بزوتنەوەی گۆڕان پەڕلەمانتارەکانی پەراوێز دەخات

0

پەڕلەمانتارێکی گۆڕان لە فەیسبووک سوپاسی هەرکەس دەکات لەبارەی داواکارییەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە زانیاری پێبدات

 

سەرچاوەیەک کێشەکان ئاشکرا دەکات،، بزوتنەوەی گۆڕان پەڕلەمانتارەکانی پەراوێز دەخات

 

چاودیرێکی سیاسی: حزبێک بۆ داڕشتنی یاساو چاودێری حکومەت خەڵکانێک بنێرێتە پەڕلەمان و دواتر بۆ خستنە ڕووی پرۆژەی چاکسازی لەسیستەمدا، هیچ پرس و رایەکیان پێنەکات مانای پەراویز خستنیانە

نوچەنێت

سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەنوچەنێتی راگەیاند، وێڕای کێشەی نێوان نەوەی نوێ و سەکردە لەپێشینەکانی یەکێتی، بەهۆی نەبونی پرس و راو راگۆڕینەوە لەنێوان سیاسی و پەڕلەمانتارەکانیاندا، لەبارەی رووداوەکانی کوردستان، لەنێوان سیاسییەکانی بزوتنەوەکەو ئەندامانی پەڕلەمانی گۆڕاندا، ساردی و گرژی هەیە.

کێشەی نێوان کۆن و نوێ لەبزوتنەوەی گۆڕان

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ نوچەنێت وتی”بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەکی بێ کێشە نیە، پێشتریش باس کراوە، ئێستا لەنێوان سەرکردە سیاسیەکانی بزوتنەوەکە، ئەوانەی لەیەکێتی جیابونەتەوەو ئەو گەنجانەی کە لەدوای دروستبونی هاتونەتە ناوگۆڕان، لێکحاڵی نەبوون و یەکتر رەتکردنەوە هەیە و ئەوەش بووەتە رێگر لەبەردەم زیاتر خۆڕێکخستنی بزوتنەوەی گۆڕاندا” بەڵام سەرچاوەکەی نوچەنێت ئەو گرژیانەی بە”حاڵەتێکی ئاسایی” ناوبرد چونکە”هەموو رێکخستنێک لەسەرەتای دروستبونی و بگرە لە کۆتاییەکەشیدا بێ گرژی نابێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش بزوتنەوە یان رێکخستنێکی بچوک نییە، بێگومان ئاسانیش نیە بەم زوانە ئەو کێشەیە چارەبکرێت”.

هەروەها خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئەو دوو چینەشی بەوە ناوبرد کە”سەرکردەکانی پێشوی یەکێتی کە ئێستا لەسەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕاندان، خۆیان بەخاوەنی مەسەلەکە دەزانن و پێیان وایە ئەوان هۆکاری سەرخستنی ئەو بزوتنەوەیەن، لەو پێناوەشدا وازیان لەهەموو بەرژەوەندی و پایەیەکی خۆیان هێناوە، گەنجەکانیش پێیان وایە کە ئەو سەرکردانە بەشداربوون لەهەموو ئەو کێشانەی یەکێتی دروستی کردووە لەرابردوو بۆ خەڵکی ئەو وڵاتەو ئەوەش وادەکات کە ئەوان نەتوانن رەخنەی جدی لە رابردوی یەکێتی بگرن، و هەبونی ئەوان لەسەرکردایەتی گۆڕاندا بەکێشە لەبەردەم زیاتر سەرکەوتنی بزوتنەوەکەیان دەزانن”.

کێشەی نێوان پەڕلەمانتاران و سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان

هەمان ئەو سەرچاوەی کەنەیویست ناوی بهنرێت، زیاتر کێشەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نوچەنێت ئاشکرا دەکات و دەڵێت”بەجیا لەم کێشەیە کێشەیەکی زۆر زەرەرمەند بۆ بزوتنەوەکە لەنێوان سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی پەڕلەمانی گۆڕاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە سیاسیەکانی گۆڕان لەبارەی کێشەکانی کوردستان و رەخنەگرتنیان لەحکومەت و دەسەڵات و ئیدارەی وڵات، پرس و راو راویژ لەگەڵ پەڕلەمانتارەکانیان ناکەن، ئەوەش وایکردووە کە پەڕلەمانتارانی گۆڕان خۆیان بەوە بزانن کە سیاسیەکان، تەنها وەک وەسیلە بۆ مەرامی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن”. هەروەها وتیشی”بەدڵنیاییەوە ئەم کێشەیە مەترسیدارەوە پێم سەیرە گۆڕان بۆخۆیی خولقاندووە”.

ئەوەی زیاتر زانیارییەکانی سەرچاوەکەی نوچەنێت پشت راست دەکاتەوە، ئەو لێدوان و قسانەیە کە لەلایەن سەرکردەو پەڕلەمانتارەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەکرێت بۆ راگەیاندن، کە دیارترینیان ئەوە بوو، نەوشیروان مستەفای سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لەسەدا پەنجای فراكسیۆنەكە رازیەو گۆڤاری سڤیل لەهەمانکاتدا ئەو لێدوانەی سەرۆکی بزوتنەوەکە، دەکاتە پرسیار بۆ د. جەعەفەر عەلی ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت”هەڵسەنگاندنی ئەدای فراكسیۆنەكە پێویستی بە دانیشتن و دیراسەكردن هەیە. سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی كاك نەشیروان بۆ ئەدای فراكسیۆنی گۆڕان بۆ نیوە بە نیوە، راستی من لەكاك نەشیروانم نەبیستووە، كە پێمان بڵێت ئەو شتانەی كە لێی ناڕازییە كامانەیە، لەهیچ یەكێك لەبرادەرەكانی خۆشمان وەكو ئەندام پەرلەمان نەمبیستووە، كە هۆكارەكانی ناڕازیبوونی بزووتنەوەی گۆران لەسەر ئەدای فراكسیۆنەكە لەكام جانبەوەیە، بێگومان ئەوانیش و ئێمەش گلەییمان لەهەندێك بواری ئەدای فراكسیۆنی گۆڕان هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بە نسبەی سەتا پەنجا سەركەوتوو بووبین، من پێموایە بە نسبەیەكی زیاتر سەركەوتووین”. هەر لەو دیمانەی گۆڤاری سیڤیلدا د. جەعفەر عەلی دەڵێت، دەبێت ئەمە لەکاک نەوشیروان خۆی بپرسن و ئاشکراشی دەکات، کەبەر لەلێدوانەکەو دوای لێدوانەکەش لەگەڵ سەرۆکی بزوتنەوەکەیان دانیشتوون، بەڵام لەو بارەیەوە قسە نەكراوە.

هەروەها لەسەرەتای گرژیەکانی کوردستان و بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان کەلەبارەی دۆخی کوردستان بڵاوی کردبوەوە، و داوای هەڵوەشاندنەوە حکومەت و پەڕلەمانی کردبوو عەدنان عوسمان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی لە بزوتنەوەکەی گرتبوو، کە لەو بارەوە پرس و راویژی بە پەڕلەمانتارەکانی نەکردوەو ئەوەشی بە هاوشێوەی کارەکانی پارتی و یەکێتی ناو بردبوو، کە بزوتنەوەکە بۆ گۆڕینیان کار دەکات.

دوابەدوای گرژییەکانی کوردستان دوای کۆتاهاتنی خۆپیشاندانەکان، بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەستیان کرد بە کۆبونەوەی پێنج قۆڵی، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی وڵات، بەڵام لەو حاڵەتەشدا ئەندامانی پەڕلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بێ ئاگایی خۆیان رادەگەیەنن، لە داڕشتن و نوسینی داواکارییەکانی بزوتنەوەکەیان بۆ چاکسازی لەهەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە دکتۆر رێباز فەتاح ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی”هه‌رکه‌س له‌ داواکاریه‌کانی ئۆپۆزسیۆن، له‌ دانیشتنه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ئاگادارمان بکاته‌وه‌ و شتێکی لێبزانێت، سوپاسی ئه‌که‌ین چونکه‌ ئێمه‌ هیچی لێ نازانین”.

ڕای چاودێران

چاو دێرێکی سیاسی بۆ نوچەنێت، بەهەڵسەنگاندنی وتەی پەڕلەمانتارەکانی گۆڕان و سەرۆکی بزوتنەوەکەش وتی”کاتێک سەرۆکی بزوتنەوە یان حزبێک بڵێ لە ئەندامانی پەڕلەمانی خۆم ناڕازیم ،شتێکی ئاساییە، بەڵام کە لەهەمان کاتدا لەگەڵ پەڕلەمانتارەکانی دابنیشێت و باسی ئەو ناڕەزاییانەی نەکات، بەڕاستی قسەکانی دەچێتە خانەی شیعارات، لەلایەکی تر کاتێک کە باسی گۆڕینی سیستەم دەکرێت و رەخنە لە حکومەت دەگریت، دەبێت راویژ بە ئەندامانی پەڕلەمانی خۆت بکەی، چونکە ئەوە کاری ئەوانە، بەڵام کە نەگەڕێیتەوە بۆ ئەندامانی پەڕلەمانی خۆت و ئەوان بێ ئاگابن لەکارەکانت، ئەوە بەئاشکرا راگەیاندنی پچڕانی پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی بزوتنەوەکەو ئەندامانی پەڕلەمانیەتی، ئەمە قسە هەڵناگرێت، چونکە منیش ئەوکات بەرگوێم کەوت کە پرس بە ئەندامانی پەڕلەمان نەکراوە، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیەی کە باسی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەڕلەمانیان دەکرد، هەروەها دکتۆر رێبازیش بە ئاشکرا ئەوەی نوسیوەو ناردویەتیە پەیجی عەدنان عوسمان، کە ئەویش پەڕلەمانتاری گۆڕانە، واتە پرسیاری بە ئاشکرا لە عەدنان عوسمان کردوە، کە ئەبێ داواکانی بزوتنەکەیان چی بن؟ دیارە کاک عەدنانیش وەڵامی پێ نەبووە بۆیە وەڵامی نەداوەتەوە، ئەمەشیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەو قسە هەڵناگرێت، کاتێک حزبێک بۆ داڕشتنی یاساو چاودێری حکومەت، خەڵکانێک بنێرێتە پەڕلەمان و دواتریش بۆ خستنە ڕووی پرۆژەی چاکسازی لەسیستەمدا، هیچ پرس و رایەکیان پێنەکات، لەکاتێکدا کە هەندێک لەداواکان پەیوەندی بەکاری ئەوانەوە هەیە، ئەوە مانای هەبونی کێشەو پەراویز خستنی ئەوانە”.

پێشتریش لە دیمانەیەکی تایبەت بە گۆڤاری سڤیل جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید لە پارتی ژینگەی سەوز کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە بەبەراورد دۆخی کوردستان کە بزوتنەوەی گۆڕان بێ پرس و را بە ئەندام پەڕلەمانەکانی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کرد، رایگەیاند، شتی وا نیە ئەگەر حزبەکەی ئەو داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان و حکومەت بکات، پرس و را بە ئەندامانی پەڕلەمانی نەکات، وتی ئەگەر حزبەکەی ڕایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان هەبێت “رەئیەکەی دێنێتە ناو کتلەی خۆمان و دا ئەنیشین و تاوتوێی دەکەین، ئەمە پێشنیازێکە هاتووە لەسەرکردایەتیەوە، ئایا ئێمە پێمان باشە؟ یان نا؟. دەبێت ڕای ئێمەی لەگەڵ بێت، چونکە ئێمە دەنگ دەدەین، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەندامەکانیەتی، ئێمە وەکو پەڕلەمانتار هەڵبژاردەی گەلین، ئەوە دوو شتی جیاوازە، بۆیە ئەگەر سەرکردایەتی داوایەکی وا بکات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئێمە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com