کۆسرەت رەسوڵ: پێویستە نێوماڵی كورد یەكبخەین و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبینەوە

0

kosrat raswlکۆسرەت رەسوڵ: پێویستە نێوماڵی كورد یەكبخەین و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبینەوە

نوچەنێت

برا گەورەی یەکێتی و جێگری سەرۆکی کوردستان، لەیادی کارەساتی هەڵەبجەدا پەیامێک رادەگەینێت، تێدا تەئکید لە خزمەتکردنی خەڵکی ئەو شارە دەکاتەوە، هاوکات یەک ریزی کورد و بەردەوامی ئەو هەوڵانەش كە رێگرن لە بەردەم حوكمی تاكڕەوی لە عیراقدا بە پێویست دەبینێت.

پەیامی جێگری سەرۆکی کوردستان لە یادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا
 25 ساڵ لەمەوبەرو لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا رژێمی لەناوچووی بەعس لەمیانی پیلانە بەردەوامەكانی بۆ قڕكردن و لەناوبردنی كورد، شاری هەڵەبجەی بە چەكی كیمیاوی بۆردومان كردو لە چەند خولەكێكدا 5000 هاووڵاتی سڤیلی لە منداڵ و پیرو گەنج و ژن كردە قوربانی.
كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە هەر لەیەكەم رۆژی ئەنجامدانییەوە تا بە مڕۆ دەگات، كارەساتێكی جەرگبڕبووەو جیهانی هەژاندووەو لەوساوە میلـلەتانی دنیا بۆیان دەركەوت كە رژێمی لەناوچووی بەعس خەریكی بەكارهێنانی چ جۆرە سیاسەتێكە دژ بە گەلی كورد.
لە یادێكی لەم چەشنەدا پێویستە هەموومان بەسەربەرزییەوە بەرامبەر گۆڕی شەهیدان بوەستین و یادیان بكەینەوە، هەروەك پێویستە ئەم رۆژە 16-3 ببێتە رۆژێكی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جینۆسایدو سەرجەم تاوانە كۆمەڵكوژەكان لە جیهاندا، هەروەك بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانم لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەت و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا هەوڵی جدی بدەن بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدانی ئەم كارەساتەو ناساندن و گەیاندنی بەجیهان و خستنەگەڕی هەوڵەكانیان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم كارەساتە دەرهەق بەگەلی كورد، لە پەرلەمانی سەرجەم وڵاتاندا و پێویستە سەرجەم بكەرانی ئەم تاوانەو ئەوانەشی كە هاوكاری جێبەجێكردنی بوونە بەسزای یاسایی خۆیان بگەن.
مرۆڤ كە سەیری ئەم هەموو تاوانە بەرنامە بۆ داڕێژراوە دەكات دژی گەلی كورد، بەر لەهەر شتێك دەبێت ئەوە بزانین كە یەكڕیزی نێوماڵی كورد زۆر پێویستەو وەك هەمیشەش و لەم یادە جەرگبڕەدا دووپاتی دەكەمەوە كە پێویستە نێوماڵی كورد یەكبخەین و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان و بەردەوامیش بەو هەوڵانە بدرێت كە رێگرن لە بەردەم حوكمی تاكڕەوی لە عیراقدا.
لەكۆتاییدا دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە خەڵكی بە شەرەف و بەشمەینەتی هەڵەبجە شایستەی هەموو شتێكن، چونكە هەڵەبجەییەكان پارچەیەكن لە دڵی ئێمەو لێرەوە داواكارم حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات چارەسەری بریندارەكانی ئەم شارەو تەواوی بریندارانی چەكی كیمیاوی بكات و بە سەرجەم مافە رەواكانی خۆیان شادیان بكات.
سەربەرزی بۆ شەهیدان و رووڕەشی بۆ تاوانكاران.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com