پەخشان زەنگەنە: نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی بەردەوامی کارکردن بۆ مافی ئافرەتان بووە

0

نوچەنێت

پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری ئەنجوومەنی خانمان لە هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، باس لە بەرەپێشچوونەکانی رەوشی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەکات. رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک پشتیوانێکی هەمیشەیی ئەم پرسە بەرز دەنرخێنێت. پێیوایە باوەڕبوونی ئەو بە مافی ئافرەت، دۆخەکەی بردۆتە پێشەوە.

نوچەنێت: تا چەند لەو رێژەیە رازین، کە لە پەرلەمان بە ژندراوە؟

پەخشان زەنگەنە: کاتی خۆی لە ٢٠٠٣ کە مجلسی حوکم هەبوو. جەماوەری ژنان جۆرەها چالاکییان کرد، بۆ ئەوەی ژن بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداری بکات و سستمی کۆتا بچەسپێنێ. ئەوەبوو لە عیراق رێژەی ٪٢٥ جێگیرکرا، ئێمە لەپەرلەمانی کوردستان کارمان بۆ ئەوەکرد کە ئەورێژەیە  زیاتربێت و رێژەی ٪٣٠مان جێگیر کرد.

ئەگەر لەمن دەپرسی، تەمەننا دەکەم کۆتا نەبێ، بەڵام تێگەیشتن و نەریتی گشتی کۆمەڵگە ئەوەیە، کە ژن دەبێ بە کۆتا بڕواتە پەرلەمان، بەداخەوە ئەگەر سەیرێکی لیستی بەربژێری حزبەکان بکەی. بەربژێری ژنیان لە ٪٣٠-٪٣٢، تێناپەڕێ. تەنیا بۆئەوەیە ئەم رێژەیە پڕبکەنەوە. هەتا کۆمسیۆنی باڵاش ئەم جیاکارییە دەکات. دوای دەنگدان ژن هەیە خۆی دەردەچێت وەکو پیاوەکان، بەڵام ئەو ژنەی کە خۆشی دەنگ دێنێ هەر دەیخەنە سەر رێژەی سەدا سییەکە.

وێڕای هەرشتێ، ئێمە دەمانەوەێ کۆمەڵگە قەناعەت بکات کە ژن وەکو پیاو دەتوانێ، بەراستی ئەوە لە تەلەفزیۆن و نوسین و کۆڕوکۆبوونەوەکان. بەربژێرە ژن و پیاوەکانیش دەبینین، کە پیاوەکان لە ژنەکان لێهاتووترنین، ئیتر بۆچی تەنیا پیاوەکان لە پێگەو پۆستی باڵادابن. هەتا ژن هەیە لە پیاوەکان بە تواناترە. وێڕای هەرشتێ ئێمە هێشتا ٪٥ رێژەی بەشداری ژنانمان لە هی بەغدا باشترە.

خاڵێكی تری جێی رەخنە ئەوەیە، کە لەناو حزبەکان بەداخەوە هەندێ ژن دەخەنە پۆستی بەرپرسیارێتی یان بەربژێریان دەکەن، کە لەو ئاستەدا نین، یان لە ژیانیدا سیاسەتی نەکردوەو گرنگیدانی بە سیاسەت نەبووە، پەرلەمانیش دامەزراوەیەکی سیاسییە، راستە چاودێری و یاسادانانە، بەڵام یاسادانانەکە ئاراستەی سیاسی وڵاتەکەت بۆ دیاری دەکات بۆ چەندین ساڵی داهاتوو، لەبەر ئەوە دەبێ کەسی بەربژێر زەمینەی سیاسی بەهێزی هەبێ. بەلای کەم لێهاتووییان لە بوارێکدا هەبێ، شارەزایی لەو کاردانەوانەدا هەبێ کە لەناو کۆمەڵگە هەن. بۆئەوەی ئەو بابەتی بۆ کارکردن پێشنیاری دەکات، قبوڵکراوو واقعی بێت لە چوارچێوەی ئەوسیاسەتە گشتییەی کە هەمانە بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە. هەر کۆمەڵگەیەک جۆرێ ئاراستەی هەیە، ئەمە لە پەرلەمان لە رێگەی یاساکانەوە دیاری دەکرێت. بێ گومان ئەم بۆچوونە بۆ پیاوانیش راستە بەڵام ئێمە تەرکیزمان لەسەر ژنە.

خاڵێکی تر، بەردەوام باس لەوەدەکرێت کە ژن دەنگ بە ژن نادات. دەبێ ئەوەبزانین کە ئێمە هەریەکەمان سەربە بیروبۆچوونێکی سیاسییە. هەر کەس دەنگ دەدا بەلیستی حزبەکەی خۆی. بۆنموونە لە لیستی پەسەندی خۆت سەیر دەکەی، ئەگەر ژن و پیاوەکە لە هەمان ئاستی لێهاتووییدابن و پیاوەکە کەمێک بەتواناتریش بێت، دەنگ دەدەم بەژنەکە، رەنگە لە لیستێکی تر ژنێکی زۆر بە توانا هەبێت بەڵام من دەنگ نادەم بەو، چونکە هەریەکمان دەنگ دەدەینە لیستەکەی خۆمان. ئەوە لای ئێمە بۆتە ئیلتیزامێکی ئەخلاقی. لە حاڵەتێکدا لەو لیستە ژنێکم نەدۆزییەوە کە بە توانابێت دەنگ دەدەم بەلیستەکە هەرچەندە ئەوە باش نییە. بۆیە ناکرێ ئیجباری ژن بکەین بۆئەم مەبەستە. تەمەننا دەکەم ژنی لێهاتوو بڕۆنە پەرلەمان، لەوێ بواری کارهەیە بە جیاوازی لیستەکانەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیدا کۆک بن لەسەر مەسەلەکانی ژنان، بەچاوی ژن سەیری یاساکان بکەن، هیچ بابەتێک نییە ژنی تێنەکەوێ، بیریان بێت کە هەبوونی ئەو لەوێ کاریگەری یاساکانەو ئەو سستمی کۆتایەبە خەبات و شەونخونی ژنان بووە، لەسەر جادە شەونخونیمان کردووە تا ئەم یاسایە جێگیربووە.

نوچە: پێتوایە کۆمەڵگەی کوردی گەیشتبێتە ئاستێک لە دەنگدان، جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو نەکەن. یان ئێستاش هەمان جیاکاری هەیە رەگەزی لە دەنگدانیشدا جێبەجێدەکرێت؟

پەخشان زەنگەنە: ئەوە ئاسان نییە. لە میسر کە خاوەنی شارستانیەتن لە زەمانی موبارەک سستمی کۆتا بۆ ژن دانرا، ژن هەبوو خۆی دەنگی لە پیاوەکان زیاتر دەهێنا، رێژەیەکی باش ژن دەچوونە پەرلەمان، بەڵام کاتێک سستمەکەیان هەڵگرت، دووتا سێ ژن زیاتر دەنگیان نەهێنا.

پێموایە، کاتێک دەتوانین کە بڵێین پێویستمان بە سستمی کۆتا نەماوە، کە حزبەکان لەکاتی بەربژێرکردنی ژنەکاندا، ژنی لێهاتوو  بۆئەم پێگەیە دەستنیشان بکەن. ئەوکاتە ژن ئەرکی لە پیاوەکە زیاتر دەکەوێتە سەر، ژنێک کە بیەوێ لەم کۆمەڵگەیە خۆی بسەلمێنێ، دەبێ زۆر  لە پیاو بەتواناتربێ تا کۆمەڵگە ئیعترافی پێبکات. ژنمان هەیە زۆر جددی و زیرەکترە بەڵام دەبێ زۆر ماندووبێت و موتابەعە بکات لە پیاوەکە زیاتر بزانێ وبەتوانانتر بێ.

نوچە: وەکو ئەنجوومەنی خانمان هەوڵتان نەداوە، کە لە هەیکەلی حکومەت و حزبەکانیشدا سستمی کۆتا بۆ ژن رەچاو بکرێ؟

پەخشان زەنگەنە: بەداخەوەم کە ناچارین وەها پرسیار و بابەتێک بوروژێنین. دەنگدەری پەرلەمان لە هەموو چین و توێژەکانن. بۆیە رەنگە ئاساییتربێ کە جیاکاری دەکەن، بەڵام سەرکردایەتی و ئاستی باڵای دامودەزگاکانی حکومەت و حزب، بە حساب دەبێ خەڵکی نوخبە بن، بەڵام دیارە هەمان تێگەیشتنەو لە حکومەتیشدا ژن پێویستی بە کۆتایە.

نوچە: پێتوایە پیاوانی خاوەن دەسەڵات لە حکومەت و حزبەکان، وەها یاسایەک قبوڵ بکەن؟

پەخشان زەنگەنە: هەتا ئێستا ئەوەی من دەبینیم قەناعەت بۆ ئەوە نییە. پێویستە کەسانی باڵای ناو حزب هوشیار بن. تێگەیشتنی ئەوانیش بەمجۆرە بۆ ژن زۆر بە ئازارە، کەواتە ئاستی تێگەیشتنی پیاوانی حزبیش هەمان ئاستی گشتییە.

نوچەنێت: مستەفا زەڵمی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، لە کاتی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتیدا، شەخسی سەرۆکی حکومەت زۆر موهتەم بوو. ئەویش پیاوە یان پێتوایە تێگەیشتنی ئەو بۆ ژن جیاوازە؟

پەخشان زەنگەنە: دووتا سێ رۆژ لەمەوبەر کاک نێچیرڤان میوانی بیانی هەبوو، کە هی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون. گوتیان، ئەو دۆخ و پێشکەوتنەی سەبارەت بە رەوشی ژن لە کوردستان هەیە،  لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە باشترە. بەڵام ئێمە خۆمان درکی پێناکەین.

دەبێ بزانین کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر هێواش دەردەکەن. ئەو کرانەوەی هەیە لە ئاستی تموحی ئێمە نییە بەڵام باشە. بۆ نموونە ژنێکی لادێ لە تەلەفزیۆنەکان دەبینی، مایک بەدەستەوە دەگرێ زۆر ئازایانە گلەیی و قسەی خۆی دەکات. بێ سڵەمینەوە لەهیچ نەریتێک. دەبێ بزانین لە سەردەمێکدا ژنی خوێندەواریش جورئەتی چوونە سەرشاشەی نەدەکرد. ئایا ئەمە گەشەسەندن نییە؟ بڕؤ سەرشەقامەکان نیوەی شوفیری ژنە. جۆرەها پێشکەوتنی تر، بەڵێ لەبەرامبەردا هێشتا توندوتیژی و ژن کوشتن هەیە. ئەمە ململانێی نێوان دوو ئاراستەیە کاتی دەوێ تا ئەمەش کەمتربێتەوە.

ئەمانە هەمووی ئەنجامی کارە، بەڵێ خودی سەرۆکی حکومەت زۆر مەهتەم بوو بە هەموارکردنەوەی یاساکە. نموونەیەکی تر بۆ گرنگیدانی بەکاری ژن ئەوەیە کە من لە ساڵی ١٩٩٥ بۆ کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتووەکان بانگهێشتکرابووم. کە تایبەت بوو بەژن، بەڵام من نەمدەتوانی بچم، کاک نێچیرڤان ئەوکات لە پۆستی سەرۆکی حکومەتیشدا نەبوو، بەڵام لە دەرهێنانی پاسپۆرت و ئاسانکاری رێگاو هەتا هوتێل گرتنیشم لەوێ یارمەتیدام.

هەروەها سەرۆکی حکومەت زۆر هاندەرمانە کە لەبواری پەروەردەدا کاربکەین. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ نۆ وەزارەت هەیەو یەکەی تایبەت بە کاری ئافرەتانی تێدا کراوەتەوە. خۆشبەختانە وەزیرەکانیش هاوکارن.

یەکێک لە ئەولیاتی کاری ئەنجوومەنی خانمان، بە درێژایی ئەم ماوەیە بەهێزکردن و بەتواناکردی ئافرەتە لە پێگەی بڕیاردا، ئەوەیە کە پێگەی ئافرەت لە ناوەندی بڕیاردا چۆن بەهێز بکرێت؟

ئەنجومەنی خانمان، ئەم سیاسەت و ستراتیژە بۆ ماوەی دەساڵ دادەرێژێت دێین لەگەڵ لایەن و وەزارەتەکان کە زیاتر پەیوەندیدارن پلانی دووساڵە دادەرێژین، ئەم ستراتیژە ئەرکی هەر وەزارەتێکی تێدایە بۆ بە تواناکردنی ژن، چونکە رێگری زۆر هەیە لەبەردەم بەتواناکردنی ژنان توندوتیژی یەک لەو رێگرانەیە. ئێمە کە پلانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی داڕشت، دەبێ سەرەتا کۆسپەکانی بەردەمی ژن لاببەی خۆ بەتوانانکردنی ژن هەر قسەکردن نییە.

بۆ نموونە دابین کردنی ژینگەیەکی لەبار لەرووی تەندروستی، مەنهەجی پەروەردە…ئێمە هەنگاو هەنگاو کاری لەسەردەکەین.

دەبێ بزانین ئەوەی ئێمە لێرە کردوومانە پێشکەوتنێکی زۆر گەورەیە. ئیشی ژن چۆتە ناو ئەرکی وەزارەتەکان، ئەم ئیشە تەنیا بە کۆمەڵگەی مەدەنی ناکرێ و پێویستە حکومەت بەرپرسیاربێ لە گەشەسەندن و بەتوانان کردن. وەکو گوتیشم ئێستا لە نۆ وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەی ئیداری تایبەت بە کاروباری ژنان هەیە.

هەروەها لەپارێزگاکان بەسەرۆکایەتی پارێزگا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان هەیە، بەداخەوە کارا نییە، چونکە ئەم دۆخە سیاسییە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. واتە لەسەر ژیانی گشتی کۆمەڵگە.

نوچەنێت: بەشێک لە ژنان تا ئێستاش پێیانوایە، کە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بە دڵی ئەوان نییە. تۆ چۆن دەیبینی؟ کە خۆت رۆڵت هەبوو تێیدا.

پەخشان زەنگەنە: کاتی هەموارکردنەوەی یاساکە من سەرۆکی لیژنەی ژنان بووم، لە پەرلەمانی کوردستان. پڕۆژەکەمان بەهاوکاری چەند ئەندام پەرلەمان و پسپۆڕێک ئامادەکرد. پڕۆژەکە زۆر دەوڵەمەند بوو. کاک نێچیرڤان مان بینی وخستمانە بەردەستی، کە بریتیبوون لە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی و  نەهێشتنی خەتەنە بوو. من دڵنیابووم کە خودی خۆی لەگەڵ هەموو ئەوخاڵانەدا بوو کە لە پڕؤژەکانداهەبوون، بەڵام چۆن هەموومان موراعاتی قبوڵکردنی کۆمەڵگە بۆ گۆڕانکارییەکان دەکەین. ئەویش بە هەمان شێوە بەتایبەت کە لە پێگەی بەرپرسیارێتی هەستیاردایە. ئەوەبوو جەوهەری پڕۆژەکانمان لەگەڵدا باسکرد.  گوتی، من لەگەڵم. لیژنەیەکی داناو هەر لە هۆڵێکی ئەنجومەنی وەیزران کۆنفرانسێک ئەنجامدرا، کە سەیرمان کرد دەستکاری پڕۆژەکە کراوە ئێمە رازی نەبووین، دوایی کاک نێچیرڤان دەستپێشخەری کرد. لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئیتیفاق کراو بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت لیژنەیەک دانرا.

لیژنەکە، پەرلەمان و حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی تێدابوو. کە هەمووی دەکەس بووین. زیاتر لە سەد کاتژمێر کۆبوونەوەمان کرد، ئەوەی کە لیژنەکەی ئەنجومەنی وەزیران کردبووی لەگەڵ پڕۆژەکەی ئێمە، گفتوگۆی زۆری لەسەرکرا لە بەیانی تا ئێوارە دەماینەوە. لەبەرئەوە هەندێکی لەو لیژنەیەشدا پەسەند نەکرا، کە شتێ لای نوخبە قبوڵ نەبێ تۆش لە هەندێ شت پاشگەز دەبیتەوە.

نوچەنێت: دەگوترێ هێنانی شەرعزان و یاساناسانیش، هەر لەسەر داوای سەرۆکی حکومەت بووە بۆ کارئاسانی لە هەموارکردنی یاساکە. کەواتە دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆز بوو کە ناچاربن خەڵک لەدەرەوەی پەرلەمان بێنن؟

پەخشان زەنگەنە:  شتێکی واقیعییە کە کۆمەڵی ئێمە هەمووی وەکو کاک نێچیرڤان بیر ناکاتەوە، کۆمەڵگە بیروبۆچوونی جیاوازی تێدایە. مومکن نییە بتوانی شت فەرزبکەی بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەویش وەکو باسمان کرد پێگەی هەستیارە. بۆیە لە هەموو پێکهاتەکان ئەکادیمی و شەرعزان بیروبۆچوونی زۆر مەدەنی، هێنرایە ناو لیژنەکە، رەنگە تا ئێستا هەندێ خاڵی تێدابێ کە بەدڵی من نەبێ، بەڵام دەبێ بزانین کە باشترین و جەریئترین یاسایە لە ناوچەکە جگە لە تونس. کاتی هەموارکردنەوەی یاساکە، دەنگی ناڕەزایی زۆربوو. کاک نێچیرڤان زۆر هەوڵیدا تا توانی بە پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەم لایەنانە، دەنگە ناڕازییەکان کپ بکاتەوە.

خاڵێکی زۆر گرنگ لە یاساکەدا هەیە، کە بابەتی فرەژنییە. ئێمە بەشێکمان داوامانکرد رابگیرێت، شەرعزانان گوتیان وەلی ئەمری دەوڵەت بۆی هەیە رایگرێ. بەشێکی رازی نەبوون، بە هەردوو رایەکەوە ناردمانە ئەنجومەنی وەزیران کە دیراسەیان کردبوو پێش ئەوەی بینێرنەوە بۆ پەرلەمان، حکومەتیش یەکلای نەکردەوە، بە هەردوو راکەوە ناردیەوە بۆ پەرلەمان ئاخر ئەوە گرنگە، کە فەرزیان نەکرد. بێگومان سەرۆکی حکومەت ئیمزای نەکردبوو.

ئەوەبوو لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی کرایەوە. ئەوانەی کە لەگەڵ نەهێشتنی بووین تەنیا بە چوار دەنگ نەمان بردەوە بۆیە من پێـموایە، هەندێ مەسەلەی خەتەنەیان پێ شەرم بوو، بۆیە کردمانە دوو ماددە لە پڕۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی، لە کابینەی پێنجەوە.

دیارە کە ئێمە لەکوردستان هەنگاوی گەورەوگرنگمان لەسەر پرسی ژن هەڵێناوە. ئەوە چەند ساڵە لە بەغدا پڕۆژەیاسای توندوتیژی خیزانی هەیە، بەڵام ناتوانن بیجوڵێنن، چونکە رایەکی زۆر هەیە دەڵێ، ئەوەی بەرامبەر بە ژن دەکرێ لە خێزانێکدا، مافی باوک و براو مێردە. کەواتە بیروباوەڕی کەسانی دەسەڵاتدار گرنگە.

لە ساڵی  ٢٠١٤  لە بەغدا پڕۆژەیاسایەک هەبوو ناویاننا (نضوج المرآ) دواتر رای گشتی ژنانی کوردستان گوتیان، ئێمە پێ گەیشتوون پێویستمان بە پەرەپێدانە، بۆیە ناومان نا پەرەپێدان، ئێمە لەساڵی ٢٠١٤وە خستمانە بەردەستی حکومەت، لە بەغدا بەهەمان شێوە، لەوێ ئەوکاتە بەرێز مالیکی سەرۆکی حکومەت بوو ئیمزای کرد. پڕیژەکەی ئێمە لە ساڵی ٢٠١٦ حکومەت ئیمزای کرد. ئەوکاتە کێشەی داعش و ئاوارەو پەنابەرمان نەبوو.  لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە لەپاڵیدا دامەزراندنی یەکەی جێندەریمان لەوەزارەتەکان کردبوو، وەکو میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی. ئەو مافەیان داینێ کە هەر دۆخێکی تازە هاتەپێشەوە چی ئەرکێک فەرز دەکات زیادی بکەین، بێ گومان ئەوە متمانەیەکی گەورەیە. فعلەن چەند خاڵێک پێویستبوو زیادمان کرد. دوای هاتنی داعش دۆخەکە زۆر گۆڕا. بۆیە دیسان دەستکاریمان کردو ئەوەش کاتی زۆر پێویست بوو. ئەوەبوو دەستمان کرد بە جاوپێکەوتن و چووینە لای وەزیرەکان ئەوانیش هەڵوێستیان زۆرباشبوو. داوامان کرد هاندەری دەستەکان بن وێڕای باری دارایی هەموو وەزارەتەکان، کە ئێستا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن.

بەرەوپێشچوونەکانی کوردستان بەبەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە باشن. لە بەغدا میکانیزمێکی نیشتیمانی بۆ کێشەکانی ژن نییە، چەندجارێک پرسیارم کرد کە ئەوان پڕۆژەکەیان گەیشتە کوێ؟ گوتیان، تا ئێستا هەر لەسەر ئەو رەفەیە کە دامانناوە. ئەوەی کە ئێستا کەسی یەکەمە لە مەسەلەکانی ژناندا، رەنگە هەر نەیبینێبێ.

قەناعەتی شەخسی بەرپرسیار لەدەوڵەتدا زۆر زۆر گرنگە، ئێمە وەکو ئەنجومەن لە رووی دراییەوە دۆخمان باش نییە، بەڵام توانیومانە ئەمە بکەینە مستند وەزارەتەکان ئیشی لەسەر بکەن.

دەبێ ئاگامان لە دۆخی سیاسی کوردستان بێ کە لە پڕ بابەتێک دێتەپێشەوە ، بابەتە کۆمەڵایەتییەکان دەباتەوە دواوە. ئێمە لە ٢٠١٤وە روو بە رووی دۆخێک بووینەوە، کەوتینە بەر هێرشی دڕترین و سەختترین تیرۆر لە جیهان.  هەمووی چەند کیلۆمەترێک شەڕ لە ئێمە دووربوو، بێگومان کاریگەری لەسەر هەموو بەرنامەیەک هەبوو.

دواتر رفاندنی ئافرەتانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە، بارودۆخی دارایی و دۆخی سیاسی بەتایبەت لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، کاریگەری لەسەر دەرونی هەموومان هەبوو. بۆیە ناکرێ واقع لەبەر چاو نەگرین. بۆیە خۆشمان کەموکورتیمان هەیە وەکو دەزگاکان، بەڵام لە هەمان کاتدا لەماوەی ئەم شەڕە تا ئێستا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەولەویەتی کاریان خستە سەر لایەنە مرۆییەکە، ئێمەش وەکو حکومەت تەرکیزمان لەسەر لایەنە مرۆییەکەبوو.

دوای سەرکەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا، چونکە ئێمە هێشتا لە رووی فکرەوە بەسەریاندا سەرنەکەوتووین، ئاوارەو شەهیدو دۆخی کەرکوک و خورماتوو هاتە پێش، کە هەموویان زۆر سەخت بوون، راستە نابێ ئەو هۆکارانە کۆڵمان پێبدات بەڵام دەبێ لەم دۆخە جەنجاڵە هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەی دروست بدەین.

نوچەنێت: بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی خانمان چۆن بوو؟ کێ پشتیوانی کردن؟

پەخشان زەنگەنە: بیرکردنەوە لە هەبوونی دەزگایەک بۆ کاروباری ژنان لە ناو حکومەت تازە نییە، لە پڕۆژە یاسای خولی دووی پەرلەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێشکەشمان کرد. لەدوای کۆنگرەی پەکین ئاراستەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهانی بۆ پرسی ژنان هەیە. بۆئەوەی حکومەت رۆڵی کارای هەبێ لە بابەتەکانی ژنان و نەهێشتنی جیاکاری. ئێمەش کە تێکەڵی ئەزمونە نێودەوڵەتییەکان بووین. هەوڵی هەبوونی دەزگایەکی لەوجۆرەماندا، کە دەزگایەک هەبێ بەرپرسەکەی پلەی وەزیری هەبێت و هەمان دەسەڵاتی هەبێ، تا ئیشوکاری ژنان ببێتە بەشێک لە کاری حکومەت. خۆمان بینیمان کە لە کابینەی پێنج وەزیری هەرێم هەبوو بۆ کاروباری ژنان، کە کەس گرنگی پێنەدەدا. بۆیە لەزۆر شوێن لە دەرەوە پێم دەڵێن، چاکتان کرد کە ئەنجومەنتان دامەزراند، چونکە کە وەزیرێک هەبێت زەحمەتە وەزیرەکانی تر گرنگی بەکاروباری ژنان بدەن، بەڵام ئێستا ئێمە هەموو وەزیرەکانمان کردۆتە خاوەنی پرسەکە.

نوچەنێت: سەرۆکی حکومەت سەرۆکی ئەنجومەنەکەی ئێوەیە، ئایا پشتگیریتان دەکات و گرنگی تەواوی هەیە بۆ کاروباری ئێوە؟

پەخشان زەنگەنە: ئەگەر پشتگیری سەرۆکی حکومەت نەبێ، ناتوانین کاربکەین. پشتگیری زۆرمان دەکات، بەڵام هێشتا پێویستمان بە پشتگیری زیاترە. ئەوەشم بە نامە بۆ سەرۆکی حکومەت ناردووە، کە لەرووی ئیمکانات و دەسەڵات و داراییەوە پێوسیتمان بە هاوکارییە. بەڵێ بە پێ پەیڕەو تا ئێستا سەرۆکی حکومەت سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە.

نوچەنێت: ئەو کەسانەی کە لە لیژنەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیدا هەبوون، دەڵێن کاتی هەموارکردنەوەی یاساکە، بەشێک لە مەلاکان هەوڵی نانەوەی ئاژاوەیان لە دژی یاساکە دەدا. ئەوەچۆن بوو؟

پەخشان زەنگەنە: مەلا لە کۆمەڵگەی وەک کۆمەڵگەی ئێمە رۆڵی زۆرە. بەداخەوە دین زۆر خراپ لە دژی ژن تەوزیف دەکرێ. کاتێک مەلایەک شەرح و تەفسیری ئایەتێک دەکات، مەرج نییە لە هەمووکەس باشتر لێی بزانێ.

ئەومەلایانە باسیدەکەین، هێرشی زۆریان لە بەرنامەو مینبەرو جۆرەها شوێن کردە سەرمان، هەتا خەڵکێک قسەی ناشیرین و نارەوای پێدەگوتین. ئەم جۆرە کەسانە سڵیان لەوەنەکردەوە کە هێرش بکەنە سەر دکتۆر زەڵمی، کە زانایە.

هەرلەبەرئەوەش بوو کە کاک نێچیرڤان، زاناو شەرعزانی ئایینی هێنایە ناو کارەکە.

نوچەنێت: لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، وێنەی فۆتۆشۆپ و ڤیدیۆی خێزانی بڵاوکرانەوە. ئەوکاتەش جگە لەسەرۆکی حکومەت سیاسییەکانی تر قسەیان نەبوو. لەکاتێكدا دەزانین قسەی سیاسییەکان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە.

پەخشان زەنگەنە: نێچیرڤان بارزانی، دەسەڵاتی باڵایە، بۆیە کە ئەو قسەی کرد بەسە. وێڕای ئەوەی کە سەرۆکی ئەنجومەنەو بە هەموو شێوەیەک بەرپرسیارێتی لەسەرشانە، خۆشی زۆر موهتەمە بە قەزیەی ژنان و بەکارێكی قێزەونی دەزانی.

ئێمە وەکو حکومەت داوامان لەو خانمانە کرد، کە سکاڵا تۆماربکەن ئێمە دەبین بە داواکار و  تەرەف، بەڵام کەس داوای تۆمار نەکرد. مەرامی ئەوانە ئەوەبوو کە ژن بترسێنن لە چوونە پێشەوە. ژن نەترسا. بەڵام دەبێ بزانین کە ئەو ناوزڕاندنە لە عیراق زۆر فەزیح و بەربڵاوبوو لە کوردستان کەم بوو.

 من قسەیەکی نێچیرڤان بارزانیم لە وتارێکدا لە بیرە، کە زۆر گرنگە گوتی”ئەو کەسەی بە ناوی شەرەفەوە ژن دەکوژێ، خۆی بێ شەرەفە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com