كۆمەڵێك كەسایەتی ئەكادیمی و ئیسلامی بە لیستی چاكسازی و گەشە بەشداری هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق دەكەن

0

mhamadبكۆمەڵێك كەسایەتی ئەكادیمی و ئیسلامی بە لیستی چاكسازی و گەشە بەشداری هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق دەكەن

وتەبێژی لیستەكە:  دوای هەڵبژاردن  بڕیاردەدەین ببینە  حیزب یان نا

نوچەنێت . سڤیل

رزگار رەزا چوچانی

كۆمەڵێك كەسایەتی كوردستانی و ئەكادیمی و ئیسلامی لەكوردستان لیستێكی سەربەخۆ بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق رادەگەیەنن، وتەبێژی لیستەكە بۆ (سڤیل) ئاشكرای دەكات، ئەو لیستە بەناوی لیستی چاكسازی و گەشە دەبێت و دڵنیان لەسەركەوتنی لیستەكەیان.
د. محەمەد بازیانی كەسایەتی دیاری ئیسلامی و سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ لێكۆڵینەوەو وتەبێژی لیستی چاكسازی و گەشە، بۆ (سڤیل) ئاشكرای دەكات، لەگەڵ چەند كەسایەتیەكی دیاری كوردستان، لەهەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداری دەكەن.
بازیانی چۆنیەتی بیركردنەوە لەدروستكردنی لیستێكی سەربەخۆ، بۆ (سڤیل) دەخاتەڕوو و دەڵێت “بیرۆكەی دروستكردنی لیستی چاكسازی و گەشە دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی ساڵێك لەمەوپێش، كاتێك كۆمەڵێك رۆشنبیرو رۆشنفكر و خاوەن هزر لەخولیای پرۆژەیەكی چاكسازی گەورەدابوون، كە هەموو تاكێكی كوردستان خۆی بەخاوەنی بزانێت، لیستێك نەبێت قەتیس بمێنیت لەكۆمەڵێك یان حزبێك، بۆ ئەم مەبەستە زنجیرەیەك دانیشتن و راگۆڕینەوە لەو بارەیەوە كراو، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانی كوردستان و ئەم گۆڕانكارییە هەنوكەییانەی لەناوچەكەدا گوزەر دەكات، یەكێك لەو پرسیارە میحوەری و زەقانەی خۆی سەپاند بەسەر زۆربەی دانیشتنەكاندا ئەوەبوو، كوردستان هەموو موقویماتی گەشەكردن و چاكسازی و گۆڕانكارییەكی پۆزەتیڤانەی تێدایە، بەڵام بۆچ چاكسازی و گەشەسەندنی لەگەڵ هەموو ئەو ئیمكانیەتە بەشەری و مەعریفی و مادییانە كە هەیە، هێشتا وەك پێویست نییە؟!.”.
ئەو كەسایەتیە ئیسلامییە، پێكهاتەی ئەو لیستە وا باس دەكات، “كەسایەتییەكان كە ناسراون و بەقۆناغ ئاشكرایان دەكەین، لەهەموو كوردستانن، لەهەولێر و سلێمانی و گەرمیان و بادینان و كەركوك، لەسەر ئاستی ئەگەر هەڵبژاردنی عێراق بێت، لەقۆناغی ئێستا تەنها ئەوەندە ئاشكرا دەكەین، بەندە محەمەد بازیانی وتەبێژم و دكتۆر سەرهەنگ لەهەولێر و دكتۆر نایف لەدەڤەری كۆیسنجەق كارەكان دەكەین.
بەڵام رەتی دەكاتەوە لیستەكەیان لەسەر ئەساسی بڕواو ئایدۆلۆژیایەكی تایبەت كار بكات و دەڵێت “لیستی ئێمە ناوی لیستی چاكسازی و گەشەیە، هەركەسێك بڕوای بەچاكسازی و گەشەسەندنی كوردستان بێت ئەم لیستە كراوەیە بۆی و ئەو كەسە بەخاوەنی ئەم لیستە دەزانین”. گوتیشی “باگراوەندیان هەندێك زوو لەحزبی ئیسلامی بوونە، زۆریشیان لەدەرەوەی حزبی ئیسلامی و كەسایەتی كوردستانین، كەسایەتی ئەكادیمین، ئەو كەسایەتیانەن كە بڕوایان بەچاكسازییەكی گشتگیر هەیە لەكوردستان، چاكسازی مەعریفی و هزری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری”.
د. محەمەد بازیانی گوتیشی “لەم قۆناغەدا زیاتر خۆئامادەكردنمان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەكان دوا بكەوێت، ئەوا ئێمە چانسی باشترمان دەبێت و بۆ خۆئامادەكردنی باشتر”.
وتەبێژی لیستی چاكسازی و گەشە بۆ (سڤیل) بڕوای خۆی رادەگەیەنێت بەوەی “ئەم لیستە پێگەی گرنگی دەبێت لەكوردستاندا، چونكە كەسایەتییەكان سەنگی گەورەی جەماوەری یان هەیەو بەرنامەكانی ئەم لیستە كە پێشكەشی كۆمەڵگەی دەكات، زۆر واقیعبینانە دەبێت و دەرفەتی جێبەجێكردنیشی زۆر دەبێت”.
لەئەگەری سەركەوتنی لیستەكەیدا لەهەڵبژاردنەكاندا پەیوەندی خۆیان بەحزبەكانی كوردستانەوە وا باس دەكات كە “دەستباری لەگەڵ هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان دەكات، بۆ گەیشتن بەكۆمەڵگەیەكی ساغڵەم و تەندورست كە سستەمێكی سیاسی عادیلانە و حەكیمانە حوكمی بكات، ئێمە دیدوبۆچوونمان وایە، هەر جۆرە چاكسازییەك لەو چاكسازییانەی ئاماژەمان پێی كرد، تەنها بەلایەنێك ناكرێت بەحكومەت و ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگەی مەدەنی تاك تاكەكانی كۆمەڵگە دەكرێت، نەك تەنها بەحكومەت یان ئۆپۆزسیون، یان كۆمەڵگەی مەدەنی”.
بازیانی ئەگەری بەحزبیبوونی لیستەكەی لەدوای هەڵبژاردنەكان بەدوور نازانێ، بەڵام لەئێستادا “ئەو كەسایەتیانەی لەناو ئەم لیستەدان و لەناوی دەبن، بڕوایان بەلیست هەیە نەك حزب، لەپاش هەڵبژاردنیش ئەوە دەستە جەمعی بڕیاردەدەرێ‌، ئیستا تەنها قەوارەیەكی سیاسین بۆ هەڵبژاردنەكان و بەس”.
د. بازیانی لەگەڵ ئاشكراكردنی نیازەكانی لیستەكەی بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان و ئەنجومەنی شارەكان، رەتی نەكردەوە كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێت، تەنها ئەوەندەی گوت “بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئێستا زووە، لەكاتی خۆی رایدەگەێنین”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com