەی دوای شەڕ کۆمەڵگەیەکی ناجێگیرە. بەهۆی کاریگەری لە سەر ژێرخانی ئابوری وڵات کە بەهۆی شەڕەوە داڕماوە. هەروەها کۆمەڵگەیەکی ناجێگیر دەبێت لە رووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە. نەمان یان کەمبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزاری، ئەوانەی لە کاتی شەڕدا زۆرترین کاریگەرییان لە سەرە بریتین لە ئافرەت، منداڵ، پیر و پەککەوتە. بەهۆی کەمئەندامبوونی زۆرێک لە گەنجان لە شەڕدا رێژەی پەککەوتوان زیاتردەبێت.

توێژینەوەکان باس لەوەدەکەن کە زەبری دەرونی کاریگەری لە سەر منداڵ و ئافرەت زیاترە. پاش ئەوانیش خەڵکانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەت. بۆیە ئەم توێژانە زیاتر پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەو چاودێری هەیە. لە کاتێکدا زۆرترین خێزان بەهۆی شەڕ کەسێکی ئازیزیان لە دەستداوە. ئەمە وایکردووە ئەرکی ئەوانیتر سەختتربێت بەتایبەتیش دایک، بۆیە هەر میللەتێک بیەوێ لە دوای شەڕ دووبارە هەستێتەوە سەرپێ ئەوا دەبێ بە پلەی یەکەم گرنگی بە ئافرەت بدات. ئینجا بە منداڵ و خێزان.

ئاساییبوونەوەی کۆمەڵگەی دوای شەڕ بەرامبەر ژن و منداڵ پەیوەندی بە راددەی تێگەیشتنی تاکەکانی کۆمەڵگە و  ئەو سیستەمەی وڵات بەڕێوەدەبات.

لە کاتێكدا دایکێک جەرگی سوتاوە، ئافرەتێک پیاوەکەی زیندانییە، تاز بوکێک لاقەکراوە، کە ئەمانە هەمووی بەهۆی ئارەزووی ئەهریمەنانەی پیاوە. چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵگە باوەشی زۆرترین رێز و سۆز بۆ ئەم قوربانییانە بکاتەوە، کەچی بە چاوێک سەیردەکرێت کە هۆکاربن یان مایەی شەرمەزاری و سەرشۆڕی ئەوان بن. ئەم بۆچوونە زیاتر لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا باوە.

نوچە: ئایا کۆمەڵگەی دوای شەڕ بەئاسانی واز لەو توندوتیژیانە دەهێنێت کە زەمەنی شەڕ پێی بەخشیووە؟

د.رێدار: ئەگەر هەمان میر و سەرکردەکانی شەڕ براوەی شەڕبن و جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوا زۆر ئەستەمە توندوتیژی کۆتایی پێبێت. لاتان سەیرنەبێت زۆرترین ئەو میرانەی شەڕ، گرفتی دەرونی و کەسایەتییان هەیە. توندوتیژی بووەتە بەشێک لە کاراکتەریان و تێکەڵی خوێنیان بووە. کارەساتە هەمان پاڵەوانانی جەنگ پاڵەوانی ئاشتیش بن.

نوچە: چی بکرێت بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان کەمتر بکرێنەوە ؟

لەڕووی کاتەوە چەندی دەوێ تا کاریگەریی شەڕ بەسەر کۆمەڵگەوە نەهێڵدرێت ؟

د.رێدار: ئەگەر کۆمەڵگەیەک بیهەوێ کاریگەری شەڕ لە سەر خۆی لاببات و ئەگەری دووبارەبوونەویە شەڕ لاوازبکات، ئەوا پێویستە جڵەوی حوکم بداتە دەست کەسانی دانا، کە حوکمێکی دیموکراسی و دوور لە بەرژەوەندی کەسەکان بنیات بنێ. لە جیاتی ئەوەی کەسێک یان ئایدۆلۆژیایەک تاکڕەوانە حوکم بکات، ئەوا سیستەمێکی لیبراڵی پتەو بنیات بنرێ تاکەکان هەموو یەکسان بن، ئەوەی لە هەمووی پێویستترە بریتییە لە سیستەم، سیستەمێک دادپەروەری تێدا بەرقەراربێت. خاڵی دووەم، بریتییە لە گرنگیدا بە بواری پەروەردە. نەوەیەک دروستبکات نەفرەت لە شەڕ و پاوانخوازی بکات.

رواندا، جوان ترین نموونەیە کە گەنجێکی خاوەن بڕوانامە دوای شەڕ، توانی بەماوەیەکی کەم وابکات پاشـاوەو کاریەگەرییەکانی شەڕ نەمێنێت و ئێستا هەنگاوی دووەمی ناوە.

بەرهەمهێنانی نەوەیەکی رۆشنبیر و ئاشتیخواز، بەهێزکردنی گیانی تەبایی و یەکتر قبوڵکردن. چارەیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com