هەموو لایەنەکان کۆکن، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بدرێتە تورکمان

0

krpهەموو لایەنەکان کۆکن پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بدرێتە تورکمان

خێڵان بەختیار

نوچەنێت . شەقام
سكرتێری رۆژنامەوانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو لەگەڵ ئەوەدایە یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆكی پەرلەمان، یان سەرۆكی حكومەت بدرێتە كەسێكی توركمان، لەبەرامبەریشدا پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی توركمان پشتگیری لەو قسانە دەكات و ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش ئاماژە بەوە دەكات لە هەموو حاڵەتێكدا گەر راو و بۆچوونی سەرۆكی هەرێمیش بێت، ئەوان بە بەشێك لە ئازادی راوبۆچوون سەیری دەكەن، هەموو شتەكانی فەسیەڵ دەباغیش گوزارشت لە بۆچوونی سەرۆكی هەرێم ناكات.
فەیسەڵ دەباغ سكرتێری رۆژنامەوانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم لە بابەتێكیدا بە ناوی (من و چەند دیدێكی جیاواز) كە لە ژمارەی 1565 ی رۆژنامەی هەولێر بڵاوبۆتەوە، لە وتارەكەدا باس لەدانیشتەنەكانی نێوان دەسەڵاتی هەرێم و ئۆپۆزسیۆن دەكات، لەبەشێكی تریش باس لە پێكهاتەكانی تری كوردستان وەك توركمان و عەرەبەكان دەكات، ئەو پێیوایە یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكایەتی هەرێم، یان حكومەت، یا پەرلەمان بە توركمانەكان بدرێت، ئەویش بەو پێیەی نەتەوەی دووەمن لە هەرێمی كوردستان.
لە وتارەكەدا هاتووە «من لەگەڵ ئەوەدام پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، یان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، یانیش جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدرێتە كەسێكی لێهاتووی توركمان كە لە ڕووی ژمارەوە دووەم پێكهاتەی كوردستان پێكدێنن».
راوێژكارەكەی سەرۆكی هەرێم وەكو پرسیارێك دەڵێ «ئایا مەعقولە تۆ داوا لە توركمانەكانی كەركوك بكەیت لەگەڵت بن لە كاتێكدا تۆ ئامادە نەبیت یەك پۆستیان پێببەخشی؟». سەبارەت بە عەرەبەكانیش دەڵێ «خۆ ڕۆژ نییە باسی عەرەبە ڕەسەنەكانی باشوری كوردستان نەكەین، بەڵام ئایا قەت بیرمان لەوە كردۆتەوە پۆستێكی وزاریان پێبدەین؟».
فەیسەل دەباغ پێیوایە دەسەڵات لەبری ئەوەی بیر لەبەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت بكاتەوە، بیر لەپێكهاتەكانی تر بكاتەوە، هەروەك نووسیویەتی «ئەمانە كۆمەڵە پرسیارێكن كە پێویستە هەم لایەنەكانی دەسەڵات و هەمیش ئۆپۆزسیۆن بە جدی لەسەری بوەستن و بە وردی دیراسەی بكەن، بەتایبەتی دەسەڵات كە لە جیاتی ئەوەی بیر لە بەشداری پێكردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە حكومەتدا بكات، بیر لە پێكهاتەكانی دیكە بكات كە ئەمڕۆ بەشداری پێكردنیان بە شێوەیەكی فراوانتر لە بەشداری پێكردنی ئۆپۆزسیۆن زۆر زۆر پێویسترە».
ئەو قسانەی راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆر پێداگیری لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەكەن، ئەو پۆستە ئێستا پشكی ئەوانە و بە فەرمیش كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لەو پۆستەدایە، بۆیە ئەو وتارەی فەیسەل دەباغ لێكدانەوەو پرسیاری جیاوازی لای لایەنە سیاسیەكانی دروستكرد.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمەڕ ئەو وتارە پێیوایە ئەوە رەئی شەخسی خۆیەتی و دەكەوێتە بابی ئازادی رادەربڕینەوە، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، وتی» گەر هەڵە نەبم پێش 2005 یش من ئەو پێشنیارەم داوە، كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، یا حكومەت بدرێت بە نوێنەرێكی كەمە نەتەوەكانی هەرێمی كوردستان»، ئەو ئەندام سەركردایەتییەی یەكێتی لەبارەی ئەوەی كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە بەشی یەكێتیە دەڵێت «لە هەموو حاڵەتێكدا گەر راو و بۆچوونی سەرۆكی هەرێمیش بێت، ئێمە بە بەشێك لە ئازادی را و بۆچوون سەیری دەكەین، هەموو شتەكانی فەیسەڵ دەباغیش گوزارشت لە بۆچوونی سەرۆكی هەرێم ناكات».
هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر كەمە نەتەوەكان، سەربەخۆیی خۆیان هەبێت ئاساییە، عوسمان بانیمارانی بە گۆڤاری (شەقام)ی راگەیاند «نابێت ئێمە كەمە نەتەوەكان بە داگیركراوی خۆمان سەیر بكەین، دەبێت هەڵقوڵاوی نەتەوەكانی خۆیان بن، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان 11 كورسی نەتەوەكان هەیە، تەعبیر لە نەتەوەكانی خۆیان ناكەن، هەشیانە بە 1000 دەنگ، یان 500 دەنگی كۆتا بووەتە ئەندامی پەرلەمان»، پێشیوایە گەر بە حەقی خۆیان بێت لەگەڵ ئەوەم پۆستیان بدرێتێ، چونكە پۆست هی نەتەوەیە، نەك شەخس».
شێردڵ تەحسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی هەولێری توركمانی، پشتگیری خۆی بۆ وتارەكەی فەیسەڵ دەباغ دەردەبڕێت و دەڵێت «كاتی خۆیشی لە كۆبوونەوەكان و رۆژنامەكان ئەوەم وروژاندووە، یەكێك لە جێگری سەرۆكایەتییەكان بدرێت بە توركمانەكان، ئێستا یەك وەزیرمان هەیە، ناتوانین هەموو ئیشوكارەكانی خۆمان بكەین»، ئەم ئەندام پەرلەمانەی توركمان ئاماژە بە بوونی كێشەكانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم دەكات لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و دەڵێت «ئێمە چیمان وەرگرتووە تاكو بڕیار بدەین بێینەوە سەر هەرێم».
شێردڵ تەحسین داوا لە هەموو لایەنەكانی كوردستان دەكات پشتگیرییان بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكێك لە سەرۆكایەتییەكان، هاوكات لەمەڕ سەربەخۆ نەبوونی توركمانەكانیش وتی «وەكو خۆم حەقم بەسەر توركمانەكانی ترەوە نییە، پێمخۆشە برا كوردەكان تەداخولی ئیشوكارەكانمان نەكەن، دەبێت ئێمە واز لەو خەڵك و لایەنانە بێنین تەداخولمان دەكەن، دەبێت ئۆپۆزسیۆنیش بەرگریمان لێبكەن».
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری خۆی دەردەبڕێت كە یەكێك لەو سێ پۆستە بدرێتە نەتەوەو ئاینەكانی تر، دكتۆر ئەحمەد وەرتی سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەدات كە لارییان نییە لەوەی جێگری سەرۆكایەتییەكان بدرێنە نەتەوەكانی تر، یان ئاینەكانی تر وەك مەسیحی، وتیشی «لە پەیڕەوی تازەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا دامانناوە یەكێك لە جێگری دووەم لە پێكهاتەكانی هەرێم بێت، ئایا توركمان بێت، یان مەسیحی بێت، ئەمەش دەبێت بەپێی یاسا بێت، بۆ بەیاساكردنی ئەو پێشنیارەش دەبێت یاسای هەر سێ سەرۆكایەتییەكە هەموار بكرێتەوە».
وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتگیری ئەو پێشنیارە دەكات و پێیوایە وتارەكەی فەیسەڵ دەباغ رای گشتی جوڵاندوە بە تایبەت لە ناو توركمانەكان، بەڵام جێبەجێكردنی ئاسان نیە، عەبدولوەهاب عەلی وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی «ئێمە دەتوانین سۆزی توركمانەكان بۆ خۆمان رابكێشین، ئەوەی بۆ خۆمانمان دەوێت، دەبێت بۆ خەڵكی تریشمان بوێت».
عەبدولوەهاب كەمتەرخەمی خۆیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ توركمان ناشارێتەوەو دەڵێت «راستییەكەی ئێمە لەگەڵ توركمان كەمتەرخەمیمان لە پەیوەندیدا هەیە، بەشێكی ئەو كەمتەرخەمییەش بۆ ئەوانیش دەگەڕێتەوە، ئەوانیش نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ ئەم ئەزموونەی هەرێم بسازێنن و دەستبەرداری پەیوەندی لابەلا و دەرەكی ببن»، لەبارەی بەش بەشبوونی توركمانەكانیش وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی ئەوە بۆ بۆچوونی جیاوازی ئەوان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت «هەندێكیان بە یاد و خەیاڵ و فەنتازیای تۆرانی و عوسمانی دەژین و هەندێكیشیان توانیویانە لەگەڵ هەرێم خۆیان بسازێنن، «بە كۆی گشتی ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە توركمان خەسڵەتی خۆیان لە دەست دابێت».

لە گۆڤاری شەقام چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com