د.عومەر نورەدینی: ئەزمونى ئیسرائیل بۆ گەلى کوردستان ئەزمونێکە دەکرێ پەندى زۆرى لێ وەربگیرێت

0

نوچەنێت: تایبەت
دکتۆر عومەر نورەدینی. جێگری سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە هەولێر و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت سەبارەت بە رێککەوتننامەی (سایکس_ بیکۆ) و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەڵێت “هەموو دەوڵەتانى عەرەبى دژى بە دەوڵەت بوونى جولەکە وەستانەوە، بەڵام لە ساڵى 1948 کە دەوڵەتیان ڕاگەیاند عەرەب ئیعترافیان پێ نەکرد جولەکە بە ئیرادەى سیاسى و کۆمەڵایەتى یەکگرتووى خۆیان و پاشان پشتیوانى نیودەوڵەتى توانیان بمیینەوەو ببنە دەوڵەت و ئەزموونى ئیسرائیل بۆ گەلى کوردستان ئەزموونێکە دەکرێ پەندى زۆرى لێ وەربگیرێت”. بۆیە کوردیش نابێت دەرفەت لە دەستبدات.
نوچەنێت: رێککەوتننامەی سایکس _ بیکۆ ساڵی 1916 لە بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان چی بووە، ئایا تا ئێستاش ئەو بەرژەوەندییە وەک خۆی ماوەتەوە یان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
د.عومەر: بەرژەوەندییەکان ئابورى و بازرگانى و سیاسى و سەربازى بوون، چونکە لە رێککەوتنەکەدا باسى ڕێگاى هاموشۆى ئاوى و وشکانى و دروستکردنى هێڵى ئاسنیین کراوە، کە ئەو ڕیگایانە بۆ بازرگانى و چالاکى ئابورى و پەیوەندى سەربازى ئەوکاتى بەریتانیا و فەڕەنسا زۆر گرنگ بوون. دواتریش دۆزینەوەى نەوت لە ناوچەکە بەتایبەتى ویلایەتى موسڵ، واى کرد کە بەریتانیا پێداگیری لەسەر ئەوەبکات کە بخرێتە سەر عێراق و بکەوێتە ژێر سایە و دەسەڵات و قەڵەمڕەوى خۆى، چونکە دەوڵەتى فەرەنسا و بەریتانیاى ئەوکات دوو دەوڵەتى داگیرکەر و کۆلۆنیالیست بوون، دەیانویست لە ناوچەیەکى گرنگى وەک ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێگە وشوێنگەى ستراتیژى خۆیان بپارێزن و مسۆگەرى بکەن. بەرژەوەندییەکانى ئەو وڵاتانە لە ناوچەکە هەرماوە، بەڵام ئامرازەکانى هێنانەدى ئەو بەرژەوەندییانە گۆڕانیان بەسەرداهاتووە و شێوازى سیاسەتى مسۆگەر کردنى بەرژەوەندییەکان وەک ئەوکات نەماوە. بۆ نمونە ئەوکات دیپلۆماسیەتى نهێنى و رێککەوتنامەى نهێنى یەکێک بوون لە ئامرازەکان، بەڵام ئێستا ئەم ئامرازانە زۆر بەکەمى بەکاردەهێنرێن و ریسوایى میللى و نێودەوڵەتى بۆ ئەو دەوڵەتانە دەهێنن، کە پەناى بۆ دەبەن. نابێت ئەوەشمان لە بیربچێ ئیستا بەریتانیا و فەرەنسا دەوڵەتى داگیرکەر و کۆڵۆنیالیست نەماون.
نوچەنێت: ئایا وڵاتانی ناوچەکە تا چەند سودمەند بوون لە دابەشکردنی کوردستان (سایکس _ بیکۆ)؟
د.عومەر: پێموایە نەک سوودمەند نەبوون، بەڵکو وەک دەوڵەت و وەک کۆمەڵگا زیانى گەورەیان لێ کەوت بەتایبەتى کە جگە لە سیاسەتى داگیرکارى و کێشانى سنور بەزۆرەملێ و دوور لە ویست و بەرژەوەندى گەلان لەو وڵاتانەى کوردستانیان بەسەردا دابەش کرا، سیستەمى سیاسى نادیموکراسى و دیکتاتۆرى لە سەربنەماى هزرى ناسیۆنالیستى بەرچاو تەنگ و مەزهەبى و ئایینى توندڕە و حوکمڕانیان کردووە، دەسەڵاتى سیاسیان پاوان کرد. بەمەش هەم لەبونیاتنانى دەوڵەتى مۆدێڕن کە ببێتە خزمەتکارى کۆمەڵگا و،هەم لە پێشخستنى کۆمەڵگا شکستیان خوارد و لەجیاتى چارەسەرى کێشەى کورد بەشێوەى دیموکراسیانە و ئاشتیانە، پەنایان بۆ سیاسەتى وێرانکەرى سەرکوتکردن و جینۆساید و راگۆاستن و سزاو ئەشکەنجەدان برد. بەمەش گەلى کوردستانیان ناچار کرد پەنا بۆ شۆڕش و بەرگرى چەکدارى بەرێت، سەرەنجام لە هەموو ئەو دەوڵەتانەى کوردیان بەسەردا دابەش بووە جەنگى ناوخۆ سەرى هەڵداو، بەمەش سەقامگیرى و ئاسایش و ئارامى سیاسى و کۆمەڵایەتییان لە دەستدا کە زۆر پێویستن بۆ گەشەى دەوڵەت و کۆمەڵگا و سەرەنجام بەهۆى دابەشکردنى ناڕەواییانەى نەتەوەى کورد و خاکى کوردستان و پاشان حوکمڕانیەتى فاشیلەوە، زیانى گەورەى بەشەرى و معنوى و ماددى گەورەیان لەخۆیاندا .
نوچەنێت: رێگرییەکانی بەردەم هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتننامەیە چین؟
د.عومەر: بەربەستەکان جۆراوجۆرن. لە بارەى یاساییەوە ئەو سنورانەى لە دابەشکارى سایکس_ بیکۆ کەوتنەوە و، ئەو دەوڵەتانەى لە ناوچەکە دواى سایکس_ بیکۆ و کۆتایى جەنگى جیهانى یەکەم دروستبوون، شەرعیەتى یاسایى نێودەوڵەتییان وەرگرتووە، چونکە دەوڵەتەکان بوونە ئەندام لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەى گەلان و دواتر نەتەوەیەکگرتوەکان، سنورەکانیش بوونەتە سنورى رەسمى و یاسایى دەوڵەتان، واتا ئەو سنور و دەوڵەتانەى لەهەناوى سایکس_ بیکۆ لە دایکبوون، شەرعیەتى سەرچاوەگرتوویان لە یاساى نێودەوڵەتى هەیە، لە لایەکى ترەوە لە رووى سیاسییەوە هەڵوێستى دەوڵەتانى ناوچەکە ئێران و تورکیا و عێراق هەتا ڕژێمى بەشار ئەسەد، دژى هەڵوەشانەوەى سنورى نێوان دەوڵەتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستن و هەتا دەوڵەتانى عەرەبى و کۆمەڵگای عەرەبیش دژى هەڵوەشانى دەوڵەتانى وەک سوریا وعێراقن و ئەوانیش پێگە وهێزى سیاسەتکردنیان هەیە.
لە لایەکى ترەوە، تا ئێستا هیچ لایەنێکى نێودەوڵەتى جا رێکخراوى نێودەوڵەتى بێت یان دەوڵەتى زلهێزى نێودەوڵەتى، داواى بەستنى کۆنگرەیەکى نێودەوڵەتییان بۆ کۆتایى هێنان بەمیراتى دابەشکارى سایکس_بیکۆ نەکردووە. لە بیریشمان نەچێت کە ئەوەى ئێستا داواى کۆتایى هاتنى میراتى سایکس_ بیکۆ دەکات زیاتر گەلى کوردستانە، کە پێویستە لە رووى هەلومەرجى خودى و ناوخۆ باشتر خۆى بۆ ئەم داواکاریە ئامادە بکات .
نوچەنێت: کام لە زلهێزەکان دژی هەڵوەشانەوەین؟
د.عومەر: هیچ زلهێزێک ئەوەى ڕانەگەیاندوە کە کار بۆ دابەشکردنى دەوڵەتانى ناوچەکە دەکات و هەرگیز نابێ چاوەرێى ئەمەشمان هەبێت، بەڵام کە دابەشبوون روویدا و گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆیان بە ڕێککەوتن یان بە ناچارى و بە زۆر کردیان ئەوا دەوڵەتان قبوڵى دەکەن و،هەڵسوکەوتى لە گەڵ دەکەن بە تایبەتى ئەگەر جیابوونە و دابەشکردنەکە بە رێککەوتن و بە میکانیزمى وەک ریفراندۆم و خاوەن شەرعیەتى هەڵبژاردن بێت وەک چۆن لە سودان 2011 و تەیمورى ڕۆژهەڵات 1999 و مونتینیگرۆ لە یۆگۆسلافیاى پێشو 1995 روویدا و گەلى ئەم وڵاتانە بوونە خاوەن دەوڵەتى خۆیان.
نوچەنێت: ئایا دەوڵەتی کوردی بکرێتە دیفاتۆ پێتانوایە، تا چەند وڵاتان دانی پێدا دەنێن؟ ئایا پێویستە کورد ئەوە بکات؟
د.عومەر: وەک ئاماژەم پێدا گرنگە سەرکردایەتى سیاسى کورد و گەلى هەرێمى کوردستان هەوڵ بدەن، بە رێککەوتن لە گەڵ بەغدا بگەنە جۆرێک لە دۆزینەوەى میکانیزمی هاوبەش بۆ ئەوەى گەلى هەرێمى کوردستان پیادەى مافى دیارى کردنى چارەنوسى خۆى بکات. ئەوکات دەرفەتى قبوڵکردنى دەوڵەتى کوردى زیاتر دەبێت، بەتایبەتى لە سەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەتا ئەگەر یەکلایەنانەش ڕابگەێندرێ چاوەڕێ دەکرێ هەندێ دەوڵەت دانى پێدا بنێن وەک: هەنگاریا – ئیسرائیل – چونکە سەرۆک وەزیرەکانیان بە ئاشکرا پشتیوانیان دەربڕیوە. بۆیە ئەگەر یەکلایەنە ڕابگەیەندرێ تحدیاتى زۆرتر دەبن، بەڵام ئەگەر بە تەفاهوم بێ مەترسییەکان کەمتر دەبن.
لە گەڵ ئەوەشدا دەبێ بزانین دەرفەتى سیاسى و مێژوویى هاتۆتە پێش و لە کیس دانى بێ دوودڵى و راشکاوانە جگە لە گەوجێتى سیاسى هیچى دیکە نییە، ئەگەر ئێمە بمانەوێ خەونى مێژویى بەدەوڵەت بوون بکەین بەواقیع، دەبێت ئامادەیمان تێدابێ بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەترسى و تحدیات وهەڕەشەکان. هەموو دەوڵەتانى عەرەبى دژى بە دەوڵەت بوونى جولەکە وەستانەوە، بەڵام لە ساڵى 1948 کە دەوڵەتیان ڕاگەیاند عەرەب ئیعترافیان پێ نەکرد جولەکە بە ئیرادەى سیاسى و کۆمەڵایەتى یەکگرتووى خۆیان و پاشان پشتیوانى نیودەوڵەتى، توانیان بمیینەوەو ببنە دەوڵەت، تۆ لە لایەنى دینى جولەکە گەڕێ بەڵام وەک ئەزموونى گەلێک کە دەبنە دەوڵەت ئەزموونى ئیسرائیل بۆ گەلى کوردستان ئەزموونێکە دەکرێ پەندى زۆرى لێ وەربگیرێ.
نوچەنێت: ئایا کاریگەری ریفراندۆم چی دەبێت و چۆن کار دەکاتە سەر ئەو رێککەوتنە(سایکس_بیکۆ)؟
د،عومەر: ریفراندۆم مافێکى یاسایى و دیموکراتى و ڕەواى گەلانە. بۆ بڕیاردان لە چارەنوس و دانان و هەموارى دەستور و یەکلاکردنەوەى پرسى چارەنوسسازى ناوخۆ وهەتا پەیوەندیدار بە سیاسەتى دەرەوەى دەوڵەت، رێفراندۆم یان وەک راوێژ وپرس و را بە گەل پیادە دەبێت، یان بە بەشێوەى پابەند بوون بە ئەنجامەکەى ئەوەى لەهەرێمى کوردستان، مەبەستە ئەنجام بدرێ ئەوەیە کە لە دیارێکردنى چارەنوسى گەلى کوردستان و پەیوەندى لە گەڵ حکومەتى عیراق راوێژ و پرس و را بە گەل دەکرێ و، شەرعیەت دەدرێتە ئەو داوایەى گەل مەبەستییەتى.
مەرج نییە یەکسەر دواى ریفراندۆم جاڕی دەوڵەتى کوردستان و دابەشکردنى عیراق بدەى، بەڵام ئەگەر گەل دەنگى بۆ سەربەخۆیى دا ئەوە شەرعیەتى میللى دەبێتە پشتیوانى بۆداواو ئامانجى سیاسى و بە عیراق و دەوڵەتان و راى گشتى دنیا ڕادەگەیەنى، ئەمە بڕیارى گەلى کوردستانە و دەبێت ڕێز لە خواست و ویست و ئیرادەى گەل بگیرێت.

نوچەنێت: هەندێک را هەن دەڵێن، با راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیێندرێت، پێویستی بە ریفراندۆم نییە؟ تا چەند ئەو رایە گۆنجاوە؟
د.عومەر: من پێم وایە ئەنجامدانى ریفراندۆم لە سەر زەمینەیەکى لە بار و گونجاوى ناوخۆ لە ڕووى سیاسى و کۆمەڵایەتى هیزى شەرعیەتى گەل، بە داواکارى سیاسى سەربەخۆیى دەبەخشێ و بەشدار دەبێت لە رەخساندنى ژینگەیەکى سیاسى لە ناوخۆ و هەتا لە سەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتیش، سەرەنجام خزمەتێکى باشى سیاسەتى سەربەخۆیى و پاشان پرۆسەى راگەیاندن و بونیات نانى دەوڵەت دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com