سارا موحەمەد لە سیمینارێکدا: کاتێک دین بەکار دەهێنرێت بۆ بێ مافکردنی ژنان دەبێت حکومەت تەدەخول بکات

0

سارا موحەمەد لە سیمینارێکدا: کاتێک دین بەکار دەهێنرێت بۆ بێ مافکردنی ژنان دەبێت حکومەت تەدەخول بکات

رزگار رەزا چوچانی . نوچەنێت

سارا موحەمەد لەسوید. لەسیمینارێکدا باسی مافەکانی ژنی کرد، پێی وابوو، دەبێت ئازادی دین هەبێت، بەڵام لەنێوان خوداو تاکدا، نەوەک تەدەخول لە ژیانی گشتی بکات و لەڕێگایەوە ژن بێ ماف بکرێت، باسی رەوشی ژنانی لە وڵاتانی داخراو وڵاتانی ئەورپاکرد و رایگەیاند، کە لەوڵاتانی ئەورپاش ژن بێ ماف دەکرێت، هاوکات رەخنەی لە دایکانیش گرت، کە بەشدارن لە دروستکردنی بەکەم سەیرکردنی ژندا.

SARA4

سارا موحەمەد

سالا یەکێک لەو کۆمۆنانەی سویدە، کە رێژەیەکی زۆر لەپەنابەرانی گرتۆتە خۆی، ئەوەی ئەم شارە جیا دەکاتەوە لەهەر جێگایەکی تری سوید، هەر لەسەرەتای هاتنی پەنابەرەوە، بەشداری پێکردنیانە لەچەندین کۆرس، لەبارەی مافەکانی ئیسان و یاساو چۆنیەتی سیستەمی وڵاتی سوید.

هەر لەو چوار چێوەیەدا، لەلایەن ABF  ەوە و بەبۆنەی ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژنەوە، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران، سیمینارێک بۆ سارا موحەمەد خانمە چالاکوانی کورد و بەرپرسی رێکخراوی ” هەرگیز فاتیمەو پێلا لەیاد ناکەین”، لە سالا سازکرا.

سارا موحەمەد لەسیمینارەکەدا بەرچاو روونی دایە پیاوان و ژنانی پەنابەر، لەبارەی مافەکانی ژنان و یاساو چۆنیەتی خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەو وڵاتە تازەی رووی تێدەکەن.

لەو سیمینارەدا کە ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکە پەنابەرەی روو لەوڵاتی سوید دەکەن و لە شاری سالا نیشتەجێن، وەک خەڵکی وڵاتانی، سۆماڵ، بروندی، سۆدان، ئێریتریا، کوردستان، ئێران، عێراق، سوریا، ئەفغانستان، تایلەند، و چەند وڵاتێکی تر ئامادەبوون، سارا موحەمەد، باسی رەوشی ناهەمواری ژنانی پەنابەری کرد، لەو وڵاتانەش کە دوای جێهێشتنی وڵاتانی خۆیان رووی تێدەکەن، بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی بۆ پەنابەرانی تازە هاتوو بۆ سوید، ئاماژەی بەوەدا لەوڵاتێکی وەکو سویدیش، هێشتا ژن وەکو خۆی نەگەشتۆتە هەموو مافەکانی. وەک ئەو وتی”بێمافکردنی ژن تەنها لەوڵاتانی دواکەوتوودا نییە بەڵکو لەهەموو وڵاتانی دنیا بەپێی خۆیان ئەو بێمافکردنە بوونی هەیە” سارا وتیشی” من لێرە قسە لەسەر توندوتیژی بەپاساوی پاراستنی شەرەف دەکەم لەناو پەنابەراندا، بەڵام ئەم قسەیە گشتگیر نییە بۆ هەموو پەنابەران، بەومانایە ناڵێم هەموو پەنابەران لەگەڵ توندوتژین لەدژی مناڵ و ژنان”، روونیشی کردەوە، “دین کاریگەری هەیە لەسەر بێمافکردنی ژنان”، بەڵام وەک سارا وتی” ئەوە بەتەنها لەگەڵ دینی ئیسلاممان نییە، بەڵکو لەناو هەموو دینەکانی تریشدا ئەو بێمافکردنەی ژن بوونی هەیە، بەڵام زۆری و کەمی رێژەکە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کام دین حکوم دەکات و دەسەڵاتی هەیە، بۆیە کەباسی دینی ئیسلامیش دەکەم، مەبەستم ئەوکەس و لایەنانەیە دین بەکاردەهێنن بۆ گرتنی دەسەڵات و مانەوەیان، واتە مەبەستم ئیسلامی سیاسییەو کاریگەری ئەوانە بەسەر کۆمەڵگەکانەوە، نەک مەبەستم ئەوانەتان بێت کە خۆتان بەدیندار دەزانن و بڕواتان بەدینەکەی خۆتان هەیە”، سارا لەباسەکەیدا لەگەڵ ئازادی دینداریدا بوو، ئەوەشی وەک مافی تاکەکان باسکرد و پێی وابوو” ئینسان ئازادە لەوەی دینداری دەکات یان نایکات، بروای بەخودا هەیە یان نیەتی، دەبێت رێز لەبروای هەموان بگیرێت، و لەگەڵ بێڕێزیکردن نیم بەهیچ بروایەک، بەڵام کاتێک دین تەدەخول دەکات و بەکار دەهێنرێت بۆ بێ مافکردنی ژنان، دەبێت لەوێدا حکومەت تەدەخولی هەبێت و سنور بۆ بێ مافکردن دابنێت، ئازادی دین لەوەدا نییە ژن و کچ بێ ماف بکەیت، بەڵکو ئازادی دین دەبێت لە پەیوەندی نێوان تاک و خودا بێت، بڕیار بۆ پەیوەندی نێوان تاک و خودا بدات، نەوەک بۆ کەسی تر”.

هەر لەسیمینارەکەیدا سارا موحەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە زۆرێک لەپیاوان بەهەمان بەعقڵی داخراوی وڵاتانی خۆیانەوە لەم وڵاتانەشدا درێژە بە رابەرایەتیکردنی ماڵ و خێزانی خۆیان دەدەن، بۆیە توشی کێشە دەبن، وەک ئەو وتی” بەو جۆرە تەعامولەی پیاوان نەک ناتوانن خاوەنداری ماڵ و خێزانیش بکەن، بەڵکو زۆرکات خۆیان دەبنە هۆکاری تێکچوونی خێزانی خۆشیان”، ئەو خانمە چالاکوانە بەتەنها رەخنەی لە دین و پیاو نەبوو، بەڵکو رەخنەی لە خودی ژنانیش گرت وەک دایک و ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنایش وەکو”دایکان جێ دەستمان هەیە لە بێمافکردنەکەدا، گرنگە ئێمە وەکو دایک بزانین چۆن مناڵەکانمان پەروەردە دەکەین، بەفەرهەنگێکی ئازاد یان بەخودی ئەو فەرهەنگەی کە ئێمە لەوڵاتانی خۆمان لەدەستی رامانکردووە”، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین نمونەی زیندویی بۆ ئامادەبوونی سیمینارەکە هێنایەوە، کە تاکو ئەمرۆش بەردەوامیان پێ دەدرێت، لەشێوەی پەروەردەکردنی مناڵان لەلایەن دایکانەوە، کە “خودی ئەوەش بەشێکە لەکەم سەیرکردنی ژنان”.

سارا بەوردی باسی جۆری بێمافکردنی ژنان و توندوتیژی لەدژی ژنان کرد لەهەریەک لەو وڵاتانەی خەڵکەکەیان ئامادەی سیمینارەکە بوو، ئەو لایەنانەی خستەڕوو کە دەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن بە ئینسانبوونی ژن و وەک ئینسان مامەڵە لەگەڵ نەکردنی، هەر لە شێوازی کاری جمهوری ئیسلامی ئێران، تا بێ مافکردنی ژنان لە ئەریقا و چۆنیەتی خەتەنەکردنی ژنان لەو وڵاتانەدا، بەشێوەیەکی ترسناک کە نەک تەنها زیان بە ژنبوونی ژنەکە دەگەیەنێت، بەڵکو خەتەر لەسەر بەردەوامی ژیانیشی دروستدەکات.

لەو سیمینارەدا کە چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، ئەو ژنە چالاکوانە، چەندین تەوەری گرنگی خستە بەرباس و تیشکی خستە سەر هەو ئەو لایەنانە ی کە دەبنە هۆی بەدبەختی بۆ ژنان و خودی خێزانە پەنابەرەکانیش، هۆشیاری چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی نوێ پێدان و زەرورەتی گۆڕانکاری لە چۆنیەتی تەعامولی پیاوان لەگەڵ ژن و مناڵەکانیان بەپێویست بینی.

هەر لەو سیمینارەدا و لەدوای باسێکی دەوڵەمەندی فرە رەهەند، سارا موحەمەد بەشێوەی گفتوگۆی کراوە لەگەڵ ئامادەبووان، درێژەی بە باسەکەی خۆیدا، ئەوەی لە گفتوگۆکەدا زیاتر جێی سەرەنج بوو، شێوەی پرسیارکردنی بەشێک لەو پیاوە پەنابەرانەبوو کە ئامادەی سیمینارەکەبوون، بەشێوەی دەربڕینەکانیان هەست بە حەساسیەت و تەشەنوج دەکرا، بەڵام لەبەرانبەردا سارا موحەمەد بەهێمنی و لەسەرخۆیی، هەوڵی وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانی دەدا، و هەر بەو شێوەیەش ڕاو سەرەنجەکانی ئەو پیاوانەی نزیک دەکردەوە لە راکانی خۆی، ئەو بەشەی سیمینارەکە کە بریتی بوو لە گفتوگۆی کراوە، بووە هۆی ئەوەی چەندین رای هاوبەش لەنێوان سارا و  پیاوان و ژنانی ئامادەبوو دروست ببێت، لەبارەی مافەکانی ژن و رەواندنەوەی ئەو گومانانەی کەپێیان وابوو، ئامانجی سیمینارەکە، پشتیوانی لەژن و دژایەتیە بۆ پیاوان.

SARA3

موفیدە

موفیدە خالید بەرپرسی ئەو پرۆژەی ABF کە سیمینارەکەی بۆ سارا موحەمەد سازکردبوو، بۆ نوچەنێت دواو باسی ئەوەی کرد، کە لەئەنجامی تێگەشتنیان لەوەی ژنانێکی پەنابەر هەن مافەکانیان پێشێل دەکرێت، پێویست بووە لایان ئەو سیمینارە رێکبخەن و وتیشی لەداهاتوو لەو کارانە بەردەوام دەبن.

موفیدە زیاتریش وتی” ئیمە لە ABF پرۆژەیەکمان هەیە، بۆ راهێنان و فێرکردنی ئەو ژنانەی کە لەخوێندنی زماندا ناچنە پێش، یان ناتوانن بچنە ژیانی کار، دائیرەی کار پێی وایە ئەوان دەبێت بچن بروانامە وەربگرن بۆ ئەوەی کاریان دەستبکەوێت، بەڵام ئەوان لە خوێندنی زمان وەک پێویست نەچونە پێشەوە، بۆیە ناتوانن بۆ ئەو بوارە بخوێنن و بچنە ناو سیستەمی کارەوە، ئێمە هاوکاریان دەکەین و دەمانەوێ ئەو گرفتانەیان نەمێنێ، کاتێک دەستمان بەکار کرد لەگەڵ ئەو ژنانە، بینیمان ئەوان موشکیلەی تریشیان هەیە، وەک ئەوەی ئازاد نین لەم وڵاتە ئازادەو لەژێر دەستی پیاوەکانیانن، یان کوڕ و براکانیانن، ئەوان کاتێک بۆ زمان خوێندویانە، لەوێ نەیانتوانیوە ئەو موشکیلانەی خۆیان باس بکەن، چونکە لەگەڵ پیاوەکان تێکەڵ بوون، بەهەمان تیگەشتنی ولاتانی خۆشیان لە پیاویان رووانیوە، کە نەیانتوانیوە بە ئامادەیی ئەوان کێشەی خۆیان باسبکەن، رەنگە ئەوە هۆکاریش بوبێ بۆ رێگرتن لە باشبونیان لەزمانەکەیان، لە سەرەتاش ئەم پرۆژەی ئێمە تایبەتبوو بە ژنان بۆیە ئاسانتر دەیانتوانی باسی کێشەی خۆیان بکەن، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی کێشەی خوێندنەکەمان بۆ چارەکردن و ناردنمانە بەر خوێندن بۆ وەگرتنی بروانامە لە ئاستی ئامادەیی، لەوەش تێگەشتنین کە ئەو گرفتەشیان هەیە و دەبێت هەوڵیان لەگەڵ بدرێت و هاوکاریبکرێن”.

بەرپرسی ئەو پرۆژەیەی کە بۆ هاوکاریکردنی پەنابەران بەکارخراوە، ئاشکرای کرد کە دوو لەو ژنانەی لەپرۆژەکەی ئەودا بەشدارن هەرەشەیان لەسەر بووە و پۆلیس تەدەخولی کێشەکەیانی کردووە”دوای ئەوەی لە خولی یەکەمی پرۆژەکەمان بۆ ژنان سەرکەوتووبوین، بڕیارماندا کار بۆ ئەو پیاوانەش بکەین کە هەمان گرفتی چونە پێشەوەی زمانیان هەیە، پیاوانیشمان بەشداری پێکرد، ئێستا کەزانیمان ژنان کێشەی ئازادبونیشیان هەیە، پیاوانیش لێرە پێکەوەن لەگەڵیان دەخوێنن لەم پرۆژەی ئێمەدا، پێویست بوو لامان هەولی دروستکردنی هۆشیاری مافەکانی ئینسان و ئازادی تاکیش دروست بکەین بۆیان، تا هاوکاربین ژنان لەو کێشانە دەربازیان ببێت”. هەر بۆیە “بەرێز سارا خانمان بانگهێشت کردووە، کە لێرە سیمنیارێک لەبارەی پرسی ژن و ئازادی ئینسان سازبکات، تا هەم پیاوەکان باشتر تێبگەن لە سنوری ئازادی و یاساکان و هەمیش ژنەکان باشتر بزانن مافەکانیان چییە، لێرە پیاوەکان حاشا لەوە دەکەن ژن بچەوسێننەوە، بۆیە وەک بینیتان هەندێ لەپیاوەکان ئەو سیمینارەیان بەپێویست نەدەبینی و دەیانوت، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ژنەکانمان نییە، بەڵام لەژێرەوە شتێکی تر هەیە کە جیاوازە لەوەی دەیڵێن، دوێنێ و پێرێ دوو لەو ژنانەی کە لێرەن،  پیاوەکانیان هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون، مەترسیان بۆ سەرژیانیان دروستکردووە، ئێمە یارمەتیماندان کە پۆلیس ژنەکان لەجێی تایبەت بشارێتەوە، ئیستا پۆلیس دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە گەشتونەتە بروا کە پیاوەکان ئازاری ژنەکانیانداوە و هەڕەشی کوشتنیان کردووە، بۆیە هەریەک لەو پیاوانە بە سالێک و سێ مانگ زیندانی سزادراوە، ئەمانەش بەڵگەی یارمەتیدەرە کە دەبێت ئێمە هاوشانی خوێندنەکەیان پرۆسەی هۆشیارکردنەوە لەماف و ئازادییەکانیان بەردەوامی پێبدەین”

دوا بەدوای سیمینارەکە لەگەڵ سارا موحەمەد چالاکوانی ژنان، دیمانەیەکی رۆژنامەوانی بۆ گۆڤاری سڤیل سازکراوە، کە لەداهاتوو بڵاو دەکرێتەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com