لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، یەکێتی و ئێران دەست بەچالاکیەکانیان دەکەن
نوچەنێت
هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا ئەگەرەکانی دەستێوەردانی سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی سوریا گەورەتر کرد، لەبەرانبەریشدا حکومەتی ئێران، وێڕای راگەیاندنی ئامادەیی هاوکاری سوریا، هەوڵەکانی چڕ کردوتەوە و بۆ رێکخستنەوەی بەرەی خۆی لەناوچەکە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەو بەرەیەدا چالاکە.
رۆژی ههینی رابردوو بە رهزامهندی ئهنجومهنی وهزیرانی بچوككراوه بۆ كاروباری سیاسی و ئهمنی ئیسرائیل و کە بنیامین ناتهنیاهۆ سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل سەرۆکایەتی دەکات، هێرشکرایە سەر چەند یەکەیەکی سەربازی حکومەتی سوریا، لای خۆشیانەوە بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل رایانگەیاند هێرشەکانیان بۆ سەر چەند کاروانێکی سەربازی سوریا بووە، کە بەبڕوای ئەوان چەکی گواستۆتەوە لە سوریاوە بۆ حزبوڵای لوبنانی، هەر بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانیەکان ئەوە بۆ جاری دووەمە حکومەتی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر یەکە سەربازییەکانی سوریا، لەلایەکی ترەوە بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، فڕۆكه جهنگییهكانی ئیسرائیل له رۆژی ههینی یهوه بەبەردەوامی بهسهر ئاسمانی باشوری لوبنان و بەرزاییەکانی جولان دەسوڕێنەوە.
لای خۆیەوە ئهحمهد رهزا بورداستان فهرماندهی هێزی پیادهی ئێران ڕایگهیاند، ئێران شان بهشانی سوریا رادهوهستێت و، ئامادهن راهێنانی پێویست بدهن به هێزه سهربازیهكانی سوریا، موقتەدا سەدریش تەئکیدی لەوە کردەوە کە لهسهر حكومهتی سوریا پێویسته وهڵامی ئهو هێرشه دوژمنكارانه بداتهوه، هەروەها نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی کردو رایگەیاند، ئهو هێرشهی ئیسرائیل دهستدرێژی كردنه بۆ سهر سهروهری وڵاتێك كه ئهندامی نهتهوه یهكگرتووهكانه تائێستا، حکومەتی روسیاش لەزاری ئهلیكسهندهر لوكاشیفیج وتهبێژی فهرمی بهناوی وهزارهتی دهرهوهی روسیا رایگەیاند وڵاتهكهی لێكۆڵینهوه له هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر سوریا دهكات.
دوا بەدوای ئەو هێرشە سەربازییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، ئەگەرەکانی دەستێوەردانی سەربازی لە سوریا بەرفرەوانتر بوون، لە ئەگەری روودانی ئەو دەستێوەردانەش گەورەترین زەربە بەبەرەی ئێرانی دەکەوێت لەناوچەکەدا، لایەنەکانی نزیک لە ئێرانیش لەناوچەکەدا بەهەستکردن بەو مەترسییە و بەرابەرایەتی ئێران لەهەوڵی خۆ رێکخستندان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر سوریا، یان بۆ پاراستنی ریزەکانیان و دەستگرتن بەکاریگەری خۆیانەوە لەناوچەکەدا.
هەربۆیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە ئێران لەهەوڵی چڕدایە بۆ رێکخستنەوەی پێکهاتەکانی ناو بەرەی ئێرانی، ئەوەی تێبینی دەکرێت، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە دوای هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بەشێوەیەکی خێرا کەوتۆتە جموجوڵ پێچەوانەی هەوڵە ناوخۆییەکانی کوردستان.
لەو سەروبەندەندا دوێنێ بەبانگهێشتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد گەشتە تاران و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران کۆبوەوە، هەر دوێنێ بەرهەم ئەحمەد ساڵ، پێشوازی لە شاندی باڵای پەکەکە کرد و کۆبونەوەیەکی نێوان هەردوو حزب رێکخرا، کە لەئێستاشدا پەکەکە بەیەکێک لەلایەنەکانی بەرەی ئێرانی هەژمار دەکرێت، ئەمرۆ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، کە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ناوەند براگەورەی یەکێتی یە، بەیاوەری ئهرسهلان بایز و فواد مهعسوم و عهدنان موفتی و سهعدی ئهحمهد پیره ئهندامانی مهكتهبی سیاسییو، فریاد ڕواندزیی و سهعدون فهیلی ئهندامانی سهركردایهتی یهكێتی گەشتنە بەغدا و لەگەڵ نوری مالیکی کۆ بونەوە، هەر ئەمرۆ مەلابەختیار لە شاری نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر و چەند کەسایەتیەکی دیاری شیعە کۆبوەوە.
چاودێرێکی سیاسی تایبەت بەنوچەنێت وتی” سەردانی لەناکاوی نزیک بەکۆی گشتی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئێران و بۆ لای شیعەکانی عێراق، لەدوای هێرشە سەربازییەکانی حکومەتی ئیسرائیلەوە دێت بۆ سەر سوریا، کە گریمانەی دەستێوەردانی سەربازی بۆ سەر سوریا زیاد کردووە، و بەبڕوای حکومەتی روسیاش ئاماژهكان بۆ ئامادهكردنی دهستوهردانی سهربازییە لهسوریا، بێگومان لەئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لەسوریا بەرەی ئێرانی گۆڕەپانەکەیان بەرتەسکتر دەبێتەوە، تەنها عێراق بەشی شیعەیان بەدەستەوە دەمێنێت، بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی داش بەداشی کوردیش یەکێتی خۆی خزاندۆتە، ناو ئەو بەرەیە، بەشێوەیەک کە دەکرێ بڵێین، گۆرەپانی بەرەی ئێرانی بەشێکی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئەوەی زیاتریش وا دەکات، کە بڵێین ئێران بەشێکی کوردستان ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی یە بە گۆڕەپانی خۆی دەزانێ، بێ دەنگی عێراق و رەزامەندی ئێرانە لە چونی هێزی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ کەرکوک، چونکە بەڕای ئێران ئەوە نەک بەکوردستانی کردنە، بەڵکو ئەنجام گەورەتر کردنی گۆڕەپانی خۆیەتی لە عێراقدا، هیوا هەبوو کە لەلایەن یەکێتی یەوە ئەو هەوڵە بقۆزرێتەوە، بۆ هەوڵی بەکوردستانیکردنەوەی کەرکوک، نەک فرەوانکردنی گۆڕەپانی ئێرانی، بەڵام گەرمبونی چالاکیەکانی یەکێتی بە ئاراستەی شیعەدا لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل، هەندێ هیوا پروکێنە”.
ئەو چاودێرە وتیشی” دوێنێ بوو شاندی باڵای کوردستان لە عێراق بوون، بەپێی هەموو پێوەرەکانیش دۆخی کورد و حکومەتی عێراق باش نییەو لە نزیک پچڕاندنی پەیوەندیەکاندابوونە، بۆیە عورفی کاری سیاسی و دیپلوماتی ئەوەی دەخواست، کە سەردانی لایەنی کوردی بۆ عێراق نەبوایە، تا لایەنی عێراقی دەهاتنە کوردستان لەبەرانبەر سەردانی پێشووی شاندی کوردی و رێککەوتنەکە دەخرایە واری جێبەجێکردن، بەڵام پەلەکردن بۆ ئەم سەردانە، ئەوەی تا ئێستا دیارە هۆکاری پاڵنەری تەنگەتاوبونی ئێرانە، لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا”.