هەستیار ڕەزا : دڵ شووشەکەم

0

 هەستیار ڕەزا : دڵ شووشەکەم

ئەی ناسکتر و جوانترین لەپەڕەی گوڵی ژورەکەم
بۆچی بەم جۆرە ڕەنجاوی
بۆ چاوەکانت توڕەیە و لێم تۆراوی
ئەی نازانــــی
ئەگەر هێندەی ئەستیرەی ئاسمانی وەفاش
لێم تووڕەبی
ئەگەر هێندەی قوڵی زەریای نائومێدیش
لێم زیز ببی
خۆشەوانە خەو ناچێتە چاوەکانت
هەر لەباوەشی من ئەنووی
دڵ شووشەکەم
من دەزانم تۆ لەتوڕەبوون نازانی
هەرگیز ناتوانی توڕەبی
چونکە ڕۆحت بەبارانی ڕۆحی خودا تێر ئاو بووە
چونکە دڵت بەئاوی دەست نوێژی عیشق زاخاو بووە
دل شووشەکەم
بۆیە ئەڵێم : هەتا ئەبەد توڕە بوون لە تۆ حەرامە
چونکە ئازیز زیاتر لە خۆم شەوانە تۆم خوێندۆتەوە
زیاتر لەخۆم تۆم لەدڵما هەڵگرتوە
زیاتر لە هەناسەکانم هەناسەی تۆم هەڵمژیوە
دل شووشەکەم
ئەی تۆ لەلادی نەژیاوی
ئەی سروشتی جوانی لادی
ئەوینێکی کریستاڵی پێ نەداوی
خۆتۆ وەک و کیژی شار نیت
دڵت ڕەق بێت وەک شۆستەو شەقامەکانی
تۆ لەهەناوی ڕووبار و گوڵ و جوانی و
عیشق و بەهار هەڵ قوڵاوی
دڵ شووشەکەم
ئەی بەیانیان بەدەنگی چۆلەکەیەکی مێ
هەڵنەستاوی
ئەی تۆ لەگەڵ دەنگی ئاو و
دڵی هەور و
فرمێسکی گوڵە نازنازێک نەگریاوی
ئەی میهرەبانیت لە خۆر و
جوانیت لەهەناسەی بەفر و
ناسکیشت لەڕووخساری نوورینی مانگ
بۆ خۆت نەبـــــرد
ئەی بۆنە سادە خۆشەکەت
لەمێخەکی بەرۆکی فریشتەی خواوە
لەشەوی قەدرا وەرنەگرت
ئاخر گیانە تۆ چۆن ئەتوانی توڕەبی
چۆن ئەتوانی لێم بڕەنجێی
تۆیەک تەنها بۆ شکانی نینۆکێکت
شکان ئەکەیت بەمیوانی نینۆکەکانی تریشت
هەتا دڵی ئەو پەنجەیەی تر بەیتەوە و غەمبار نەبێ
تۆیەک لــــــــــــەگەل
گمەگمو گریانی کۆترێکی خودا
کەلەبەر باران وەستاوە و
کزە بایەک هێلانەکی لێ تێک داوە
هەتا بەیانی نەنووستوویت
تۆیەک خاوەن ئەم دلە بی
خـــــــاوەن ئەم هەست و سۆزەبی
تۆیەک هێندە دڵ شووشەبی
دڵنیابە هەرگیز ناتوانی توڕەبی .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com