نوچەنێت-دویچە ویلە
سەرۆکی پەیمانگایەکی لێکۆلێنەوە لە کۆمەڵگەی پزیشکی لە ئێران، هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت “روخساری بوکەڵەیی” پۆشین و ئارایشی هاوشێوە، لە نێوان ژنانی ئێران بۆتە باو. هاوکات راگەیاندنەکانی رۆژئاوای تۆمەتبار کردووە بە هاندانیان بە ئەم شێوازە جوانی و پۆشینە.
عەلی کەرەمی، سەرۆکی پەیمانگای بیویکنۆلۆژیکی کۆمەڵگەی پزیشکی ئێران، هۆشداری دەدات و نگەرانی خۆی دەردەبڕێت کە کە دیاردەی روخساری بوکەڵەیی لە تاران، روو لە پەرە سەندنە.
بە گوێرەی هەواڵنێری تەسنیم، ئەم بەرپرسە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی گوتوویەتی، لە زۆربەی نەشتەرگەریەکان پێویست نین و ئەو کەسانە بە هۆی کێشەی دەروونی وخۆ بە کەم زانین و بڕوا بەخۆنەبوون، دەست بەو کارە دەدەن.
کەرەمی ئەو دیاردەیە زیاتر روونی دەکاتەوە و دەڵێت: مەبەستی ئەو کچە گەنج و ژنانەیە کە هاوشێوەی بوکەڵە دەم وچاوی خۆیان رێکدەخەن، هەروەها جل و بەرگی هاوشێوەش لە بەر دەکەن و چەندەها نەشتەرگەری جوانکاری لە سەر لەش یان روخساریان ئەنجام دەدەن.
سەرۆکی ئەو پەیمانگایە کە سەر بە بەسیجی کۆمەڵگای پزیشکییە، هاوشێوەی بەرپرسەکانی دیکەی ئێران پەنجەی تۆمەت بۆ راگەیاندنەکانی رۆژئاوا رادەکێشن، تۆمەتباریان دەکەن بەوەی کە هۆکاری پەرەپێدانی ئەو شێوازە پۆشین و ئاڕایش و نەشتەرگەری جوانکاری لە نێوان گەنجەکانی ئێرانە، گوتوویەتی “ئەمڕۆکە راگەیاندنەکانی رۆژئاوا، بە شێوازی نوێ توانێویانە کاریگەری لە سەر فکر و بیری گەنجەکانی ئێرانی دابنێن”.
سەرۆکی ئەو پەیمانگایە دەڵێت: ئەو کەسانەی نەشتەرگەری جوانکاری و ئارایشی تۆخو خەست دەکەن نەفامن (جاهلن) و ئەو کەسانە خۆیان لە “زانست و خوێندنەوە و کتێب” بە دوور گرتووە.
لە کاتێکدا ئەو سەرۆکی پەیمانگایە، رۆژئاوا تاوانبار دەکات، بەڵام ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە پەرەسەندنی نەشتەرگەری جوانکاری و کڕینی و بە کارهێنانی بەرهەنەکانی جوانکاری، لە وڵاتانی رۆژئاوا زۆر کەمترە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئامارە جیهانییەکان، پیشانی دەدەن کە ئێران لە دوای عەرەبستانی سعودی، زۆرترین رێژەی کڕین و بەکارهێنانی بەرهەمە جوانکارییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و، لە پلەی حەوتەمی دنیا لە بابەت بەکارهێنانی پێداویستییە جوانکارییەکانەوەیە. 29% لە کۆی پێداویستییەکانی جوانکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێران دەفرۆشرێت و بە کار دەهێنرێت.
هەواڵنێری فەرەنسا، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، کە بە شێوەیەکی مام ناوەند هەر ژنێکی ئێرانی هەر مانگێک رمێل بۆ جوانکاری چاو دەکڕێت، بەڵام ژنێکی فەرەنسی هەر پێنج مانگ جارێک رمێلێک دەکڕێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی و دەرمان و فێرکاری پزیشکی ئێران رایگەیاند، کە تەنیا 10% لە نەشتەرگەریە جوانکارییەکانی ئێران بە هۆکاری واقعی دەموچاو وەکو سوتانە. ئەوانی دیکە تەنیا بۆ گۆڕانکاری لە روخسار و لە راستای مۆدە باوەکانە.
لە ئێران نەشتەرگەرییەکی چاوەڕواننەکراو وەک نەشتەرگەری “گوێی کەر” لە ناو چینی خۆشگوزەران بووەتە باو، کە بە بڕینی بەشی سەرەوەی گوێ و دواتر تەقەڵ لێدان، شکڵی گوێیان تیژ دەکەن. کردارێک کە لە ئەنجامی ئەوە و گۆڕانی شێوەی سرووشتی گوێ، گەڕانەوە بۆ حاڵەتی سەرەتا مومکین نییە.
نەشتەرگەری جوانکاری گوێی کەر لە ئێران، چەند مانگێکە پەرەی سەندووە، بەڵام هافینگتۆن پۆست لە ساڵی 2011، ئەو نەشتەرگەرییەی بە ناو “گوێی جنی” باس کردووە و بە نوێترین نەشتەرگەری ناوی ناوە. دەگوترێت کە حەز بە هەبوونی گوێی سێ گۆشەیی، لە سەرەتا شێوازێک بووە لە لاسایی کردنەوەی شکڵی کەسایەتی جادوویی فیلمی ” ارباب حلقەها”
“.Lord of the Rings”
گروپێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە پەرەسەندنی لە سنور دەرچووی نەشتەرگەری لە ئێران لە دیدی ناسینەوەی زیانەکانی لە کۆمەڵگەدا، دەکرێت بگوترێت بە هۆی ئابوری ناتەندروست و جیاوازی چینەکانە لە ناو کۆمەڵگای ئێران.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی ساڵانە لە ئێران، زیاتر لە 80 هەزار نەشتەرگەری جوانکاری لوت دەکرێت و بەرپرسەکان گوتویانە، ئامارە نافەرمییەکان زیاترە لەو ژمارەیە. دکتور موحسن نراقی، سەرۆکی ئەنجومەنی راینۆلۆژی ئێران، پێشتر گوتوبوی زیاتر لە 50% داواکارییەکانی نەشتەرگەری جوانکاری لوت، بە شێوەی واقعی هیچ پێویستییان بە نەشتەرگەری لوت نییە.