نەهرۆ جەرجیس : شکاندن
هەست دەکەم
دڵێکی غەریبەم زیز کردوە …!
دڵێک
کە لێوان لێو بوو لە خۆم …
پڕ بوو لەمنی دەریا و
لە ئەوی ئاو …
کە پڕ دەبووم لە بۆشایی
شەپۆڵەکانمی ئەنوسیەوە …
کە غەریبیش
بە تاریکی ڕەنگی دەکرم ،
ئەو دەبوو
بە پێنووسی ڕۆناکی !
کە ئەشبووم ،
بە سەرنشینی پاپۆڕی خەیاڵ ،
ئەو دەبوو
بە هەتاوی ڕۆح و
کزەبای ئێوارانی بەهەشت …!