دکتۆر محەمەد شەریف: زۆربەی مامۆستاکانی شەریعە نوێسازییان پێ قبوڵ ناکرێ

0

نوچەنێت

زاناو شەرعزانی کورد و سەرۆکی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی لە کوردستان دکتۆر محەمەد شەریف، لە گفتوگۆیەک لەگەڵ نوچەنێت، باس لە رەتکردنەوەی رۆحی نوێسازی لە ئیسلامدا لەلایەن هەندێ لە مامۆستا و گوتارخوێناندا دەکات و دەڵێت، ئەوەی بەناوی ئیسلامەوە بەرامبەر ئافرەت دەکرێت، فیقهە، بەڵام مەلای سیاسی و نا شارەزا بۆ بەرژەوەندی ناڕۆنە قوڵایی زانستەکە. هاوکات باس لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەکات و رۆڵی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ ئەم کارە بەرزدەنرخێنێت و بە سەرکردەیەکی لێهاتوو ناوی دەبات.

نوچەنێت: سەرەتای ژیانی دکتۆر محمەد چۆن بووە؟ چۆن گەیشتۆتە ئەم ئاستە لە بەدەستهێنانی زانست؟

د. محەمەد شەریف: لە منداڵیدا لە ساڵی ١٩٣٥لەگوندی گردەسوری نزیک قوشتەپە، ژیاوم.  باوکم مەلا بوو. هەربۆیە خوێندنی مەلایەتی، مەلای دوانزە عیلمم لای باوکم تەواوکردووە. تا تەمەنم بوو بە بیست ساڵ هەموو کتێبەکانم خوێند و زانیاریم لە بارەیانەوە کامل کرد. نەک وەک مەلای ئێستا.  ئێمە بە قوڵی زانستەکانمان دەخوێند و فێردەبووین. دوای ئەوە هەر بۆ خوێندن چوومە بەغدا بۆ لای مەلا محەمەدی قزڵجی، کە زانایەکی گەورەی کوردبوو.

دوای ئەوەی بووم بە مەلا، کردیانم بە ئیمامی سوپا، مەلای سوپا پلەی ئەفسەرە. بۆیە ماوەی ١٥ ساڵ لە بەغدا مامەوە. هەر لەوکاتەدا لەوێ کۆلێژی قانونم لە زانکۆی موستەنسریە تەواوکرد. بووم بە پارێزەر. بۆیە لە سوپا خانەنشینیان کردم. لەو کاتەدا ئێمە کێشەی سیاسیمان هەبوو چونکە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بووین، بەڵام خۆش بەختانە من پارێزراوبووم. دوای خانەنشین بوونم لە ئیمامی سوپا، لەگەڵ مامۆستا عەلائەدینی سوجادی، تەکلیف کراین بێینە ئەوقافی حوکمی زاتی واتە بۆ کوردستان، هاتین. دوای ئەوە جارێکی تر بۆ خوێندنی دکتۆرا گەڕاینەوە بەغدا، دکتۆرام لە قانون بە دەستهێنا.

دواتر بووم بە مامۆستای کۆلێژ، دیسان حکومەت وازی نەهێنا کاری مامۆستایەتی بکەم. منی بردە وەزارەتی ئەوقاف و گوتیان، لەوێ پێوستمان پێتە. ئەوەبوو بوومە وەکیل وەزیری ئەوقاف. ئەو کاتە ناخۆش بوو، چونکە سەردەمی شەڕ بوو لەگەڵ ئێران. چاوەڕێی دەرفەتێکم دەکرد بتوانم لەوێ بڕۆم، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٩٣ هاتمەوە کوردستان، ویستم خزمەتی کوردستان بکەم و لە کۆلێژی قانون بووم بە مامۆستا. من و مامۆستایەکی تر پێکەوە خوێندنی ماستەرمان دانا. کۆمەڵێک مامۆستامان پێگەیاند. دواتر ئەو شەڕە پیسەی ناوخۆ دەستیپێکرد. ئەوە بوو چوومە ئوردن. لەوێوە چوومە دەرەوەو داوای پەنابەرێتیم کرد.

تا ساڵی٢٠٠٣، گوتیان دەبێ بگەڕێیەوە. کاک نێچیرڤان بارزانی، لەدوای ناردم و گەڕامەوە. ویستی وەزارەت وەرگرم، بەڵام وەرم نەگرت. گوتم بۆ هەر خزمەتێکی تر حازرم. ئەوەبوو کۆڕبەندی هزری ئیسلامیمان دانا، بە ئامانجی ئەوەی روو بە رووی فکری توندڕەوی ببینەوە.

دوای ماوەیەک گوتیان، دەبێ ببیە راگری کۆلێژی قانون، جارێکی تر کۆلێژی قانونم وەرگرتەوە. دوای ماوەیەک گوتیان، جەنابی سەرۆک دەڵێ، دەبێ بچیە بەغدا منیش گوتم، من نامەوێ بچمە بەغدا، لەوێ یەک خانوم هەبوو خانووەکەشم فرۆشت تا جارێکی تر نەگەڕێمەوە ، بەڵام گوتیان پێویستە. لەسەر داوای ئەوان چوومە بەغدا وچوار ساڵ مامەوە. ئێستاش خانەنشینم و کارم لەو کۆڕبەندەیە ئەوەی پێم بکرێ دەیکەم.

نوچەنێت: نوێکردنەوەی هەڵوێستی ئیسلام لە فیقەو فکروسیاسەت(تجدید فکر الاسلامی الفقە ولفکروالسیاسە) ناونیشانی کتێبێکی جەنابتە. باسی ئەوە دەکەی کە بەو ئامانجە نوسیوتە ببێتە مەنهەج لە کۆلێژی شەریعە، بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروستکرد، بۆچی ئاستەنگیان بۆ دروستکرد؟

د.محمەد: ئەو رۆحە نوێسازییەی کە هەیە، تا ئێستا زۆربەی مامۆستاکانی شەریعە پێیان قبوڵ نییە، چونکە ئەوان کتێبی فقهی قەدیم هی مەزهەبی شافعی بێ یان حەنەفی هەمووی بە پیرۆز دەزانن. پێیانوایە نابێ دەستی لێبدەی، بەڵام هەر کەسێک زانستی هەبێت، دەزانێ کە فقه پیرۆز نییە. هی زەمانە و زەمان دەگۆڕێت، چونکە ئیمامەکان خۆشیان دەگۆڕان.

 بۆ نموونە  ئیمامی عومەر، لە سەردەمی خەلافەتی خۆی، زۆر شتی زەمانی پێغەمبەری گۆڕی. لە زەمانی پێغەمبەر “سەلامی خوای لێبێ” شارێک کە فەتح بکرایە بە قانونی قەدیم دابەش دەکرا، بەڵام ئەو کە عیراقی گرت دابەشی نەکرد. سوپاکەی ناڕازی بوون و گوتیان دابەشکردنی مافی خۆمانە. ئیمامی عەلی لەوەڵامدا گوتی، من وا دەوڵەت دادەمەزرێنم ئەگەر هەموو سامانی عیراق دابەش بکەم. ئەی چی لە خەزێنەی دەوڵەت دەمێنێتەوە؟ داننان بەو گۆڕانکاریانە شتێکی تازەیە. نموونەیەکی تر ئەوەیە کە قورئان سەرەتا هەمووی پێکەوە نەبوو. نزیکەی دە ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر، ئیمامی عوسمان کۆیکردەوە و نوسرایەوە، بەڵام هەموو خەلیفە و سەحابەکان لەبەریان بوو. ئەوان دان بەم راستییانەدا نانێن، بۆیە هەڵکردن لەگەڵ ئەم عەقڵیەتە زەحمەتە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی کەم هەن کە نوێسازییەکان قبوڵ دەکەن.

وێڕای هەرشتێ کۆنەخوازەکان تۆمەتبارمان دەکەن و دەڵێن، ئیستا قورئانی پەیدابوون گوێ نادەنە سوننەت، ئێمە دەڵێین، سوننەت دوای دووسەدساڵ نوسراوەتەوە. کێ دەڵێ وایە؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین کە زۆربەی خەڵک بە سوننەت موسوڵمانە، بەڵام ئەو هەموو قسەی کە گوتراوە گومانی تێدانییە کە زۆربەی وانییە. بۆئەوەی لە راستەکان دڵنیا بین دوو پێوەری گرنگمان هەیە:

یەکیان قورئانە، قورئان دەڵێ(کرمنا بنی ادم)(خلقکم من نفسی واحدە)

( بعضکم من بعض)، بۆیە ئەگەر هاتوو لە فیقها باس لەوەبکەن کە هەندێک ببنە عەبد و جاریە ئەوا پێچەوانەی قورئانە. تێنەگەیشتن و جیاوازی نەکردنە لە نێوان ئەوانەی فعلەن حوکمی خوایە لەگەڵ ئەوانەی عادەتی خەڵک بووە.

بۆ نموونە، من پێموایە کەس ئەو کێشەیان چارەسەر نەکردووە کە پێی دەڵێن(ملکت ایمانکم) واتە جاریە، نیوەی کتێبی فیقهی ئیسلامی لەسەر جاریەو عەبدە، ئەوەی کە داعش کردی، لە فیقهی ئیسلامیدا هەیە، بەڵام لە قورئاندا ئیشارەتێک هەیە بەو ئامانجەی کە نەیهێڵێ، بۆیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سستمی جاریە سستمی دەولی بەر لە ئیسلام بووە. واتە نەریتی نەتەوەکانە نەک ئیسلام، بۆ نموونە پێشتر یۆنانی و مەغۆلەکانیش جاریەیان هەبووە. کە ئیسلام هاتە خوارێ هەرئەوەندەی پێکرا کە بڵێ، ئەوە شتێکی باش نییەو بیگۆڕن. بۆ نموونە گوترا، تۆ کە لەماڵەوە جاریەت هەیە، وەک کچی خۆت سەیری بکە. واتە ئەوکاتە هێزی گۆڕینی نەبوو چونکە نەریتێکی بەهێزی عەرەب بوو.

سووخواردن، کە کارێکی یەکجار پیسە، ئیسلام لە کۆتا ساڵەکانی ژیانی پێغەمبەر، توانی بیگۆڕێ. پێغەمبەر  لە ژیاندا بوو، هەمووکەس ریبای دەکرد، چونکە نەریتێکی بەهێزبوو. خەمر بەهەمان شێوە، چونکە پێغەمبەر نەیدەویست شتێ بکات، کە میللەتەکەی قبوڵی نەکات. دەیزانی هەندێ شت مومکین نییە تەحەمول بکرێ، بۆیە حوکمی بە نەریتی عەرەبی دەکرد و هەنگاو بە هەنگاو دەیویست ریفۆرم ئەنجام بدات.

واتە هەر میللەتێک حوکمیان بەپێی تێگەیشتنیان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوو، (القویە اکل ضعیف) هەبوو. تا رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەک هاتە ئاراوە.

نوچەنێت: بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، لەو سەردەمەدا قەبائیلی عەرەب زۆر دەڕندە بوون. عەلی وەردی دەڵێت، سوپای دەهەزار کەسییان پێکدەهێناو پەلاماری کاروان و خێڵی تریان دەدا، دواتر پەلاماری شارەکانیان دەداو تاڵانیان دەکرد.  کەواتە ئیسلام چۆن مامەڵەی لەگەڵ کردوون؟

د.محەمەد: ئیسلام سحر و موعجیزە نییە. ئیسلام پەروەردەیە. محمەد(د.خ) بە عەزەمەتی خۆی لە ماوەی ١٣ساڵدا لە مەککە، ژمارەیەکی زۆرکەم خەڵک باوەڕی پێهێنا. لەگەڵ ئەوەی هەر لەسەردەمی لاوێتییەوە بە کەسێکی راستگۆ و ئەمین بە ناوبانگ بوو. هەتا رۆژهەڵاتناسان هیچ تەعلیقیکیان لەسەر ژیانی پێغەمبەرو کەسایەتی ئەونییە. تا ئێستاش پێیان نەگوتووە، پیاوێکی خراپ بووە.

ئەو-ویستوویەتی ریفۆرم لە کۆمەڵگەدا ئەنجام بدات. گوتویەتی، مەعقول نییە مرۆڤ بەردێک دانێ و عیبادەتی بکات. ئەسڵی ئیسلام ویستوویەتی عەرەب واز لەو شیرک بێنێ. بەهۆی پتەوی نەریتە دزێوەکان بوو پێغەمبەر لە مەککە سەرنەکەوت. کەواتە ئیسلام هیدایەتە، رێگایەکە رەنگە کە پێی مورتاح نەبی پێیدا نەچی، پێغەمبەر زۆر هەوڵی دا مامی موسوڵمان بێ، بەڵام نەیتوانی چونکە لە ئیسلامدا هیدایەت شتێکی ئیلاهییە و کەسەکە دڵی بۆی دەبێتەوە.هەموو بیرو باوەڕێک وایە. هەبوو لە ناکاو کەسێک دەبووە شیوعی، هەیە بەرگری لە میللەتی خۆی بە شتێکی گرنگ دانانێ، بەڵام لە ناکاو دەگۆڕێ.

نوچەنێت: کورد، لەهەر نەتەوەیەک زیاتر زیانی لە خوێندنەوەی هەڵە بۆ ئیسلام کردووە. بۆچی هەوڵت نەدا بەرێگایەکی تر کتێبەکانت بکەیتە مەنهەج لە کۆلێژی شەریعە، بۆنموونە لە ئاستی باڵا کەس نەبوو، لە گرنگی کارەکەت تێبگات؟

د.محەمەد: بەڵێ دەیانتوانی، من پێم گوتون بەڵام نەم ویستووە زۆر ئیحراجی قیادەی سیاسی بکەم، چونکە ئەوان موازەناتی سیاسیان هەیە، لە جێگایەکن هەندێ شت دەبینن من نایبینم. زۆر شتیش هەیە من دەیبینم ئەوان نایبینن، جەنابی کاک نێچیرڤان ئاگای لە فکرەکە هەیەو زۆر موعجیب بووەپێی، دەشزانێ من سکاڵام هەیە، بەڵام تا ئیستا ئەو گوێیەی نەداوەتێ کە من دەمەوێ، رەنگە لەبەر ئەو هۆکارانەبێ کە باسم کردن.

قوتابی خۆم دەبێتە مامۆستا و راگری کۆلێژ، ئەو گۆڕانکارییەی پێناکرێ. دەڵێ، ئەگەر وابکەم لە کۆلێژ کێشەم بۆ دروست دەبێ هەرچەندە ئێستا لەگەڵ پێنج شەش ساڵ پێشتر زۆر جیاوازی هەیە، پێشتر هەموویان سەلەفی بوون.

نوچەنێت: کەواتە دەتەوێ بڵێی ئەو بەرەیەی کە نوێخوازی قبوڵ ناکەن، بەهێزترن؟

د.محەمەد: بەڵی بەهێزترن. تا ئێستا یەک قوتابییەکی ماستەر و دکتۆرا پیی نەکراوە بابەتێک لەو بابەتانەی من ئیسارەم کردووە، بکاتە ناونیشانی بابەتەکەی.

نوچەنێت: کەواتە چارەچییە؟ تا ئێمە بتوانین کاریگەریمان لەسەر ئەم رەوتە هەبێ و خوێندنەوەی جیاواز قبوڵ بکەن؟

د.محەمەد: من جاران بەم جۆرە قسەم نەدەکرد، بەڵام لەوکاتەوە ئەو دووسێ منداڵەم بینی چوونە ناو پارێزگا و دەشیانزانی دەکوژرێن!!! بڕیارم داوە قسە بکەم، زۆر بەزەییم پێدا هاتنەوە. گوتم ئیتر بەسە. تەمەنیان نۆزدە ساڵبوو. چۆن وا قوڕمیش کراون؟!! ئاخر ئەوە بە محەمەد نەکراوە، ئەوە چییە ئەو غەدرە لەو خەڵکە!! ئەو غسل دەماغە؟!! چۆن وا پڕکراون.؟!! ئەوە پێویستی بەکارکردنە.دەشیانزانی دەکوژرێن، بەڵام لەوانەشە پێیان گوترابێ لەوکاتەدا مەلەئیکە دێ دەتانبا، یان فڕۆکەی ئێمە دێ. من ئێستا حەریسترم لەوەی ئەو ئەفکارانەی کاری لەسەردەکەین زیاتر بچێتە پێش. پێویستە خەڵک فکرە نوێکان بخوێنێتەوە تا تێبگات.

ئێستا  کاک نێچیرڤان هەست دەکات من کێشەیەکم هەیە، بەڵام هێشتا هیچ ناڵێ. بۆیە بەنیازم بۆ ئەم بابەتە بڕۆمە لای وەزیری ئەوقاف. هەرچەندە من هەندێ قوتابیم پێ گەیاندووە، کە ئێستا کەسی دیار و بەرێزن. باش لە بابەتەکان تێگەیشتوون، بەڵام کێشەیەکیش هەیە، هەیە کە قسەی لەگەڵ دەکەی باشەم بەڵام  کە دەچێتە سەر مینبەر خۆی لێدەبێتە سوڵتان عەبدولحەمید، خۆی لێدەبێ بە خەلیفە، بیری دەچێتەوە کە ئەو کارمەندی وەزارەت یان بەڕیوەبەرایەتییەکە، دەبێ ئیلتیزام بکات بەو رێنماییەی کە هەیە.

نوچەنێت: دەکرێ چەند نموونەیەکمان بدەیەی لەوەی. کە خوێندنەوەیەک لات کۆن بووەو ئێستا نوێت کردۆتەوە، یان لە بڕیاردان لە رووی دینەوە؟

د.محەمەد: من زیاتر تەرکیزم لەسەر بنەماکان کردووە. بۆ نموونە فەرمودەی پێغەمبەر، کە گوترا فەرمودە. مەلا یەکسەر دەیکاتە واجب. نەخیر ئەوە ئیرشادە، موهیممەی پێغەمبەر زیاتر تەوجیه بووە. دەتوانی نەیکەی. من گوتوومە، زۆربەی وەزیفەی سوننە ئیرشادە ئیللا ئەگەر ئەمرێک بکا کە واجب بێ، بۆ نموونە کە باسی نوێژ دەکات.

 دەلیلم ئەوەیە، کە دەڵێن پێغەمبەر پێی خۆش نەبوو خەڵک پرسیاری لێبکات، نەکو وەڵام بداتەوە خەڵک وا تێبگات دینە. نەیدەویست باری خەڵکەکە گران بکات لە قورئاندا دەڵێت( جائکم رسول من انفسکم عزیز علیکم) قورئان بەمجۆرە باسی محەمەد(د.خ) دەکات.

پێغەمبەر گوتوویەتی، ئوممەتەکانی پێشتر هێندە پرسیاریان لە پێغەمبەرەکانی خۆیان کرد تا دینەکەیان شێواند، ئەسڵیان بزر کردووە. کەواتە پێویستە خەڵک تێبگات، هەرچی قورئان نەیگوتووە حەرامە ئەوا موباحە، دەتوانی نەیکەی.

بۆ نموونە کە چوومە ئەوروپا توشی سەرسوڕمان بووم، کاتێک بینیم دوکاندارە موسوڵمانەکان، لەسەر خواردن و خواردنەوە نوسیویانە حەرام و حەلاڵ، بۆ نموونە لەسەر قاوە نوسراوە حەڵاڵە، نەخێر  هەمووشتێ حەڵاڵە، من لەو بازاڕە بینیم بە غەیری خنزیر لە خواردن و خومر لە خواردنەوە، هەمووی حەڵاڵ بوو. کەواتە هەمووی دەمێنێتەوە سەرزەوقی خۆت.  بۆ نموونە فلیپینییەکان هەندێ شت دەخۆن ئێمە نایخۆین حەلاڵە، دەگوترێ، کەسێک دەعوەتی پێغەمبەری کردووە، بزن مشکی بۆ سورکردبۆوە، کەسەکە بدوی بووە. ئەوا خواردنە باشترین خواردنە ئەو نەیخواردووە. لێی پرسیوە بۆ ناخۆی ئایاحەرامە، گوتویەتی، نا، بەڵام قەومەکەی من بێزی لیدەبێتەوە. منیش بێزم لیدەبێتەوە. کەواتە ئەگەر زەوقت هەیە بڕۆ مار بخۆ یان گۆشتی سەگ بخۆ. ئەوەی دەگوترێ هەمووی قسەی خۆیانە. هەندێجار خۆیان حەدیسێک دروست دەکەن، دەڵێن، ئەوە حەرام یان حەڵاڵە، بەڵام شتێ حەرامە کە دەلیلی قاتعی هەبێت واتە گومانی تێدا نەبێ. بۆیە گێڕانەوەکان هەمووی گومانی تێدایە.

نوچەنێت: لە گفتوگۆیەکدا دەڵێی لە کتێبەکەمدا لەسەر(ماملکت ایمانکم)  وەستاوم، بەڵام بە تەواوی لێکدانەوەم بۆ نەکردووە لە ترسی ئەوەیە نەک تاوانباربکرێم. دەترسێی لە چی تاوانبار بکرێی؟ لە کاتێکدا ئەم بابەتە زۆرترین رەخنەی لەسەر دین دروست کردووە؟

د.: من دەڵێـم، ئەحکامەمکانی کە لە قورئاندان خوا دەڵێ( یهدیکم سنن اللزین ان قبلکم) کەواتە دەڵێ، ئەو ئەحکامانە هی سوننەن یانی یاسای ئەو میللەتانەی پێش ئێوەن. کۆنەخوازەکان ئەوە یان پێ قبوڵ ناکریت بۆیان زەحمەتە  پێیان بڵێی، ئەوەی لە قورئاندا هەیە هەمووی عادەتی عەرەبە، بۆ نموونە سزای جەڵد لێدان نەریتی عەرەبە، رەنگدانەوەی نەریتی میللەتانە. قورئانیش بۆ مرۆڤ هاتووە، یان ئەوە شتێکی غەریب نییە. پێیان دەڵێ ئەوە بۆ ئێستا باشە. خوا دەڵێ( ولن تجد لسنتەت للە تبدیلە) واتە تەنیا قانونی خوا ناگۆڕێت. ئەوە قانونی خوانییە هی بەشەرە، کەواتە کەوتۆتە سەر ئەوەی کە تۆ چۆن جیاوازی لە نێوان قانونی خواو بەشەر دەکەی.

نوچەنێت: کەواتە دەکرێ بڵێین، بەشێک لە قورئان قانونی خوانییە لە نەریتی مرۆڤەوە هاتووە؟

د.محەمەد: ئەو قانونی خوایە بەشێکی لە نەریتی مرۆڤەوە هاتووە، قابیلی گۆڕانکارییە تەنیا قانونی خوا ئەبەدیە.

نوچەنێت: کەواتە ئێمە چۆن بتوانین جیای بکەینەوە؟

د.محەمەد: هەرچی لەگەڵ ویژدان و تەبیعەت رێکدەکەوێ قانونی خوایە، کە پێی دەڵێین قانونی تەبیعەت، شتێکی تری زۆر گرنگ تا روون بێتەوە شتی تازەیە کە ئێمە باسی دەکەین، ئەوەیە کە توسیع ببێ، گەڕابۆوە سەر فیقهی قدیم، فیقهی تازەی بۆ دادەنرێ ( ویعلمکم کتابە ولحکمە) ئەو دووشتە لە قورئان هەیە کە کتاب و حکمەیە، ئێمە لە ئوسوڵی فیقه کە پێوەرەکان دادەنێین کە فیقه لە چی وەردەگیرێ، دەڵێ، لە کتاب یان حەدیس یان قیاس یان مساڵح مرسلە، عورف …، تا حەوت هەشت سەرچاوە. من دەڵێم ئەوانە مەعقولە بەڵام پێمان دەکرێ ئەوانە هەموو لێرە دانێین، کەلکیمەیەک کە لەهەموو زەمانێک نوێ دەبێتەوە پێی دەڵێین، حکمە یانی عەقڵ، لە قانوندا پیی دەڵێین قانونی تەبیعی. ریسالەی ماستەری من لەسەر قانونی تەبیعی بوو. ئێستا گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە حیکمە واتە قانونی تەبیعی، قانونی تەبیعی ئەوەیە کە هەموو میللەتان، ملکەچن بۆی جیاوازی نییە، هەم لەو قەومانەیە کە ئاگایان لە هیچ سەقافەتێک نییە هەم لەو قەومانەی کە شارستانین.  

بۆ نموونە، تۆ ئەمانەتێکت وەرگرتووە ئەو ئەمانەتە دەبێ بدەیەوە ئەوە قانونی تەبیعییە. لە هەمووشوێنێک پێیان عەیبە کە شتێکت وەرگرت  نەیدەیەوە. حەق و عەدالەت قانونی تەبیعین، یۆنانییەکان پێیان دەگوت، قانونێکی ئیلاهییە، نەنوسراوەتەوە، بەڵام لە ویژدانی هەموو مرۆڤێکدا هەیە. لە زەمیرو ویژدانی هەموو میللەتێکدا هەیە، کە کورد حەقی هەیە دەوڵەتی هەبێ ئەوە قانونی تەبیعییە، بەڵام ئەوەی کە ئینکاری دەکا دوژمنە، ئینکاری حەقیقەت دەکات ئەویش لە دڵیدا دەزانێ راستی خۆشیان دەڵێن، بەرژەوەندی ئێمە تێکدەچێ. ناڵێن مافتان نییە.

نوچەنێت: کاتێک قورئان نوسراوەتەوە، نەریتی تێكەڵ کراوە، لەگەڵ ئەوەی کە زانراوە، بەپێی قۆناغەکان عەقڵیەتی بەشەر گۆڕانکاری بەسەردادێ، حەتمەن ئەو سەردەمە درک بەوەکراوە، کەواتە بۆچی وا نوسراوەتەوە؟

د.محەمەد: بۆ نموونە، ئەو کات (ملکت ایمانکم) قەتعی بووە. ئەوەی قەتعی بێ و بتەوێ لەسەر بەرنامەی ئیسلام بڕۆی ئەوەیە ( ان اللە یامرو بلعدل) ئەوەی تر کە گوتراوە رێگایەکەو ئینکاری لێناکەین، بەڵام لە بارودۆخی ئەمڕۆدا جێبەجێکردنەکەی بە عەدالەت نییە. بۆیە لە رێگایەکی تر دەگەڕێین کە جێبەجێکردنەکەی عادل بێ.

نوچەنێت: کەواتە ئێمە دەتوانین بەپێی قۆناغەکان، تەفسیری جیاوازی بۆبکەین؟

                                  د.محەمەد: بەڵی، فوقەها زیرەکەکان پێش زیاتر لە هەزار ساڵ، جۆرێک تەفسیریان کردووە کە سزای دەست بڕین هەرنەبێ چ لە قورئانیش نییە کە بڵێ وابکەن، بەڵام قورئان مەرجێکی بۆ دادەنێ کە دەلیلەکە قەتعی بێ و هیچ گومانی تێدا نەبێ، واتە کەسەکە ئیللا کە خۆی بیەوێ دەستی ببڕن ئەگەرنا گومان دروست دەبێ، بۆ نممونە کەس هەیە لە برسا دزی کردووە، هەیە دەڵێت ماڵی خۆم بووە، پێغەمبەر دەڵێ گومان لەهەرشتێ هەبوو مەیکەن، واتە ماجالی بۆ تەفسیری جیاواز هێشتۆتەوە. ئەگەر کەسێک ئەو سزایەی هەبوو پارێزەرەکەی دەتوانێ بەهەر قسەیەک رزگاری بکات.

نوچە نێت: ئێوە لە رابردوودا زۆر بە یاسای باری کەسییەوە ماندووبوون. لە ساڵی ٢٠٠٨، بە بڕیار و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لیژنەیەک بۆ هەمواری یاسای باری کەسی پێکهات، بەرێزتان ئەندامی ئەو لیژنەیە بوون. بۆچی زۆربەی یاساکان لە پەرلەمن هەموار دەکرێنەوە، بەڵام ئەم یاسایە پێویستی بەزاناو کەسانی شارەزای وەکو جەنابتان هەبوو؟

د.محەمەد: لەگەڵ دکتۆر مستتەفا زەڵمی رەحمەتی زۆر پێوەی ماندوو بووین. لە پەرلەمان جورئەتی ئەوەیان نەبوو دەست بۆ هەموو شتێ بەرن، بەتایبەت یاسایەکی لەم جۆرە. ئەوان دەرەقەتی کاری لەمجۆرە نەدەهاتن.

لایەنێکی تری گرنگ ئەوەبوو، کە نێچیرڤان بارزانی زۆر موهتەم بوو بە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، ئەو زۆر گرنگی دەدات بەوەی کە ئافرەت لە کوردستاندا هەست بە ئازادی بکات و زوڵمی لێنەکرێ.

ئەو وەکو سەرۆکوەزیران، هەست بەوەدەکات کە بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی دادپەرەوەری، دەیەوێت کار بە ئاراستەی باشبوونی دۆخی ژن بکات. داب و نەریتی کوردی بەرامبەر بە قەزیەی ژن زۆربەی لە فیقه هاتووە. مەلاکان لە فیقه وەریان گرتووە نەک لە قورئان، قورئان دەڵێ “ولهن مسل علیهن، بالمعروف”. واتە ئەوان ماف و واجباتیان وەکو یەکە شتێک نییە کە بتوانی زوڵم و غەدر بکەی. هەر شەراکەتێک لە ئیسلامدا بەرپرسیارێتییەکی هەیە. بۆیە لە شەراکەتی ژن وپیاودا پیاوی کردووە بە بەرپرسیار و ئەو دەرەجە دەرەجەی داوەتە پیاو،  هەر کەسێک لە ئیسلام تێبگات دەزانێ ئەفزەلیەت نییە بەڵکو مەسئولیەتە.

نوچەنێت: جەنابت دەڵێی کە سەرۆکی حکومەت، زۆر گرنگی داوە بە هەموارکردنەوەی یاساکە، پێتوایە لەبەرئەوە داوای لە جەنابت و دکتۆر مستەفا زەڵمی کرد، کە بێنە ناولیژنەکە؟

د.محەمەد: نێچیرڤان بارزانی، زۆرگرنگی بە هەموارکردنەوەکە دەدا وموتابەعەی بەرەوپێشچوونەکانی دەکرد. دەیزانی ئەگەر زانایان نەبوونایە دەستبردن بۆ ئەوکارە زەحمەت بوو. هەر لەسۆنگەی گرنگی پێدانییەوە ئێمەی تەکلیف کردبوو بۆ کارەکە.

پێویستە ئەوە روون بێت، ئەو بابەتە کە بە دینی دانرواوە دینی نییە. بەڵکو فیقهە، ئەوە شارەزاییەکی تەواوی بۆ گۆڕانکاری و موناقەشە پێویستە. بۆیە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو هاتووین. ئەوکاتە بەشێک لە مەلاکان زۆر دژ بوون بەڵام بۆ نموونە،  بۆیان ناخۆش بوو کە وەک کوڕە مەلایەک نەک دکتۆرا، کە بابم مەلا بووە خزمەتی مەلام زۆرکردووە باسی من بکەن. دەشزانن کە من لە هەموویان مەلاترم. بۆیە مەلا کۆنەکان کە من دەناسن هێرشیان نەدەکرد تەنیا مەلا تازە سیاسییەکان بەرژەوەندییان وابوو، هەوڵیان دەدا بڵێن مەڕۆنە کۆڕبەند.

نوچەنێت: دەگوترێ ئەو کاتە سەرۆکی یەکێتی زانایانی هەولێر و سلێمانی، کێشەیان دروست دەکرد و دژی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە بوون. بۆیە ناچاربووین لە پەرلەمان لەگەڵیان دابنیشین وبۆیان روون بکەینەوە؟ ئەوە چۆن بوو؟ بۆچی کێشەیان دروست دەکرد؟

د.محەمەد: مەلاکان ناڕازی بوون لەو مەرج و پێشکەوتنانەی کە لەیاساکەدا کران. لە کاتێکدا هەمووی شەرعیە، راستە لە پەرلەمان لەگەڵیان دانیشتن، لە مناقەشەدا نەیانتوانی بڵێن ناشەرعییە.

نوچەنێت: جگە لە عەقڵی کراوەی ئێوە، پێتوابوو سەرۆکی حکومەت بۆچی ئەوەندە گرنگی بە هەموار کردنەوەی ئەم یاسایەدەدا، ئایا بە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەزانی؟ یان هۆکاری تر هەبوون؟

د.محمەد: نێچیرڤان بارزانی، فعلەن ئینسانێکی سیاسی و قائیدە، قائیدی سیاسی دەبێ زۆر لێهاتوو وشارەزا”محنک” بێ، فعلەن مەرجی ئەساسی محنک ئەوە ئیستیفازی نەبێ و، میللەتی خۆی ئیستیفزاز نەکات و بەشیوازی عیلمی گۆڕانکاری بکات.

نێچیرڤان بارزانی، قائیدێکی سیاسی تەوا محنەکە، بۆیە نەیدەویست بە ئیستیفزازەوە بێت و ئەو بابەتە فەرز بکات. ویستی لە رێگای شارەزایانەوە بە دەلیلەوەو پێیان بکرێت و بەرگری بکەن، لەوکاتەدا حکومەت مەسئولیەتی نایەتە سەر و فکرەکەش هەنگاو بە هەنگا دەچێتە پێش. کاریگەری باشیشی بۆ کۆمەڵگە هەبوو. ئێستا رەنگە بیر لە هەموارکردنەوەو گۆڕانکاری نوێتر بکرێت.

نوچە: لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی، تەنیا سیاسی بوو کە دژی ناوزڕاندنی کاندیداکانی ژن، لە هەموو لیستەکان وەستایەوە. پێتوایە دەیەوێت وەکو کەسێکی مۆدێرن خۆی پیشان بدات؟ یان بەراستی باوەڕی بە دادپەروەری نێوان ژن و پیاو هەیە؟

د.محەمەد: ئەو خۆی پیاوێکی مۆدێرنە. زیاتر لەوەی کە واقیعەکە هەیە. ئەوەندە موحنەکە کە دەزانی پێی ناکرێ مستوای میللەتەکەی بەرزبکاتەوە بۆ ئاستی نوخبە، بۆیە جارجار خۆی دێتە مەیدان و قسەدەکات، زەخمێکی تایبەت دەداتە ئەوانەی کە لەو بوارەدا کاردەکەن. تا ئەو فەجوەیە نەهێڵێت کە هەیە.

نوچەنێت: کەواتە دەتەوێ بڵێی سەرۆکی حکومەت، هەست بە بەرپرسیارێتی خۆی دەکات، هەم لە رووی شەرعەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات؟

د.محەمەد: لە رووی شەرعەوە واجبیەتی و بەرپرسیارە لە هوشیارکردنەوەو رێکخستنی کۆمەڵگە، دەبێ بزانین هەر کوشتنێکی ژنان خەلەلێکە، ئیتر ئەو خەلەلە لە هەر کوێیەکە، بۆیە دەبێ بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و هەرچۆنێک بێ لێکۆڵینەوە دژ وەستانەوەی کاری ئەوە.  

نوچەنێت: بۆچی بەرپرسانی تر لە پلە جیاوازەکان هەست بەو بەرپرسیارێتییە ناکەن؟ خۆیان لە کوشتنی ژنان ناکانە خاوەن تەرەف؟

د.محەمەد: هەمیشە ئێمە دەڵێێن هیچ مرۆڤێک وەکو ئەویتر نییە. خەڵک فێربووە غەیری نەقد هیچ نازانێ. من دەمێکە گەیشتوومە ئەو راستییەی کە ئەوەی روودەدات هەمووی هەڵەی مرۆڤەکان خۆیانە، هەڵەی مرۆڤەکان دەکەینە هی دوڵەت و فڵان دەزگا و دامەزراوە.

هوشیارکردنەوە کارێکی پیویستە، بەڵام  بتەوێ هەموو مرۆڤەکان چاک بکەی، بەشێکی هوشیاربوونەوە، بەشێکی هێزی یاسا و دابو نەریت کاری لەسەر بکرێ، بەشێکی دین رێکی دەخات.  ترس و تۆڵە بەشێکی تر رێک دەخات.

نوچەنێت: هەندی لە چالاکوانی ژن، بەم هەموارکردنەوەیە رازی نین، بەرپرسانی حکومی دەڵێن، ئەوان واقعی نین ئەگەرنا کارێکی گەورە کراوە. جەنابیت دەڵیی چی؟

د.محەمەد: هەبوو دەیگوت با کولیەن فرەژنی نەمێنێ من نەمهێشت، چونکە گوتم دەبێ رەچاوی واقعی کۆمەڵگە بکەین. جگە لەوەی وابکەین مەلاکان مزگەوت دەکەنە ئاگر. هەروەها دەبێ بزانین لە هەمووشتیدا ریژەییەکە باشترە لە رەها بوون.

ئەگەر سەیربکەین، ئایا مافی مرۆڤ چۆن راگەێندراو گەیشتە ئەم ئاستە؟ چۆن ئەو هەموو ئایدۆلۆژیاو ناوچە جیاوازە رێککەوتنیان لەسەرکرد؟  کە دەرچوو هەندێ ناویاننا موعجیزە، چونکە ستالین کە دژی سەرمایەدارییە لایەنێک بوو کە ئیمزای کرد، ئەمریکا و صین واتە ماوتستۆنگ، ئەوروپا، هەروەها موسوڵمانیش لایەنێک بوون کە ئیمزایان کرد. نوێنەری موسوڵمانان ئەوکات وەزیری دەرەوەی لوبنان (شارل مالیک)بوو. کە بیربکەیتەوە ئایا ئەوانە چۆن گەیشتنە  سیغەیەک؟ بەڵام ئەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا وابەستەیە بە ویژدانی مرۆڤەکان، ویژدانی مرۆڤیش وەک یەکە، شیوعی یان سەرمایە دار یان موسوڵمان بێ.

نوچەنێت: ئایا ئەم یاسایە جیاوازی لەگەڵ هی وڵاتانی دەوروبەر هەیە لە رووی پێشکەوتنەوە؟

د.محەمەد: بەڵێ جیاوازی زۆری لەگەڵ هی وڵاتان هەیەو پێشکەوتووترە.خۆیان وادەڵێن.

لە بابەتی کرانەوی کۆمەڵگەو خزمەتی ژنان، زۆر پێشکەوتووە، لە بابەتی بەخێوکردنی منداڵ. هەروەها لەبابەتی تەڵاق و فرەژنی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com