ڕێباز عەزیز : بە عیسا بڵێن بێتەوە

0
 ڕێباز عەزیز : بە عیسا بڵێن بێتەوە
 با عیسا بێتەوە، خەریكە پاكیزەیی مەریەم بە تاڵان دەبەن
زەمین جمەی دێ لە یەهودا
ئێرە ووشك هەڵاتوە لە دووری یارانی باران
لێرە.. كانیەكان سازگاری یەكتری داگیر دەكەن
 
داربەڕووەكان چنگیان لە ڕەگی یەكدی گیر كردوە و خەریكن قاچەكانی یەكتر دەشكێنن
(رەنگە بەختەوەری ئادەم لەوەدا بوبێ
ئادەمێكی نەبوە دڵی حەواكەی ببات)
 
 كەسێكی دی نەبوە بەسەر ئازاری ئەودا بپەڕێتەوە بۆئەوبەری ئاسودەیی
تا لە حەسرەتی ئەو بێدادیە رۆحمان نەسپاردوە بە رەشەبا
با عیسا بێتەوە..
**********************
خەریكە تەمی ئافات لەسەر پەنجەرەكان دەنیشێ
خیانەت وەك هەواڵی كوشتنی حسێن بە كۆڵاندا دەگەڕێ
كەسێك نابینی شیوەن بكات
كەسێك نیە زنجیری وەفا بەسەرو ملی تۆزاوی خۆی بكێشێ ….
**********************************************************
لێرە منداڵان وانەی غەریبی دەخوێنن، غەریبەكان چاوی منداڵان پڕ دەكەن لە دوكەڵی ترس
سواڵكەرەكان نیشتیمان هەڕاج دەكەن، ناوی خودا لە دەفتەرەكانیان دەسڕنەوە و
لەمەودوا گۆچانەكەی موسا دەپەرستن
روەو تاریكی نوێژ دادەبەستن
ئەوانە كێن؟، سەر بە نەسلی كام خێڵی ئافاتن؟
دەچنەوە سەر رەگەزی كامە جەنگاوەرانی ناموس؟
من دەمەوێ لە میعراجی خەونێكدا بگەمە پەنجەرەكانی فیردەوس
نەكا هەڵمی كەوسەریان بردبێ
نەكا زەفەریان بە خوڕەی روباری شەراب بردبێ و
دەستیان خستبێتە نێو مەركانەكانی ئیمان
***************************************************************
 با عیسا خۆی بێتەوە
بە كۆڵانە خوێناویەكانی نیشتیماندا بگەڕێ
یەك بە یەك خاچەكان كۆ كاتەوە
یە بە یەك كەلەبچە لە دەستی ئایەتەكان بكاتەوە
نەهێڵێ تفەنگچیەكان فیشەك بە خۆرەوە بنێن
مانگ غەرقی خوێن بكەن
رێ نەدا یوسف لە بازاڕی سیاسەتدا هەڕاج بكەن
تا بگەنە بسكەكانی زولەیخا
كچان لە ژووری خەلیفەدا روت كەنەوە
نەبادا لە كۆڵانە تۆزاویەكەی خۆیاندا پەرچەمیان دەركەوێ
جوانیەكان بەلێو دەماڵن
نەكا شەیتان زەفەر بە جحێڵەكانمان بەرێ..
************************************
 
قورسە ئەم باری غەدرە، تاڵە ئەم مەودای چاوەڕوانیە
ئەوانە خەڵكی ئێرە نین !
لە هۆزی دڕندە و
سەر بە قەبیلەی تاریكین !
 
من .. دەرگاکان دادەخەم ، پەنجەرەکان لە قور دەگرم
بەر هەیوان بە چرایەکی کۆن ڕوناک دەکەمەوە
با زاهیدەكان بڕۆنە جەنگ، ئەڤین داران بچنەوە دارستان ، منداڵەکان کۆڵان پڕکەن لە یاری پیربون
ژنەکان لەبەر دەرگا چاوەڕوانی بەخت گرەوەکان بکەن…. …
من بەدوای تەسبیحێک و کورسیەکی داردا دەگەڕێم تا هەموو یادەوەریەکان لەبیر بکەم
مادام کتێب و ئاینەکان دەڵین ، تۆ دەخنکێی لەم زیندانی مرۆڤبونەتدا…
 
***********************************
مەهدی نایە بە عیسا بڵێن. بێتەوە ………..
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com