حسەین یەزدان پەنا بۆ نوچەنێت : پەکەکە 9 هەڤاڵی ئێمەی شەهیدکردو تەرمەکانی دا بەسوپای پاسداران

0

هەندێ راگەیاندن لەباشوری کوردستان هاوکاری جمهوری ئیسلامین و پڕوپاگەندەی بۆ بڵاودەکەنەوە

تا ئێستا لەشەڕی داعش، (8) شەهید و (21) بریندارمان هەیە

نوچەنێت . تایبەت

حسین یەزدانپەنا جێگرى سەرۆکى پارتى ئازادى کوردستان و فەرماندەى هێزەکانى ئەو حزبە لە دیمانەیەکدا بۆ نوچەنێت، دەڵێت”ئێمە لەژێر گوشار و هەڕەشە و پیلانگێڕی  دامودەزگاى ئەمنى و تیرۆرستى حکوومەتى ئێرانداین، هەروەها کەناڵى راگەیاندن و حزبیش هەن کە هاوکارى جێبەجێکردنى پیلانەکە دەدەن”. ئەوەش ئاشکرادەکات کە”نۆ لە هەڤاڵانى ئێمە لە لایەن پەکەکەوە لە سەر سنور شەهید کران و تەرمەکانیان سوارى هێسترکرد و پێشکەشی سوپاى پاسدارانى ئێرانییان کرد”.

جێگرى سەرۆکى پارتى ئازادى کوردستان بۆ نوچەنێت قسە لەسەر ئامانجەکانی حزبەکانی دەکات و دەڵێت”لەیەکەم ساڵى دامەزراندنمانەوە لە ساڵى 1991 تاکو ئێستا، لەگەڵ ئامانجەکانمان راستگۆین، کەبیرو باوەڕى نەتەوەیى و لێبڕاوى لە خەبات و تێکۆشانە، تێڕوانینمان بۆ داهاتوو کەو تۆتەبەر پیلانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، هێشتا چوار مانگ لە دامەزراندنى پارتى ئازادى کوردستان تێنەپەڕیبوو، کە دامەزرێنەرى ئەو حزبە (سەعید یەزدانپەنا) لە من گەورە تر بوو (براى حسین یەزدانپەنا) لە شارى سلێمانى تیرۆر کرا”.

هەروەها ئاماژە بە تێکۆشانی حزبەکەی لەبەرامبەر کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکات، بەگوتەی ئەو”لە نەوەدەکان پارتى ئازادى کوردستان، دەورێکى گرینگى لە خەباتى چەکداریداهەبووە، ساڵى 1997 و 1998  تەنها هێزێک بوو لە رۆژهەڵاتى کوردستان کەتەقە لەتفەنگى دەهات و شەهیدى دەدا، بۆیە هەمیشە لە گەڵ پیلانى تیرۆرستى رووبەروو بووین، ژمارەیەک لەهەڤاڵى ئێمە لە باشوورى کوردستان و لە سەر سنورەکان تیرۆر دەکران و لە نێوخۆى وڵاتیش هەر تێکۆشەرێکى ئێمە دەستگیر بکرایە و بزانرایە کە لەگەڵ ئێمە خەبات دەکات لە سێدارە دەدرا”.

بە پێى قسەکانى حسین یەزدانپەنا، پارتى ئازادى کوردستان، لە هەموو رۆژهەڵاتى کوردستان چالاکییان هەیە، هەم چالاکی سەربازی و هەمیش چالاکی جەماوەریی.

یەزدان پەنا مەترسییەکانی سەر حزبەکەی زیاتر باس دەکات و دەڵێت”خودى خۆم دەیان جار پیلانى تیرۆرستییان دژم داناوە و دەیان جار پیلانەکانیانمان پوچەڵ کردۆتەوە، بەڵگەمان لە بەر دەستدایە بە گرتەى دەنگى و ڤیدیۆ، جارى وا هەبوو، من ئاگام لێ نەبووە، بەڵام دۆستان زانیویانە و گرتەى دەنگى دانپێدانانى تیرۆرستیان هێناوە بۆم وەک هاوکاریەک”.

پارتى ئازادى کوردستان ئێستا لەسەنگەری پێشمەرگەدان دژ بەداعش و پێشمەرگەکانیان رۆڵێکی بەرچاوی مەیدانییان لەبەرەکانی جەنگ هەیە، جێگری سەرۆکی ئەو حزبەش لەم دیمانەی نوچەنێت ئەوە دەخاتەڕوو کە”چواردە مانگە هێزەکانمان توانیویانە بەعەقڵیەتێکى سیاسی دروست و بە سەلماندنى لێهاتووى سەربازى، لە بەرەکانى شەڕی دژى داعش لە باشوورى کوردستان شەڕبکەن، ئەمەش حەزو ویستى دەوڵەتى ئێرانى پوچەڵکردەوە، کە دەیویست نەهێڵێ تێکۆشەرانى کوردى رۆژهەڵات تێکەڵ بە شەڕى داعش ببن لە باشوورى کوردستان، ئێران زۆر هەوڵیداو گوشارێکى سیاسی زۆرى هێنا بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە پارتى ئازادى کوردستان لە بەرەکانى شەڕى دژى داعش بکشێنرێتەوە، چەند رۆژێک بە شێوەیەکى کاتى پاشەکشەمان کرد، بەڵام دواتر جێگیر بووینەوە، لە ماوەى ئەو چواردە مانگەدا ئەگەر هێزو تواناى پارتى ئازادى بکرێتە سێ بە شەوە، بەشێکى لە شەڕیکى گەرم و بەردەوام لە گەڵ داعش و دوو بەشەکەى تر سەرقاڵى پوچەڵکردنەوەى پیلانگێڕییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بووین، وەک پوچەڵکردنەوەى کاری تیرۆرستی، سیخوڕی و هەوڵى لەیەکترازانى ریزەکانى پێشمەرگە، بۆ هەموو ئەوانە بەڵگەمان لە بەردەستە، لە 23ى 9ى 2015 بەکرێگیراویکى تاوانبار، شەش مانگ بوو هاتبووە نێو ریزەکانى ئێمە، دەرفەتى بۆ هەڵکەوت بۆ ئەنجامدانى کردەوەیەکى تیرۆرستى و لە ئاکامدا بە داخەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون، کە دووانیان لەتیمى پارێزەرانى هەمیشەیی خۆم بوون”.

حسین یەزدانپەنا ڕەخنە لەهەندێ سایت و ماڵپەڕ لە باشورى کوردستان دەگرێت، بە”هاوکارى بڵاوکردنەوەى پڕوپاگەندە بۆ کۆمارى ئیسلامى” تۆمەتباریان دەکات، نموونەى ئەوەش بەو دەنگۆیە دێنێتەوە کە”دوای ئەوەى ئەو سێ پێشمەرگەیە شەهید بوون، زۆر زوو دامودەزگاى کۆمارى ئیسلامى ئێران، خۆیان ئامادە کردبوو لە بەرانبەر کردەوەیەکى وا ئەگەر قەوما بڵێن چى، یەکسەر لە قەزاى مەلەکشاهى سەر بە شارى ئیلامى رۆژهەڵاتى کوردستان، کە شارى شەهیدەکانە بڵاویانکردبووەوە کەئەوانە لە بەر کێشەى کەسی ىشەهید بوون، ئەمە گوازرایەوە بۆ سەر هندێک پەیج و ماڵپەڕى ئینترنێت لە باشوورى کوردستان و رایانگەیاند، کە ئەوە کێشەى کۆمەڵایەتى بووە و هەندێک کەسی تر زۆرتر چوونە پێش و سەخیفانە و بەدڕەوشتانە، رایانگەیاند ئەمە لە ئاکامى کێشەى کۆمەڵایەتى نێوان حسین یەزدان پەنا و بکوژدا ئەم رووداوە روویداوە، دواتر خەستتریان کردەوە کە ئەم سێ کەسە بە بڕیارى خودی پارتى ئازادى کوردستان شەهید کراون، ئەگەرسەیرێکى راگەیاندنەکان بکەین هەموو بەفەرمان و جاسوسەکانى ئێران دەردەکەون و روون دەبێتەوە، چونکە هەموویان وەک ئۆرکسترایەک چ وەک تاک، گروپ، پەیج و تەلەڤزیونێک یەک ئاهەنگ لێدەدەن هەموو هەوڵێکدەدەن بۆ ئەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ژێر بارى ئەم تاوانە بهێنەدەرێ، پارتى ئازادى کوردستان خەوشدار و شەخسییەتى ئێمەش تیرۆر بکەن، ئێستا هێزەکانى پارتى ئازادى تەنها (22) کیلومەتر لە حەویجەوە دوورن، نزیکترین هێز بە حەویجە هێزەکانى ئێمەن، تا ئێستاش، (8) شەهید و (21) بریندارمان هەیە”.

یەزدان پەنا زیاتر باسی فشارەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران دەکات بۆ سەر حزبەکەی و دەڵێت”دەیان پێشمەرگە کەلەریزەکانى حزبەکەى ئێمەدایە ئیتلاعات و سوپاى پاسدارانى ئێران لە لایەن بنەماڵەو خزم و کەس و کاریانەوە فشاریان بۆ دێنن، کەریزەکانى ئەو حزبە بە جێبهێڵن و بۆ کوێ دەچن ئازادن بڕۆن، بەڵام لەوێ نەوەستن، یان داوا دەکەن ببنە سیخووڕ وکارى  تیرۆر بکەن، بەخۆشییەوە بە رێژەکى یەکجار زۆر ئەو پیلانەیان تێکشکاوە و سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام بە رێژەیەکى کەم پەیوەندییان گرتووە لە کۆتایدا بە سەریدا زاڵبووین، ئەوەى ئێستا کۆمارى ئیسلامى دەیکات، دەستپێکردنەوەى هەمان زەنجیرەى تیرۆرەکانە کە لە نەوەدەکاندا دەیکرد، لە نەوەدەکاندا نزیکەى(300) شۆڕشگێڕی رۆژهەڵات تیرۆرکران لەوانەش نزیکەى بیست کەسی ئێمە بە سەعیدى یەزدانپەناشەوە شەهیدکران، ئەم کردەوانە بێدەنگەى لێکرا تاکو هەلومەرجى باشورى کوردستان ، شەڕى داعش، کێشەى سیاسی نێوان حزبەکانى باشوور و زۆر بوونى هەژموونى ئێران لە هەرێمى کوردستان و لە عێراق”.

جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، دەڵێت”لە رۆژى 9ى3ى 2015 خەریکى پاککردنەوەى رووبەرێکى زۆر لەرۆژئاواى کەرکوک بووین، کە بەداخەوە سێ پێشمەرگە لەهەڤاڵانمان تێیدا شەهید ببوون، لە پشتەوە بە هاوەن دروست لەو رەبایە درا کە خۆم تێیدا جێگر دەبووم، بەڵام بە خۆشییەوە کەس زیانى پێ نەگەیشت و خۆم  لەوێ نەبووم دابەزیبوومە نێو شەڕەکەوە. حکوومەتى تاران زۆر تەنگاوە بەبوونى من لە بەرەکانى شەڕدا، چوونکە ئەو فیداکاری و قارەمانییەى کە هێزەکانمان بە فەرمانى من نیشانى داوە و ئەو رۆڵەى کە بینیومانە بۆتە جێگەى دانپێدانانى نێودەوڵەتى و هەرێمى کوردستانیش، بۆیە بەمە نیگەرانن دەیانەوێت بە تیرۆر و تۆقاندن ئێمە لە سەنگەرەکان بهێنە خوارێ”.

هەر لەدیمانەکەی لەگەڵ نوچەنێت، حسەینی یەزدان پەنا، رەخنە لە کەناڵی نەورۆزی سەربە پەکەکە دەگرێت و ئەوە دەخاتەڕوو کە”تەلەڤزیونى نەورۆز زمانحاڵى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) کەسەر بە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) یە، رۆڵى لە هەموویان زۆرتر بینیووە دژ بە ئێمە، ئەمە لە کاتێکدایە موراد قەرەیلان کە یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانى پەکەکەیە، لەکاتى خۆیدا بەرانبەر بە غەدرێک کە لەحزبى ئێمەیان کرد، داواى لێبوردنى کرد و دڵى ئێمەى چاک کردەوە، لە کاتێکیشدا ئەو حزبە پەیوەندى و هاتووچۆى لە گەڵماندا هەیە، کەچى لە تەلەڤزیونى نەورۆزەوە یەک لایەنە بە درۆ باس لە سەرچاوەیەک لە نێو حزبەکەى ئێمە دەکات، کەبەوتەی ئەوان گوایە سێ شەهیدەکە لە ئاکامى بڕیارى حزبەکەى خۆمانەوە کوژراون، تۆمەتى ئەوەمان دەخاتە پاڵ کە خۆمان کردەوەکەمان کردبێ، لە حاڵێکدا تاوانبارەکەمان گرتووە و دانى بەوەدا ناوە کە ئەو کردەوەکەى ئەنجامداوە و هەفتەکانى داهاتوو کەیسەکە دەگاتە ئەنجام. جێگاى پرسیارە کە کوتوپڕ دەزگایەکى راگەیاندن یەکلایەنە درۆیەکی وا هەڵدەبەستێ و بڵاوى دەکاتەوە، پێموایە ئەوە نیشانەى ترس و تۆقاندنى کۆمارى ئێرانە لە گەشە و بەهێز بوونى ئێمەیە و هیچى تر”.

حسین یەزدانپەنا بەپێویستی دەزانێت”خەڵک ئەوە بزانێت کە لە ساڵى (1996) دا (9) لە هەڤاڵانى ئێمە لە لایەن پەکەکەوە لە سنورى خانێ شەهید کران و تەرمەکانیشیان سوارى هێستر کرد و پێشکەشی سوپاى پاسدارانى ئێران کران، ئێستاش گۆڕەکانیان نازانرێ لە کوێیە. سێ ساڵ پێش ئێستا موراد قەرەیلان لە هەنگاوێکى جوامێرانەدا، بە ئامادە بوونى ئێمە لە کۆبونەوەیەک ئەو کردەوەی پەکەکەى رەتکردەوە و ئیدانەى کرد و لە کۆنفرانسێکى چاپەمەنیدا داواى لێبوردنى لە ئێمە و بنەماڵەکانیان کرد”.

جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان، رۆڵێ ئێران لەباشوری کوردستان وا ناو دەبات کە رۆڵێکی”تێکدەرانەیە و بە ئامانجى لەیەک هەڵوەشاندنەوەى ئەوەىە کەپێی دەڵێن هەرێمى کوردستان، دۆستى هیچ هێزێکى سیاسی کورد و پاڵپشتى راستەقینەى کورد نییە، بەڵکو دوژمنێکە وەک گورگێگ لە بەرگى مەڕدا، هەر هێزێکى کوردستانیش پشت بە ئێران ببەستێ سەرئەنجامەکەى کەوتنە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com