بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
لە بیست و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە دژی چەوسانەوە و داگیركاریدا گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە دەكەین. هیوادارین ئەو یادە پیرۆزە ببێتە مایەی بەهێزی و بەردەوامیی ئەزموونەكەمان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و خەبات و كۆڵنەدانی گەلەكەمان هاتوونەتە دی.
ڕاپەڕین خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی گەلی كورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و ئەوەی سەلماند كە دەكرێ بە یەكڕیزی گەورەترین سەركەوتن تۆمار بكرێت. حەق وایە گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان هەمیشە ئەو ئەزموونەیان لەبەرچاو بێت و لە یادی نەكەن.
لە ڕاپەڕیندا كورد پێشانی جیهانیدا گەلێكی لێبووردە و ئاشتیخوازە و بیر لە تۆڵەكردن ناكاتەوە. لەو یادەدا داوا لە هاووڵاتییانی كوردستان و تێكڕای هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەم هەموومان بۆ بەهاكانی ڕاپەڕین بگەڕێینەوە و بیكەینە هەوێنی سەربڵندیی گەلەكەمان و قووڵتركردنی دیموكراسی و پێكەوەژیان و بڕوابەخۆبوونی تاكی وڵاتمان. هەر بەو بۆنەیەشەوە هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی كورد و كوردستان دەنێرین كە خوێنی ئاڵی ئەو ئازیزانە بوو ئازادی و سەروەری بۆ گەلەكەمان بەدی هێنا.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
5ـی 3ـی 2013