لەدیداری بارزانی دا، دیاری سەرۆکی هەرێم و نووسراوی رێزلێنان درایە قوتابیە سەرکەوتووەکان

0

بارزانی: سەرۆکایەتی بە خزمەت دەزانم ، بەڵام پێشمەرگایەتیم لەلا گەورەترە

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قوتابیانی لێهاتوی کوردستان کردو لەکۆبونەوەیەکدا خۆشحاڵی خۆی بەدیداری ئەو قوتابیانە دەربڕی، جارێکی تر سوپاسی هەڵوێستی مامۆستایانی کرد، کە لەدوای راپەڕین بێ بەرانبەر بەردەوامیان بەخوێندندا و لەوەڵامی پرسیاری ئەو قوتابیانەدا حەزەکانی مناڵی و ئاواتەکانی خۆی باسکردو لەکۆتایی دیدارەکەش، دیاری و ڕێزلێنان بەخشرایە قوتابیان.

ئه‌مرۆ چوارشەممە 8/6/2011 مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ 150 قوتابی لێهاتوو و سەرکەوتووی پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر و دهوک و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەفین دزەیی وێڕای ستایشی سەرۆکی هەرێم بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای ئاستی ئەو قوتابییە لێهاتوو و سەرکەوتووانە بێت و رایگەیاند ئەو پۆلە قوتابییە خۆشحاڵن کە ئەمرۆ سەردانی ناوەندی دەسەڵات دەکەن و تێکەڵ بەو ناوەندە دەبن بە تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆک بارزانی، وتیشی بەداخەوە بە هۆی پشووی هاوینەوە نەتوانرا قوتابیانی ناوچە دابڕێندراوەکان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، بۆیە خوازیارین لە سەرەتای ساڵی خوێندنی تازە ئەو قوتابیانەش بە دیداری سەرۆک بارزانی شاد بن”.

لەکۆبوەنەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند کە “ئەمرۆ زۆر دڵخۆشم بە دیداری ئەو جگەرگۆشانە و کەم رۆژ هەیە وەک ئەمرۆ دڵخۆش بوو بم ، بەراستی مرۆڤـ ئومێد بەخش دەبێ کە چاوی بە چاوی گەشی ئەو پەپولانە دەکەوێ”.

بارزانی جارێکی تریش سوپاسی مامۆستایانی کردوو وتی”مامۆستا پاش راپەڕین رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا بۆ ئەوەی سیستەمی خوێندن لە کوردستاندا نەوەستێ، ئەو کات نە مووچە هەبوو و نە شتی تر، بەڵام بە هونەری ئەو مامۆستایانە خوێندن لە کوردستان نەوەستا بۆیە پڕ بەدڵ سوپاسیان دەکەم و ئەو رۆڵەیان هەرگیز لە بیر ناکرێ و ئێستاش سوپاس بۆ خوا باری کوردستان باشترە و کاتی ئەوە هاتووە کە قوتابخانەی رێک و پێک بۆ قوتابیانی کوردستان دروست بکرێن و سیستەمی خوێندن بەرەوپێش ببردرێ و لە دەرفەتێکی تریشدا چاومان بە قوتابیە لێهاتووەکانی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەوێ”.

دوابەدوای وتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە قوتابیان کرد کە هەر پرسیارێکیان هەبێ دەتوانن ئاراستەی بکەن و لەوەڵامیشدا چەند قوتابیەک پرسیاریان لە بارزانی کرد، لەبارەی ژیانی قوتابێتی و چۆنیەتی بوونی بە پێشمەرگە و حەزو ئاواتەکانی کە ئەو کاتەی قوتابی بووە و ئەو رووداوو بەسەرهاتانەی کە بوونەتە هۆی دڵخۆشی و ناخۆشیان .

لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم وتی”ئەو کاتەی قوتابی بووم حەزم دەکرد ببم بە فرۆکەوان بەڵام بە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و وازهێنانی لە خوێندن ئیتر حەزم کرد ببم بە پێشمەرگە و ئەو حەزەشم هاتۆتەدی”.

لەبارەی بوونی بە سەرۆکی هەرێمیش، رایگەیاند”من سەرۆکایەتی بە خزمەت دەزانم ، بەڵام پێشمەرگایەتیم لەلا زۆر گەورەترە”.

دەربارەی ساتە خۆش و ناخۆشەکانیش بارزانی رایگەیاند “ساتە ناخۆشەکان کاتێ هەڤاڵێکم لە دەست دەدا و ساتە خۆشەکانیش ئەو ساتانە بوون کە پێشمەرگە سەرکەوتنی لە بەرەکانی شەڕدا بەدەست دەهێنا”.

لە بارەی خۆشەویستی بۆ مناڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوتردستان رایگەیاند”لە ڕووی خۆشەویستیەوە هەر هەموویان وەکو یەکن، بەڵام بچوکەکەیان زیاتر و ئێستا خاوەن چەند نەوەیەکم کە هەر هەموویان لە لام خۆشەویسترن”.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا ، مامۆستا و قوتابیانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە ژووری کارکردنی بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو ژوورانەیان بەسەرکردەوە کە بارزانی کۆبوونەوە و دیدارەکانی خۆی تیایاندا ئەنجام دەدات و لە کۆتایی سەردانەکەش دیاری سەرۆکی هەرێم و نووسراوێکی رێزلێنانی بەسەر هەر یەک لەو قوتابیە لێهاتوو و سەرکەوتوانەدا دابەشکرا.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com