“دواخستنی هەڵبژاردن لەکوردستان بووە بەنەریت. دەبێت ئۆپۆزسیۆن هەڵوێستیان هەبێت”
نوچەنێت
سەرگوڵ قەرەداغی ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوا دەکەوێت، ئەو دواکەوتنە بووەتە نەریت و بەوەش شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان دەکەوێتە ژیر پرسیارەوە، بۆیە “دەبێت ئۆپۆزسیۆن هەڵوێستیان هەبێت”.
سەرگوڵ قەرەداغی ئهندامی پهرلهمانی كوردستان لهفراكسێۆنی كۆمهڵی ئیسلامی، لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت وتی” کۆمەڵێک ئاماژە هەن وامان لێدەکات، گومانمان هەبێت هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوادەکەوێت، گرنگترینیان دواکەوتنی بەردەوامی هەڵبژاردنەکانە لە کوردستان، بە درێژایی حوکمڕانی هەرێم هیچ هەڵبژاردنێک لە کاتی خۆیدا نەکراوە و بووە بەنەریت ئەبێ دوا بکەوێت، هۆکاری دووەم هەوڵدانی دەسەڵاتە بۆ دروستکردنی کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەویش پێویستی بەکاتی زۆرە، ئەمەش وادەکات هەڵبژاردنەکان دوا بکەوێت، هەروەها ئێستا ماوەیەکی کەم ماوە بۆ کاتی هەڵبژاردن و بە رەسمی هیچ جوڵەو هەوڵێک نابینین لەلایەنی دەسەڵاتەوە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردن”.
ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئسیلامی، لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، زیانەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان واباس دەکات کە”زیانی ئەبێ بۆ پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەسی دەسەڵات، ئەبێتە هۆی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لەمافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، زیانە گەورەکەشی ئەوەیە، کە لەو کاتەدا پێشێلکاری یاسا روودەدات و شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.
سەرگوڵ قەرەداغی بەدەنگهاتنی ئۆپۆزسیۆن لەئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان بەپێویست دەبینێت و دەڵێت”ئەبێ ئۆپۆزسیۆن هەڵوێستی هەبێت لەکاتی دواخستنی هەڵبژاردندا، لەوەڵامی ئەم دواییەیشیاندا بۆ دەسەڵات، جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە لەکاتی خۆیدا، من ناتوانم بەناوی هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە قسە بکەم، بەڵام بێگومان لەکاتی خۆیدا هەڵویستی رەسمی رادەگەیەنن”.