دکتۆرێکی پسپۆڕ: گەورەترین هەڵەی زانستی کەرەنتین کردنە

0

شلێر سەعید

بەپێی راگەیاندراوەکانی وەزارەتی تەندروستی گوشاری زۆریی تووشبووانی ‏کۆرۆنا لەسەر نەخۆشخانەکانیان کەمبووەتەوە ‌و ژمارەی تووشبوونیش ‏بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لەمبارەیەوە نوچە دیمانەیەکی لەگەڵ پسپۆڕێکی بواری ڤایرۆس کردووە و ئەو بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە ڤایرۆسەکە و دەڵێت: پێویستە ئەو شڵەژانی دەروونییە کەمبکرێتەوە، کە دەزگاکانی راگەیاندن دروستیان کردووە. دەشڵێت: نابێت وەرزی خوێندن دوابخرێت و دەبێت قوتابخانەکان بکرێنەوە.

لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچە، لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شێرزاد حەسەن ڕەزا، پزیشکی بواری ڤایرۆس ناسی و مامۆستای زانکۆ، هەروەها لەبارەى دابەزینی ئاستی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنەیەتی خۆپاراستن لێی وەڵامی پرسیاسرەکانی نوچە دەداتەوە..

نوچە: چۆن دەڕواننە بڵاوبوونەوە و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە هەموو جیهانی بە تەنگ هێنا و ئابووری و پیشەسازی دەیان سێکتەری دیکەی پەکخستووە؟

د. شێرزاد: ڤایرۆسی کۆرۆنا بەگشتی لە هەموو جیهان سەرەتا کە بڵاوبووەوە، مەترسیەکی زۆرگەورەی دروستکرد، چونکە دەستەیەکی باڵا لە راگەیاندن لە جیهان سەبارەت بە مەترسی ڤایرۆسەکە کاریانکرد، ئەوان بابەتەکەیان زۆر گەورەتر کرد لەوەى کە هەیە؛ هەندێک خەڵک کە قسەیان لەسەر دەکرد قسەکەیان وەک بزنس بوو، هەموومان دەزانین کە هەموو جوولەیەک لەسەر زەوی جوولەیەکی ئابووری لە پشتە، جا ئەو جوولەیە سیاسی بێت یان ئابووری یان تەندروستی، بەهەمان شێوە کۆرۆناش جوولەیەکی ئابووری لە پشتەوە بوو.

گوتیشی، هەروەها ئەگەر نموونە لەسەر چین بێنمەوە لەهەفتەی رابردوو چین گەورەترین پێشانگای بۆ خستنەڕووی ئامێر و کەلوپەلی کۆرۆنا بۆ جیهان کردەوە. لەسەر دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا وڵاتانی بەریتانیا، چین، ئەمریکا، روسیا و فەرەنسا، کەوتوونەتە پێشبڕکێ و بزنسی پێوە دەکەن، ئەو بزنسە کاریگەریی کردە سەر راگەیاندنەکانی جیهان و ئەو دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە سەر بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانن و ئەوان سپۆنسەریانن، وایانکرد خەڵک بخەنە دڵەڕاوکێیەکی زۆر و تووشی بارێکی سەختی دەروونی و نائارامی بکەن، ئەگەرنا ڕێژەی مردن لە چین 2% بوو، لە جیهان 4% تێپەڕینەکردووە و ئەو ڕێژەیەش ئەگەر بەراوردی بکەین بە نەخۆشییەکانی دیکە زۆر کەمترە.

نوچە: سەبارەت بە سترێس چەندە کاریگەری هەیە بۆ سەر کەسەکان و تووشبوونیان بە کۆرۆنا؟

د. شێرزاد: بەڵێ، چونکە نائارامیی باری دەروونی درووستکردووە، ئێمە وەک پسپۆرانی بواری تەندروستی کە دەبینین خەڵک تووشی مەترسیەکی گەورە بووە، یەکێک لەونەخۆشییانەش پێیدەڵێن (ئاردس) واتە وەستانی سییەکان بەهۆی سترێسەوە، کە سییەکان دەوەستێت کاتێک بەکەسێک بڵێی کۆرۆنات هەیە و ئەو بەردەوام گوێبیستی ئەو هەموو هەواڵە مەترسیدارە بووە لەدەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا، بۆیەش تووشی وەستانی سییەکانی دەکات، بۆنموونە بۆچی ئەوانەی کەمئەندامن لە رووی عەقڵییەوە کۆرۆنا ناگرن، چونکە هەست بەو سترێسە ناکەن ورێژەکەلەناو ئەواندا سفرە، چونکە تووشی شڵەژان نەبووە بەهۆی لێدوانەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

نوچە: ئایا هیچ پێوەرێک یان ئامارێک هەیە کە دەریبخات کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؟

د. شێرزاد: بە پێی ئەوداتایانەی دوێنێ‌ بەریتانیا بڵاویکردۆتەوە 90%-ی ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا بوون بە سووکی تووشبوون و 60%ـى هەر هەستی پێناکەن، کە تووشی کۆرۆنا بوون و تێپەری دەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنی خوار 15 ساڵین، کە ئەوانیش تووش دەبن، بەڵام هیچ هەستی پێناکەن و تێپەڕی دەکەن.

نوچە: باس لەوە دەکرێ تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێستادا سووک و ئاسانە، مەبەست لەوە چییە؟

د. شێرزاد: هەرچەند سووک و ئاسان بێت دەبێت خۆپارێزی بکەین، چونکە کۆمەڵگا هەمە چەشنە، هەیە نەخۆشی شەکرەی هەیە و زەختی هەیە یان شێرپەنجەی هەیە یان بەتەمەنە، بۆیە جەخت دەکەینەوە لە خۆپارێزی، ئەگەر هەموو کۆمەڵگە گەنج بووایە یان منداڵ بووایە و هەموو کۆمەڵگا تەندروستبوونایە، من وەک پسپۆرێک بەخەڵک دەڵێم هیچ خۆپارێزی مەکەن.

نوچە: لەم دواییانە زۆرترین توێژینەوە لەسەر کۆرۆنا کراون، چۆن لێکی دەدەیتەوە؟

د. شێرزاد: ئەوەی ئێمە دیراسەمان کردووە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک هەر ڤایرۆسێکی دیکەیە، لەبەر ئەوەی کۆرۆنا لە کۆتایی 2019 و 2020 بڵاوبۆوە کارێکی وەهای لەسەر نەکراوە بیسەلێمنێـت، کە ئەو ڤایرۆسە دەرەنجامەکانی چین، چونکە توێژینەوە جیایە لەگەڵ فاکت، توێژینەوە بۆچوونەو فاکت نییە، واتا نەبۆتە ڕاستی، بۆ نمونە ئەگەر 25 کەس لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکی چەند کەسێکیان دوای 5 مانگ کاریگەری بەسەر سییەکانیان ماوەتەوە؛ ئەوە بۆچوونە و لەوانەیە ئەو 25 کەسە تێیاندابێت پێشووتر یەک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک زەخت و رەبۆی هەبووبێت یان هەر نەخۆشیەکی دیکەی هەبووبێت؛ بۆیە ناتوانی ئەوە بکەی بە فاکت بەسەر هەموو خەڵکەوە، توێژینەوەیەکی دیکە دەڵێت، لای ئەوانەی تووشی کۆرۆنابوون، وەچە خستنەوە کەمی کردووە، ئەوە لەسەر 17 کەس کراوە و لەوانەیە خۆیان تووشی کێشەبووبن و مانای وانییە هەموو خەڵک وەک ئەو 17 کەسەبن.

نوچە: رۆڵی راگەیاندنەکان چۆن دەبینیت لەسەردەمی کۆرۆنا و چەندە کاریگەریان هەبووە بەسەر خەڵکەوە؟

د. شێرزاد: کاریگەری ڕاگەیاندنەکان بەسەر دەروونی خەڵکەوە کاریگەری ئەرێنی هەیە، بەڵام کاریگەری نەرێنی زۆرترە، بۆ نمونە ئێمە ئاگامان لەوەنییە ئەوەی بەدیار شاشەی تەلەفزیۆنەوە دانیشتووە هەموو تەمەنەکانن، واتا منداڵێکی 10 ساڵان تا بەتەمەنێکی 90 ساڵ. بۆیە کە دەڵێی پیرەکان بەرگەناگرن یان زووتر تووش دەبن و دەمرن، کاریگەرییەکی زۆر خراپ بەسەریانەوە جێدەهێڵێت و لە واقیعیشدا راست نییە، چونکە ئێمە هەمانە تەمەنی 100 ساڵە و چاکبۆتەوە، من دایکم نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێنیشی هەبووە و چاکبۆتەوە، بەڵام من کاریگەری راگەیاندنم لەسەر کەمکردۆتەوە و نەمهێشتووە سەیری ئەو هەواڵانە بکات لەبارەی کۆرۆناوە دەگوترێت.

نوچە: ئایا ترس کاریگەری لەسەر تووشبووان هەیە تا رادەی مردن؟

د. شێرزاد: زۆر لەوانەی کە تووشی کۆرۆنا بوون دوو سێ شەو هەرخەوی لێناکەوێ‌، ئەوە بەهۆی نەخۆشییەکەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ترسەکەیە، هێندە ترساوە وادەزانێ‌ ئەگەر بخەوێ‌ دەمرێت یان سییەکانی دەوستێت، لەبەر ئەم کاریگەرییانەش دەبێت زیاتر ئاگامان لە بەتەمەنەکان بێت و بەردەوام هەواڵی خۆشیان پێبدەین و بڵێین داتاکان کەمبوونەتەوە یان دکتۆرەکان دەڵێن،‌ نەخۆشەکان کەمتر دەمرن و حاڵەتی چاکبوونەوە لە 90% تێپەڕی کردووە و لەم جۆرە هەواڵە دڵخۆشکەرانە.

نوچە: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە د. شێرزاد حەسەن لە 2014 باسی کۆرۆنای کردووە، دەپرسین ئێوە چۆن درکتان پێکردووە؟

د. شێرزاد: لە 2014 ڕاپۆرتێکم نووسیوە دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی، کە لە سایتی (puk) بڵاوکراوەتەوە ، من یەکەم کەسم لەناو کورد قسەم لەسەر ڤایرۆسەکە کردووە، مێژووی ئەم ڤایرۆسە لە ساڵی 1961 باسکراوە، بەڵام بەداخەوە سەرچاوە کوردییەکان قسەیان لەسەر نەکردووە، چونکە گرنگی بە بابەتی زانستی نادرێت، بۆیە درکمان پێکرد لە چین کە سەریهەڵدا، لە ئاژەڵ بووە و یەکەمجار کە گوازرایەوە بۆ مرۆڤ لە پشیلەوە بوو لە چین، کە لە ساڵی 2003 بوو؛ دوای ئەوە لە سعودیە بڵاوبوویەوە و لە 2013 لە ڕێگەی حوشترەوە، ئەوکات بە پشت بەستن بە گوتەی زانایەکی ئەمریکی بەناوی (جۆش) کە گوتوویەتی مەترسی بۆ سەر باڵادەستی مرۆڤ تەنها ڤایرۆسەکان ڕێگەیان لێدەگرێت، ئەو زانایە لە 1958 نۆبڵی وەرگرتووە، بۆیە زانستخوازەکان دەبێت ئاگایان لەو گۆڕانکاریانەبێت.

نوچە: سۆشیال میدیا و کاریگەرى لەسەر بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا چۆن دەبینن؟

د. شێرزاد: سۆشیال میدیا بەتایبەت فەیسبووک دەکەیتەوە، سەرتاپا ڕەش دەچێتەوە و وێنەک دانراوە خەتێکی ڕەشی بەسەردا هاتووە، کەسێک دەمرێت ئامۆزای و خاڵۆزای و جیرانەکەی و برادەرەکەی هەمووی بڵاوی دەکاتەوە، ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دەروونی کەسەکان، ئەمڕۆ عێراق هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، عێراق زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی هەیە یان عێراق خراپترین وڵاتە، ئەوە وانییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە مەراسیمی عاشورا هەبووە و تێکەڵاوی زۆر هەبووە، نابێت بڵێین عێراق خراپترینە.

نوچە: راتان لەسەر کەرەنتین کردن چییە؟ بەتایبەت لە هەرێی کوردستان؟

د. شێرزاد: یەکێک لە هەڵە زۆر گەورە زانستییەکان کەرەنتین کردن بەمانای بەندکردن بوو، چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە، دەبێت لەماڵ دەرچێت و بە نەخۆشیەکی قێزەون تەماشا نەکرێت، با دەمامک بکات و گەڕانی خۆشی بکات، بە تایبەت لە کوردستان زۆربەی خەڵک باغی هەیە و شوێنی سرووشتی جوانمان هەیە، دەتوانیت بچیتە ئەو شوێنانە و ئەگەری زوو چاکبوونەوەشی زیاتر دەبێت.

نوچە: هەندێک پزیشک باس لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دەکەن لە زستانی داهاتوو، ئەوە هیچ بنەمایەکی زانستی هەیە؟

د. شێرزاد: شەپۆلی دووەم و سێیەم نییە و بەبابەتی شەپۆل بابەتێکی زانستی نییە و لە وەرزی زستان، کۆمەڵێک پەتامان هەیە وەک ئەنفلوزای باڵندە یان بەراز و هەموومان پێشتر گرتوومانە. ئەوەش بەهۆی کاریگەری ژینگەوەیە، ئێمە زۆرترین شەپۆلی تووشبوونمان تێپەراند و زۆربەی نەخۆشەکان لای ئێمە تەنها بە چارەسەری سروشتی و غەرغەرە و خواردنی ڤیتامین و شتی باش و بەرگری خۆیان بەهێزکردووە چاکبوونەتەوە و زۆربەی لەوانە هەر لە ماڵەوە ئەو شتانەیان کردووە و چاکبوونەتەوە.

نوچە: بڕیاردراوە خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین بێت، ئەگەر قوتابیان ڕاستەوخۆ بچنەوە قوتابخانەکان مەترسیان لەسەر دروست دەبێت؟

د. شێرزاد: ژیان نابێت بوەستێت و ئەوە هەڵەیە وەرزی خوێندن دوابخرێت، لەگەڵ ڕێزم بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەڵام دواخستنی کردنەوەی قوتابخانەکان بۆ وەرزێکی دیکە زۆر هەڵەیە، چونکە لە وەرزی زستان و پاییزدا کۆمەڵێک پەتا هەیە ئەوەش زیانی زۆرتر دروستدەکات، بەتایبەت لە کاتێک مزگەوت و کەنیسە و شوێنە گشتییەکان کراونەتەوە.

نوچە: ئەگەر قوتابییەکان چوونەوە قوتابخانە چی بکەن باشە بۆ خۆپارێزی؟

د. شێرزاد: چارەسەر زۆرن و ئەگەر چاو لە وڵاتان بکەین، خوێندن دەستی پێکردۆتەوە، ژەمێکی خواردنیان زیاد کرد لە قوتابخانە تا بەرگریان زۆر بێت، کە زۆربەی میوەجاتە و کوپێک شیریان پێدەدەن، بۆیە پێویستە هەر منداڵێک بەیانیان کوپێک شیر بخواتەوە، لەسەرەتای هەشتاکان لە عێراق قوتابی خواردنی پێدەدرا و شیری پێدەدرا، دەبێت بەهەمان شێوە ئێستا ئەوە بکرێت و حکومەت لە قوتابخانەکان خواردنی بەسوود و شیر بدات بە قوتابییەکان، نەک پشت بە ئۆنلاین ببەستین و ئەو پارەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دانراوە، دەبێت لە قوتابخانەکان خەرجی بکەین و پێویستە مامۆستاش لەم بارەوە هۆشیار بێت و ئەو ڕۆژانەی کەش خۆش بێت، قوتابیان بباتە ناو باخچەی قوتابخانەکە ئیتر نابێت ژیان بوەستێت.

نوچە: بە بۆچوونی ئێوە کۆرۆنا کۆتایی دێت؟

د. شێرزاد: دەمەوێ‌ لە ڕێگای سایتەکەتانەوە بەهەمووان بڵێم، کە ڤایرۆس لە دنیادا ماوەى کڕکەوتن و حەزانەی هەیە، ئەو ماوەیە دەخایەنێت و خۆی تەواو دەبێت، ئەگەر تۆ کێشەت نەبێت و بەرگریت باش بێت، ئەوەی ئێستا ئێمە گرفتمان هەیە لەگەڵ نەخۆشەکان دروستبوونی ئەو بەکتریایانەی لە لەشی مرۆڤ، پێی دەڵێن بەکتریای سوودبەخش و سرووشتی، لەکاتی دابەزینی بەرگری لەش، کێشە دروست کەن، ئەوەش ڕێژەکی زۆرکەمن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com