تەرزە جاف: ژنانە باسی پرسێکی سیاسی دەکەم

0

نوچەنێت

ژنە شاعیر تەرزە جاف، شعرێكی بە ناوی” دەوڵەت پیاوێکە حەزم لێیەتی” وەک وەڵامێک بۆ سەرۆککۆماری عیراق نوسیوەو دەڵێت”پرسی سەربەخۆیی پرسێكی گرنگە. نابێت كوردێك هەبێت دژی ئەو پرسە بێت ، ئەوە بەلای من خیانەتە، چونکە سەربەخۆی مەسەلەیەكی حزبی نییە، بەڵكو گرەوێك نییە بزانین بارزانی، دەیباتەوە یان نەیارانی”.

نوچەنێت: بۆچی ئەم شعرەت نوسی؟

تەرزە جاف: من حیزبایەتیم نەكردوە، بەڵام بەقەناعەتەوەدەڵێم ئێستا كاتی ئەوەیە، کە هەموان بەهەموو ڕەنگەكانەوە پشتگیری لەهەنگاوەكانی ئەو كەسە یان ئەو لایەنە بكەین، كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت،‌ من سیاسەت وەك یاریەكی پیاوانەدەبینم، زۆربەی جار ئەوەندەبەكەلە رەقی دەكەونە ناوی، لە پێناو بردنەوەدا ئامانجە گەورەکە لە بیردەکەن.

دڵسۆزبوون بۆ حزب بگاتە ئە و رادەیەی، کە حزب خۆشەویستتر بێت لەخاك، كارەساتە! من بەخەونیش باوەڕم ‌نەدەكرد لەدۆخێكی وەك ئێستادا كەوا هەموو نەخشەی ناوچەكە سەر لەبەری هەڵدەوەشێتەوەو دەرفەتێک، ئەگەر لاواز یان بەهێز، بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە بۆ سەربەخۆبوون لەم عیراقەی كە هیچی بۆ كورد نەبوە، لەنەهامەتی و خوێن رشتن زیاتر، كوردێك هەبێت دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكات! ئەمەلای من بەمانای وشە خیانەتە.

نوچەنێت: ئایا بابەتی سەربەخۆیی بە حزبی کراوە؟

تەرزەجاف: سەربەخۆیی مەسەلەیەكی حزبی نییە، گرەوێكی حیزبی نییە بزانین بارزانی دەیباتەوەیان دوژمنانی، سەربەخۆیی ئەو خەونەیە كە هەزاران شەهیدی هەموو حزبەكان بەحەسرەتیەوەخوێنیان ڕژاوە.

نوچەنێت: قسەکەی سەرۆککۆماری عیراق، بەم رادەیەی ئازاری دا، لە وەڵامەکەی شعر بنوسی؟

تەرزەجاف: قسەی سەرۆك كۆماری عیراق ئازارم نادات. ئەوەندەی قسەی گەنجێكی ئاسایی ئازارم دەدات، كە دەكەوێتەژێر كاریگەری ئەو قسەیە و كوێرانە دەیڵێتەوە. من دەتوانم لەسیاسەتی حیزبەكەی سەرۆك كۆمار تێبگەم ، بەڵام رای گەنجێك كە دەكەوێتەژێر كاریگەری ئەو سیاسەتە غەمگینم دەكات.

نوچەننێت: کەواتە شعەرەکەت ناچێءتە چوارچێوەیەیکی سیاسی؟

تەرزەجاف: ئەم تێكستە لای من شیعر نییە. دەردەدڵە. قسەیە…هەرچیەك بێت بەڵام من ناوی نانێم شیعر، من ژنانە باسی پرسێكی سیاسی دەكەم كە ئەویش پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردییە.

دەقی تێکستەکە:

ئه‌و پیاوه‌یه ‌په‌رده‌ ده‌كات به‌ په‌نجه‌ره‌كانه‌وه ،
په‌رژین به‌ده‌وری ماڵدا داده‌كوتێت ،
ناسنامه ‌ده‌دات به‌ كوڕه‌كانم،
كچه‌كان ده‌كاته ‌شازاده‌ی ماڵه‌ باوكیان.

ئه‌و پیاوه‌یه ‌له‌جیاتی ببێت بە ‌جاش ئه‌بێت بەخاوه‌ن ماڵ و به‌ژنی لە بەژنی دراوسێكان بڵندترە.
‌ئەو پیاوه‌یه ‌كه‌ هات ئیتر حورمەت دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ ، له‌دراوسێ ته‌ماعكارەكان دەمپارێزێت ،
ئەو پیاوێكه ‌درۆ ناكات ،
ناوی خۆیم دەداتێ و پاسپۆرته‌كه‌م لە زێڕ هەڵدەكێشێت.
ئەم عەشقەیە ‌من لە ژنێكی فەلووجە جیا ده‌كاته‌وه‌
له‌شیمالی حه‌بیبه‌وه ‌دەمكاتەوە به‌خاوه‌ن ماڵی خۆم.
من په‌راسویه‌ك نیم له‌جه‌سته‌ی پیاوێك كه ‌عێراقه‌
من به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌بمه ‌شاژنی قه‌ڵای خۆم
ئەو دەوڵەتەی ، گەر پیاوێك بێت ، من حەزی لێ ئەكەم ،
ده‌مباته ‌ماڵی خۆی
له‌جیاتی یاری به‌خه‌ونه‌كانی كچێنیم بكات خه‌ونه‌كانم دێنێته‌ د‌ی
‌ڕێگاكانم بۆ كورت ده‌كاته‌وه و ‌دوور دوور بە درۆكانی نامبات.
دەوڵەت پیاوێكە ، حەزم لێیەتی من.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com