نه‌وشیروان مسته‌فا: بە تەمای پرۆسەیەكی زۆر هێمن و دیموكراتین
Monday, November 10, 2008
دیمانه: گۆڤاری گوڵان
نه‌وشیروان مستەفا كەسایەتییەكی ناسراوی ناو بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام رەنگە لە هەموو سەركردەیەكی سیاسی كوردستانی زیاتر بۆچوونی جودا جودای لەسەر بونیاد بنرێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە ئاڵۆز‌و تێكچڕژاوەی كە بزووتنەوەی كوردی پێیدا تێپەڕ دەبوو، نه‌وشیروانیش لە نێو ئەم بزووتنەوەیەدا هەمیشە ناوێك، هێزێك، بیروباوەڕێك بووە، بۆیە لە هەموو كاتەكانی شەڕو ئاشتیدا، تۆپەكە لە لای نه‌وشیروان دوور نەكەوتۆتەوە،ئەم دوورنەكەوتنەوەیەی تۆپەكە بەشێك بووە لە ستراتیژییەتی نه‌وشیروان، باشترین نموونەش دابڕانی ئێستای نه‌وشیروانە لە یەكێتی نیشتمانی، بەڵام دابڕانێك دوور لەو ئەندام مەكتەب سیاسیانەی تری ناو حزبە كوردستانییەكانە كە لە حزب دووردەكەونەوە، بۆ خۆیان خەریكی ژیانی تایبەتی خۆیان دەبن، نه‌وشیروان دەیەوێ بڵێت راستە من لە سیاسەتی ئێستای یەكێتی دووركەوتوومەتەوە، بەڵام نە لە سیاسەت دابڕاوم، نە پیاوێكی دەستكورت و هەژاریشم لە سیاسەت تا بۆخۆم رێگای ژیانی تایبەتی بۆخۆم هەڵبژێرم،دەیەوێ بڵێت من هەمیشە لە ناو خەڵكم، بۆیە تا ئێستاش كەس نازانێ ئایندەی نه‌وشیروان چۆن دەبێت، چونكە نایەوێ تۆپەكە لەو دووركەوێتەوە،بەمەش كۆمەڵێك پرسیاری ئاڵۆز لای هەر خوێنەر و سیاسییەكی ئەم وڵاتە دروستدەبێت، ئەوەیە لوغزەكە، نه‌وشیروان لە ساڵانی خەباتی حەفتاكان و بەتایبەت هەشتاكانیشیدا، جار جار دەیەویست موفاجەئە دروست بكات، هەر چەندە موفاجەئەی ئەمجارەی ئەگەر بتوانێ دوا مەفاجەئەو سەركەوتووترینیان دەبێت، كە دەتوانێت تا رادەیەك ئەو لاپەڕە خوێناوییانەشی پێ رەشبكاتەوە، كە زۆرجار لێرەو لەوێ باسیدەكەن، بە تایبەت سەردەمە دژوارەكانی شەڕی ناوخۆ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا نه‌وشیروان بەم تەمەنەی ئێستای دەتوانێ ئەم موفاجەئەیە بكات، بەر لەوەی گوێبیستی خۆی بین بە بەڵێ یا نەخێر، لە ئایندەدا مێژوو وەڵاممان دەداتەوە، تەنها كەمێك چاوەڕوانی دەوێت.
من بەش بەحاڵی خۆم ئەوە یەكەمجارە بە راشكاوی و رووبەڕوو لەگەڵ كاك نه‌وشیروان گفتوگۆ بكەم، پێشتر زۆر تێبینی و رەخنەم لەسەری هەبوو، چونكە رابردوویەك كە بۆتە بەشێك لە ژیانی ئێمەو بەشێك لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیشە، زۆر شتمان پێدەڵێت، كە وەك كاك نه‌وشیروان وتی با گۆڕ هەڵنەدەینەوە، چونكە بۆگەن و ئێسك و پرووسك دێنە دەر.
یەك لەو خاڵەگرنگانەی كە ئەمڕۆ بۆ خەڵك گرنگە ئەوەیە نه‌وشیروان مستەفا ژیانێكی زۆر سادەی هەیە، وەك دەڵێن لە ساڵانی هەشتاكانیش وابووە،هیچ كاتێك نەیویستووە ژیانی خۆی لە خەڵكی ئاسایی جیا بكاتەوە، وەك كەسێكی خانەدان خۆی دەرگا لە میوان دەكاتەوەو هەر خۆیشی تا بەردەرگای ماڵەكەی بۆ بەڕێكردن لەگەڵی دەچێت و زۆر بەخێرهاتنیشی دەكات، لە خانوویەكی زۆر ئاسایی دەژێت،كە دەچیتە ژوورەوە هەست ناكەی ماڵە بەرپرسەكانی ئەو سەردەمەیە، پێشتر وێنەی كاك نه‌وشیروان لە زهنی مندا، ئەوەبوو راستییەكان تەنها لەلای خۆیەتی و ئەوەندە بڕوای بە دیالۆگ نییە، پێم وابوو دەمارگرژەو رەفزەوییە، واقیع ناخوێنێتەوەو شت بەسەر خەڵكیدا فەڕز دەكات، پێم وابوو زوو لەو قسانە توڕە دەبێت كە بە دڵی ئەو نین و هەڵدەچێ، پێم وابوو بۆ كەمكردنەوە یا نەهێشتنی جیاوازییەكان گەر بتوانی تەسفیەی جەسەدیت دەكات،پێم وابوو نه‌وشیروان…..، بەڵام لەگەڵ یەكەم دواندنیدا، هەستم كرد نه‌وشیروان ئێستا زۆر جەخت لەسەر دیالۆگ و گۆڕینەوەی راو رای بەرامبەر دەكاتەوە، حەز دەكات كێشەكان دوور لە توندوتیژی بەرەو چارەسەركردن بچن،نایەوێ بە هیچ جۆرێك جارێكی تر كورد لەنێو خۆیدا خوێن بڕێژێ، نایەوێ ئەو ئەزموونەی بە خوێن هاتۆتە دی بە هۆی گەندەڵییەوە لە دەستی بدەین، نایەوێ تایبەتمەندی هەر شارێكی كوردستان لەبەرچاو نەگیرێت و لە ناو حوكمڕانی گشتیدا بتوێتەوە، نایەوێ خەڵك بە دروشمی بریقەدار فریو بدرێ، نایەوێ…
بەڵام نه‌وشیروان چەند دەتوانێ ئەو بۆچوونانەی خۆی بهێنێتە دی، ئەمەیان با خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی ئەم دیمانەیەی رای خۆی لەسەر بدات.
گوڵان:بابه‌تێك هه‌یه كه جێگه‌ی پرسیاره، له ساڵی 1972 كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان دامه‌زرا، ئه‌و كاته پارتی له هه‌ڕه‌تی بڵاوبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندن دا بوو. رۆڵی كاك نه‌وشیروان له دامه‌زراندنی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه دیار نییه، به تایبه‌تی كە ئەوكات پێی دەوترا كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی، رۆڵی تۆ چی بوو لەو دامەزراندنەدا، بە تایبەت كە ئەوكاتانە تۆ لە ڤیەنا بوویت؟
نه‌وشیروان : كۆمەڵە ساڵی 1970 دامه‌زراوه. رۆڵی من له پێشترا ئه‌وه‌بوو كه خاوه‌نی ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری بووم. گۆڤاری رزگاری زه‌مینه‌ی فكریی دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی خۆشكرد. ئه‌و زه‌مانه پارتی دوو كه‌رت بوو، كه‌رتێكیان خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و كه‌رته‌كه‌ی تریش خوالێخۆشبوو برایم ئه‌حمه‌د سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد. حزبی شیوعیش ببوون به دوو كه‌رته‌وه، كه‌رتێكیان لایه‌نگیری له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كرد و كه‌رته‌كه‌ی تریش لایه‌نگری له چین ده‌كرد. له ناو كورددا به تایبه‌تی ئه‌و چوار باڵه یان چوار حیزبه هه‌بوون. ئه‌و كاته ناكۆكییه‌كی زۆر قووڵی فكری له نێوان خه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و خه‌تی چین هه‌بوو. چین یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی كه بیری جۆرێك له ماركسیزم – لینینیزم و بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ ی بڵاو ده‌كرده‌وه، بیروباوەڕی ماوتسیتۆنگ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه‌ی كه نه‌خشه‌ی رێگای رزگاربوونی گه‌لانی به‌و جۆره دانابوو كه پێویسته میللەتێك كاتێك خه‌بات ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی رزگاری به‌ده‌ست بهێنێت دەبێت حزبێكی پێشڕەوی هەبێت بە شێوەیەكی نوێ، دەبێت به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی گه‌لیی هەبێت، دەبێت لەشكرێكی رزگاری گەلیی هەبێت، ئێمە پێمان وابوو هیچ له‌و (3) سێ مەرجانە له هیچ كام له‌و حیزبانه نه‌بوون. له‌به‌رئه‌وه ئێمە هه‌وڵماندا له‌سه‌ر ئه‌و مۆدیلە نوێیە رێكخستنێك دروست بكه‌ین. به‌یاننامەی (11)ی ئادار په‌له‌ی كرد له پێكهێنانی كۆمه‌ڵه. چونكه به‌یاننامەی (11)ی ئادار بووه هۆی ئه‌وه‌ی دوو باڵه‌كه‌ی پارتی سه‌رله‌نوێ یه‌كبگرنه‌وه و ئه‌میان له‌ناو ئه‌وی تردا توایه‌وه. ئەمە بووه سه‌به‌بی ئه‌وه‌ش ئه‌و باڵه‌ی شیوعی كه سه‌ر به یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوو ورده ورده زاڵ بێت و له حكومه‌ت نزیك بێته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی تر ته‌سفیه بكات. له‌و كاته ئه‌و بۆشاییه فكری و سیاسیه‌ی هه‌بوو كۆمه‌ڵه توانی پڕی بكاته‌وه. من ئه‌و كاته له ساڵی 1970 حوكمی ئیعدام درابووم له لایه‌ن مه‌حكه‌مه‌ی سه‌وره‌وه له‌سه‌ر كێشه‌یه‌ك كه به راستی ده‌ستی منی تێدا نه‌بوو، به‌ڵام وه‌كو تۆڵه كردنه‌وه ئه‌و سزایه له‌سه‌ر من داندرابوو، له‌به‌رئه‌وه نه‌مده‌توانی به ئازادی هاتووچۆ بكه‌م و بێم و بچم و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا دانیشم و سیمینار و كۆبوونه‌وه بكه‌م. به پێچه‌وانه‌وه وه‌ختێك كه برایم ئه‌حمه‌د و گروپه‌كه‌ی هاتن بۆ قه‌سرو ماكۆسان، من له‌گه‌ڵیان هاتم و ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیشیان مامه‌وه هه‌تاوه‌كو رێگایەكم دۆزیه‌وه كه له رێیە‌وه سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه بكه‌م. دوای ئه‌وه ساڵی 1971 سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌م كرد. براكانی تر درێژه‌یان به ئیشه‌كه دا و من یەكێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی هاوكاریم كردووه له دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه ولە پێكهێنانی گروپه‌كانی سه‌ره‌تاكه. به‌ڵام ئه‌و ماوەیە به حوكمی ئه‌وه‌ی كه من دوور كه‌وتمه‌وه و چووم بۆ ڤیه‌ننا، به‌ڵام ئاگاشم لێهەبووە كه براده‌رانی تر ئیش و كاریان كردووه، هه‌رچه‌نده بەهۆی سەفەركردنەكەم من وه‌ك خۆم نه‌مده‌توانی به چالاكی به‌شداری تێدا بكەم، ئه‌و كاته‌ش كورد له‌ناو ئه‌وروپا ئەوەندە زۆر نه‌بوو تا بڵێین له ناو كورده‌كانی ئه‌وروپا ئیشم كردووه.
گوڵان:دەكرێ لە رێگای تۆوە بزانین بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار هی كێ بوو؟
نه‌وشیروان : بیرۆكه‌كه له راستیدا وه‌ك گوتم ده‌گەڕێته‌وه بۆ ئه‌و جیاوازیی چینی سۆڤیه‌تی. ئه‌و زه‌مانه گروپێك هاتبوون بۆ سلێمانی كه جیاببوونه‌وه له حیزبی توده‌ی ئێرانی، ئه‌و گروپه به ناوی سازمانی ئینقیلابی ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد. ئه‌وانه كاریگەری زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له كادیره گه‌نجه‌كانی ئه‌و كاته‌ی كە له باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كاریان ده‌كرد.
گوڵان: واتا تۆ له‌و كه‌سانه نه‌بووی كه تەئسیرت لێ كرابێ؟
نه‌وشیروان : نەخێر من یەكێك بووم له‌و كه‌سانه.
گوڵان: له ساڵی 1975 كاتێك ئه‌و نسكۆیه بەسەر كورد دا هات، تۆ ئه‌و كاته په‌یوه‌ندی سیاسیت له‌گه‌ڵ پارتی بوو یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه؟ یان له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان بووی؟ چۆن؟
نه‌وشیروان : من دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی پارتی، نه‌بوومه‌وه ئه‌ندام له پارتی، هه‌ر وه‌ك دۆستی پارتی مامه‌وه. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی من سه‌فه‌ری ڤیه‌ننام ده‌كرد هاتم سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیم كرد، ئه‌و كاته دكتۆر مه‌حمود له‌وێبوو و زۆریان پێ خۆش‌بوو كه من وه‌ك نیشانه‌یه‌ك له یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه له‌وێ ببم به ئه‌ندامی لقی ئه‌وروپا. وابزانم كاغه‌زیشیان نووسی، به‌ڵام من له‌ده‌ره‌وه‌ی رێكخستن بووم. به‌ڵام له‌گه‌ڵ براده‌رانی كۆمه‌ڵه ئاگاییمان له‌یه‌كتر هه‌بوو.
گوڵان: كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان دوای ساڵی 1975 توانی به هێزو تین و گوڕێكی ترەوە بكەوێتە شاخ و هه‌روه‌ها له كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانیش تا ناوەڕاستی هەشتاكان توانی لە شاریش هاوسه‌نگیه‌كی گه‌وره لە بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردی دروورست بكات. چ پێویستی به‌وه بوو بچێتە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان؟ له كاتێكدا كۆمه‌ڵه خۆی حزبێكی زۆر فراوان و گه‌وره بوو به تایبه‌تی لەریزی گه‌نجه‌كان؟.
نه‌وشیروان: پێش دەستپێكردنەوەی شۆڕش له ساڵی 1975-76 كۆمه‌ڵه رێكخراوێكی وه‌ها گه‌وره نه‌بووه، هه‌رچه‌نده پته‌وترین رێكخراو بوو له‌چاو هه‌موو رێكخراوه‌كانی تر و لەرووی رێكخستنه‌وه له هه‌موویان كارامه‌تر بوو، كادیری باشی هه‌بوو بەڵام به ژماره كه‌م بوون. ئه‌مه یه‌كه‌م. دووه‌م، بۆ زانیاریت ئه‌و كاته مام جه‌لال سكرتێری كۆمه‌ڵه بوو هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه تا ئه‌و فه‌تره‌یه‌ش.
گوڵان: واته یه‌كه‌م سكرتێری كۆمه‌ڵه مام جه‌لال بوو؟
نه‌وشیروان : بەڵێ . درووستكردنی یەكێتی لەراستیدا جۆرێك بوو له جێبەجێكردنی ئه‌و بیره‌ی كه هه‌م پارتی پێشڕەو هەبێت هه‌م به‌ره‌ی یه‌كگرتوویی گه‌ل هەبێت و له‌شكری رزگاریی دروست بكات. ئێمە هه‌وڵماندا ئه‌و مۆدیلە له كوردستان دروست بكه‌ین. واته به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵه ئێمە ئه‌و زه‌مانه وامان حیساب ده‌كرد وه‌ك چۆن تۆ به‌ردێك ده‌خه‌یته ناو ئاوه‌وه چه‌ند هه‌ڵقه‌یه‌ك دروست ده‌كات، هه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌م زۆر رۆشن و دیاره، هه‌ڵقه‌ی دووه‌م كه‌متر رۆشنه، هه‌ڵقه‌ی سێیە‌م له‌و كه‌متر، وامان دانابوو كۆمه‌ڵه ببێت به نه‌وات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵقه جیاجیایانه‌ی توێژە كۆمه‌ڵاتیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵی كورده‌واری.
گوڵان: مام جه‌لال چۆن وازی له سكرتێری كۆمه‌ڵه هێنا، با بزانین كاك نه‌وشیروانیش چه‌نده‌مین سكرتێرە؟
نه‌وشیروان : له‌راستیدا ره‌نگه بە فەرمی من دووه‌م سكرتێری كۆمەڵە بووبم، ئه‌و كاته‌ی كه مام جه‌لال له ساڵی 1972 چووه ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی كه به عه‌مه‌لی سه‌رپه‌رشتی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی كردووه شه‌هابی شێخ نوری بووه. دوای ئه‌وه‌ی كه كاك شه‌هاب گیرا و رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه تووشی گرتن و راوەدوونان بوون كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان دروست بوون. كاك ئارام مه‌سئولی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان بووه به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش هه‌ر مام جه‌لال سكرتێری كۆمه‌ڵه بووه. پاش ئه‌وه‌ی كه یەكێتی نیشتمانی دامه‌زرا و بێجگە له كۆمه‌ڵه بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی هاته ناو یه‌كێتییەوه و خه‌تی گشتی دروست بوو، ئیتر ئه‌وساكه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ مام جه‌لال كرد كه ئایا وه‌كو سكرتێری كۆمه‌ڵه ئه‌مینێتەوه یانیش دەبێت به قاسمی مشته‌ره‌كی ئه‌و (3) سێ باڵه‌ی كه یه‌كێتیان دروست كردووه. ئه‌و (مام جەلال) قاسمه مشته‌ره‌كه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد و ئێمەش هه‌موومان قه‌بوڵمان بوو كه ببێ به قاسمی موشته‌ره‌كی هه‌ر سێ باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی، بەڵام تا ئارام مابوو هەر مام جەلال بە فەرمی سكرتێری كۆمەڵە بوو، كاك ئارامیش كارەكانی بەڕێوەدەبرد، واتا بەرپرسی كۆمەڵە بوو بەڵام سكرتێر نەبوو، بەڵكو هەر مام جەلال سكرتێر بوو.
گوڵان : بەڕێزت لە رێگای كۆنگره و كۆنفرانس یا پلینیۆمەوە بووی به سكرتێر یان مام جەلال دەستنیشانی كردی بۆ سكرتێری؟
نه‌وشیروان : نەخێر من دوای ئه‌وه‌ی كه كاك ئارام شه‌هید بوو له به‌ری قه‌ره‌داغ، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی كادیره‌كانی كۆمه‌ڵه‌مان لە شێنێ كرد، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا من هه‌ڵبژێردرام كه سه‌رپه‌رشتی كاروباره‌كانی كۆمه‌ڵه بكه‌م. دوای ئه‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ترمان به‌ست، پاشان كۆنفرانسی یه‌كه‌ممان به‌ست و له‌م كۆنفرانسه‌دا من به سكرتێرری كۆمه‌ڵه هه‌ڵبژێردرام. ئێمە له سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا (3) سێ جار كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌مان به‌ستووه.
گوڵان: به‌ڵام له هه‌شتاكان دوایی نه‌به‌سترا؟
نه‌وشیروان: له هه‌شتاكانیش به‌ستمان به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له 1986 شه‌ڕی سه‌خت له‌نێوان كورد و حزبی به‌عس درووست بوو، له‌راستیدا له ترسی بۆردوومانكردن و بەكارهێنانی چه‌كی كیمیایی نه‌مانتوانی كۆنگرەیەكی وه‌ها ببه‌ستین، ئه‌ترساین كه زۆربه‌ی كادیره‌كانمان بكوژرێن.
گوڵان: رەنگە ئه‌و كاته حه‌ماسێكیش نه‌بووبێت بۆ به‌ستنی كۆنگره؟
نه‌وشیروان: شەڕەكه ئه‌وه‌نده سه‌خت بوو، بوو بووه ئه‌وله‌ویات. ئه‌وه‌ی من باسی ده‌كه‌م دوای 1986 ه.هۆكارەكەشی ئەو شەڕە سەختە بوو كە ئه‌و كاته جێگایەك نه‌بوو تۆ بتوانی به دڵنیایی كۆنفرانسی تێدا ببه‌ستی.
گوڵان: له 21-11-1976 كه شەهابی شێخ نوری و جەعفەر عەبدولواحید لە سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه و ئه‌نوه‌ر زۆراب له رێكخستنی به‌غداد له سێدارە دران. ئایا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه له سێداره دران یان به‌هۆی بیری نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی بوو؟
نه‌وشیروان: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌وه ئێمە گرنگیمان پێ ده‌دا ئه‌وه بوو كه كۆمه‌ڵه خۆی بپارێزێ لە لێدان . ساڵی 1970 تا 1975 ئێمە هینی ئه‌وه‌مان هه‌بوو كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بگیرایه ره‌نگ بوو پارتی بیگرێ به تۆمەتی ئه‌وه‌ی كه جاسوسی به‌عسیه، حكومه‌ت بیگرێ به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه جاسوسی ده‌زگای پاراستنه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان كرا هه‌وڵماندا هه‌ڵقه‌ی رێكخستنە‌كانی نا كۆمه‌ڵه زۆر زۆر ته‌سك بێت و ئێمە كادیری رێكخستن دروست بكه‌ین نه‌ك رێكخستنی جه‌ماوه‌ری. له‌به‌رئه‌وه ئه‌ده‌بیاتیشمان نه‌بوو، یه‌ك دوو بڵاوكراوه وه‌ختی خۆی به هەڵە بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دوایی كۆكراوه‌ته‌وه. كۆمه‌ڵه تا ساڵی 1976 هیچ شتێكی به رە‌سمی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه بۆ خه‌ڵك. به شێوەیەكی زۆر نهێنی كاری ده‌كرد له ناو نوخبه‌یه‌كی هه‌ڵبژێردراودا، بۆ نموونه له ناو زانكۆی سلێمانیدا وەختێ كە رێكخستن دروست ده‌كه‌یت ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ت رێكدەخست كه له‌كاتی قەیران و تەنگژەكاندا دەتوانێ سەركردایەتی رای گشتیبكات، ئەتوانێت لە ناو خوێندكاران‌دا رۆڵێكی كاریگەری هەبێت له‌ناو كرێكاراندا ئەو كەسانە رێكبخەیت كه له كاتی ئه‌زه‌ماتدا ئەتوانێت له ناو چینی كرێكاراندا كار بكات، له‌ناو رۆشنبیراندا هه‌ر به‌م شێوەیه. واته هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مانه هه‌وڵده‌درا كۆبكرێته‌وه و به چه‌ندین قۆناغدا تێده‌په‌رین و به هه‌ڵقه‌ی رۆشنبیری و ئه‌مانه تا ئه‌بن به ئه‌ندام. ساڵی 1975 كاتێ كۆمه‌ڵه هاته ناو یه‌كێتییه‌وه ئیتر ئه‌و قۆناغه ده‌ستی پێكرد. كاك شه‌هاب و ئه‌و براده‌رانه‌ی كه حوكمی ئیعدام دران به تۆمه‌تی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌مانه ته‌یارێكی ماركسیان درووست كردووه و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان كردووه و په‌یوه‌ندیان كردووه به جیهاتی بێگانە‌وه، چونكه كاك شه‌هاب چه‌ند جارێك چووبوو بۆ به‌یروت فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی بینیبوو. واتا بەشێكی ئه‌و براده‌رانه‌ی ئیعدام كران له‌سه‌ر ئه‌وه ئیعدام كران.
گوڵان: ئێستا یان جارانیش باس له‌وه ده‌كرا كه جیاوازیه‌ك هه‌بووه له‌نێوان شه‌هید ئارام و شه‌هید شه‌هاب. هەریه‌كه و سه‌ر به باڵێكی سه‌ربه‌خۆ بوون و كۆمه‌ڵێك گرووپی دیكه‌یان له خوار خۆیان هه‌بوو. یه‌عنی كۆمه‌ڵێك په‌یره‌وی شه‌هید شه‌هابی كردووه و كۆمه‌ڵێكیش په‌یڕه‌وی شه‌هید ئارامی كردووه. ئایا كاك نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یڕه‌وی كام باڵی ده‌كرد تا ئه‌و دوانه مابوون؟
نه‌وشیروان : ئه‌وه راست نییه، ئەوە راست نییە،یه‌ك كەڕه‌ت ناكۆكی له‌ناو كۆمه‌ڵه دروست بوو، ئه‌ویش ناكۆكیه‌كی فكری بووه، دوایی حه‌سم بوو. ناكۆكیه‌كه دوای ساڵی 1975 و تێكشكانی شۆرشی كوردبوو، له ناو سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه جۆرێك له بۆچوون دروست بوو بوو كه ئایا ناكۆكی سه‌ره‌كی ئێمه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عسه یان له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمی ئه‌مریكایه. به‌ڵام له دوای فه‌تره‌یه‌كی زۆر كه‌م ئه‌و موشكیله‌یەش حه‌ل كرا ئه‌وه‌ی كه پێشبینی شۆرشی كرد و كاك شه‌هابیش پێشبینی شۆرشی كرد.
گوڵان: ئه‌ی بۆ له سەركردایەتی كۆمه‌ڵه و سه‌ركردایه‌تی ئێستاش هه‌ندێ جاران ئه‌و شتانه باس ده‌كرێن. له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وانه‌ی كه پێشان له مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه بوونه باسی ئه‌و جیاوازیه ده‌كه‌ن له نێوان شه‌هید ئارام و شه‌هید شه‌هابدا؟
نه‌وشیروان: من پێموایە ئەوە راست نییه. رە‌نگه ئه‌و براده‌رانه له بێئاگاییه‌وه قسه ده‌كه‌ن. تا ئه‌و زه‌مانه‌ی كه كاك شه‌هاب و هاوڕێكانی له سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه بوون كاك ئارام كادیرێكی ئاسایی بووه له كۆمه‌ڵه، له سه‌ركردایه‌تی نه‌بووه. دوای ئه‌وه‌ی كاك شه‌هاب و هاوڕێكانی كه‌وتنه به‌ر گرتن و راونان و كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان دروست بوو، له‌وه‌یا كاك ئارام هاته پێشه‌وه و بووه كه‌سی یه‌كه‌می ناو كۆمه‌ڵه.
گوڵان: باشه كاك نه‌وشیروان كه باسی شه‌ڕی ناوخۆی هه‌شتاكان ده‌كرێت، له‌به‌رچی هه‌موو حزبه‌كانی به‌ره‌ی جود ئه‌وانه‌ی كه ئێستاش ماون و جگه له‌مانه‌ش زۆر خه‌ڵكی ته‌نانه‌ت ناو یەكێتیش ئێستا نه‌وشیروان به سه‌ركرده‌یه‌كی كاریگەری ئه‌و شه‌ڕه‌ی ناوخۆیە دادەنێن. وه‌ك رۆژانه ئه‌وانه‌ی ناو مه‌كته‌بی سیاسیش ئه‌وه ده‌ڵێنه‌وه كه نه‌وشیروان خه‌ڵكی به كوشتن داوه. باشه بۆ هه‌ر كاك نه‌وشیروان سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كرد،یان فیعلەن تۆ رۆڵێكی زۆرت هەبوو، بەكورتی بۆچی ناوی تۆ زیاتر له هه‌ر ناوێكی دیكه زه‌ق ده‌كرێته‌وه؟یان مەبەستێكی تر هەیە كە ئێمە نایزانین؟
نه‌وشیروان: ره‌نگه ئه‌وه دوو فاكته‌ری هه‌بێت. یه‌كێكیان فاكته‌ری ناوخۆی یه‌كێتییه كه ئه‌وه بەشێكە لەو ململانێیە ناوخۆییه‌ی له نێوان باڵه جیاجیاكانی ناو یەكێتیدا هه‌یه. به‌شێكی تریشیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و توانا میدیاییه‌ی كه كاتی خۆی حزبی شیوعی عێراق هه‌یبوو، له راستیدا حزبی شیوعی رۆڵی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌وه‌ی كه ناوی من به شه‌ڕی ناخۆوە بنووسێنن به تایبه‌تی دوای شەڕی (پشتئاشان) و ئه‌وانه. خۆت ئه‌زانی كادری راگه‌یاندن له حزبی شیوعیدا زیاتر بوو، ئه‌و زه‌مانه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت مابوو، حزبی شیوعی له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی تری دونیا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو ئیتر هەڵمەتێكی جیهانییان دژ بە من دەست پێكرد.
گوڵان: باشه له‌به‌رچی ناوی تۆیان دیار خست؟ئایا لەبەرئەوە نەبوو فیعلەن رۆڵێكی باشت نەبینی؟
نه‌وشیروان :له‌به‌رئه‌وه‌ی من سه‌ركردایه‌تی هەندێك له شەڕەكانم كردووه.
گوڵان: واتا حەقیقەتێكی تێدا هەبووە بەرامبەر بە تۆ؟
نه‌وشیروان : من حه‌ز ناكه‌م بگەڕێینەوە بۆ رابردوو گۆڕ هه‌ڵبده‌ینه‌وه چونكه كەگۆڕ هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه عاده‌ته‌ن بۆگه‌ن و ئێسك و پرووسك دێتە ده‌ره‌وه. شەڕی یەكێتی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ترا، له‌راستیدا به پلەی یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتیدا بوو، چونكه پارتی وه‌كو تاكه حزب مه‌بده‌ئی ته‌عه‌دودیه‌تی قه‌بوڵ نه‌ده‌كرد. ئه‌و شەڕانه به‌شێك بوو له چه‌سپاندنی فكره‌ی ته‌عه‌دودیه‌ت كه بۆ جاری یه‌كه‌م بوو یەكێتی هێنایە كوردستانه‌وه. فره‌یی حزبی، فره‌یی سیاسی و فره‌یی رۆژنامه‌وانی تا ئه‌و زه‌مانه پارتی خۆی به تاكه حزب ده‌زانی كه شیعاری ئه‌وه‌ی هه‌بووپێشڕەوی كورد پارتیه و هیچ حزبێكی تر نییه. ئه‌مه وەختێك یەكێتی دروست بوو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه بوو له‌و سه‌ره‌تایه.
گوڵان: به‌س هه‌ست ناكه‌ی له واقیعی عه‌مه‌لیدا یه‌كێتی نه‌یتوانی ئیستیعابی ئه‌و هه‌موو حزبه كوردستانیانه بكات، كە خەباتی رزگاری نیشتمانیان دەستپێكردبوو؟چونكه یه‌كێتی به‌ته‌نیا له‌به‌ره‌یه‌ك بوو و حزبه‌كانی تریش هەموویان له به‌ره‌یه‌كی تر. خۆی ته‌عه‌دودیه‌ت ئه‌وه‌یه حزبه‌كانی تر قه‌بوڵ بكه‌ی له كاتێكدا پارتی له‌ناو زۆرترین حزبه‌كانی كوردستانیدا بوو، بەرەی جودیان پێكهێنابوو، به‌ڵام یه‌كێتی به ته‌نیا بوو و شەڕی دەكرد بۆ ئەوەی هەموو حزبه‌كانی تری وه‌كو سۆشیالیست وشیوعی و پاسۆك و ….هتد پاكتاو بكات؟
نه‌وشیروان : من وه‌ك گوتم نامه‌وێ باسی ئه‌وه بكه‌ین. بە جێیدەهێلین بۆ مێژوونووسان، با ئه‌وان هه‌ڵیسه‌نگێنن.
گوڵان: با بێینە سەر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه… خه‌ڵكێكی زۆر چ ئه‌وانه‌ی ئێستاش هه‌ر خۆیان به كۆمه‌ڵه ده‌زانن یان له رێگای كۆمه‌ڵه‌وه توانیان ببن به كادیرێكی كوردستانی و نیشتمانی،قسە ئەوەیە خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ش دەڵێن گورزێكی گورچك بڕ بوو كە درا له كۆمه‌ڵه و ته‌نانه‌ت له بزاڤی نیشتمانیش، باشە كاك نه‌وشیروان چۆن توانی ئه‌و بڕیاره بدات كه كۆمه‌ڵه له ساڵی 1988 هەڵبوەشێنێتەوە؟
نه‌وشیروان: من به ته‌نیا ئه‌و بریاره‌م نه‌دا، ئه‌وه ژماره‌یەكی زۆر پێش من له كادیره‌كانی كۆمه‌ڵه ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌ست پێكردبوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی شۆرشگێڕاندا، له قاسمه ره‌شه‌وه ئه‌و گفتوگۆیانه‌یان ده‌ستپێكردبوو. كه بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌شمان دا له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر فراواندا چه‌ند سه‌د كەسێك تێیدا به‌شدار بوون كه ئه‌و بڕیاره‌مان دا. بەڵام لە بیرت نەچێت وه‌ختێك كە كۆمه‌ڵه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه ته‌سلیمی ده‌ست سه‌ركردایه‌تیه‌كم كرد كه جگه له دوو كه‌سیان ئه‌وانی تر هه‌موویان كۆمه‌ڵه بوون.
گوڵان: واتا خۆت قه‌ناعه‌تت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه هه‌بوو؟
نه‌وشیروان : به‌ڵێ ئه‌و زه‌مانه قه‌ناعه‌تم پێ هه‌بوو. به‌ڵام ئەزموون ده‌ری خست كه شتێكی هه‌ڵه‌مان كردووه.
گوڵان:هه‌ستت كرد كه غه‌درێكت كردووه؟
نه‌وشیروان : ئێستا واتا ئەو دوو سێ ساڵه هه‌ست ده‌كه‌م كه كارێكی هه‌ڵه‌مان كردووه. لەوەوپێش پێم وابوو وه‌ك بۆم باس كردی كە كۆمه‌ڵه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ته‌سلیمی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیمان كرد، ئه‌و كاته له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا ته‌نها د.فواد مه‌عسوم و د.كه‌مال فواد كۆمه‌ڵه نه‌بوون ئه‌وانی تر هه‌موویان كۆمه‌ڵه بوون و ده‌یانتوانی هموو یه‌كێتی بكه‌ن به كۆمه‌ڵه.
گوڵان : بەڵام نەیانكرد؟
نه‌وشیروان : بەڵێ نەیانكرد..
گوڵان: دەكرێت بزانین كاك نه‌وشیروان له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر جاران هه‌ست دەكرێت لە حزب دادەبڕێت واتا تووڕە دەبێت، وەك ماوه‌یه‌ك له زەڵێ دانیشتبووی خه‌ریكی نووسینی یاداشتەكانت بووی و هه‌ندێ جاریش سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ت كردووه، هه‌ندێ جاری دیكه‌ش هه‌ست ده‌كه‌یت كاك نه‌وشیروان عادزه، دڵگیره، تووڕە‌یه. ده‌كرێ بزانین ئه‌و هه‌موو جارانه كاك نه‌وشیروان ئیستیقاله‌ی ده‌دا یان هه‌ر بۆ خۆی تووڕە ده‌بوو و خۆی دوور ده‌خسته‌وه و دەچووە كەنار و لە ناوەند دووردەكەوتەوە؟
نه‌وشیروان: پێموایە ئێوەو مانان حه‌قه به ته‌قدیره‌وه سه‌یری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی من بكه‌ن. چونكە ئه‌و كاتانه‌ی من دوور ده‌كه‌وتمه‌وه له راستیدا له‌كاتی شه‌ڕی ناخۆدا بووەو من بۆم به‌جێهێشتوون. بۆ نموونه بۆت باس بكه‌م له دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می په‌رله‌مانه‌وه من له‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانی خۆمانا ناكۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا كادیره‌كانی یەكێتی بێنین كاروباری حكومه‌تی پێ بسپێرین یاخود كادیره‌كانی یەكێتی چاو‌دێر(مراقب) بن به‌سه‌ر حكومه‌ت و، ته‌كنۆكرات بهێنین. ئه‌وە یەكێك لەو خاڵانە بووە بووه كه ئه‌و زه‌مانه من لایه‌نگری ئه‌وه بووم خەڵكی تەكنۆكرات بهێنین با ئەوەشت پێ بڵێم منیان ته‌رشیح كرد بۆ یەكەم سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ڵام نه‌مكرد چونكه باوەڕم پێ نەبوو. براده‌رانی تر پێیان وابوو ئه‌گه‌ر له دەسەڵات‌دا نه‌بین خه‌ڵكمان له‌گه‌ڵ نابێت، له‌به‌رئه‌وه دەیانوت ئێمه خۆمان له شۆرشدا ماندوو بووین بۆچی ته‌سلیمی خه‌ڵكی تری بكه‌ین. له مه‌وزوعی یه‌كێتی و پارتیشدا من رەئیم وابوو، بێگومان پێش هه‌ڵبژاردن من له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود قسه‌م كرد له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه‌ی لیستێكی هاوبەش دروست بكه‌ین. من باوه‌رم وابوو له‌به‌رئه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان به قۆناغێكی زۆر سه‌ختدا تێپەڕیوه و تووشی كاره‌ساتی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و رۆشنبیری بووه. ئه‌م قۆناخە میله‌ته‌كه‌مان پێویستی به ئیستیقرار هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش چاكترین شت ئه‌وه‌یه دوو حزبه سه‌ره‌كیه‌كه لیستی سه‌ره‌كیان هه‌بێت. ئه‌و زه‌مانه (1992 ) په‌رله‌مان سه‌د ئه‌ندامی هه‌بوو، وتم با پارتی 35 كورسی هەبێت و یەكێتی 35 كورسی هه‌بێت. 30 یه‌كه‌ی تر بۆ خه‌ڵكی سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكرات و حزبه‌كانی تر دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له نێوان یەكێتی و پارتیدا جۆرێك له ناكۆكی دروستبوو، ئەو كاتە ئه‌و سی كه‌سه بتوانێت باڵانسه‌كه راست بكاته‌وه. به‌ڵام فكره‌كه‌ی من قه‌بوڵ نه‌كرا. من پێشنیارم كرد بۆ براده‌ره‌كانی خۆمان كه ئه‌گه‌ر لایه‌ك حكومه‌ت وه‌ربگرن و لاكه‌ی تر ببن به ئۆپۆزیسیۆن. له‌گه‌ڵ پارتی قسه بكه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان حكومه‌ت وه‌رگرن ئێمه ده‌بین به ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌گه‌ر ئێمەش حكومه‌تمان وه‌رگرت با ئه‌وان ببن به ئۆپۆزیسیۆن. ئه‌و فكره‌یه‌ش له لای براده‌ره‌كانی ئێمە قه‌بوڵ نه‌بوو و پێیان وابوو پێكەوە حكومەتێكی ئیئتیلافی دروست بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه من عه‌قڵم نه‌یبڕی و وازم لێ هێنا. وه ئه‌گه‌ر وازم لێ نەهێنابایه ئیحتیمالی هه‌بوو ئه‌و ناكۆكیانه، ئه‌و زه‌مانه موماره‌سه‌ی كاری دیموكراسی زۆر كه‌م بوو، ره‌نگ بوو ببێته هۆی هه‌ڵگیرسانی شەڕ له‌نێوان ئه‌و باڵانه‌ی ناو یه‌كێتیدا. پێموابوو ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی به ساغ و سه‌لامه‌تی بمێنێته‌وه له‌به‌رئه‌وه من بۆم به‌جێهێشتن. هه‌موو جاره‌كانیش وابووه كه ناكۆك بوو بووم له‌گه‌ڵ رەفیقه‌كانم له‌جیاتی ئه‌وه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكه‌م بۆم جێهێشتوون.
گوڵان: هه‌ست ناكه‌ی له سیاسه‌تدا ئه‌وه مه‌رفوزه؟ ئه‌و وازهێنان و خۆ دوورخستنه‌وه‌یه. سیاسه‌ت وایه تۆ دەبێت ململانێش بكه‌یت و هه‌وڵیش بده‌یت كه‌مینه‌ی خۆت بكه‌یت به زۆرینه.
نه‌وشیروان: ئه‌وه له وڵاتێكدا كه حزبه‌كان چه‌كدار نه‌بن راسته، به‌ڵام له وڵاتێكدا كه حزبه‌كان چه‌كدار بن و سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه و سه‌ركردایه‌تی سیاسی ئاماده بن به چه‌ك دیفاع له مانه‌وه‌ی خۆی له‌و پۆست و پایانه‌دا بكات پێم وایه ئینسان بكشێته‌وه باشتره وه‌ك له‌وه‌ی شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكات. ئه‌وه‌ی كه تۆ باسی ده‌كه‌یت ره‌نگه له وڵاتێكدا بێت كه ته‌قالیدی دیموكراسی رەگداكوتاوی تێدابێت. له ئه‌وروپارەنگە وابێت بەڵام لە كوردستانێكدا كه هه‌موو چه‌كدارن پێم وایه ئه‌وه سه‌ر ناگرێ .
گوڵان: لینین كه شۆرشی ئۆكتۆبه‌ری داگیرساند سه‌ره‌تا كەمینە بوو دوایی به گفتوگۆی چڕ‌و بەردەوام بوو به زۆرینه. عه‌زیز محه‌مه‌دیش جەبهەی وەتەنی له‌گه‌ڵ به‌عس كرد خۆ لە سەرەتا كەمینە بوو، بەڵام بە كۆبوونەوەی بەردەوامی ناو كۆمیتەی ناوەندی بوو به زۆرینه. واتا له سیاسه‌تدا وایه ململانێكە رەنگە هەندێك جار درێژخایەن دەبێت، ناشبێ سارد ببیتەوە. به‌ڵام كه دوور كه‌وتیه‌وه رە‌نگه ئه‌وانی تر ئیستیغلالی بكه‌ن و زیاتر ئه‌و نه‌هجه‌ی كه ده‌یانه‌وێت جێگیری ده‌كه‌ن. فكره‌كه‌ی تۆش لەو كاتە زیاتر بچووك ده‌بێته‌وه چونكه تۆ مه‌یدانه‌كه‌ت بۆ جێهێشتوون. پێم وایە ئه‌وه له سیاسه‌تدا زیاتر زیانت پێدەگەیەنێت، بۆیە ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت باشتره و هه‌وڵیش بده‌یت نه‌گاته پێكدادانی چه‌كداری. چونكه هه‌ندێك جاران ده‌بێتە كۆڵدان، رەنگە تۆ به نیشتمانپه‌روه‌ری بزانی بۆ ئه‌وه‌ی ئەو كێشەیەی هەیە با كەسی تێدا نەسووتێ بەجێیدەهێلی؟
نه‌وشیروان :من نموونه‌یه‌كت بۆ باسكه‌م. كاتێك كە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكرد من زیاتر له ساڵێك بوو له له‌نده‌ن دانیشتبووم. هیچ ده‌ستێكم له هه‌ڵگیرسانی شەڕی یەكێتی و پارتی و، یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌دا نه‌بوو، من به‌سه‌ر شه‌ڕە‌كه‌دا هاتمه‌وه. كه هاتیشمه‌وه لایه‌نی گفتوگۆكه من ده‌مكرد. له گفتوگۆكه‌شدا یه‌ك خاڵی بنەڕەتی هه‌بوو به نسبه‌ت منه‌وه كه ئه‌مویست جێبەجێی بكه‌م ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌ی برایم خه‌لیل و داهاتی برایم خه‌لیل بوو. یه‌عنی هه‌موو ململانێكه‌ی من كه پێیان ده‌وتم مه‌وقیفی موته‌شه‌دیده له‌به‌ر ئه‌و هۆكارە بووه. وه‌ختێك كه بینیم هیچ رێگه له ئاسۆی نزیكدا و هیچ هیوایەكی ئه‌وه نییه كه له نێوانی یەكێتی و پارتی دا رێككە‌وتن ببێت، ئاخر مه‌رحه‌له من خۆم به شه‌خسی كاغه‌زم بۆ كاك مه‌سعود بارزانی نووسی و كاك مه‌سعود یش جوابی بۆ نووسیمه‌وه و گه‌یشتینه داڕشتنێك (سیغه‌یه‌ك)كه بگه‌ینه رێككە‌وتن، بەڵام كە سه‌یرم كرد له ناو پارتی و یه‌كێتیشدا چه‌ندین گرووپ هه‌ن دژی ئه‌و رێككەوتنەن و نایانەوێت سەربگرێت. له‌به‌رئه‌وه جارێكی دیكەش بەجێمهێشت.
گوڵان: قسه‌یه‌كی بەربڵاو هه‌یه دەڵێت كاك نه‌وشیروان ته‌نها سلێمانی پێ شاره. واته بیرێكی ناوچه‌گه‌ری به‌سه‌ریدا زاڵه. ده‌كرێ ئه‌مه له‌سه‌ر زاری خۆته‌وه راستی ئەمە بزانین؟
نه‌وشیروان :ئه‌سڵه‌ن من خۆم به كوردستانی ده‌زانم نه‌ك خۆم به خه‌ڵكی كوردستانی عێراق بزانم. یه‌ك نیشانه‌م پێ بڵێ دەلیلی ئەوە بێت كە من ناوچەگەرێتی دەكەم.
گوڵان: دەڵێن گوتووتە هەولێر كوێی پیرۆزە تا شەڕی تیا نەكرێ كاتێ ساڵی 1994، 1995 و 96 و واته ئه‌و ساڵانه‌ی كه شه‌ری ناوخۆ هه‌بوو. ئایا فیعله‌ن تۆ وات گوتووه؟
نه‌وشیروان :وه‌كو مه‌بده‌و من هه‌موو كوردستان‌م پێ پیرۆزه نه‌ك هه‌ر شاری هه‌ولێر. له زاخۆوه تا خانه‌قین به ناوچه دابڕاوه‌كانیشه‌وه به شتێكی پیرۆزی ده‌زانم، وه‌ختی خۆیشی كه ئێمه خه‌باتمان كردووه له پێناوی نیشتمانه‌كه‌مان خه‌باتمان كردووه. نیشتمانه‌كه‌ی ئێمه‌ش به‌ته‌نیا بریتی نییه له شاری سلێمانی. ئه‌وه قسه‌یه‌كی ناراسته و من وام نەوتووە، بەڵام ئه‌وەش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و قسه‌وقسه‌ڵۆكانه‌ی كه باڵه ناكۆكه‌كانی ناو یه‌كێتی بۆ یه‌كتری دروستی ده‌كه‌ن. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی كه من پێم دەڵێن موهه‌ندسی شه‌ڕی براكوژی بووه، من هه‌موو شەڕەكانی پێش راپەڕینیش هەر له‌سه‌ر هه‌ولێر كردوومه.
گوڵان: كاك نه‌وشیروان هەندێك جار هەڵوێستی زۆر جدیت هه‌یه وتێبینی و ره‌ئی خۆت هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه تۆ به نانیشتمانی ده‌زانی و یان ئه‌و شتانه‌ی كه تۆپێت وایه زیانی هه‌یه بۆ ئایینده‌ی كوردستان. دوای رووخانی به‌عس كه رژێمی به‌عس نه‌ما له‌سه‌ر حوكم، كۆمه‌ڵێك فایل هاته گۆڕێ گوایه له سەركردایەتی یەكێتی و حزبه‌كانی تریشدا فایلدار هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه حەقیقەتێكی تێدایە بۆچی ئه‌و كاته مه‌وقیفت وه‌رنه‌گرت؟خۆ ئه‌وه‌ش بابه‌تێكی زۆر جددی بوو؟
نه‌وشیروان:مه‌به‌ستت له فایلدار چییە؟
گوڵان: ئه‌وانه‌ی كه یارمه‌تیده‌ر بوونه له‌گه‌ڵ به‌عس جا بە هەر شێوەیەك بێت، سیخور بووبن یان هه‌ر شتێكی تر، گرنگ ئەوەیە هاوكاری بەعس بووبن؟.
نه‌وشیروان: من زۆربه‌ی فایله‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیم بینیوه، لە راستیدا به مه‌عنای سیخور كه‌سیان سیخور نه‌بوونه تاوه‌كو ئینسان ناونووسی بكات.
گوڵان: كاك نه‌وشیروان دوای رووخانی بەعس به‌شداری له بنیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ كرد. ئایا فیعله‌ن كاك نه‌وشیروان بڕوای به عێراقی نوێ هه‌بوو كه به‌م شێوه‌یه سه‌ردانی به‌غدای كرد و به‌شداری ئەنجوومەنی حوكمی كرد بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ دروست بكات؟بۆچی خه‌ریكی كوردستان نه‌بوو و دوای رووخانی سه‌دام كوردستان بكاته كوردستانێكی نوێ؟
نه‌وشیروان :پێموایه بۆ هه‌ردووكیان كارمان كردووه. به نسبه‌ت كوردستانه‌وه پێم وایه ئێمه ئیشێكی زۆر گه‌وره‌مان كردووه ئێستا له كوردستان ده‌توانیت بڵێیت به مه‌عنای وشە بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌یه. هیچ لایەنێكی عێراقی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیش بەگونجاوی نازانن كه كورد ده‌وڵه‌ت دروست بكات. بۆ تۆ باشترین رێگا ئه‌وەیه له عێراقێكی تازه له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسیا تۆ بتوانیت ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت. تا ئه‌و كاتەی كە نا‌توانیت جیابیته‌وه خۆت حه‌ز بكه‌یت و حه‌ز نه‌كه‌یت بەشێكی له عێراق. مادام بەشێكیشی لە عێراق، له عێراقدا دەوڵەتێكت هەبێت كه ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی‌دا. دەوڵەتێك بێت دیموكراسی بێت، دەوڵەتێك بێت له خزمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌دا بێت و دەوڵەتێكی تازە بێت ئه‌مه له قازانجی كورده. ئه‌وه‌ی تریش من پێم وایه ئێمه بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیمان دامه‌زراندووه.
گوڵان: چوار ساڵی رێك به‌ر له ئەمڕۆ بەڕێزت لەگەڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یەكێتی یاداشتنامه‌یه‌كیان به‌رز كرده‌وه كه ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر چه‌ند شتێك تێدا بوو، یه‌ك له‌و پرسانه ته‌مه‌نی مام جه‌لال بوو. ئایا مه‌به‌ست له‌وه‌بوو كه ئه‌و ته‌مه‌نی گه‌وره‌یه و جه‌نابت ببی به سكرتێر؟ واتا تۆ واجیهه‌یه‌كی تر بووی له ناو یه‌كێتی دوای مام جه‌لال یان مەبەستێكی ترت هه‌بوو؟بۆچی ته‌مه‌نتان خسته ناو ئه‌و پرسەوە؟تۆ باسی به‌رنامه‌ی سیاسیت ده‌كرد تەمەن رەنگە هەندێك جار رۆڵی نەبێت؟
نه‌وشیروان: راسته ته‌مه‌ن ره‌نگه هەندێك جار رۆڵی نەبێت، به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی سه‌ركردایه‌تی یەكێتیدا نوێبوونەوە و تازه‌گه‌ری شتێكیی زۆر له‌سه‌رەخۆییه. به‌شێكیی زۆری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له ته‌مه‌نێكدان كه ئه‌بێت جێگه بۆ گه‌نج چۆڵ بكرێت. دوای ئه‌مه، هه‌موو كه‌سێك كه گه‌یشته تەمەنێك ئەبێت بیر له‌وه‌ی دوای خۆی بكاته‌وه. من له تۆ ده‌پرسم ئایا ده‌زانیت دوای مام جه‌لال چی به‌سه‌ر یەكێتی دادێت؟ئایا ئه‌زانیت دوای مام جه‌لال چی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان یەكێتی و پارتی دادێت؟ئایا ئه‌زانیت دوای مام جه‌لال چی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كوردی عێراق و حكومەتی عێراق دێت؟پێویستە هه‌موو كەسێك پێشبینی ئه‌وه بكات كه دوای خۆی ئه‌گه‌ر به مردنیش نه‌بێت، به وازهێنان، نه‌خشه بۆ ئه‌وه دابنێت كه دوای خۆی كه‌سانێك هه‌بن درێژه به ئیشەكە بده‌ن.
گوڵان: باشه بۆ ئه‌وه‌ی شته‌كه شه‌رعیه‌تێكی جوانتری وه‌ربگرتایه باشتر نه‌بوو داوای بەستنی كۆنگره‌تان بكردایه؟چونكه له كۆنگره بڕیاری ئه‌و شتانه ده‌درێت. نه‌وشیروان : ئه‌وه راسته، به‌ڵام تۆ ئه‌زانی كۆنگره‌ی یه‌كێتی كه‌ی ئه‌به‌سترێ؟ گوڵان:من نەوەڵلا، خۆ من لە سەركردایەتی یەكێتی نیم ..
نه‌وشیروان: منیش هەرنازانم، منیش ئێستا‌و ئه‌و كاتیش نه‌مده‌زانی، چونكه سكرتێری گشتی ئه‌و بڕیاره ده‌دات كه‌ی كۆنگره ببه‌سترێ و نه‌به‌سترێ. عاده‌تەن حزبه باشه‌كانی دونیا پێش كۆنگره ناكۆكیه‌كانی ناو خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن. گه‌ڵاڵه‌ی به‌رنامه‌ی تازه ئاماده ده‌كه‌ن و ئیش ده‌كه‌ن كه سه‌ركردایه‌تی داهاتوو كێ بێت و كێ نەبێت كاتێكیش ده‌چنه ناو كۆنگره‌وه ناكۆكیه‌كانی ناو خۆیانیان چاره‌سه‌ر كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕیزێكی یه‌كگرتووه‌وه بچنه ناو كۆنگره و بەڕیزێكی یه‌كگرتووه‌وه‌ش بێنه ده‌ره‌وه. نه‌ك بچن له‌ناو كۆنگره‌كه شه‌ڕه‌كان هه‌ڵبگیرسێنن.
گوڵان: با ببێینە سه‌ر كاك نه‌وشیروان خۆی. ئایا كاك نه‌وشیروان ته‌نها له پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی خۆی كێشاوەتەوە، یان لە سەركردایەتی و یه‌كێتیش؟
نه‌وشیروان: ئه‌توانی وەڵامی ئه‌و پرسیاره خۆت بیده‌یته‌وه. من ئه‌گه‌ر بڵێم یەكێتی نیم بڕوام پێ ده‌كه‌یت؟
گوڵان:نه‌وه‌ڵا
نه‌وشیروان : دوای ئەوەش، كاكە ئینسان كە تەمەنێكی دوور و درێژی لەناو حزبێكدا بەسەر دەبات، هەموو تەمەنی گەنجێتی خۆی بەسەردەبات و ئەوەی كە پێیدەڵێن(حەنین) نوستاڵجیا تۆ نا‌توانیت ئینسان ڕووت بكەیتەوە لە هەموو نوستاڵجیای خۆی مەبەستم ئەوەیە من بەدرێژایی سی ساڵ لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك پێكەوە چەندین قۆناغی خۆش و ناخۆشمان بڕیوە چەندین یادگاریمان هەیە نا‌توانیت تۆ خۆت یەكجار ڕووت كەیتەوە لەم هەموو شتانە.
گوڵان: بەڵام ئێستا هەست ناكەیت لە دووڕیانێكدای؟ نازانیت لە لای یەكێتی بمێنیتەوە یان ئەوەتا ئەو بیر و تەوەجوهاتەی خۆت وردە وردە چڕ دەكەیتەوەو یەكێتیت لەسەر ئاگرێكی نەرم داناوە وەك چۆن بڵێی چایەكەت دێم بدات، تا ئەو كاتەی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەئكید هەر دەبێت بگۆڕێت جا بە هەر شێوەیەك بێت ئیمساڵ نا ساڵێك دوانی تر بەتایبەت بەهۆی تەمەنەكەیەوە، ئەو كاتە تۆ بێیت و بڵێیت بەڵێ من ئێستا سكرتێری یەكێتیم. ئەمە لە كاتێكدا ماوەی ئەم یەك دووساڵەی رابردوو و ئێستا‌و داهاتووش زەمینەیەكی لەبارتری بۆ دەڕەخسێنی؟
نه‌وشیروان: حەز دەكەم ئەوە بزانیت كە من لەسەر تەمەن كێشە بنیادنانێم چونكە لەوانەیە من خۆم پێش هەندێك كەس بمرم، یەعنی كەس نازانێ كەی دەمریت و هەموومان لە تەمەنێكداین كە موعەرەزین بۆ ئەوەی بمرین. ئەوە یەكێكیان. دووەمیان من لە وتارێكدا كە بڵاوم كردۆتەوە بە ناونیشانی «دوای ئەو هەموو ڕەخنەیە ئینجا چی» لەوێدا چەندین سیناریۆم هێناوەتە پێشەوە. گۆڕین لە ڕێگەی گۆڕینەوە لەناو حزب، گۆڕین لە ڕێگەی گۆڕینەوە لەناو دەسەڵات‌دا و گۆڕین لەدەرەوەی دەسەڵات و لە دەرەوەی حزب. من خۆم لە راستیدا هیچ وەڵامێكی دیاریكراوم لەسەر ئەوە نەداوەتەوە، جێمهێشتووە بۆ موناقەشەكردنێكی گشتی. دوای ئەوە كە تێركرا بە نووسینی گفتوگۆ، بە نووسینی وتار و بە گفتوگۆ ئەو كاتە خۆی ساغ دەكاتەوە لەسەر چی دەبێت.
گوڵان: كاك نه‌وشیروان لە ساڵانی 1980 تا 1985 و 86 تەقریبەن كاریگەرترین كاراكتەر بووی لە ناو هەناوی یەكێتی. ئایا پێیت وایە دەتوانی بەو تەوەجوهاتەی ئێستا هەتە هەمان ئەو كاراكتەرە ببینیتەوە كە لەو ساڵانەدا دەتبینی؟
نه‌وشیروان : ئێستا دوو قۆناغی جیاوازە، ئەو زەمانەی تۆ باسی دەكەی قۆناغی شەڕی پێشمەرگایەتی بووە ئێستا قۆناغی هەڵبژاردن و دروستكردنی