دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە ١٠ ساڵە سەردان و کۆبونەوەی لوتکە لەنێوان سویدو کوردستان گرێنەدراوە

0

سەرۆک وەزیرانی سوید لەپێشوازی نێچرڤان بارزانی ساڵی 2001

وێڕای کرانەوەی کوردستان بەرووی دنیا

دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە ١٠ ساڵە سەردان و کۆبونەوەی لوتکە لەنێوان سویدو کوردستان گرێنەدراوە

رزگار رەزا چوچانی / سوید

لەدوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سوید، زیاتر لە ١٠ ساڵە کۆبونەوەی لوتکە لەنێوان حکومەتی سوید و کوردستان گرێ نەدراوە، ئەویش لەکاتێدا زۆربەی سیاسییەکانی کورد ئەم پەیوەندییە بەپێویستیەکی گەورە بۆ کوردستان ناو دەبەن و پێیان وایە سوید دەتوانێت سودی گەورە بەو وڵاتە بگەیەنێت، ئەوەی زیاتر جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، سەردان و پێشوازی رەسمی لەنێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی سویدو وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی رەسمی، لەکاتێکدا بوو کە گرێدانی پەیوەندی بەو رەسمییەو لەو ئاستەدا بەتایبەت لەگەڵ وڵاتی سوید بۆ کوردستان وەک مەحاڵ دەبینرا، ئەویش بەهۆی بەرژەوەندی وڵاتانی سەرمایەدار لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەرەسمی نەناسینی حکومەتی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقدا. لەئەمرۆشدا وێڕای شەرعیەتی یاسایی و دەستوری هەرێمی کوردستان و پێگەی باشی ئەو هەرێمە لەبواری نەوت و گازی دنیادا، زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر ئەو سەردانەی بارزانیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام دانیشتن و کۆبونەوەی لوتکە لەنێوان کوردستان و سویددا گرێنەدراوە.

خاتوو ئەننالیندی کۆچ کردوو وەزیری دەرەوەی سوید لەپێشوازی نێچیرڤان بارزانی ساڵی 2001

وڵاتی سوید یەکێک لە وڵاتە هەرە گرنگەکانی جیهانە و خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە، شێوازی بەڕێوەبردن و سیاسەت و دیبلۆماسیەت و دیموکراسی و ئازادی و مافەکانی تاک و سیستەمی پەروەردە و بەرزی ئاستی تەکنیکی سوید جێی سەرەجی زۆربەی وڵاتانی دنیایە، کوردە سیاسییەکانی سوید ئەوانەی کەلەم وڵاتەدا ژیان بەسەر دەبەن، زیاتر لە لەشێوەی بەرزی حوکمڕانیکردنی ئەم وڵاتە ئاگادارن، بۆیە پەرۆشن بۆ دروستبونی پەیوەندی بە‌هێزی کوردستان لەگەڵ سوید و خوازیاری گواستنەوەی لایەنە گرنگەکانی بەڕێوەبردنی وڵات و کۆمەڵگەی مەدەنین لە سویدەوە بۆ کوردستان، بەڵام وێڕای ئەوەی کە سوید خاوەنی پێگەی بەرزی خۆیەتی لە دیبلۆماسیەت و سیاسەتی دنیاو لە دیموکراسیەت و ئیدارەدانی وڵات و هەبونی ژمارەیەکی زۆری کورد لەم وڵاتەدا، لەم ساڵانەی دوایدا پەیوەندی حکومەتی کوردستان بەم وڵاتە کاریگەرەوە روو لەپاشەکشەیە، زیاتر لە ١٠ ساڵە و لە دوای سەردانەکەی ساڵی ٢٠٠١ ی نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ سوید، سەردان و کۆبونەوەی لوتکە لەنێوان حکومەتی سوید و کوردستاندا گرێنەدراوە، ئەویش لەکاتێکدا کە زۆربەی چاودێرانی سیاسی دروستکردنی پەیوەندی لەوکات کە نێچیرڤان بارزانی سەردانی سویدی کرد بەهۆی ئەوەی کورد خاوەنی دوو ئیدارە بوو حکومەتی عێراق بەربەستی گەورەبوو، بەمە حاڵتر باس دەکەن لەئەمرۆ، چونکە ئەمرۆ کوردستان خاوەنی کیانێکی دانپێنراوە لەچوارچێوەی عێراقدا و توانای کرانەوەی زیاتری بەڕووی دنیادا هەیە، بەڵام لە کرداردا ئەم کرانەوەیە لەنێوان کوردستان و سوید نابنرێت.
پەیوەندی سوید و کوردستان بۆ گرنگە؟.
لەبارەی گرنگی و پێویستی ئەو پەیوەندییەوە، دکتۆر حسەین خەلیقی وەک کوردێکی چالاک و سیاسەتزان لەم وڵاتە، گرنگی دروستکردنی ئەو پەیوەندییە وا باس دەکات کە“وڵاتی سوید لانی کەم ١٥٠ ساڵە راهێنان و تەمرینی دیموکراسی دەکەن و دیموکراسی تیا پیادەدەکرێت، وڵاتێکە لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی ڕێزدانان بۆ تاک بەرپاکردنی دادوەری و چەسپاندنی پتەوی بنەماکانی دەوڵەتداری و یاساکانی مرۆڤدۆستی دروست بووە، ئەگەر باشوری کوردستان نەک بە دروشم و راگەیاندن. بەڵکو بەکردار بتوانێت ئەو کەلتوری یاساو رێسا و ئەو شێوازی دەسەڵاتداری و وڵات بەڕێوەبردنی ئێرە و پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات و دەوری خەڵک لەپێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و لە حکومەتداریداو ئەو هەستکردن بە بەرپرسارەتیەی تاک و دەسەڵات لەبەرانبەر یەک کە لە سویددا هەیە، ببەنەوە باشوری کوردستان و لانی کەم تەنها %٣٠ ئەو لایەنانەی سوید کەباسم کرد چاوی لێ بکەن و لێوەی فێربن، گەورەترین دەستکەوتمان دەبێت”، خەلیقی زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت”بۆ باشوری کوردستان زۆر گرنگە، کار بکات بۆ ئەوەی پەیوەندی پەروەردەو فێرکردن دیپلۆماسیەت و سیاسی لەگەڵ سوید هەبێت، هەوڵ بدات بۆ راگواستنی بیروبۆچونی دیموکراسیخوازی سوید و کەڵک وەرگرتن لەو نۆرمە سیاسیانەی کە لێرە هەن، بەتایبەت لەباری پەوەردەییەوە چونکە وەک دیارە خەڵکی کوردستان ئەگەر حەزیشی پێ بێت، لەباری فکرییەوە ئامادەیی بۆ وەرگرتنی دیموکراسی نییە، بۆیە دەکرێت سوید وانەو دەرسی زیندوو بێت بۆ خەڵکی ئێمە و لەڕێگای پەیوەندییەکی بەهێزەوە ئەم کلتورە دەوڵەمەندەی ئەم وڵاتە لە دیموکراسییدا بگوازینەوە کوردستان”.
هەر لەو بارەیەوە تەها بەرواری نوێنەری پێشووی حکومەتی کوردستان لە سوید گرنگی پەیوەندی نێوان کوردستان و سوید وا باس دەکات “جالییەکی زۆری کوردستانی لە سویدەو کاران و یەکەم وڵاتە کە گروپێکی ئەتنیکی لە کۆی ٣٤٩ ئەندامی پەرلەمان ٥ کوردی تێدایەو پێنج کوردیش ئەندامی یەدەکی پەرلەمانن، جگە لەپەرلەمان و حکومەتە هەرێمیەکانی پارێزگاکان، راستیەکی سەلمێنراوە کە کوردەکانی سوید پێشەنگن لە ناوکوردستانیەکانی دیاسپۆرادا، هەروەها کۆمەڵیک دامەزراوەی کوردی لە سویدن کە نەخشیان هەیە لە بەهیزکردنی پەیوەندیەکان و سەرمایەیەکی مرۆڤی گەورەی کوردی لە سویدە کە پێویستی بە رێکخستنە بۆ ئاوەدان کردن و گەشەسەندنی کوردستان لە زۆربەی بوارەکاندا، لایەنێکی تری گرنگی و پێویستی ئەو پەیوەندییە، پێگەی سویدە لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان، کە پێگەیەکی بەهیزەو گەیشتنی دەنگی کورد بۆ ناوەندێکی وەها بە تایبەتی بۆ ئێستا کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق دەکشێنەوەو و لە دوای خۆیان کۆمەڵێک کێشەی چارەسەرنەکراوە بەجی دەهێڵن، هەروەها  سوید ووڵاتێکی پێشەنگە لە رووی فێرکاری و پێشەسازی و  تواناسازی دامەزراوەیی و مرۆڤی و چەسپاندنی دیمۆکراسیدا کە دەکرێت کوردستان لەو روەوە سودی زۆری لێ ببینێت”.

مەحمود فەهمی کادری حزبی مۆدێراتی سوید و ئەندامی خولی پێشووی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە گرنگی پەیوەندی سویدو کوردستان واباس دەکات”ئەم پەیوەندییە بۆ حکومەتی هەرێم لەچەند لایەنەوە گرنگە، یەکەم هەوڵی فێربوونە لە چۆنیەتی سیاسەتکردنی سوید لە جیهاندا، فێربون لە سیاسەتکردنی سیاسییەکانی ئەم وڵاتە کە پڕاو پڕە لە عەڵی سیاسی و دیپلۆماسیەتی بەهێز، هەورەها لەڕووی ئابوورییەوە سوید کارگەو کۆمپانیایی زۆر گەورە و خاوەن قورسیەتی هەیە لە دنیادا، زۆر لەخزمەتی کوردایە رایانکێشێتە وڵاتی خۆی، لەبارەی ئیدارەدانی وڵاتەوە کاری ئیداری و ئیدارەدانی فەرمانگەکانی ئەم وڵاتە لە جیهاندا لەئاستی باڵادایە، کوردیش لەو بارەیەوە کێشەی هەیەو زۆر باشە لە سویدەوە فێر بێت، یاسای فەرمانگەکان شێوازی بەڕێوەبردنەکان بگوازێتەوە وڵاتی خۆی و پەیوەندی لەگەڵ سوید رێگای دووری خۆفێرکردن لەو بوارانەدا، بۆ کورد نزیک دەکاتەوە”.
بەڵام مەحمود فەهمی پێی وایە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە کاری جدی دەوێت و دەبێت کورد دەستپێشخەر بێت چونکە”حزبەکانی سوید رای جیاجیان هەیە لەسەر کوردستان، هەیانە ڕای پۆزەتیڤە و هەیانە پێچەوانە، ئەو ماوەی کە لەپەڕلەمان بووم، هەستم دەکرد هەندێک پارت و سیاسی هەن رای زۆر خراپیان هەیە بەرانبەر بەکوردستان، خەڵک هەبوو لە پەڕلەماندا بە ئاشکرا باسی دەکرد کە دژی ئەو سەربەخۆییەی هەرێمی کوردستانن، پێیان وابوو کورد نابێ ئەوەی هەبێت و دەبێت لەژێر ئاڵای بەغدا بێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین سەرەتای روخانی عێراق سویدییەکان خۆیان لەپەیوەندی لەگەڵ عێراقیش دەپاراست، خۆیان دەپاراست لە تێکەڵ بوون بە عێراقی دوای سەدام. بەڵام دواتر بەهۆی کاری عێراقییەکانەوە سەریان کردە عیراق و پەیوەندییان لەگەڵ بنیات نان، بۆیە دەبێت حکومەتی کوردستانیش کاری جدی بکات و ئەو ساردییەی ئێستا نەهێڵێت، لەم پەیوەندییەدا پێویستە کورد دەستپێشخەر بێت، چونکە سوید بەهۆی قورسیەتی دیپلۆماسی خۆی هەندێک خۆ پارێزە، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی پێویستی بە دڵنیایی هەیە، نابێت کورد پەیوەندی لەگەڵ ئەم جۆرە وڵاتانە هەڵبگرێت بۆ زەمەن و چاوەڕێی گۆڕانکاری بێت لە روانینی ئەو وڵاتانە، بەڵکو دەبێت خۆی گۆڕانکاری دروست بکات لە روانینیاندا و بیانباتە کوردستان، چونکە وەک وتم لەزۆر روویەکەوە دەکرێت سوید سود بەکوردستان بگەیەنێت”.

هەر لەبارەی گرنگی پەیوەندی نێوان کوردستان و حکومەتی سوید، جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید لەپارتی سەوز بۆ سڤیل پێی وایە، بۆ ئەمرۆی کوردستان زۆر گرنگە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سویدو  وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوودا هەبێت، بەتایبەت سوید زۆر بەگرنگ باس دەکات و دەڵێت کوردستان لەزۆر روەوە دەتوانێت سود لە سوید وەربگرێت، وەک” فێربوون لە فکرو ئەزومونی سوید لە دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانی، کۆمپانیاکانی سوید دەتوانن بچنە کوردستان و لەوێ خۆیان دامەزرێنن خوێندنکاران و پزیشکان و پێشەوەران و بازرگانان و بەڵێندەران و خەڵکی زۆر بواری تری کورد دەتوانن بێنە سویدو لە زانیاری و ئەزمونی ئێرەوە فێربن، هەروەها سوید دەتوانێت پاڵپشتێکی باش بێت بۆ خواستی خەڵک لە بەدیموکراتی بوون و رێگرتن لەمافەکانی مرۆڤ، ئەوە جیا لەوەی کە کوردێکی زۆری دیاسپۆرا لە لە سوید دەژین و زۆر گرنگە پەیوەندی باشیان لەگەڵ کوردستان هەبێت” ئەمین تەئکید لەوەش دەکاتەوە کە پەیوەندی حکومەتی سوید و کوردستان لەو روانەوە زۆر لە بەرژەوەندی کوردستان دەبێت.
دژواری دروستکردنی پەیوەندی ئەوکات و ئێستا

ئەوەی لای چاودێرانی سیاسی کورد جێی سەرەنجە ئەوەیە کە ئەگەرچی لەکاتی حکومی بەعسدا لەعێراق دروستکردنی پەیوەندی سوید لەگەڵ کوردستان زۆر سەختتر دەبینرا لەئێستا بەڵام لەنێوان هەردوولادا دانیشتن لەسەر ئاستی لوتکەدا کراوەو لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی سویدەوە، بەرەسمی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام ئەمرۆ وێڕای کرانەوەی دەرگاکان هەست بە پاشکشەی ئەو پەیوەندییە دەکرێت لە ئاساتی باڵادا.
دکتۆر حسەین خەلیقی سیاسەتوانی کورد بۆ سڤیل بەراوردی هەوردوو زەمەنەکە دەکات و دەڵێت”ئێستا دەستی کورد ئاواڵاترە بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە، تا ئەوکاتی کە رێژێمی سەدام لە حکوم مابوو، چونکە ئەوکات بەهۆی هەبونی هەژمونی عێراق وەك حکومەت، هەرگیز نەمانتوانیوە پەیوەندی راستەوخۆ بگرین، ئێستا ئێمە ئازادترین ئێستا دەستکراوترین ئیستا مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سوید دەکرێت بەرەسمی بێت و دەتوانم بڵێم %٨٠ دەتوانێت زۆر بەباشی کاری بۆ بکات و لەگەڵ دەمودەزگاو بنکەو دامەزراوە دیموکراتیەکان و لایەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم وڵاتە کە لەئاستی بەرزی دنیادان، پەیوەندی بگرێت و ئەو تاقیکارییە گەورەی ئەمان لە ئیدارەکردنی وڵات و دیموکراسی و راگرتنی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک کە هەیانە بیگوازنەوە بۆ کوردستان، لەکاتێکدا کوردستان زۆر پێویستی پێیەتی، بەڵام لەو بارەوە هەنگاوی پێویست نابینرێت هۆکاریش بریتییە لە دەوڵەتیانە تەعامولکردنی سوید، بۆ مامەڵەی رەسمی لەگەڵ دەوڵەتە رەسمییەکان و کەموکوڕی و کەمتەرخەمی زۆری حکومەتی هەرێم بۆ دروستکردنی ئەم پەیوەندییە”.

جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید بۆ سڤیل بێگومانی رادەگەیەنێت لەوەی لەکاتی حکومەتی بەعسدا دروستکردنی ئەو پەیوەندییە زۆر سەختتر بووەو “ئەمرۆ گرێدانی پەیوەندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ زۆر سوید ئاسانترە هەم رووی سیاسی و هەم ئیکۆنۆمی هەم پەیوەندی زانستی و زۆر بواری تر، ئێستا دەتوانین بە ئاسانترین شێوە پەیوەندیی بنیات بنێین”. بەڵام وەک ئەو دەڵێ  پەیوەندی هەر رژێم و حکومەتێک لەگەڵ دنیادا پەیوەستە بەسیاسەتی ئەو سیاسیانەی بڕیار لەسەر وڵات دەدەن و وڵات بەڕێوە دەبەن بۆیە هیوادارە”لە داهاتوودا بتوانین پەیوەندییەکانمان چڕتر بکەینەوە لەگەڵ سوید و باقی وڵاتی تری دنیا”.
لەبارەی زەمیینە سازی بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لەهەردوو زەمەندا، تەها بەرواری، نوێنەری پێشووی حکومەتی کوردستان لە سوید رایدەگەیەنێت، سەردەمی بەعس بەهۆی وابەستەیی سوید بە سیاسەت و یاسای نێونەتەوەیی و بەهۆی پەیوەندی بازرگانی بەرزی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دنیا پەیوەندی گرتن ئاسان نەبوو، ئەوەش ئاشکرا دەکات لە دوای روخانی رژێمی عێراقیش پەیوەندی هەمان شێوە پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ حكومەتی سوید ئاسان نەبووە چونکە”سیاسەتی زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا و لەوانە سوید دوای شەری کەنداوی دووەم، کە بە بێ ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵگیرسا، سیاسەتێکی پاسیڤ و موحافزەکارانە بوو لە لایەک و لەلایەکی تریشەو کاری سەرکردایەتی کوردستان لەدوای رۆخانی رژێمی بەغدا سێرەیان(تەرکیزیان) کەوتە بەغدا و هەولێر و سەرقاڵبوون بە رەوشێکی تازە، و دروستبونی ئەم رەوشە تازە وایکرد کەمتر بایەخدرا بە کاری نوێنەرایەتیەکانی هەرێم”.
بەڵام ئەوەی جێی سەرەنج و نیگەرانییە، لای بەرواری، ئەو پاشکەشەی پەیوەندی کوردستانە لەگەڵ ئەم وڵاتە “لەدوای گەشەسەندنی پەیوەندییەکە بە رێگای باڵوێزخانەی سویدو و وەزارەتی دەرەوەی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهۆی هەبونی باڵویزخانەی سوید ئیحراجی کەمترە بووەوە بۆ ووڵاتانی تر تا ناکەونە ژێر فشاری هێزەکانی عەرەبی عێراقی”، بەڵام لەکاتی ئەو گەشەسەندنەدا وەک بەرواری دەڵێت”لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیەکان بە تەواوی برێنران لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ دوای بڕیاری داخستنی دەرگای نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، لەدوای دوبارە یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوبارە رێکخستنەوەی کاری نوێنەرایەتیەکان کارێکی زێدە ناپرۆفێشۆناڵ کرا بە وەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە خەتێک بە سەر پەیوەندیە رەسمیەکانی پێشتری ئەو وڵاتە کێشرا کە لە عورفی دیپلۆماسیدا بۆ هەرێمی وەک کوردستان خەسارەتێکی یەکجار گەورە بوو، هەر ئەوەشە وای کردووە کە دەرهاوێشتەی ئەم بڕیارە زۆر گران کەوتووە لە سەر هەرێمی کوردستان و دەبینین رای رەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان غایبە و ئەوەش بووەتە هۆی بۆشاییەکی زۆر گەورەو خەڵکانێکی زۆرجار پۆپۆلیستی لایەندار تەڕاتێنی تێیدا دەکەن و ژمارەی دۆستان کەمدەکەنەوەو رۆژ بەرۆژ گۆمان زیاتر دەکەن لەسەر هەرێمی کوردستان”.
بەڵام مەحمود فەهمی، سیاسی و ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی سوید رای پێچەوانەی هەیەو پێی وایە ئێستاش بەربەست لەبەردەم کاری دیبلۆماسی کورددا دروستدەکرێت لەلایەن عێراقەوەو بۆ سڤیل رایدەگەیەنێت”سەردەمی سەدام پەیوەندی عێراق هەمووی مەساڵح بوو، سوید پەیوەندی بە‌هێزی بازرگانی هەبوو لەگەڵ عیراقدا، عێراق پارەی دنیای سەرف دەکرد بۆ ئەوەی سەرەنجی وڵاتانی دەرەوە بگرێت، بەو ڕێگاش پەیوەندی دیپلۆماسی کوردی بەرتەسک کردبوەوە، ئێستا مالیکی و حکومەتی عێراق سیاسەتێکی تر بەکار دەهێنن دیسان بەهەمان ئاراستەی بەرتەسککردنی دیبلۆماسیەتی کورد، کە ئەویش بەکار هێنانی ناسنامەی دیموکراتی بونی عێراق و دەستورو ناوەند بوونە، یانی ئەگەر دوێنێ کاتی سەدام عێراق بە زەبری راکێشانی سەرمایەداری و پەیوەندی ئابوری رێگری لە لە دیپلۆماسیەتی کورد دەکرد. ئێستا عێراق بەبەکارهێنانی کارتی دیموکراتی بون و ناوەند بوون و بەشداربونی کورد لە ناوەند هەمان رێگری دەکات، لەباری رەسمیاتیشەوە بەغدا ئیعترافپێکراو ترە بۆیە دەوڵەتانی ئەوروپاو جیهانی دەرەوە بەرەوە ئەوێ دەرۆن”، هەربۆیەش فەهمی پێی وایە”هەردوو سەردەمەکە لەباری ئاسانییەوە جیاوازی نییە دوێنێ کارتی بازرگانی و بەروەژەوەندی سەرمایەداری رێگری کوردبوو، بەڵام لەتەنیشتی ئەو شتێک یارمەتی کوردی دەدا تا ئاستێک کە ئەویش دیکتاتۆریەتی سەدام بوو، بەڵام ئیستا هەم کارتی بازرگانی عێراق هەیە بۆ بەرتەسکردنەوەی دیپلۆماسیەتی کوردی، هەمیش ناسنامە دیکتاتۆریەتەکە نییە بەڵکو کارتی دیموکراتی بوون و بەشداری کارای کوردیشی هاتۆتە پەنا، ئەمەیە وا دەکات حکومەتی کوردستان دەبێت زۆر هۆشیار تر بێت، زۆر چالاکتر بێت زۆر سەرەنجگرانەتر سیاسەت بکات و پەیوەندی دروست بکات، چونکە ئەگەر رێگرییەکان زیادیان کردووە کوردیش دەستکراوەتر بووە دەتوانی بەرژەوەندی هاوبەش بنیات بنێت”.

نێچرڤان بارزانی و هەنگاونان بەسەر بەرژوەندییەکانی بەعس و ئەورپا
وەک سیاسیەکانی کورد لەم وڵاتە ئاشکرایان کرد، ئەو دەمی سەردەمی بەعس پەیوەندی بەستن لەگەڵ حکومەتی سویددا لەکاری مەحاڵ دەچوو، بەهۆی پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشی حکومەتی ئەوکاتی عێراق و وڵاتانی دنیا، بەڵام لەنێوان سوید و کوردستان ئەو پەیوەندییە گرێدراو لەسەر ئاستی رەسمی و لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سوید لەساڵی ٢٠٠١ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرا.

تەها بەرواری نوێنەری ئەو کاتی حکومەتی کوردستان لە سوید و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا، بۆ سڤیل باسی چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ ئەو پێشوازییە لە نێچیرڤان بارزانی و سەختیەکانی بەردەمی دەخاتەڕوو و بەرەو پاشەکشەچونی پەیوەندییەکان لەم سەردەمی کرانەوەی کوردستانیش باس دەکات، بەرواری لەوبارەیەوە دەڵێت” یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی  نوێنەرایەتی هەر ووڵاتێک سازدانی بەرنامەیە بۆ شاندەکان، ئامادەکردنی پرۆگرامێکی لەو چەشنە لە ڕێگای پەیوەندی نوێنەرایەتی بۆ بە کەناڵەکانی رەسمی و کەناڵەکانی تری سیاسی کاریگەر بۆ رێکخستنی پرۆگرامێکی لەو چەشنە، بە تایبەتی لە ناوحزبی فەرمانڕەوای ئەو کاتە واتە سۆسیالدیمۆکراتەکان، کارێکی ئاسان نەبوو، بەهۆی ئەوەی، حکومەتی عێراق فشاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوری زۆری هەبوو لەسەر زۆربەی ووڵاتان و سویدیش لە ئاستی  جیهاندا بەوە ناسراوە کە پابەندی یاسای نێودەوڵەتیە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی ستاتۆسێکی دەستوری نەبو و حکومەتێکی هەرێمی بوو، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا دووالیست بو یان بە واتایەکی تر دووکەرت بوو، بۆیە کار کردن بۆ پێشوازیی لەئاستێکی وا رەسمیدا راستی کارێکی ئاسان نەبوو”، بەرواری رایدەگەیەنێت کە خولقاندنی وەها سەردانێک کارێکی هەروا ئاسان نەبووە ئێستاش رەنگە ئاسان نەبێت وەک ئاگادارم هەندێک لایەنی کوردی لە ئاستێکی عێراق هەوڵیانداوە کە زەمینەی سەردانێکی لەو ئاستە برەخسێنن، بەڵام هەوڵەکان بەهەر هۆکارێک بن بێئاکام بوون”.

ساڵی ٢٠٠١ وێڕای ڕێگری حکومەتی عێراق لەکاری دیبلۆماتی کورد و کێشەکانی ناوخۆی کوردستان و دووبەش بوونی ئیدارەی هەولێرو سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی سەردانی وڵاتی سویدی کردو دانیشتنی رەسمی لەگەڵ یۆران پەشۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی سوید سازکردو، چاوی کەوت بە خاتوو ئەننالیندی کۆچ کردوو، کە ئەوکات وەزیری دەرەوەی سوید بوو هەر لەسەردانەکەیدا، بارزانی بەشداری سمینارێکی گەورەی رەوەندی کوردی کرد، کە لە لایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکوری ئەوروپا رێکخرابوو و تێیدا زیاتر لە ٨٠٠ کەس بەشداربوون، لەدوای ئەو سەردانە رەسمی و لەو ئاستەباڵادا تاکو ئەمرۆ هیچ سەردان و دانیشتنێکی لەو شێوە لەنێوان هەردوولادا نەکراوە.

ئەم راپۆرتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com