ئومێد م عه‌لی قه‌ره‌داغی : دەقە ئایینییەکان دەخرێنە خزمەتی سیاسه‌ت، ئایین لەکەدار دەکرێت

0

نابێت سیاسەت ببێتە فاکتەرێک کە پەروەردە و ئایینی خەڵک ئاڕاستە بکات

دەبوو زۆر لە مێژەوە کورد خزمەتی بەرهەمەکانی مامۆستا سه‌عید نورسی بکردایە   

لەوڵاتاندا دەیان لایەن هەن کە خۆیان بە شوێنکەوتەی مامۆستا نوورسی دەزانن و نموونەشیان لە وڵاتی تورکیا زۆره‌

له‌ پێشانگای كتێب به‌زیاتر لە (200) به‌شداریمان كرد زیاد لە (60%)ی ئەو بەرهەمانەى ناردبوومان بۆ پیشانگاکە فرۆشران و نەگەڕێنرانەوە

ناوەندی ئارا بۆ چاپ و ڕاگەیاندن وەک ناوەندێکی کارا لەبواری چاپەمەنی و پەروەردەیی کار دەکەن، تا ئێستا ٣٠٠ بەرهەمی چاپکراویان هەیە، خوێنەری بەرهەمەکانیان بەتایبەت چینی گەنجانن.

ئومێد محەمەد عەلی قەرەداغی بەڕێوەبەری ناوەندی ئارا، لەوەڵامی پرسیارەکانی نوچەنێت، تیشک دەخاتە سەر کارو ئامانجەکانی ناوەندەکە، و ئەو گرفتانەی بۆ کاری ئەوان دروستبووە.

نوچەنێت. تایبه‌ت

نوچەنێت: ناوەندی ئارا چۆن دامەزرا ؟ چۆن و بۆ بیرتان لێکردەوە؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: لەسەرەتادا کۆمەڵە گەنجێکی خۆبەخش بیریان لەوە کردەوە، کە کارێک بکەن و خزمەتێک بگەیەنن بە بواری پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێکی سەرەکی : 

– بواری پەروەردە بوارێکی زۆر گرنگە و پەیوەندیی هەیە بە هەموو تاکێکەوە و، لەم هەرێمەدا تا ئەو کاتەی کە ناوەندەکە دامەزرا، دەزگای پسپۆری تایبەت بەدی نەدەکرا کە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەدا تایبەتمەند بێت بە بواری پەروەردە، ئەم ڕاستییەشمان پاش لێکۆڵینەوەمان سەبارەت بە بەرهەمەکانی نێو کتێبخانە کوردییەکان بۆ دەرکەوت، بۆیە بڕیارمان دا کە ببینە هەوێنێک بۆ ئەو کارە، هەرچەند کارێکی ئاڵۆز و دژوارە بەڵام ئێمە وەک سەرەتایەک دەست بەکاربووین تێیدا. 

– زۆر جار دەقە ئایینییەکان دەخرێنە خزمەتی مەرامە سیاسییەکان و، دواتر شێوازی پەروەردەی گونجاو بەو بۆچوونە سیاسییانە دادەتاشرێت و، بەم شێوەیە پیرۆزیی ئایین لەکەدار دەکرێت و دەبێتە مەیدانێک بۆ کێشمەکێشی سیاسییەکان و، گەنجان لەو نێوانەدا دەبنە هەوێن و کەرەستەی ئەو ناکۆکییانە، بۆیە گرنگە پیرۆزیى بەها و بنەماى ئایین بپارێزرێت و، گەنجان سەرقالی مافەکانی خۆیان بن لە فێربوون و کار و گەشەپێدان لە پێناو وڵاتەکەیاندا.

نوچەنێت: دەڵێن بە پێویستی دەزانین ئایین بە پیرۆزیی خۆی بمێنێتەوە و چیدی بۆ مەرامێکی سیاسی ئایین بەکار نەیەت، بۆچی پێتان وایە سیاسەت پیرۆزیی لە ئایین سەندووەتەوە؟؟

ئومێد محمد عەلى قەرەداغى: ئەڵبەتە کاری ناوەندەکە دژایەتیی سیاسەت نییە، بەڵکو سیاسەت بوارێکە و پەروەردە و فێرکردن و ئایین بوارێکی دیکە، لێرەدا ئێمە باس لەوە دەکەین نابێت سیاسەت ببێتە فاکتەرێک کە پەروەردە و ئایینی خەڵکان ئاڕاستە بکات، بەڵکو سیاسەت وەک هونەرێک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات کار دەکات و، ئایینیش یەکێکە لە مافەکانی هەموو تاکێک، کە دەبێت هەر کەسێک بەوپەڕی ئازادییەوە وەریبگرێت نەک لەلایەن کەسان و لایەنەکانەوە دیاری بکرێت بۆى.

نوچەنێت: ئێوه‌ وەکو ڕێکخراوێک کار دەکەن، یان تەنها ناوەندێکن بۆ ڕاگەیاندن؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: دیارە کە (ناوەندی راگەیاندنی ئارا) وەک ناوەندێک کار دەکات، و بواری راگەیاندنی هەڵبژاردووە وەک میکانیزمێک بۆ گەیاندنی پەیامەکەی.

نوچەنێت: ناوەندەکەتان، تەنها کاری چاپکردنی کتێبە یان چ بوارێکی تری راگەیاندن هەیە ئێوە کاری لەسەر دەکەن؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: لە ڕابردوودا کاری لەسەر بابەتی بیستراو و بینراو دەکرد، لەگەڵ بەچاپگەیاندنی کتێب و نامیلکە، بەڵام لە ئێستادا تەنها کاری بەچاپ گەیاندن دەکات بۆ ئەو بەرهەمانەی کە بریاریان لەسەر دەدات.

نوچەنێت : چۆن بڕیار لەسەر بەرهەمەکان دەدەن، لەسەر چ ئەساسێک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن؟

ئومێد محمد عەلى قەرەداغى: کەسانێکی پسپۆر هەن لە ناوەندەکەدا دیراسەی ئەو بەرهەمانە دەکەن، و بە چەند پێوەرێکی زانستی هەڵیاندەبژێرین، پاشان قسە لەگەل دەزگای خاوەنی بەرهەمەکە دەکرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر نرخی ماف، دوای ڕێککەوتنیش وەرگێران و کارەکانی دیی بەرهەمەکە ڕێی خۆیان دەگرن.

نوچەنێت: بۆچی ناوەندی ئارا زیاتر کار لەسەر ئەو کتێبانە دەکەن، کە باکگراوەندێکی دینیان هەیە؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: هەر ناوەندێک یاخود دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە جیهاندا هەوڵ دەدات کە لە بوارێکدا قاڵ ببێتەوە و بەوەوە بناسرێت و ببێتە سەرچاوە لەو بوارەدا، ناوەندەکەمان بواری پەروەردەی هەڵبژاردووە، بۆ تەمەنەکانی (٢-٣٠) ساڵ و، (پەروەردەی ئایینی و دەروونی و تەندروستی و … هتد) لەو بوارانەن کە ناوەندەکە کاریان تێدا دەکات و، لە سەرجەمیشیاندا بەرهەمی هەبووە.

نوچه‌نێت : بەڵام چەند رۆمانێکی ئێوەم خوێندووەتەوە و، تێیاندا چارەسەری هەموو گرفتەکان بەگەڕانەوە بۆ دین دەزانن، یان هۆکاری سەرهەڵدانی گرفتەکانی تاک وا دەناسێنن کە ئەو کاراکتەرانە باکگراوەند و ئیلتیزامی دینیان نەبووە، بۆ نموونە، ئایسێل، محەمەد دوزجەیی.. بەسەرهاتەکانی: بەهار هاتە ژیانمەوە، پیاوێک بەدووی خۆیدا دەگەڕێت، هتد … پرسیار ئەوەیە: بۆچی دین؟

ئومێد محمد عەلى قەرەداغى: بەڵی وەک باسمان کرد ناوەندەکە لەسەر بواری پەروەردە کار دەکات و یەکێک لە لایەنەکانی پەروەردەش ئایینە، ئەو ڕۆمانانەش کە جەنابت باسیان لێوە دەکەیت سەرچاوەیان پەیامەکانی نووری مامۆستای نوورسییە و، باس لەوە دەکەن کە ئایین ڕێگای ئاسوودەیی ناخەکانە و، ئایین (وەک خۆی) تەبایی و ئارامی لە کۆمەڵگادا بڵاودەکاتەوە.

نوچەنێت: چی ناوەندی ئارا و نورسییەکان دەبەستێتەوە بەیەکەوە ؟ چونکە ئێوە زیاتر کار لەسەر گەیاندنی بڕوای بەدیعولزەمان (سەعیدی نوورسی) دەکەن؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی : ناوەندی ئارا کار لەسەر بواری پەروەردە دەکات، بۆیە ئاساییە بەرهەمی هەر زانایەک بڵاوبکاتەوە کە لەو بوارەدا خزمەتێکی کردبێت، بە تایبەتیش زانای گەورەی کورد (مامۆستا سەعیدی نورسی) کە لە جیهاندا گرنگییەکی بەرچاوى پێ دراوە و بەرهەمەکانی وەرگێردراونەتە سەر چەندین زمان، شانازییەکە بۆ گەلی کورد کە زانای وای تێدابێت. بەڕاستى دەبوو زۆر لە مێژەوە کورد خزمەتی بەرهەمەکانی ئەو زانایەی بکردایە   

سەبارەت بەوانەی کە بەرێزت ناوت نان نوورسیەکان، لەراستیدا لە وڵاتاندا دەیان لایەن هەن کە خۆیان بە شوێنکەوتەی مامۆستا نوورسی دەزانن و نموونەشیان لە وڵاتی تورکیا زۆرە. ئەڵبەتە ناوەندەکەمان هیچ پێویستییەکی بەوە نەبووە کە ببێتە لایەنگری لایەنێکیان تاکو خزمەت بە نوورسی بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە؛ نوورسی لە ئێمەی کوردەوە نزیکترە تاکو نەتەوەکانى دی.. واتە هیچ پەیوەندییەکمان نییە بە هیچ لایەنێکیانەوە.

 نوچەنێت: بەڵام ئەوەی ناوەندەکەی بەڕێزتان دەیکات تەنها کارکردن نییە لەسەر بەرهەمی جەنابی؟ زۆربەی ڕۆمانەکان باسی ئەوە دەکەن کە گەڕانەوە بۆ بڕواکانی ئەو چارەسەرە، لەهەموو رۆمانەکاندا باسی بڕوا و خوێندنەوەکانی ئەو زانا بەڕێزە هەیە بۆ دین، پرسیار ئەوەیە: بۆچی تەنها ئەو؟

ئومێد محمد عەلى قەرەداغى: سەرچاوەی زنجیرەی ڕۆمانەکانی مامۆستا (خالید ئیرتوغرول) پەیامەکانی نووری مامۆستا سەعیدی نوورسییە، بۆیە ئاساییە لەو ڕۆمانانەدا پەیامەکانی نوورسی وەک چارەسەر باسیان لێوە بکرێت، لە هەمان کاتدا دەیان بەرهەمی پەروەردەیی دیکەمان بە چاپ گەیاندوە کە باس لە پەروەردە دەکەن و تەنانەت ناوی مامۆستای نوورسی و پەیامەکانیشی تێدا نەهاتووە، واتە بەرهەمەکانی مامۆستا و ئەو بەرهەمانەی لەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە بەشێکن لە بەرهەمەکانى ناوەندەکەمان، نە زۆربەی بەرهەمەکانمانن و نە نیوەشیان، بەڵکو بەشێکن.

نوچەنێت: بازاڕی چاپەمەنی بەگشتی لاوازە لە کوردستان، چاپکراوەکانی ئێوە لەو بارەیەوە چۆنن؟ چ چینێک زیاتر خوێنەری کتێبەکانی ئێوەن؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: لە ڕاستیدا بازاری چاپەمەنی کاتێک لاواز دەبێت کە بواری ئابووریی خەڵک ئاسایی نەبێت و، خەڵکی هەست بە ئاسوودەیی نەکەن، لەم دۆخانەشدا سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن زەرەریان کردووە، ناوەندەکەى ئێمەش بەدوور نییە لەوە، بەڵام ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین تاکو بتوانین ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی تێبپەڕێنین.

وەک باسکرا ناوەندەکەمان بۆ تەمەنی (٢-٣٠) ساڵ کار دەکات، بۆیە دیارە کە خوێنەری بەرهەمەکانمان لە نێوان ئەو دوو تەمەنەدان، بەگشتیش گەنجان زیاتر خوێنەری بەرهەمەکانمانن.

نوچەنێت: لە پێشانگای کتێب وەک تیراژ، ژمارە، چەند بەرهەمتان پێشبینی دەکرد و چەندی خواستی لەسەربوو فرۆشران؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: ئەوەنەی بەدیکرا گەنجان زیاتر هەواداری بەرهەمەکانی ناوەندەکە بوون و، لەچاو ئەم بارودۆخەشدا فرۆشی بەرهەمەکان تاڕادەیەک باش بوو .

نوچه‌نێت : ئەی لەهەردوو پێشانگاکە بەچ ژمارە بەرهەمێک بەشداریتان کرد، چەندی مانەوە لای خۆتان بە هۆکارى خراپیی دۆخی خەڵک کە باستان کرد ؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی : لە راستیدا ناوەندەکە بە سەرجەم ئەو بەرهەمانەی بەشداریی کرد کە لەم دواییانەدا چاپی کردوون، چونکە زۆر بەرهەممان هەیە کە نوسخەیان نەماوە، ئەمەش واتە لە پیشانگاکە زیاتر لە (200) ناونیشانمان هەبوون و، سوپاس بۆ خوا زۆریک لە بەرهەمەکان خواستیان لەسەربوو. ئەتوانین بڵیین زیاد لە (60%)ی ئەو بەرهەمانەى ناردبوومان بۆ پیشانگاکە فرۆشران و نەگەڕێنرانەوە.

نوچەنێت: جگە لەچاپەمەنی هیچ رێگەیەکی ترتان هەیە بۆ زیادکردنی خوێنەری بەرهەمەکانتان؟ چۆن کار لەسەر ئەوە دەکەن؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی : چەندین رێکخراو هەن لە کوردستاندا کە کار لەسەر ئەوە دەکەن رێژەی خوێندنەوە لە کوردستاندا بەرز بکەنەوە، یەکێک لەوانە رێکخراوی (خوێنەری کارا)یە کە بەرێز مامۆستا (ئەبو بکر قادر) سەرۆکایەتیی دەکات، ئەوان گرنگییەکی زۆر باش دەدەن بە خوێندنەوە و پرۆژەی جۆراوجۆریان هەیە لەو بوارەدا، هەر بۆیە گرنگییان داوە بە بەرهەمە پەروەردەییەکانی ناوەندەکەمان، لەمبارەیەوە سوپاسیان دەکەین. 

واتە ئێمە تەنها سەرقالی ئامادەکردنی بەرهەمی زانستین لە بواری پەروەردەدا و، هیوادارین لە داهاتوودا بتوانین هاوکاری ئەو ڕێکخراوە بەرێزانە بین لەو کارە پیرۆزەیاندا.

نوچەنێت: بۆچی زۆربەی بەرهەمەکانتان وەرگێڕدراون، بەتایبەت لە تورکییەوە؟ بۆچی کار لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی و بەرهەمی نووسەرانی کوردستان ناکەن؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی: ناوەندەکەمان گرنگیی داوە بە بەرهەمی ناوخۆیی و دەیان بەرهەمی بە چاپ گەیاندوە، بایەخیشى داوە بە بەرهەمی بیانی. وەک ئاشکرایە وەرگێران بە درێژایی مێژوو گەورەترین دەرگای زانست و ڕۆشنبیری بووە.. سەبارەت بە گرنگیدان بە وەرگێڕانیش نموونەیەک دەهێنمەوە: کاتیک نووسەرێکی بیانیی خاوەن چەند بڕوانامەیەکی باڵا لە پسپۆرییەکەیدا و، خاوەند چەندین ساڵ ئەزموون لە بوارەکەیدایە، ئەوا گەر دەزگایەکی پەسەندکراو لەپشتی بێت تاکو کتێبێک بەرهەم بهێنێت، دەبینین سەدان هەزار نوسخەی لێ چاپ دەکریت و، وەردەگێردرێتە سەر چەندین زمان و سەدان هەزار کەس لە جیهاندا سوودمەند دەبن لێی.. بێگومان ئەم بەرهەمە زۆر جیاواز دەبێت لای خوێنەران تاکو بەرهەمێکی نێوخۆیی. 

لە مەیدانى کتێبخانەى بەرهەمە نێوخۆییەکاندا هەندێک جار – بەداخەوە – نووسەرمان هەیە لە بوارێکدا دەنووسێت کە هیچ پسپۆرییەکی تێدا نییە و، تەنها قسەی خۆیەتی! بە دڵنیاییەوە ئەو بەرهەمە لای خوێنەران ئەو گرنگییەی پێ نادرێت و، بەم شێوەیە لە فرۆشگەکاندا چەندین ساڵ تاق دەگرێت و نافرۆشرێت، لە کۆتاییدا دەدرێتەوە بە نووسەرەکەی و، دواتر لەوانەیە گلەیی ئەوەش بکرێت کە خوێنەر کەمە !!

سەبارەت بە بەرهەمی لە تورکییەوە وەرگێڕدراویش: ناوەندەکەمان تاکو ئێستا زیاد لە (٣٠٠) کتێبی بەرهەم هێناوە و تەنها (٤٠) لەو بەرهەمانە لە تورکییەوە وەرگێردراون، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارەی کە باسمان کرد ئەو بەرهەمانە زیاتر دیار دەبن و، وادەزانرێت ناوەندەکە تەنها گرنگیی بەو لایەنە داوە.

نوچەنێت : دواین پرۆژەی ناوەندەکەتان چییە ؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی : زۆر بەرهەممان هەبوون کە لەبەر ئەم بارودۆخە کارتێداکرنیانمان وەستاندووە و، چاوەروانین لە داهاتوودا بیانخەینەوە ژێر کار، بەڵام ئێستا ناوەندەکەمان کار لەسەر بەرهەمەکانی (د.عبد الکریم بکار) دەکات و، بە نیازە لە ماوەیەکی نزیدا سەرجەمیان بخاتە بەر دیدی خوێنەران، ئەمە سەرەراى چەند بەرهەمێکیش بۆ مناڵان.

نوچەنێت: ئەو کۆسپانە چین کە دێنە رێگەتان؟

ئومێد محمد علی قەرەداغی : لەراستیدا چەند کۆسپێک هەن لەوانەیە خوێنەر پێیان نەزانێت بەڵام لەهەمان کاتدا دەبنە کێشە بۆ ناوەندەکە :

– گلەیی لە نرخ : نرخی بەرهەمەکانی ناوەندەکە زۆر گونجاوە، بەڵکو هەرزانترە لە زۆرێک لە بەرهەمە هاوشێوەکان، بەڵام هەندێک ئازیز رەخنەی ئەوە دەگرن کە بۆچی نرخەکان داناشکێنن، ئێمەش بەو ئازیزانە دەڵێین: ئەو نرخەى لەسەر بەرهەمەکە نووسراوە نرخی تێچوونییەتى و دەبێت چەند جارێکیش لە چاپ بدرێتەوە تاکو نرخی (مافی نووسەر و کۆمپانیای بەرهەمهێنەر)و وەرگێڕان و پێداچوونەوە و چەندین کاری هونەری پەیدا بکاتەوە. هەروەها ئەو نرخەی لەسەر بەرهەمەکە دانراوە نرخى ڕاستەقینەیە، ئەمەش جیاوازە لەگەڵ هەندێک لە کتێبخانەکان کە نرخێکى دیاریکراو لەسەر بەرهەمەکە نانووسن و، دواتر داشکاندن دەکەن لە (4٠% یان 50% )، کە بە داخەوە راستییەکە ئەوەیە کە نرخی کتێبەکە دووقات دەکەنەوە پاشان داشکاندنی بۆ دەکەن، یاخود نرخێکی بەرز دەنووسن و دواتر داشکاندنی بۆ دەکەن ، بۆ نموونە کتێبێک بایی (٣٠٠٠) دینارە ئەو لەسەر بەرگەکە دەنووسێت (٦٠٠٠) دینار و دواتر بە داشکاندنی لەسەدا پەنجا بە (٣٠٠٠) دەیفرۆشێت!!

ئێمە ئەو کتێبە بە داشکاندنی ٢٥% دەدەین بە (٢٢٥٠)دینار، بۆیە هیوادارم خوێنەر داشکاندن بە رێژە سەیر نەکات بەڵکو بە نرخی کۆتا، هەروەها بەراوردی بکات بە قەبارە و ناوەڕۆک پێش ئەوەی گلەیی بکات لە دەزگاکان.

– کێشەی دووەم ئەوەیە هەندێک لە خوێنەران حەزدەکەن بەرهەمەکان بگەیەننە هاوڕێکانیان بۆیە هەڵدەستن بە کۆپی کردنی (تایبەت بە سیدی) یاخود دابەزاندنی کتێب لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەشێوەى(pdf). دیارە کە ئەوەش کارێکی نایاسایی و ناشەرعییە و زەرەری زۆری دەبێت بۆ ناوەندەکە و، لە جیهاندا بە (دزی) ناوی لێ نراوە و، هەندێک لەو بەرێزانە دەیانەوێت بە بابەتی دزراو ڕەفتاری خۆیان چاک بکەن، کە ئەوەش کارێکی سەیرە!! هەندێکیش بەخێر ناوی دەبەن، بەڵام ئایا دەکرێت بەکارێک کە خوا پێی ناخۆشە بتەوێت خوا لە خۆت ڕازی بکەیت؟!!

13076638_1178817245484047_4770206395815071579_n

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com