ئۆپۆزسیۆن نه‌یتوانی پاڵپشتی عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ خۆی دروست بكات
كۆمه‌ڵی ئیسلامی: ئه‌گه‌ر بمانویستایه ده‌مانتوانی پاڵپشتی په‌یدا بكه‌ین
یه‌كگرتووی ئیسلامی: به‌غدا ئاماده نییه له‌به‌ر خاتری ئۆپۆزسیۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی تێكبدات
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: حیزبه‌كانی عێراق و پارتی و یه‌كێتی، به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییان پێكه‌وه هه‌یه
راپۆرت: رێبوار ره‌زا چوچانی
نه‌بوونی پاڵپشتی عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆژه‌كانیان، یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی رووبه‌ڕووی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه، یه‌كگرتوو و گۆڕان پێیانوایه، هێزه عێراقییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی ماددیان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتیدا هه‌یه، ئه‌و دوو حیزبه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، به‌غدا پاڵپشتی رووخان بكات.
رووداوه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌رچی به هێزی جه‌ماوه‌ری و ناوخۆیی دروست بوون، به‌ڵام پاڵشتی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیشیان هه‌بوو، كه ئه‌و پاڵپشتیانه، له‌هه‌ندێك وڵات‌دا، سه‌ركه‌وتنی بۆ شۆڕشه‌كان مسۆگه‌ر كرد، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستاندا، تا ئێستا نه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی عێراق و نه له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پاڵپشتی بۆ پرۆژه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دروست نه‌بووه، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاند، ئه‌وان خۆیان نه‌یانویستووه كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ببه‌نه ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، “ئه‌گینا پاڵپشتیمان بۆ دروست ده‌بوو”، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامی، پێیانوایه بوونی به‌رژه‌وه‌ندی ماددی له‌نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان و پارتی و یه‌كێتی، رێگره له‌به‌رده‌م دروستبوونی پاڵشتی عێراقی بۆ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و پرۆژه‌كانیان، به‌ڵام پارتی و یه‌كێتی نه‌بوونی ئه‌و پاڵپشتییه ده‌گێڕنه‌وه بۆ تێڕوانینی لایه‌نه عێراقی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه به‌بڕوای ئه‌وان هیچ كاتێك پاڵپشتی “روخاندنی سیسته‌مێكی دیموكراسی ناكه‌ن”.
ئوسامه جه‌میل ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نێوان به‌غدا و هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌رێمی كوردستان، له ئاستێكی به‌رزدایه و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش تێكناده‌ن، جه‌میل كه زیاتر به هونه‌رمه‌ندێك ده‌ركه‌وت، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی (7/3/2010)ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت بوو و وه‌ك كاندیدێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر، توانی بگاته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌ڵێت “به‌غدا ئاماده نیه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێم تێكبدات”، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه لایه‌نه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌یه، گوتی “لایه‌نه‌كانی به‌غدا و هه‌رێم كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره هه‌یه له‌نێوانیاندا، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ش له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و حیزب و شه‌خسه، بۆیه به‌غدا ئاماده نییه له‌به‌ر خاتری ئۆپۆزسیۆن، په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی تێكبده‌ن”.
لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بریتین له (3) لایه‌نی سیاسی، ئه‌وانیش (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خاوه‌نی 25 كورسی له په‌رله‌مانی كوردستان و 8 كورسی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یه‌كگرتووی ئیسلامی خاوه‌نی (6) كورسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و (4) كورسی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كۆمه‌ڵی ئیسلامی خاوه‌نی (4) كورسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و (2) كورسی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق)، له‌ناو ئه‌م سێ لایه‌نه‌دا (2) لایه‌نیان بریتین له‌حیزبی ئیسلامی، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و دوو حیزبه پێیانوایه نابێت كێشه ناوخۆییه‌كان ببرێنه ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه، هه‌ر ئه‌وه‌ش به هۆكار ده‌زانن بۆ دروستنه‌بوونی پاڵپشتی ناوخۆیی عێراق، بۆ پرۆژه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ده‌ڵێت “ئێمه خۆمان نه‌مانویستووه كێشه ناوخۆییه‌كان به‌رینه به‌غدا، چونكه پێمانوایه هه‌رچی كێشه‌ی ناوخۆییه ده‌بێت له‌ناوخۆی هه‌رێم چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه، ئه‌گه‌ر خۆمان بمانویستایه، پاڵپشتیمان بۆ دروست ده‌بوو، چونكه له‌ناو حیزبه عێراقییه‌كان و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش خه‌ڵكانێك هه‌ن پاڵپشتیمان بكه‌ن”، عه‌بدولستار مه‌جید ره‌تیشی ده‌كاته‌وه كه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كانیان كردبێت، ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له‌و خاڵانه ده‌زانێت، كه هێزه سیاسییه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی به‌شدارییان نه‌كردووه و كار نه‌كراوه بۆ دروستكردنی پاڵپشتی.
ئوسامه جه‌میل ده‌ڵێت “كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیان نه‌داوه كێشه ناوخۆییه‌كان ببه‌نه به‌غدا”، جه‌میل ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه بردنی ئه‌و كێشانه بۆ به‌غدا، بێئومێدی به‌دوادا دێت، ده‌ڵێت “ئا ئێستا گۆڕان به جددی هه‌وڵی داوه كێشه‌كان بباته به‌غدا، هه‌وڵه‌كانیشیان بێسوود بوون، چونكه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان پێكراوه كه به‌غدا ئاگاداری كێشه‌كانی هه‌رێم بێت، جگه له‌وه هیچ شتێكی تری لێ به‌رهه‌م نه‌هاتووه”.
له لایه‌كی تره‌وه حه‌مه تۆفیق ره‌حیم، وته‌بێژی فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، رایگه‌یاند، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتی هه‌بووه بۆ ئۆپۆزسیۆن، گوتی “ئه‌وان پاڵپشتییان له‌خۆپیشاندانه‌كان كردووه”، به‌ڵام ئه‌ویش هاوڕابوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كه‌ی یه‌كگرتوو له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پێیوایه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان رێگرن له‌دروستبوونی پاڵپشتی لایه‌نی عێراقی له‌هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و پرۆژه‌كانیان، گوتی “ئه‌و حكومه‌ته‌ی له‌عێراق هه‌یه پێویستییان به یه‌كێتی و پارتی هه‌یه، چونكه پشتگیری یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌ڕووی ئابووری و زۆر شتی دیكه، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه كه پشتگیری یه‌كێتی و پارتی بكه‌ن”.
هه‌ردوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بریتین له “پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی (30) كورسی له‌په‌رله‌مانی كوردستان و (31) له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان خاوه‌نی (29) كورسی له په‌رله‌مانی كوردستان و (14) كورسی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق) ئه‌م دوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره كه له‌لایه‌ن پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێن به “گه‌نده‌ڵی” و “ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباری حكومه‌ت” و “ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كۆی جومگه ئیداری و ئابوورییه‌كانی هه‌رێم” و “په‌نا بردن بۆ ته‌زویرات له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا “، و “بوونی هێزی میلیشیای چه‌كدار”، ئه‌مه جگه له(2) كورسی سۆسیالیست و (2) كورسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و (5) كورسی لایه‌نه توركمانه‌كان و (5) كورسی مه‌سیحی و ئه‌رمه‌نییه‌كان و (1) كورسی چه‌په‌كان، له په‌رله‌مانی كوردستان، كه هه‌موویان به‌شدار و لایه‌نگری حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتن، پارتی و یه‌كێتی پێیانوایه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن “ده‌یانه‌وێت كوده‌تا به‌سه‌ر شه‌رعییه‌تدا بكه‌ن”، به بڕوای ئه‌وان لایه‌نی عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی، پاڵپشتی پرۆژه‌ی لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ناكه‌ن.
ئه‌حمه‌د كانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت “به‌غدا پاڵپشتی رووخاندن ناكات، چونكه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی هاتۆته سه‌ر حوكم، ئه‌و لایه‌نانه‌ش كه خۆیان ناوناوه ئۆپۆزسیۆن، ده‌یانه‌وێت ئه‌م حكومه‌ته بڕوخێنن، چونكه ئه‌وان ویستییان ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌ی له تونس و میسر و لیبیا دروست بوو، بیگوازنه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات لێره، له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه توانیویانه حكومه‌ت پێكبهێنن، به‌غداش پاڵپشتی لایه‌نێك ناكات رووخاندنی حكومه‌تی بووێت”.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، پێیوایه بارودۆخی شڵه‌ژاوی عێراق، وایكردووه كه پاڵپشتی بۆ به‌رنامه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دروست نه‌بێت، عارف روشدی پێشیوایه، لایه‌نه‌كانی عێراق بۆ بۆرزگاربوون له‌قه‌یرانه‌كان، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به دایه‌لۆگ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، گوتی “ئه‌و جۆره تێگه‌شتنه بۆ كوردستانیش هه‌ر راسته، چونكه دروستبوونی ئیستیقرار، له‌خزمه‌تی به‌ره‌و پێشچوونی پرۆسه‌ی دیموكراسیدایه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنیش هه‌بێت، ده‌بێت له‌خزمه‌تی ئیستقراربوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌دا كار بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن، پاڵپشتی ناوخۆ و ده‌ره‌كیش له‌ده‌ست ده‌ده‌ن”.
یه‌كێك له‌خاڵه لاوازه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، نه‌بوونی توانا بوو له گواستنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان بۆ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، چونكه خۆپیشاندانه‌كان به درێژایی زیاتر له (60) رۆژ ته‌نها له‌سنووری پارێزگای سلێمانیدا بره‌ویان هه‌بوو، نوسه‌ر و رۆشنبیر شوان ئه‌حمه‌د، پێیوایه رووداوه‌كان فۆرمێكی لۆكاڵییان وه‌رگرتبوو، بۆیه به بڕوای ئه‌و، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ نه‌بوونی پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌ڵێت “وڵاتانی رۆژئاوا سه‌یری رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، كاتێك ببینن كه رووداوه‌كان یان خۆپیشاندانه‌كان سه‌رتاپای وڵاتێك ده‌گرێته‌وه پاڵپشتی لێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رتاپای وڵاتێك نه‌گرێته‌وه، بێده‌نگه‌ی لێده‌كه‌ن و پاڵپشتی لێناكه‌ن”، شوان پێیوایه بوونی هێزه ئیسلامییه‌كان له‌ناو خۆپیشاندانه‌كاندا، ده‌كرێت به یه‌كێك له‌هۆكاره‌كان بزانرێت، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و وتی “له‌سه‌رێكی تره‌وه گۆڕان خاوه‌نی (25) كورسییه، بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌وان زۆرینه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان پێكهێناوه نه‌ك ئیسلامییه‌كان”.
له گۆڤاری سڤیله‌وه
Facebook: rebwar raza chuchani