ڕونکردنەوەیەک لە فراکسیۆمی گۆڕانەوە سەبارەت بە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر کێشەکانی پرۆژە یاسای بوجەی حکومەتی ناوەندی .
هەرچەندە ماوەی زیاتر لە ٣ مانگە لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ بەردەوامە لەسەر پرۆژەیاسای بوجەی حکومەتی ناوەندی و کوردیش هەمیشە بەشێک بووە لە گفتوگۆکان، بەڵام لەو ماوەیە پەرلەمانتاران و پەرلەمانی کوردستان پرسی پێ نەکراوەو ئاگاداری وردەکاری داواکاریەکان نەبووەو بەشێکیش نەبووە لە بڕیاردەری هەنگاوەکان، ئەمە لە کاتێکدا بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکان پەرلەمانی کوردستان دوا مەرجەعی بڕیارە لە پرسە چارەنوسسازەکان و تەنانەت دروشمێکی باوی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانیش باڵادەستی دەسەڵاتی پەرلمانی کوردستانە .
غیابی پەرلەمانی کوردستان لەم بڕیارانەی بووەتە مایەی ئەوەی ستراتیژی شەرکردن لەسەر مافە نەتەوەییەکان، کە لە چەقی ئەو مافانە شەرکردن لەسەر خاکی دابڕینراوی کوردستان دێت، گۆڕاوە بۆ شەرکردن لەسەر هەندێک داواکاری ئابوری کە تەنانەت پەرلەمانتاران و خەڵکی کوردستانیس ئاگاداری شێوازی سەرف و وردەکاری ڕێکەوتنەکانی پشتەوەی ئەو داواکاریانە نین.
سەرەرای ئەم غیابکردنەی پەرلەمان دەسەلات بەمە راناوەستێت بەڵکو دەیەوێت پەرلەمان بکاتە دەزگای شەرعیەتدان بە بریارە تاکلایەنەکانی خۆی و هاوهەڵویستیەکی بیئاگا لە وردەکاریەکان و لەو ڕوانگەوە لە لایەن سەرۆکایەتیەوە لە سەرەتادا داواکرا کە وەک سەرۆکی فراکسیۆنەکان بەیاننامەیەک دەربکریت سەبارەت بە کێشەکانی پرۆژە یاسای بوجەی حکومەتی ناوەندی، ئیمە لە ئۆپۆزسیۆن پێمناوابوو سەرەرای هاوهەلوێستیمان لە بەغداد بەڵام پیویستە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان وردەکاری کێشەکەو هۆکارەکانی سەرهەلدانی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و نوسینی بەیاننامەمان ڕەتکردەوە .
هەر بۆ بەدەستهینانی هەمان ئامانج سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دانیشتنی سەرلەبەیانی ئەمرۆ ڕایانگەیاند کە سبەی دانیشتنێک بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکرێت و دواتر لە رونکردنەوەیەکدا ڕایانگەیاند بە هۆی سەرقاڵی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە دانیشتنەکە ئەنجام نادرێت، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئێمە لە ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی یاساییەوەو لەو روانگەوەی کە سەرۆکی هەرێم سەرپەرشتی تەواوی ئەو کۆبونەوانەی کردووە بۆ ئەو مەبەستە پێشتر ئەنجام دراون و بڕیاردەری سەرەکیش بووە بۆیە داوامان کرد سەرۆکی هەریم بێتە پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتاران بە ئازادانە گفتوگۆبکەن سەبارەت بە کێشەکەو هۆکارەکانی دروستبوونی کێشەکە و ووردەکاری ئەو دۆسێیەی کێشەکەی لەسەر دروستبووە بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران، بەلام بەداخەوە لە جیاتی وەلامدانەوە بۆ داواکاریەکانمان سەرۆکایەتی پەرلەمان تەواوی دانیشتنەکەی هەڵوەشاندەوە .
تەواوی ئەم پرسە دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستیەیە کە لە هەرێمی کوردستان سەروەری یاساو باڵادەستی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی دروشم نەجووەتە دەرەوە بۆ کردارو دوو حیزبی باڵادەست باوەڕیان وایە کە خەڵکانێک لە سەرووی دەسەڵاتی پەرلەمانەوەن وبەو شێوەیەی دەیانەوێت بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئاراستە دەکەن لە دەرەوەی یاسا ، ئامادەش نین دۆسیە گرنگە ئابوریەکان کە خەریکە خەڵکی کوردستان توسی شەڕو نەهامەتی دەکات ، تەنانەت بۆ پەرلەمانتارانیش ئاشکرا بکەن .
فراكسیۆنی گۆران لەپەرلەمانی كوردستان 12/3/2013