ژمارەیەك لە لایەنگرانی یەكێـتی، داوای جێبەجێـكردنی تەواوی بڕیارێكی نێچیرڤان بارزانی دەكەن

0

سەرۆكی لێژنەی زیانلێكەوتوانی یەكێتی لەهەولێر: لێژنەیەكی بە پەلە پێكهێنراوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە تا ئێستا جێبەجێ نەكراون

نوچه‌نێت:

ژمارەیەك لەكەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەی یەكێتی لەهەولێر، باس لەوە دەكەن كە لەساڵی 1994 زەویان پێدراوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆ دەستی بەسەرداگیراوە و دواتر نێچیرڤان بارزانی بڕیاری داوە زەوییان پێبدرێتەوە، بەڵام بۆ هەندێك كەس تا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە. سەرۆكی لیژنەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەواتوانی شەڕی ناوخۆی یەكێتیش، باس لەوە دەكات كە لێژنەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە.
بەپێی هەندێ زانیاری كە ژمارەیەك لەكەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەی یەكێتی بەمەبەستی بڵاوكردنەوە و خستنە بەرچاوی بەرپرسان بە (سڤیل)یان دا تا ئێستا هەندێ خانەوادەی شەهیدانی یەكێتی قەرەبوو نەكراونەتەوە لەبەرامبەر ئەو زەویانەی كە لەشەڕی ناوخۆدا دەستیان بەسەرداگیراوە، “ساڵی 1994 بڕیاری زەوی وەرگرتنمان بۆ دەرچووە، ئەوكات بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی حكومەت بوو، بەڵام زەوییەكانی تاپۆ نەكردبوو، باری سیاسی وای لێهات، بوو بەشەڕی ناوخۆ، ئێمەش زەوییەكانمان تاپۆ نەكرد، دوای ئەوە (پارتی دیموكراتی كوردستان) هاتەوە شاری هەولێر و ئێمەش نەمان توانی تاپۆی بكەین، تاكو وای لێهات بوو بەئاشتی نێوان یەكێـتی و پارتی تا ساڵی 2008 لێژنەی ئاشتی و قەرەبووی نێوان یەكێتی و پارتی موڵك و ماڵی یەكتریان ئازاد دەكرد، ئێمەش تەقریبەن 617 ماڵی شەهید ماینەوە و زەرەرمەند بووین، چونكە ئەم زەویانەمان داگیركرا بوو لەلایەن پارتی و زەوییەكانمان درابوو بە ئەندامانی پارتی، دوای ئەوە قەرەبوومان بۆ دەرچوو لەلایەن كابینەی (نێچیرڤان بارزانی)، ئەوەبوو ساڵی 2008 وەزیری ناوخۆ رەزامەندی دەربڕی كە وەزیری شارەوانی زەوییان بۆ دابین بكات، ئەوەش كرا، لە دوو شوێن لەناو هەولێر جێگای یەكەم تەنیشت شارەوانی، جێگای دووەم لای سیمی خاتووناوا، هەموو شتێك تەواو بوو، هاتە سەر ئەوەی كە زەوییەكانمان بەسەردا دابەش بكەن، بەڵام دیسان لەئیدارەی هەولێر زەوییەكانمان دووبارە راگیرا، تاكو ئێستا یەكێتی دەیەوێت زەوییەكان وەربگرێت، بەڵام بێ سوودە، ئێمە دەمانەوێ ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی بە تەواوی جێبەجێ بكرێ”. یەكێك لە كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی كە بەهۆی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانییەوە زەوی لە نزیك شارەوانی پێدراوەتەوە، روونیكردەوە كە كاتی خۆی لەرێگەی لیژنەی ئاشتییەوە چارەسەری ئەوە كێشەیەیان كراوە. گوتیشی “بەس هەندێك لەو كەسانەی ناویان هەبوو، هیچ ئەوەلیاتێكیان نەمابوو، رەنگە ئەوانە كێشەیان هەبێت، ئەگینا وەك من ئاگادارم ژمارەیەكی زۆر زەویەكانمان وەرگرتەوە”.
لەلای خۆیەوە (دكتۆر موحسین) سەرۆكی لێژنەی زیانلێكەوتوانی شەڕی ناوخۆ لەمەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر بە (سڤیل)ی راگەیاند “11ی مانگ كۆبوونەوەیەكمان كرد لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەسەرپەرشتی سەرۆكی حكومەت، هەروەها بەرێزان كاك ئازاد بەرواری و كاك شێخ جەعفەر و كەریم سنجاری، لەبەر ئەوەی ئەوان ئەندامی لێژنەی باڵان، كۆبوونەوەكەش لەسەر ئەو بڕیارانەبوو كە تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، ئەوەبوو بڕیاردرا بە پێكهێنانی لێژنەیەكی بەپەلە تا ئەو بڕیارانەی كە تا ئێستا جێبەجێنەكراون، بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، لێژنەكەش لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران پێكدێت”.
لەو بارەوە، (فەرهاد محەمەد) بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە (سڤیل)ی راگەیاند “هەر بڕیارێك كە بەرێز نێچیرڤان بارزانی دابێتی، بێگومان وەزارەتی شارەوانی جێبەجێی كردووە”، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر روونیكردەوە “بەڵام سەبارەت بەپێدانی ئەو زەویانە بە كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی لەسنووری هەولێر ئەگەر سەیری بڕیارەكە بكەین، زیاتر لە 600 پارچە زەوی بووە، لەئێستادا ئەگەر خەڵكێك لەو پرۆژەیە سوودمەند نەبوون و زەوییان پێ نەدرابێت، دیارە هۆكاری خۆی هەیە، چونكە هەر بەپێی ئەو بڕیارە كاتی خۆی ئەوەی لەسنووری سلێمانی و كۆیە زەوی پێدرابێت، بێگومان لەهەولێر زەوی پێنەدراوە، لەبەر ئەوە كوردستان یەك كوردستانەو بڕیارەكانیش هەموو شوێنەكان دەگرێتەوە”.

لەگۆڤاری سڤیلەوە…..

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com