ئەسعەد مورادی: تایبەت بە نوچەنێت
پرۆژەی بەجووتساید کردنی رێگای کۆیە – هەولێر و تونێلی هەیبەت سووڵتان ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەستى پێكردووە كەچى تا ئێستا تەواو نەبووە و وەزارەتى ئاوەدانكردنەوەيش دەڵێ، بۆ ساڵی داهاتوو دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.
مەریوان مەلا حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن، لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆژەی بەجووتسایدکردنی رێگای هەولێر کۆیە، تایبەت بە نوچەنێت گوتی، “تۆنێلەکەی هەیبەت سووڵتان و پرۆژەی بەجووتساید کردنی رێگای هەولێر کۆیە، لەسەرەتای ساڵی داهاتوو دەخرێتەوە بەرنامەى كار ئەويش بە مەرجێك دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان باش بێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونی دەکاتەوە، کە سەرجەم پرۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پەیوەستە بە داهات و بودجەی وەبەرهێنان، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەبەرهێنان دادەنرێت. دووپاتيشى دەکاتەوە، وەک لە پلانی چوار ساڵەى حكوومەت دانراوە، ئەو دوو سایدانەی نێوان شارەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە سەرجەمیان تەواو بکرێن. هەروەها هەر کات ئەو بودجە زیاد بکرێت پرۆژەکان وەگەڕ دەخرێنەوە، بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە بەشێک لەو پرۆژانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بودجەیان بۆ تەرخان کراوە.
لەکاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر گوتی، تەواوکردنی پرۆژەی جووتسایدی کۆیە هەولێر، لە باشترین بارودۆخدا بەپێی ئەو گرێبەستانەی کراون بۆ ئەو ناوچە بەرزونزمييە زۆر سەختەی کە پێیدا دەڕوات، سێ ساڵی پێویستە.
دوو سایدی کۆیە هەولێر، لەساڵی ۲۰۱۰ لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە خراوتە بەرنامەی کارەوە دراوە بەچەند کۆمپانیایەکی بیانی بە بڕی ٤٠٠ ملیار دینار و وا بڕیار بوو بە چوار قۆناغ دروستبکرێت.
ئەو پرۆژەیە بە کۆمپانیایەکی ئێرانی دراوە بە ناوی (اباد راهان پارس) کە بەشێک لە کارەکانی کردووە، بە گوێرەی ئەم پلانەی دانراوە، بە تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە، رێگای نێوان هەولێر کۆیە، لە ٧٠ کیلۆمەترەوە بۆ ٥٥ کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.