نەخشە رێگای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان: با سەرۆک کۆمارو وەزیرە کوردەکان دەست لەکار بکێشنەوە

0

 

نەخشە رێگا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند

بزوتنەوەی گۆڕان
لەئێستادا ململانێی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند زۆر توند بوە، سەرەڕای بەردەوامی كێشەكانی بودجە و نەوت و پێشمەرگە و…هتد، هەنوكە گۆڕاوی نوێش لە پەیوەندی نێوان هەردولا هاتۆتە كایەوە، بەتایبەتیش دوای پێكهێنانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە و هێنانی هێزی زیاتری سوپای عێراق بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان، لەپارێزگای كەركوك و دیالە وسەلاحەدین، ئەگەری رودانی پێكدادانی چەكداری هەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.بۆیە ئێستا لەناوخۆی هەرێم باس لەئەگەر و سیناریۆی جیاواز دەكرێت بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانە، بە پێویست دەزانرێت لە ئێستادا ئەم هەنگاوانە وەك نەخشە رێگایەك بگیرێتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەكە:
یەكەم: لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی كۆمار
سەرۆك كۆمار بەو پێیەی سەرۆكی هەمو عێراقە، لە عێراقدا كێشەیەكی ناوخۆیی هەیە، كە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی لێدەكرێت، دەتوانێت نیوەندگیری بكات لەنێوان لایەنەكانی كێشەكە و فشار بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
سەرۆك كۆماری عێراق بەپێی مادەی 67ی دەستوری عێراق، پارێزەری دەستورە، هەر لایەنێك لە دەستور لابدات، سەرۆك كۆمار دەتوانێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكات لە دادگای فیدراڵی، هەروەها بەپێی ماددەی (61) لەدەستور دەتوانێت داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران (مالیكی) بكات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بۆیە ئەگەر سەرۆك كۆماری عێراق كێشەكانی بەرێگەی سیاسی بۆ چارەسەر نەكرا، پەنابەرێتەبەر رێگا دەستورییەكان، سكاڵا لەسەر سەرۆك وەزیران تۆمار بكات و پاشان داوای سەندنەوەی متمانەی لێ بكات.
دوەم: لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەران
پێویستە فراكسیۆنە كوردییەكان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵەكانیان یەكبخەن و كاربكەن بۆ لێپرسینەوەی (استجواب) سەرۆك وەزیران،  لەبەرامبەر پێشیلكارییە دەستورییەكانی كە بریتیین:
1. بەكارهێنانی سوپا لەململانێ سیاسییەكاندا.
2. دانانی فەرماندەی فیرقەكان لەدەرەوەی پەرلەمان.
3. پشتگوێخستنی جێبەجێكردنی مادەی (140).
4.پێشیلكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگا.
هەروەها هەوڵبدرێت بۆ لێپرسینەوەی سەرۆك وەزیران، فراكسیۆنەكانی تر بەلای خویاندا رابكێشن بەتایبەتیش لیستی عیراقییە.
سێیەم: لەسەر ئاستی حكومەتی ناوەندی
پێویستە لایەنەكانی كورد كەبەشدارن لە حكومەتی ناوەندی هەوڵی چارەسەر كردنی كێشەكان بدەن، لەرێگەی:
1. پشتگیری كردنی هەوڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
2. جوڵاندنی ئەو پرسە لەناو ئەنجومەنی وەزیران.
3.ئاگاداركردنەوەی رای گشتی ناوخۆ و دەرەوە لەو بابەتانە.
4. ئەگەر هەمو هەوڵەكان سەركەوتو نەبو، وەزیرە كوردەكان بكشێنەوە لە حكومەت.ئەگەر ئەم كشانەوەیە هاوكات بێ لەگەڵ دەست لەكاركێشانەوەی سەركۆماری عێراق، ئەوا رەنگە تەنگژەی قوڵ رو بدات بەهۆی بەشدارنەبونی پێكهاتەیەكی سەرەكیی عێراق (كورد) لە دەسەڵاتی جێبەجێ كردنی فیدڕاڵ.
چوارەم: لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك
لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت:
1. بەردەوامی رەتكردنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە لەلایەن دانیشتوان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە، هەروەك چون دەكرێت خۆپیشاندان و رێپێوانی جەماوەری بكرێت بۆ راكێشانی رای گشتی عیراق و جیهان.
2. هەوڵدان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ نەتەوەو پێكهاتەكانی تری شاری كەركوك بۆ قەناعەتپێكردنیان بۆ رەتكردنەوەی  فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە.
3.  جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە لەكەركوك و ناوچەكانی دەورپشتی و ئامادەبون بۆ وەڵامدانەوەی هەر مەترسییەك، بەڵام پێویستە كورد دەستپێشخەری شەڕ نەكات.
4. ئەگەر هەمو هەوڵەكان سەركەوتو نەبو، دەكرێت ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك داوای گەڕاندنەوە بكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان، وەكو پێشتر داوایان كردبو.
پێنجەم: لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
1.  پشتگیری جەماوەری و سیاسی هەرێمی كوردستان لەپارێزگای كەركوك.
2.  ئامادەكردن و سازدانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوییان، گۆڕینیان بۆ هێزێكی نیشتیمانیی پیشەیی.
3. گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی شەرعی بڕیاردان، بەتایبەتیش لەبارودۆخێكی هەستیاری وەك ئێستا، كە پێویستە كۆدەنگی نیشتیمانی هەبێت و بڕیارە چارەنوسسازەكان لەپەرلەمان و بەتوافوقی هەمو لایەنەكان بدرێت.
4. دوركەوتنەوە لەهەمو بڕیارێكی تاكلایەنی حیزبی و كەسی كە كاریگەری هەبێت لەسەر جوڵە سەربازییەكان و ئاسایشی ئەو ناوچانە.
5. هەر رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بكرێت سەبارەت بەم پرسە پێویستە ببەسترێتەوە بەهەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە و گەڕانەوەی دۆخەكە بۆ پێش پێكهێنانی.
6.  ئەنجامدانی چاكسازی بنەڕەتی لەسیستمی سیاسی و دەستەبەركردنی ئازادی و مافەكان، چونكە هێزی هەمو قەوارە و دەوڵەتێك لەناوخۆوە دەستپێدەكات و بەبێ سەقامگیریی سیاسی ناوخۆ، پێگەی دەرەكی هەرێم بەهێز نابێت.
7.  پشت بەستن بەتوانا ناوخۆییەكان و بەگژداچونەوەی گەندەڵی و بەكارهێنانی داهاتەكانی هەرێم بەشێوەیەكی شەفافانە بۆ بوژانەوەی ژێرخانی ئابوریی كوردستان.
شەشەم: لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی
1.  ئەنجامدانی هەڵمەتێكی دیپلۆماسی چڕ لەناوچەكە و جیهان بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری سیاسی بۆ هەرێم.
2. پشت بەستن بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەوڵەتانی دۆست بۆ ناوبژیوانی و پێشكەشكردنی پێشنیاز و چارەسەر.
3. رەوەندی كورد هەڵبستێت بەئەنجامدانی خوپیشاندان و ناڕەزایی دژ بەبڕیارەكانی حكومەتی ناوەند.
4. بەكارهێنانی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق بۆ فشار خستنەسەر حكومەتی ناوەندی، بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری عیراق و هەرێمی كوردستان.
5.  فشار خستنەسەر ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی بەڵینەكانی سەبارەت بەپاراستن دیموكراسی و ئاسایشی عێراق.
6.   دروستكردنی پەیوەندییەكی سیاسیی هاوسەنگ و تەندروست لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان، لەڕێگەی پەیوەندیی دامەزراوە تایبەتەكانی حكومەتی هەرێم (نەك حیزب).بەشێوەیەك نە هەرێمی كوردستان ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوان، نە ئەوانیش دەست لەكاروباری ناوخۆی هەرێم و عێراق وەربدەن.

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com