ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیران و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا

0

ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیران و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا

لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هێزە كوردستانییەكان، دووەمین كۆبوونەوەیان ئەنجام دا بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكان و ئەو پەیوەندییانەی لەبارەی ڕەوشی گشتیی سیاسییەوە ئەنجام دراون و لێكەوتەوەكانی لەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی. هەروەها ئەو كارلێكە سیاسییانەی بوونە هۆی خوڵقاندنی ڕەوشی ئێستا كە بەپێچەوانەی تەوافوق و هاوبەشی و ئەو ڕێككەوتنانەیە كە بوونە بناخەی پڕۆسەی سیاسی و دیموكراتی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریی پێشوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ كرا لە بارەی چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی كە تادێ زیاد دەبن. هەروەها كۆبوونەوەكە ئەو سیاسەتەی ڕەتكردەوە كە لە بەغدا پەیڕەو دەكرێت كە ئەگەر بەردەوام بێت دەبێتە هۆكاری داڕمانی سەرلەبەری پڕۆسەی سیاسی كە ئەوەیش لە ئەنجامی پابەندنەبوون بە پڕەنسیپی تەوافوق و هاوبەشی و دەستوور و هەروەها پێشێلكردنی تێكڕای ئەو بنەما سیاسی و سازان و لێكتێگەیشتنانەی كە بناخەی بنیاتنانی عێراقی نوێ بوون، هاتووەتە كایەوە. كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە، ئەو نەهجەی ئێستا كاری پێدەكرێت تەنیا پەیوەست نییە بەپەیوەندییەكانی هەرێمەوە كە تادێ خراپتر دەبێت، بەڵكو مەترسییەكی جیدییە لەسەر داهاتووی وڵات و ئەو ئامانجانەی ڕۆڵەكانی گەلی عێراق لە چوارچێوەی قووڵكردنەوەی سیستمی دیموكراتی و كامڵكردنی بنیاتنانی دامودەستگەی دەوڵەتی فیدراڵیدا چاویان لێیەتی.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كە كۆبوونەوەكان بەكراوەیی بمێنێتەوە و درێژەپێدانیش هەبێت بە ڕاوێژكردن لە پێناو گەڵاڵەبوونی كۆمەڵێك بژاردەی پێویست. هاوكات دیدار و گفتووگۆیش لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی پرسی عێراق بەردەوام بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسی و تەحەدییانەی عێراقی گرتووەتەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
18-3-2013

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com