ژیان زومبا دەباتەوە کوردستان

0

ژیان زومبا دەباتە کوردستان

نوچەنێت . گۆڤاری سڤیل

بەهرە حەمەڕەش

ژیان سەعید، كاتێك كێشی نەوەت كیلۆ بوو، بێزاری لەڕادەبەدەری لەدەست قەڵەوبوون هەبووە، بەڵام كە لەڕێگای جۆرە مەشقێكەوە كێشی دابەزاند، ئەمە وای لێدەكات راهێنان لەسەر ئەو مەشقە بكات، بۆ ئەوەی لەكوردستانیش قەڵەوەكان بەو رێگایە رزگار بكات.
ئەو مەشقە ناوی زومبایە، كە هەم وەرزشە و هەم سەمایە، لە 150 وڵاتی جیهان سودی لێ وەردەگیرێت و چواردە هەزار ملیۆن كەس ئەنجامیدەدات، بەڵام تا ئێستا لەكوردستان نەناسراوە.
زومبا لەساڵی 1991 لەوڵاتی كۆلۆمبیا لەلایەن مامۆستا بێرتۆ پێرێز كە كورتكراوەی ئەلبێرتۆ پێرێزە داهێنراوە، خۆی مامۆستای وەرزشی ئێرۆبیك بووە دواتر بیری لەتێكەڵكردنی جۆرە سەماكانی، ئیرۆبیك، ساڵسا، كۆمبیا، مەرەنگێ، سامبا، سۆكا، كردۆتەوەو زومبای لێ دروستكردووە.
ئەم مەشقە شەش بەشی هەیە، كە هەموو چینەكان و هەردوو رەگەز دەتوانن سودی لێوەرگرن. هەر بەشەی بۆ چینێك و بەمەبەستێك ئەنجامدەدرێت.
1. zumba fitnes ئەمجۆرە زیاتر گەنج سودی لێوەردەگرێت و بەمەبەستی دابەزاندنی كێش ئەنجام دەدرێت.
2. zumba toning هەڵگرتنی قورسایی لەگەڵەو دوای دابەزاندنی كێش بەمەستی توندكردنەوەی پێستی لەش ئەنجامدەدرێت. پیاوان زیاتر ئەنجامیدەدەن.
3. zumba sentao ئەمجۆرەش هەڵگرتنی قورسایی تێدایەو دوای ئەنجامدانی. جۆری یەكەم و دووەم دەكرێت. لەكاتی وەرزشەكە سود لەكورسی وەردەگیرێت.
4. Zumba tomic ئەمجۆرە بۆ منداڵانە.
5. zumba gold بۆ مرۆڤی بەتەمەن و سكپڕ و كەمئەندامە.
6. zumba agwa لەناو ئاو ئەنجامدەدرێت.
هەر جۆرێك لەم مەشقانە، راهێنەری مەشقەكە بەپێی تەمەن و باڵا و كێشی كەسەكە دیاری دەكات، چونكە هەندێ لەبەشەكان جوڵەی خێرایان هەیە، كە لەوانەیە مرۆڤی بەتەمەن و سكپڕ ناتوانێت جوڵەكان بەو خێراییە ئەنجامبدات.
“لەماوەی شەش مانگدا، بیست و سێ كیلۆ كێشم دابەزاند، سودێكی یەكجار زۆرم لێبینی، بۆیە بڕیارمدا خولی پێگەیاندنی مامۆستایانی زومبا ببینم و بێمەوە لەكوردستان خزمەتی خەڵكەكەمی پێبكەم”. ئەوە قسەی ژیان سەعیدە، كە كچە گەنجێكی دهۆكییە و ساڵانێكە لەوڵاتی سوید دەژی. لەوێ لەرێگای ئەو وەرزشەوە توانیویەتی خۆی لاواز بكات و دەیەوێ ئەم جۆرە مەشقە بهێنێتە كوردستان، ئەگەر پشتگیری بكرێ.
سەبارەت بەجۆری ئەو گۆرانی و مۆسیقایانەی كە لەزومبا سودی لێوەردەگیرێت، ژیان سەعید دەڵێـت، ئەو مۆسیقا و گۆرانیانەی كە بۆ زومبا دانراوە، كە هەرجۆرەی مۆسیقایەكی تایبەتی هەیە، مامۆستا بێرتۆ پێرێز، بەیارمەتی خەڵكی شارەزا دایناوە، مانگانە گۆڕانكاری بەسەردادێت و بۆ هەموو مامۆستایانی زومبا، بەسیدی دەنێردرێت.
زومبا، جلی تایبەتی هەیە، لەو وڵاتانەی دەكرێت، زومبا شۆپ هەیە، بەمەبستی كڕینی ئەم جلانە، بەڵام مەرج نییە لەكاتی مەشقەكە هەر ئەو جلە لەبەربكرێت و دەتوانرێت سود لەجلی وەرزشی دیكە وەربگیرێت.
بەپێی قسەكانی مامۆستا ژیان، زومبا، بۆ چارەسەری شێرپەنجە و ئازاری چۆك و جومگەكان، سودی لێوەردەگرێت، هەروەها ئەو كەسانەی كە باری دەروونی ناجێگیرییان هەیەو بۆ رزگاربوون لەسترێس و ماندووبونی رۆژانە، دەتوانن رۆژانە مەشقی زومبا ئەنجامبدەن، “كە چێژێكی یەكجار خۆش و حەسانەوەی جەستەیی و دەروونی تێدایە”.
هەروەها مامۆستا ژیان سودەكانی ئەو مەشقە زیاتر باس دەكات و دەڵێ جگە لەڕێك بوونی لەشولار، رەونەقێك بەپێست دەدات، لەبەرئەوەی كاتێك چەوری لەش دەسوتێت و لەرێگەی كونیلەكانی پێستەوە دەردەچێت، هەم هۆكاری لابردنی چەورییەكەیەو هەم پاككردنەوەی پێست و هەناسەدانیەتی.
ژیان سەعید، جەخت لەوە دەكاتەوە كە زومبا، بەشێوەی گروپ ئەنجامدەدرێت، بەپێچەوانەی وەرزشەكانی دیكە مرۆڤ لەجیاتی بێزاربوون، حەزناكات تەواوبێت.
گوتیشی، كاتێك چومە فێرگەكانی سوید، لەبارەی بایەخدانیان بەوەرزش و جۆرەها فكرەی پێشكەوتوی وەرزشی، بەزەییم بەخۆم و خەڵكی وڵاتەكەی خۆمدا هاتەوە، كە مامۆستاكانی ئێمە لەوانەی وەرزش دەیانگوت بڕۆنە گۆڕەپانی قوتابخانەو دەنگەدەنگ مەكەن، قەت بیریان لەوە نەدەكردەوە شتێكمان لەبارەی وەرزشەوە فێربكەن.

نمونەیەک لە وەرزش و دانسی زومبا

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com