چیرۆکی ئەو ژنەی بۆ عەشق وازی لەباوکی ٨ مناڵی هێنا خۆشەویستەکەشی بۆ سامانی ژنێکی تر وازی لە ئەو هێنا

0

لەزاری خۆیەوە بۆ سڤیل

چیرۆکی ئەو ژنەی بۆ عەشق وازی لەباوکی ٨ مناڵی هێنا خۆشەویستەکەشی بۆ سامانی ژنێکی تر وازی لە ئەو هێنا

نوسینەوەی

رزگار رەزا چوچانی / سوید

نوچەنێت/گۆڤاری سڤیل

لەسوید بۆ کارێکی رۆژنامەوانی، لەشارەکەی خۆمەوە بەرەو شارێکی تر دەرۆشتم، نێوانی ئەو دوو شارە بە شەمەندەفەر ٣ کاتژمێرە، لەڕێگا لەیەکێک لە وێستگەکانی شەمەندەفەر ژنێک سواربوو، سودفە هاتە کوشنی بەرانبەری من دانیشت، قسەی لەگەڵ کردم و زانی کوردم، یەکتر ناسینێکمان کرد، ژنێکی گەنج بەڵام روخساری ماندوێتی پێووە دیاربوو، پرسی من لەم وڵاتە چی کارەم؟. بۆم باسکرد کە دەچمە جێگایەک بۆ کاری رۆژنامەوانی، پێی خۆش بوو لەوڵاتێکی دوورو لە غوربەتدا سودفەی رۆژنامەوانێکی کورد دەکات، ئەو پێی باش بوو ژیان و بەسەر هاتی خۆی لەڕێگای راگەیاندنەوە، بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی وەک وتی” ژیانی ئەو ببێتە پەند بۆ ژنانی تر”. دەرکەوت ماندوێتی ئەو ژنە بەهۆی ئەو پەیوەندیەی ئینسانەکانەوە بوو، کەناوی عەشقە، بۆیە بڕیارماندا کاتێک دابنێین پێکەوە دابنیشین ژیانی خۆی باس بکات.

چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە جێی سەرەنجە، کە بەهۆی عاشق بونیەوە بەکوڕێکی١٠ ساڵ لەخۆی مناڵترو هاوسەردار. واز لە هاوسەرەکەی دێنێ کە باوکی ٨ مناڵییەتی، وەک خۆی دەڵێت لە ئەنجام ئەو کوڕەش بەد وەفایی بەرانبەر بە ئەو دەکات. دوای ماوەیەک لەگەڵ ئەو خاتونە یەکمان بینی و ژیانی خۆی بۆ سڤیل گێڕایەوە، کە لێرەدا چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە لەزاری خۆیەوە دەگێڕینەوە.

لەسەرەتای گەنجێتیەوە خۆشیم نەدی

من ناوم ئینتیزارە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانم، لەتەمەنی ٢٣ ساڵیدا لە عێراق ژیانی هاوسەریم پێکهێنا، ئەوکات ماڵمان لەباشوری کوردستان بوو، بەهۆی ئەوەی ماڵی باوکم کاری سیاسیان دەکرد و لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەمابووین، من بە نابەدڵی بەژن بەژن بەمێرد درام، بەڵام مێردەکەم رێزی دەگرتم و کەسێکی باش بوو، ٢٣ ساڵ پێکەوە ژیاین، ٨ مناڵمان لەیەک هەبوو، راستە ئەو باش بوو، بەڵام هەست و خۆشویستنمان بۆ یەک نەبوو، هەستم دەکرد ئەوە هەر من نیم ئەوم خۆش ناوێ، بەڵکو ئەویش وایە، من لەسەرەتاشەوە ئەوەم دەزانی، بەڵام خۆت ئەزانی ژن بریار دان بەدەست خۆی نیە، کەس و کار بڕیاری بۆ ئەدەن، من و هاوسەرەکەم لەو ماوە زۆرەدا هیچمان نەمان توانیوە دەردە دڵ بۆ یەک بکەین، باسی خەمی خۆمان و حەزەکانمان بکەین، چونکە وەک وتم هەردوولا نابەدڵ بوین، ئاخر هەموو خۆشییەکانی ژیان لە گەنجێتیەوە دەست پێدەکات، من لەگەنجێتیەوە بەنابەدڵ لەگەڵ پیاوێک هاوسەریم پێک هێنا، ئەو منی خۆش نەدەویست و منیش ئەوم خۆش نەدەویست، رەنگە بپرسی ئەگەر یەکتان خۆش نەدەویست، بۆچی ٨ مناڵ، بەڵام راستی ئەوەیە کاتێک ژن و پیاو بەناچاری پێکەوە دەژین، بەناچاریش دەبێت مناڵیان هەبێت، چونکە من بەتەمای وازهێنان نەبووم و ئەمزانی ناکرێ جیاببمەوە، چونکە ئەوە بڕیاری من نییە، یان بڕیاری ژن نییە، بڕیاری کەس و کاریەتی، ئەم هەست نەکردنە بە خۆشەویستی، وایکرد من لە حزوری مێردەکەم عەشقم بۆ دروست بوو عەشقیش ژیانی شێواندم.

عاشق بوون لەگەڵ کەسێک کە جێی متمانەی خۆم و هاوسەرەکەشم بوو

ئەوکەسەی کە دواتر کەوتمە دوای خۆشویستنی کوڕێک، کەناسراوی خۆمان بوو، جێی متمانەی خۆم و هاوسەرەکەشم بوو، هەرگیز پێم وانەبوو رۆژێک لەرۆژان خۆشم بوێت، ئەو کات ئەو تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو، منیش ٣٠ ساڵ بووم، خەڵکی ناوچەیەک بوین و هەردوولا پەناهەندەبوین لە عێراق، من مێردوو ٦ مناڵم هەبوو، ئەو کوڕەش ژن و مناڵی هەبوو، ئەو زۆر هاتووچۆی دەکردین، زۆر دەهاتە ماڵمان، زۆر هاوکاری منی دەکرد، ئەوەندە تێکەڵمان بوو، خەڵک وای دەزانی کوڕی ئەو ماڵەیە، ئەو بەهاوکارییەکانی بۆ من سەرەنجی منی بردبوو، بەڵام وەک کەسێکی باش، وەک کوڕی ماڵەکە، نەک وەک کەسێک کە عاشقی بم، رۆژێک مناڵێک هاتە ژوورەوە، وتی ئەو کوڕە لەدەرەوە وەستاوە بانگت ئەکات، پیاوەکەم لەماڵ نەبوو لەکار بوو، چومە دەرەوە، وتم، چیت ئەوێ بۆ نەهاتیتە ژورەوە، وتی نا لێرە باشە، هەندێ سەیری کردم و وتی حەز دەکەم هەموو ژیانم لەپێناوتا دابنێم. وتم بۆ لەپێناوی من؟ چی بووە؟.

وتی، دیارییەکم بۆ هێناوی، لێم وەربگرە، دواتر هەموو شتت بۆ باس دەکەم، ئەوکات یان رازی دەبیت، یان ڕازی نابی، منیش هەدیەکەم وەر گرت، کاتژمیرێکی دەستی بوو. دواتر وتی، راستی ئەوە ٥-٦ مانگە کۆنترۆڵم نەماوە، تۆ لەدڵمای ئایا بەمەت زانیوە؟.

وتم، تۆ ژنێکت هەیە، دوو مناڵت هەیە، منیش مێردوو شە مناڵم هەیە، چۆن شتی وا ئەبێ؟ من رەتم کردەوە، تکام کرد، با کەسیش بەمە نەزانێ، دواتر ئەو هەر چاوەڕێی رازی بونی من بوو، منیش هەر بەڵێنم نەدا، چونکە نەم ئەویست ژیانی خۆم تێک بدەم.

ساڵی ٢٠٠٢ لەعێراقەوە هاتینە ئەردەن لەڕێی UN ەوە. لەوێش دیسان ماڵەکەمان بووەوە دراوسێ، ئەو لە ئەردەنیش بەردەوام بوو لە دەربڕینی خۆشەوستی خۆی بۆ من، هەستم دەکرد، بەردەوام چاوی لەسەرەڕێی منە، خواردن و خەوی لەخۆی حەرام کردبوو، بەوەش زۆر زوڵمی لەژنەکەی خۆی دەکرد، هیچ هەستێکی بۆی نەمابوو، من پێم وت بۆ گرنگی بەژنەکەی خۆت نادەی، گەنجەو تەمەنی ١٨ ساڵە.

وتی هەستم بۆی نیە، ئەو عەڵیەن تەواو نیە. من ئەوکات بڕوام پێ کرد، بەڵام دوای تەمەنێک زانیم راست ناکات و غەدری لەژنەکەشی کردووە، ئەوەندە گرنگی بەمن داو ژیانی لەخۆی حەرام کرد، بەراستی سەرەنجی منی بۆ لای خۆی راکێشا، رۆحی منی بردوو، دڵی لای ماڵ و مێرد نەهێشتم، بەڵام ترسیشم هەبوو، بۆیە رۆژێک قسەم لەگەڵ کردوو زۆر بەسەریا گریام.

تکام لێکرد وازم لێ بێنە، چونکە ئەوەندە بەدەورما دەهات هەموو خەڵک زانیبویان، تکام لێکرد با خەڵک لەوە زیاتر هەست نەکات، ئەگەر واز نەهێنێ من خۆم ئەکوژم.

وتی کەوایە من بەرلەتۆ خۆم ئەکوژم، بەو قسە دەستی بەستم زیاتر بردمی بۆلای خۆی.

ئاشکرابون و ناوزڕانم لەناو خەڵک

 

هاوسەری ئەو کوڕە بەوەی زانیبوو کە مێردەکەی دڵی لای منە، داخ زۆر چووبووە دڵی و رۆژێک کەمن لەماڵ نەبوم، هاتبووە ماڵی ئێمە.

بە پیاوەکەمی وتبوو، مێردەکەی من و ژنەکەی تۆ ژیانی من و تۆیان تەواو تێکداوە، دواتر ئەو باسەی بەهەموو کەسوکاری ماڵی مێردەکەی خۆی وتبوو، بەڵام مێردەکەی من بڕوای نەکردبوو، بەڵام ناچاربووم ترسم هەبوو خۆی بکوژێ، خۆشیشم ئەویست، رازی بووم بەخۆشویستنی ئەو کوڕە، دوای ئەوەی کە ژنەکەی بە کەس و کاری ئەو کوڕەی وتبوو، زۆریان لەکوڕەکەی خۆیان دا، وتیان کە دەبێت واز لەمن بهێنێت، ئەو وتبوی بمکوژن، بەڵام واز ناهێنم، دوای ئەوەی کە لەکوڕەکەیاندا، ٨ کەس لەخانەوادەکەی هاتنە سەر ماڵی منیش، بەژن و پیاوەوە بەهەموویان تا توانیان لەمنیاندا، بەڵام منیش لێدانەکەم لا سەخت نەبوو، چونکە دڵنیابووم، کوڕەکەیان منی خۆش دەوێت و لەگەڵمە.

مێردەکەم سەرەتا بڕوای بە قسەی ژنەکەی نەکردبوو، بەڵام کاتێک کە هاتنە سەرماڵەکەی من و لەمنیان دا و دوای ئەوەش هەموو ئەو خەڵکەی کە زانیبویان کە ئێمە نێوانمان هەیە، بەمێردەکەمیان وتبوو.

ئەو بەمنی وت واز لەو کوڕە بهێنە، دوو دڵ بووم لەوازهێنان، ئایا واز لەخۆشەوسیتی ئەو کوڕە بهێنم، کە دەڵێ بۆتۆ خۆم دەکوژم، یان لە باوکی ٨ مناڵم کە هیچ هەستێکم بۆی نەبوو، هەرچی هەوڵمدا نەمتوانی واز لەو کوڕە بهێنم، یەکترمان خۆش ویست، بەردەوام چاومان لەیەک بوو، بۆ هەموو شت پرس و ڕامان دەکرد، ئەو کوڕە باش دەیزانی من نابەدڵم لە مێردەکەم، وای هەست دەکرد کە من تاسەر لەگەڵ مێردەکەم نابم، وەک خۆی دەیوت چاوەڕێی دەرفەتێکی دەکرد کە جیا دەبمەوە، داوای لەمن دەکرد، بەڵێنی بدەمێ کە جیابومەوە لەگەڵ ئەو بژیم، وتم ژنت هەیە، وتی تۆم هەبیت و نەبیت واز لە ژنەکەم ئەهێنم، منیش بڕوام پێکرد، بەڵام ئەوەی لای من ناخۆش بوو، ئەو مناڵێکی تریشی بوو، واتە بووە باوکی ٣ مناڵ، بیرم لەوە دەکردەوەم من نەبمە هۆکاری پەرتەوازەبونی ٣ مناڵ و ژنێک، بەڵام ئەو سور بوو لەسەر ئەوەی کە واز لەژنەکەی ئەهێنێت، بەڵێنی بەمندا، دەستی بەقورئاندا دا، بەخوێنی خۆی بۆی ئیمزا کردم، کەهەرگیز لەیادم نەکات، لەگەڵ من ژیان بەسەر ببات، خەڵک وابیری دەکردەوە، کەئێمە بۆ ڕابواردن یەکترمان خۆش دەوێت، بەڵام من سوێند دەخۆم، زۆر بەپاکی ئەو کوڕەم خۆش دەویست، ئەویش سەرەتا وا خۆی پیشاندەدا، بەڵام دواجار بەد وەفا بوو، ئەوکات عەشق هۆشی لای من نەهێشتبوو، بۆیە گوێمان بە قسەی کەس نەدەدا، بە ئاشکرا قسەمان دەکردو ئەچوینە دەرەوە، تەنانەت گوێمان بە قسەی مێردەکەی من و ژنەکەی ئەویش نەدەدا، من بە مێردەکەم دەوت، ئەو کوڕە تەنها هاوڕێمە و لەگەڵیشی بەردەوام دەبم، ئیتر بە ئاشکرا پێکەوە بوین، کەسوکاری ئەویش بۆیان نەبوو هیچ بڵێن، چونکە دوای ئەوەی هێرشیان هێنایە سەرمالەکەی من، پۆلیس بەڵێننامەی لێوەرگرتن و بۆیان نەبوو باسمان بکەن.

ئیتر دنیا زانی و ناومان زڕا، بوینە چیرۆکی سەر دەمی دەوروبەر.

وازهێنان لەباوکی ٨ مناڵ بۆ عەشق

ماوەیەکی زۆر پێکەوە بوین، کاتە خۆشەکان بوو راستە بووە هۆی ناو زڕاندنم، بەڵام راستی مادام وام دەزانی ئەو کوڕە راست دەکات لەگەڵم و دواجار بۆیەک دەبین، گوێم بەوە نەدەدا، بەڵام ئازار بەوە دەستی پێکرد ئەوان کۆچیان کرد و سەفەریانکرد، ساڵی ٢٠٠٥ ناوی خانەوادەی ئەو کوڕە، لەڕێی UN ەوە هاتەوە، کە لە نیوسلەندە، ئیقامەیان بۆ دەرچووبوو، ٢٥ی  مانگی ١٠ دەبوو ئەوان سەفەریان بکردایە، یەکترمان بینی، ئەو گریاو منیش زۆر گریام.

وتم، چی لەمن ئەکەی، سوێندنی خوارد کە رازی بەو سەفەرە نییە، وتی ناچارم، خۆت دۆخەکە ئەبینی لەژێر چادرو لەناو کەمپین، دڵنیابە مەگەر مەرگ لەتۆم بکات، دڵنیابە تۆش ئەبەمە ئەوێ، ئەبێ بۆ یەک بین، ماوەیەک بوەستە تا بزانم لەوێ چی دەکەم، ئەوان سەفەریان کرد.

منیش جێمام بەبێ ئەو، ماوەی ١٢ رۆژ گریان بەشم بوو، دوای ئەو ١٢ رۆژە، تەلەفۆنی بۆ کردم، من گریام و ئەویش وتی منیش زۆر پەرێشانم لە دوریت، چاوەڕوان بە، دڵنیابە نەجاتت ئەدەم لەو دۆخەو ئەبێت بێیتە لای خۆم، هەموو بەیانیاک زەنگی بۆ ئەکردم، رۆژی وابوو ٢ سەعات قسەمان دەکرد، مێردەکەم ئەیزانی بۆچی دەگریەم، بۆیە پێی وتم، خۆت زویر مەکە، کەناومان دەرچوو بۆ دەرەوەو نەجاتمان بوو، لەم کەمپە، من لێت جیا ئەبمەوە، ماوەی ساڵێک من و ئەو کوڕە تەنها بە تەلەفۆن پەیوەندیمان هەبوو، ساڵی ٢٠٠٦ ئێمەش ناومان لەسویدەوە هاتەوە، کە لەوێ وەرگیراین و ئیقامەمان بۆ دەرچوو، لە سوید من و مێردەکەم، جیابوینەوە لەیەک، کە ٨ مناڵمان هەبوو پێکەوە، من لەخۆشەویستی ئەو کوڕە باکم بەو جیابونەوە نەبوو، چونکە هەستم بۆ ئەو هەبوو نەک مێردەکەم و مێردەکەشم هەستی بۆ من نەبوو، لەسویدیش تا یەک ساڵ و نیو من و ئەو کوڕە هەر بەتەلەفۆن پەیوەندیمان هەبوو، من هەستم ئەکرد، بۆ ئەوو بەتەلەفۆنەکانی ئەو دەژیم.

بە هیچ دەرچونی عەشق و لەدەستدانی هەموو شت

من بەڕاستی عاشق بووم، بەڵام دەرکەوت ئەو کوڕە راستگۆ نەبوو، کاتێک ئەو راستیە دەرکەوت، من هیچم نەمابوو لەدەستی بدەم، عەقڵ و هۆش و دڵ و رۆحم لەدەستدابوو، هەمووی بردبوو مێردەکەم، کە باوکی ٨ مناڵم بوو، لێی جیابوبومەوە، هیچم نەمابوو لەدەستی بدەم، ئەو کوڕەی کە من هەموشتم لەپێناویدا لەدەستدا لەنیوس لەندە ژنێکی رەش پێست و دەوڵەمەندی ناسی، ئەو هەموو قوربانیدانەی منی لەیاد کرد، ئەو هەموو بەڵێنەی لەیادکرد، درۆی کرد درۆ!!، من لەڕێی نزیکەکانیەوە بیستم، کە لەگەڵ ئەو ژنەیە.

تیلم بۆ کرد وتم، من چاوەڕێی تۆ بوم و تۆش ئەوەتکرد، دیسان سوێندی خواردەوەو منیش لەپاکی خۆم بڕوام پێ کرد، سوێندی خوارد درۆ ئەکا لەگەڵ ئەو ژنە، ناچارەو لەپێناوی سەرەوەتەکەی لەگەڵیەتی و جیا ئەبێتەوە، من ئەوەم بەتاوان دەزانی ژنێک هەڵخەڵەتێنی بۆ سەروەتەکەی بەڵام خۆشەویستی ئەو وایلێکردبووم کە ئەوە گرنگ بوو لام ئەو دڵخۆش بێت و بەڵێن بدات بەڵێنەکەی بەدیدەهێنێت.

وتی، سەیارەو ماڵی بۆ کڕیوم، ئەگەر بێت و ئێستا جیابمەوە هەموو شت لەدەستدەدەم، پێی وتم، من بەبێ رەسمیاتی مارەکردن لەگەڵ ئەو ژنەم، لێی جیا دەبمەوە ماوەیەکی تر، منیش بڕوام کرد، ژنەکەی خۆیشی هیچی نەوتبوو، قبوڵی کرد، چونکە بێهیوا بوو لە مێردەکەی، دەیزانی کاتیەو بۆخۆیشی دەبێت واز لەمێردەکەی بهێنێت، من بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ ژنەکەی و براکەی و دایکی ئەو کوڕە کرد، وتم ئێوە دەزانن من چیم بەسەر هاتووە لەسەر ئەوکوڕە، دەزانن هەموو شتم لەدەستداوە بۆ ئەو، بۆچی قبوڵی دەکەن.

وتیان ئێمە هەموو شتی لێ قبوڵ دەکەین، بەس واز لەتۆ بهێنێت، بۆ من سەخت بوو، نەمدەزانی چی بکەم، خۆشەویستی ئەوەشی پێ قبوڵکردم، چاوەڕێ بووم دیسان، بەڵکو بەڵێنی خۆی بباتە سەر، زوو زوو قسەم ئەکرد، پێم وت باشە ئەگەر من لەپێناو ئەو شتانە لەگەڵ کوڕێک بم، تۆ چی ئەڵێی؟ وتی خۆم ئەکوژم، بەڵام تۆ خۆت رابگرە تاماوەیەک، من خۆشم ئەویست هەموو شتم بۆ ئەو لەدەستدابوو، بۆیە ناچار چاوەڕێ بووم، ئەو ژنە رەشەی هێنابووە سەرماڵەکەی، بەبێ مارەکردن و هیچ لەگەڵ ژنەکەی دەژیا.

ئەو کوڕە رۆژێک لەگەڵ ژنەکەی خۆی لەسەر ژنە رەشەکە، ببووە شەڕیان، بەڵام لەپێناو ئەو ژنە رەشەدا، ژنەکەی خۆی هەرسێ مناڵەکەی کردبووە دەرەوە لەو غەریبیەدا، لەپێناوی ئەوەی ئەو شتانە لەدەست نەدا، کە ئەو ژنە رەشە پێی دابوو، لەوەش پرسیارم کرد.

وتم وا رستت نەکرد، لەگەڵ من، ئەی بۆ وات لەو ژنەی خۆت کرد، وتی ئێوە لێم بووەستن، ئەم ژنە رەشە وەک رەشمار لەملم ئاڵاوە، وتی ژنەکەم چووەتەوە سەر ماڵی باوکم، تەڵاقم نەداوە جارێ.

ئەو ژنە رەشە کارمەندی حکومەت بوو، بەپێی قانون بۆی نەبوو لەگەڵ پیاوێک بژی کە ژنی هەیەو بەناڕەسمیش لەگەڵی دەژی، بۆیە دوای دوو ساڵ، کە زانی حکومەت پێی زانیوە، لەماڵی ئەو کوڕە رایکرد و دوور کەوتەوە، کە ژنەکە رۆشت دیسان نێوانی ئێمە خۆشبوەوە، تا چەند رۆژێک، دوای ئەوە دیسان ساردی دروستبوو، تەلەفۆنم بۆ دەکرد، وەڵامی نە ئەدایەوە، لەسەری دا ئەخستم، بەڵام دیسان زانیم کە دەستی پێکردۆتەوە لەگەڵ ژنە رەشەکەدا، پێم وت وتی وا نیە، کارم هەیە، بەڵام دڵنیایان کردم لەگەڵ ئەو ژنە رەشەیە، بۆم دەرکەوت کە درۆ دەکات، هێدی هێدی راستی هەموو شتم بۆ دەرکەوت، بەڵام دوای چی؟. دوای ئەوەی کە هەموو شتم لەدەستدا، من ماوەیەک خۆم لێی دوررخستەوە، دواتر وازی لە ژنە رەشەکەش هێناو ئێستا لەگەڵ ژنێکی عەرەب دەژی، ژنەکۆنەکەشی بەمناڵەکانیەوە لەسەر ماڵی باوکی دەژی، ئەو کەسێکی بێ ئەمەک بوو، کەسێکی بێ وەفا بوو، وازی لەمن و ژنەکەشی هێنا، بۆ ژنێکی رەش، بەس لەبەر ئەوەی پارەی هەبوو، وازی لەمن هێنا، کە ژیان و هەموو شتی خۆمم لەپێناو دانا، وازی لە ژنەکەی خۆی هێنا، کە بە فەقیری لەگەڵی دەژیاو لەگەڵ مناڵەکانی بوو.

ئازاری ویژدان

راستە هەستم دەکرد ئەو عەشقەی ئێمە زوڵم کردنە لەژنەکەی ئەو، لەپیاوەکەی خۆم، لەمناڵەکانی هەردوولا، بەڵام کە عەشق هات ئەو شتانە ناخوێنێتەوە، شێت دەبیت و بڕیاری شێتانەت پێ دەدات، من هۆکارم هەبوو بۆ عاشق بوونم، کە هەستم بۆ پیاوەکەم نەبوو، ئەویش ئەیوت هەستم بۆ ژنەکەم نیە و تەواو نیە، هەرچۆن بێت غەدرەکەمان کرد و بەناوی عەشق من خۆم سەر گەردان کرد. زۆر هەست بەبێ ویژدانی دەکەم، بەرانبەر ژنەکەی ئەو پیاوە، بەوەی بە خۆشویستنی ئەو رازی بووم و خۆشەویستی ئەووم بۆخۆم بردبوو، بۆیە دوای هەموو شت، تەلەفۆنم بۆ ژنەکەی کرد، پێم وت تکایە بمبوورە، من بێ ویژدانیم کردووە، بەڵام خۆت ئەزانی پیاوەکەت وازی نەدەهێنا.

ئەو پێی وتم ئاساییە، من زانیم تاوانی تۆ نیە، ئەگەر تۆ تاوانبار بوی بۆ دوای تۆ ژنێکی تری خۆش ویست و دوای ئەویش ژنێکی تر، تۆ تاوانت نییە.

بەڵام بۆ من هەر ناخۆشەو هەست بەتاوان دەکەم.

تکایە عەشق مەکەن

من لەڕێگای ئەم گۆڤارەوە بەژنانی کورد دەڵێم، تکایە تکا عەشق مەکەن، هەمووی درۆو دەلەسەیە، پیاوەکان تا ئەوەنە عاشقن کە نزیکتن، چونە ئەولاتر هەموو شت لەیاد دەکەن، من لەسەر ئەو کەسەی کە باسی عەشقی بۆ ئەکردم، هەموو شتم لەدەستدا، هەموو ژیانم رۆشت، شەخسیەتم نەما ناوم زڕا، وازم لەباوکی هەشت مناڵ هێنا، هەموو دنیا پێی زانیم، بەڵام پاداشتی ئەو وەلانانی من بوو، وازهێنان بوو لەمن بۆ ژنێک کە سامانی هەبوو، بۆیە تکا لەهەموو ژنان دەکەم عەشق نەکەن، باسی خۆشەویستی نەکەن، هەرکەسیش بۆی باسکردن، لێی قبوڵ مەکەن، هەوڵ بدەن لەگەڵ پیاوێک بژین، کە هەستتان بۆی هەبێت، ژیان لەگەڵ پیاوێک پێکبهێنن کە هەست دەکەن هەستی بۆتان هەیە، بۆ ئەوەی وەک من توشی هەڵە نەبن و ژیانی خۆتان تێک نەدەن، ناوی خۆتان نەزڕێنن و رۆحی خۆتان نەسوتێنن، بەناوی شتێک کەناوی عەشقەو وجودی نیە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com