بۆچی چالاکیەکانی کۆسرەت رەسوڵ لە راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاو نابێتەوە؟ نوچەنێت ئاشکرای دەکات
نوچەنێت
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی کوردستان و براگەورەی یەکێتی، بۆ نوچەنێت ئاشکرایکرد، هۆکاری بڵاونەکردنەوەی چالاکیەکانی کۆسرەت رەسوڵ لەماڵپەڕی سەرۆکایەتی کوردستان، کە لەراگەیاندنەکان بە بایکۆت ناوی دەبەن، پەیوەندی بەلێکنەگەشتنی سکرتێری رۆژنامەوانی جێگری سەرۆک و بەرپرسی ئەو ماڵپەڕەوە هەیە.
سەرچاوەکەی نوچەنێت رەتیکردەوە بڵاونەکردنەوەی چالاکیەکانی کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی کوردستان، لەماڵپەڕی سەرۆکایەتیدا، وەک لەراگەیاندنەکان باس دەکرێت، پەیوەندی بەبایکۆتکردنەوە هەبێت و وتی” ئەو مەسەلە پەیوەندی بەبایکۆتکردنی کاک کۆسرەتەوە نییە، بەڵکو لێکنەگەشتن لەنێوان سکرتێری رۆژنامەوانی کاک کۆسرەت و بەڕێوەبەری ماڵپەڕەکە هەیە، رەنگە ئەوان چاوەڕێبن سکرتێری رۆژنامەوانی کاک کۆسرەت بەو کارە هەستێ و هەواڵەکانی بگەیەنێت، ئەویش پێی وابێ کاری ئەوانە”.
ئەو سەرچاوە نزیکە لە جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ نوچەنێت وتیشی”كاك كۆسرهت وەک جێگری سەرۆکی هەرێم، چالاكی گهلێك زۆره، ئهگهر تیبینتان كردبێت، لە كهناڵی گهلی كوردستان و كهناڵی كهركوك و ماڵپەڕەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ههمیشه ههواڵی چالاکیەکانی بەرچاون، بهڵام دیاره ئەو ئهشكالە له سكرتێری رۆژنامهوانی كاك كوسرهت له سهروكایهتی ههرێم و ئهو وێب سایته ههیه، کە ئاماژەمان پێدا”.
ئەو وتیشی” سکرتێری رۆژنامەوانی کاک کۆسرەت لەسەرۆکایەتی ، کەسێکی باش و دڵسۆزە، بەڵام کەمتەرخەمە لەوکارەدا، رەنگە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیش لەلای کاکۆسرەت گرنگ نەبێ بۆیە چارە نەکراوە”.