ماڵپەڕى كەناڵى ئەلعەرەبییە پوختەى توێژینەوەیەكى ئەمریكى بڵاوكردووەتەوە كە دەڵێ، بە هۆى ئەو رێكارییەكانى خۆپاراستن لە پەتاى كۆرۆنا، ئەمساڵ ئەنفلەونزا نزمترین ئاستى لە مێژووى خۆیدا تۆمار كردووە.
كەناڵى ئەلعەرەبییە دەڵێ، راپۆرتەكە لەلایەن سەنتەرى ئەمریكى بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییەكان ئامادە كراوە و لە ماڵپەڕى Live Science بڵاوكراوەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا دەڵێ تێبینى ئەوە كراوە لە ئەمریكا و بەشى باشوورى گۆى زەوى كە ماوەیەكە چووەتە وەرزى زستانەوە، نزمترین ئاستى پەتاى ئەنفلەونزا تۆمار كراوە و بە شێوەیەك بە نزمترین ئاست دادەنرێت لە مێژووى ئەنفلەونزا.
سەبارەت بە هۆكارەكەیش دەڵێ، هەمووى بە هۆى ئەو رێكارییانەیە كە وڵاتان و كۆمەڵگاكان بۆ خۆپاراستن لە پەتاى كۆرۆنا گرتوویانەتە بەر.
سەنتەرە ئەمریكییەكە دووپاتى لەسەر گرنگى رێكارییەكانى خۆپاراستن كردووەتەوە و گوتویەتى رێكارییەكانى مانەوە لە ماڵەوە و خۆدوورگرتنى كۆمەڵایەتى و بەستنى دەمامك گرنگى خۆیان هەیە بە تایبەتى لە وەرزى پایز و زستاندا.