دەزگای دەژەتیرۆری یەکێتی شوێنی بن لادنی ئاشکرا کردووە… یەکەم هەنگاوی کوشتنی بن لادن لە دەزگای دژە تیرۆرەوە دەستیپێکرد

0

دەزگای دەژەتیرۆری یەکێتی شوێنی بن لادنی ئاشکرا کردووە… یەکەم هەنگاوی کوشتنی بن لادن لە دەزگای دژە تیرۆرەوە دەستیپێکرد

نوچەنێت. PUKmedia

تائێستا زیاد له‌‌ چه‌‌ند گێڕانه‌‌وه‌‌و ته‌‌فسیرێک بۆ ئاشکرابوونی شوێنی بن لادن و دواتر کوژرانی له‌‌لایه‌‌ن ھێزه‌‌کانی ئه‌‌مریکاوه‌‌ کراوه‌‌.

تازه‌‌ترین گێڕانه‌‌وه‌‌ش که‌‌ ئێستا له‌‌ میدیای ئه‌‌مریکادا زۆر ته‌‌رکیزی کراوه‌‌ته‌‌سه‌‌رو بووه‌‌ته‌‌ بابه‌‌تی رۆژانه‌‌ی ئه‌‌و میدیایانه‌‌و به‌‌ بایه‌‌خێکی زۆره‌‌وه‌‌ باس ده‌‌کرێت مه‌‌سه‌‌له‌‌ی ئه‌‌و په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌ ته‌‌له‌‌فۆنیه‌‌یه‌‌ له‌‌نێوان که‌‌سێکی نادیارو شێخ ئه‌‌حمه‌‌د ئه‌‌لکوه‌‌یتی نزیک له‌‌ بن لادن که‌‌ بووه‌‌ ھۆی ئاشکرابوونی شوێنی بن لادن.

په‌‌یوه‌‌ندیی به‌‌ ئه‌‌نسار ئیسلامیشه‌‌وه‌‌ ھه‌‌بووه‌‌

بۆ ئه‌‌وه‌‌ی بزانرێت بن لادن چۆن ده‌‌ستگیر کرا ده‌‌بێت باسی رۆڵی ئه‌‌لکوه‌‌یتی بکرێت. بۆئه‌‌وه‌‌ی ئه‌‌لکوه‌‌یتیش بناسرێت ده‌‌بێت باسی چیرۆکی حه‌‌سه‌‌ن غول و ده‌‌ستگیرکردنه‌‌که‌‌ی بکرێت له‌‌لایه‌‌ن ده‌‌زگای دژه‌‌ تیرۆره‌‌وه‌‌ که‌‌ ھه‌‌موان کۆکن له‌‌سه‌‌رئه‌‌وه‌‌ی غول کلیلی گه‌‌یشتن بوو به‌‌ شوێنی بن لادن.

حه‌‌سه‌‌ن غول تیرۆریستێکی زۆر مه‌‌ترسیداری سه‌‌ر به‌‌رێکخراوی تیرۆریستی ئه‌‌نسار ئیسلامی سه‌‌ر به‌‌ رێکخراوی ئه‌‌لقاعیده‌‌ بووه‌‌.

له‌‌باره‌‌ی ره‌‌گه‌‌زیه‌‌وه‌‌ ھه‌‌رچه‌‌ند چه‌‌ند رایه‌‌کی جیاواز ھه‌‌ن، ھه‌‌ندێک ده‌‌ڵێن به‌‌ ره‌‌گه‌‌ز کورد یان میسری یان یه‌‌مه‌‌نییه‌‌، به‌‌ڵام حه‌‌سه‌‌ن غول به‌‌ره‌‌گه‌‌ز پاکستانییه‌‌ و پێده‌‌چێت نازناوی غول که‌‌ وشیه‌‌کی عه‌‌ره‌‌بییه‌‌و مه‌‌به‌‌ست لێی دێوو درنجه‌‌ له‌‌وه‌‌وه‌‌ ھاتبێت که‌‌ سی ئای ئه‌‌ی لیستێکی ناوی سه‌‌رکرده‌‌کانی قاعیده‌‌ی لایه‌‌ که‌‌ پێیان ده‌‌وترێت (معتقلین الاشباح)و ناوی غولیشی تێدایه‌‌.

حه‌‌سه‌‌ن غول ھیچ شتێکی ئه‌‌وتۆ له‌‌باره‌‌ی ژیانییه‌‌وه‌‌ نازانرێت ته‌‌نیا ئه‌‌وه‌‌نده‌‌ نه‌‌بێت که‌‌ نزیکه‌‌ی شه‌‌ش ھه‌‌فته‌‌ دوای ده‌‌ستگیرکردنی سه‌‌دام حسێن و له‌‌ ٢٢/١/٢٠٠٤ له‌‌ یه‌‌کێک له‌‌ خاڵه‌‌کانی پشکنین له‌‌ نزیک خانه‌‌قین له‌‌لایه‌‌ن ھێزه‌‌کانی دژه‌‌ تیرۆره‌‌وه‌‌ ده‌‌ستگیر ده‌‌کرێت و دواتر ته‌‌سلیم به‌‌ ھێزه‌‌کانی ئه‌‌مریکا ده‌‌کرێت.

چیرۆکی گرتنه‌‌که‌‌ی

ئه‌‌وکاته‌‌ به‌‌ھۆی خراپی بارودۆخی ئه‌‌منی که‌‌ زۆر نه‌‌بوو رژێمه‌‌که‌‌ی سه‌‌دام رووخابوو به‌‌شێک له‌‌ ئه‌‌ندامانی گرووپه‌‌ تیرۆریستییه‌‌کان له‌‌ رێگه‌‌ی خه‌‌ڵکی تره‌‌وه‌‌ ده‌‌یان ویست بگه‌‌ن به‌‌ ئه‌‌بو موسعه‌‌ب ئه‌‌لزه‌‌رقاوی و ئه‌‌لقاعیده‌‌.

ئه‌‌لقاعیده‌‌ ده‌‌یویست غول له‌‌ رێگه‌‌ی ئه‌‌نسار ئیسلامه‌‌وه‌‌ بگه‌‌یه‌‌نێت به‌‌ ناوچه‌‌کانی ناوه‌‌ڕاست و به‌‌غدا.

لاھور تاڵه‌‌بانی به‌‌رپرسی ده‌‌زگای دژه‌‌ تیرۆر له‌‌ چاوپێکه‌‌وتنێکی کوردستانی نوێدا که‌‌ له‌‌ ژماره‌‌کانی داھاتوودا بڵاویده‌‌که‌‌ینه‌‌وه‌‌ له‌‌باره‌‌ی ده‌‌ستگیرکردنه‌‌که‌‌ی غوله‌‌وه‌‌ پێی وتین: ئه‌‌وکات که‌‌ زانیارییه‌‌که‌‌مان پێگه‌‌یشت داواکرابوو حه‌‌سه‌‌ن غول له‌‌لایه‌‌ن کۆمه‌‌ڵێکه‌‌وه‌‌ بگه‌‌یه‌‌نرێته‌‌ به‌‌غدا بۆیه‌‌ ده‌‌ستبه‌‌جێ رێوشوێنی ئه‌‌منی گیرایه‌‌به‌‌رو دوای چوار سه‌‌عات له‌‌ ده‌‌ستگیرکردنه‌‌که‌‌شی راسته‌‌وخۆ ئه‌‌مریکییه‌‌کان له‌‌ رێگه‌‌ی ناردنی فڕۆکه‌‌یه‌‌کی تایبه‌‌ته‌‌وه‌‌ بردیان.

حه‌‌سه‌‌ن غول له‌‌کاتی ده‌‌ستگیرکردنه‌‌که‌‌یدا وه‌‌ک گۆڤاری تایم-ی ئه‌‌مریکی باسیکردووه‌‌ ته‌‌نیا ده‌‌فته‌‌رێکی شینی بچووکی پێ بووه‌‌ که‌‌ چه‌‌ندین ژماره‌‌ ته‌‌له‌‌فۆنی خه‌‌ڵکی تێدابووه‌‌ له‌‌ھه‌‌ر چوار لای جیھانه‌‌وه‌‌.

به‌‌پێی راپۆرتێکی سایتی گڵۆباڵ سیکیوریتی که‌‌ سایتێکی ئه‌‌مریکی تایبه‌‌ته‌‌ به‌‌ مه‌‌سه‌‌له‌‌ی ئه‌‌من و ئاسایشی جیھانی که‌‌ ئه‌‌ویش زانیارییه‌‌کانی له‌‌ کۆمیته‌‌ی لێکۆڵینه‌‌وه‌‌ی رووداوه‌‌کانی ١١ی سێپته‌‌مبه‌‌ر وه‌‌رگرتووه‌‌، حه‌‌سه‌‌ن غول له‌‌ ساڵی ٢٠٠٣و له‌‌دوای رووخانی رژێمی سه‌‌دام حسێن له‌‌لایه‌‌ن قاعیده‌‌وه‌‌ نێردراوه‌‌ بۆ به‌‌غداو ناوه‌‌ڕاستی عیراق.

نامه‌‌به‌‌ری تایبه‌‌تی بن لادن بووه‌‌

به‌‌پێی ئه‌‌م زانیارییه‌‌ بێت که‌‌ له‌‌لایه‌‌ن قاعیده‌‌وه‌‌ نێردرابیت بۆ به‌‌غدا ئه‌‌وا پێده‌‌چێت حه‌‌سه‌‌ن غول پێشتر له‌‌گه‌‌ڵ ئه‌‌نسار ئیسلام له‌‌ ناوچه‌‌کانی کوردستان بووبێت.

ئیشی سه‌‌ره‌‌کی ئه‌‌م تیرۆریسته‌‌ سه‌‌رپه‌‌رشتیکردنی ھێنان و ناردنی نامه‌‌ تایبه‌‌ته‌‌کانی ئوسامه‌‌ بن لادن بووه‌‌و وه‌‌ک سه‌‌رچاوه‌‌کانی ھه‌‌واڵ باسی ده‌‌که‌‌ن یه‌‌کێک بووه‌‌ له‌‌ ھه‌‌ره‌‌ که‌‌سه‌‌ باوه‌‌ڕپێکراوه‌‌کانی بن لادن.

لاھور تاڵه‌‌بانی ده‌‌ڵێت په‌‌یوه‌‌ندیی غول له‌‌گه‌‌ڵ ئه‌‌نسار پشتڕاستده‌‌کاته‌‌وه‌‌و ده‌‌شڵێت بۆمان ده‌‌رکه‌‌وت غول یه‌‌کێکه‌‌ له‌‌و که‌‌سانه‌‌ی نامه‌‌کانی بن لادن و پاره‌‌ی گواستۆته‌‌وه‌‌ بۆ سه‌‌رکرده‌‌کانی تری قاعیده‌‌ ئه‌‌ویش له‌‌ باشووری ئاسیاو خۆرھه‌‌ڵاتی ناوه‌‌ڕاستدا.

ئه‌‌و کاته‌‌ی له‌‌نزیک خانه‌‌قین ده‌‌ستگیر ده‌‌کرێت دوو سی دی و فلاش دیسکێکی پێبووه‌‌ که‌‌ قه‌‌باره‌‌که‌‌ی به‌‌قه‌‌د پاکه‌‌ته‌‌ جگه‌‌ره‌‌یه‌‌ک بووه‌‌.

به‌‌پێی زانیارییه‌‌کانی سی ئای ئه‌‌ی یه‌‌کێک له‌‌و سی دی-یانه‌‌ نامه‌‌یه‌‌کی تایبه‌‌تی ١٧ لاپه‌‌ڕه‌‌یی بن لادن بووه‌‌ که‌‌ تێیدا رێنمایی زه‌‌رقاوی کردووه‌‌و تێیدا باسی کارو چالاکی قاعیده‌‌ له‌‌عیراقدا کراوه‌‌و تێیدا ئامانجی ستراتیژیی درێژخایه‌‌نی ئه‌‌لقاعیده‌‌ی تێدابووه‌‌ بۆ ئه‌‌وه‌‌ی عیراق بکرێته‌‌ خاڵی پێشه‌‌وه‌‌ی تیرۆریزمی نێوده‌‌وڵه‌‌تی.

نامه‌‌که‌‌ چیتری تێدابووه‌‌؟

ھه‌‌ر له‌‌باره‌‌ی ئه‌‌و نامه‌‌یه‌‌وه‌‌ به‌‌رپرسی ده‌‌زگای دژه‌‌ تیرۆر پێی راگه‌‌یاندین ناوه‌‌رۆکه‌‌که‌‌ی بریتیی بووه‌‌ له‌‌وه‌‌ی که‌‌ رێکخراوی قاعیده‌‌ چۆن سوود له‌‌ بارودۆخی نوێی عیراق وه‌‌ربگرن، چۆن سوود له‌‌ ئاینه‌‌کانی ناو عیراق وه‌‌ربگرن بۆ ئه‌‌وه‌‌ی بتوانن زیاتر ئاگره‌‌که‌‌ خۆش بکه‌‌ن و شه‌‌ڕی تائیفی دروستبکه‌‌ن له‌‌نێوان شیعه‌‌و سوننه‌‌و کوردو تورکمان.

گۆڤاری تایم ده‌‌ڵێت له‌‌ نامه‌‌که‌‌دا چوار ئامانجی قاعیده‌‌ی تێدا باسکراوه‌‌ که‌‌ بریتیی بووه‌‌ له‌‌ئه‌‌نجامدانی کرده‌‌وه‌‌ی تیرۆریستی له‌‌دژی ئه‌‌مریکییه‌‌کان، کورد، پۆلیس و شیعه‌‌کان.

که‌‌ناڵی فۆکس نیوزی ئه‌‌مریکی له‌‌باره‌‌ی حه‌‌سه‌‌ن غوله‌‌وه‌‌ ئه‌‌وه‌‌ی بڵاوکردووه‌‌ته‌‌وه‌‌ که‌‌ ھه‌‌ر له‌‌ زووه‌‌وه‌‌و له‌‌ساڵی ١٩٩٠ه‌‌وه‌‌ په‌‌یوه‌‌ندیی به‌‌ رێکخراوی قاعیده‌‌وه‌‌ ھه‌‌بووه‌‌و به‌‌شداریی شه‌‌ڕی سۆڤێتیشی کردووه‌‌ له‌‌ ئه‌‌فغانستان.

سێ رۆژ دوای ده‌‌ستگیرکردنی حه‌‌سه‌‌ن غول، جۆرج بوش سه‌‌رۆکی پێشووی ئه‌‌مریکا له‌‌ وتارێکدا به‌‌بۆنه‌‌ی ده‌‌ستگیر کردنی غوله‌‌وه‌‌ ئه‌‌مه‌‌ی به‌‌ ھه‌‌نگاوێکی گه‌‌وره‌‌ وه‌‌سفکردووه‌‌و به‌‌پێشکه‌‌وتنێکی گه‌‌وره‌‌ی له‌‌بواری به‌‌ره‌‌نگاربوونه‌‌وه‌‌ی تیرۆریزم و بنه‌‌بڕکردنی تیرۆر داناوه‌‌ له‌‌ عیراق و له‌‌ جیھاندا.

٧ ساڵ چاودێریی

که‌‌واته‌‌ ئه‌‌گه‌‌ر سه‌‌رۆکی گه‌‌وره‌‌ترین وڵات به‌‌م بۆنه‌‌یه‌‌وه‌‌ وتارێکی تایبه‌‌ت پێشکه‌‌شبکات ئه‌‌وه‌‌ ده‌‌رده‌‌خات که‌‌ حه‌‌سه‌‌ن غول که‌‌سێکی گرنگی ئه‌‌و رێکخراوه‌‌ تیرۆریستییه‌‌ بووه‌‌و زانیاری زۆری له‌‌باره‌‌ی بن لادن و شوێنه‌‌که‌‌ی و په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌کانی به‌‌ سه‌‌رانی قاعیده‌‌وه‌‌ ھه‌‌بووه‌‌.

به‌‌پێی راپۆرتێکی ئاژانسی ھه‌‌واڵی ئه‌‌سۆشێتد پرێس که‌‌ له‌‌باره‌‌ی ئه‌‌م تیرۆریسته‌‌وه‌‌ بڵاویکردووه‌‌ته‌‌وه‌‌ ده‌‌ریده‌‌خات که‌‌ حه‌‌سه‌‌ن غول به‌‌ سی ئای ئه‌‌ی وتووه‌‌ شێخ ئه‌‌حمه‌‌د ئه‌‌لکوێتی که‌‌ تیرۆریستێکی تری ئه‌‌و رێکخراوه‌‌یه‌‌ یه‌‌کێکی تره‌‌ له‌‌ نامه‌‌به‌‌ره‌‌ تایبه‌‌ته‌‌کانی بن لادن و گه‌‌یشتن به‌‌ ئه‌‌لکوێتی واته‌‌ گه‌‌یشتن به‌‌ بن لادن.

لاھور تاڵه‌‌بانی ده‌‌ڵێت بۆماوه‌‌ی ٧ ساڵ ئه‌‌مریکا به‌‌رده‌‌وام چاودێریی ئه‌‌لکوێتی کردووه‌‌و دواجار که‌‌ بن لادن ده‌‌کوژرێت ئه‌‌میش به‌‌ کوژراویی له‌‌ماڵه‌‌که‌‌یدا ده‌‌دۆزنه‌‌وه‌‌.

حه‌‌سه‌‌ن غول ئه‌‌وه‌‌ی به‌‌ سی ئای ئه‌‌ی وتووه‌‌ که‌‌ ئه‌‌لکوێتی که‌‌سێکی زۆر نزیکی ئه‌‌بو فه‌‌ره‌‌ج ئه‌‌للیبییه‌‌ که‌‌ دوای ده‌‌ستگیرکردنی خالید شێخ محه‌‌مه‌‌دی تیرۆریستی گه‌‌وره‌‌ی قاعیده‌‌ چووه‌‌ته‌‌ شوێنی و بووه‌‌ته‌‌ به‌‌رپرسی ئۆپراسیۆنه‌‌کانی قاعیده‌‌.

بۆب ۆرد نوسه‌‌ری ناسراوی ئه‌‌مریکا له‌‌بابه‌‌تێکی رۆژنامه‌‌ی واشنتۆن پۆستدا که‌‌ پێرێ بڵاوبووه‌‌ته‌‌وه‌‌ ده‌‌ڵێت شێخ ئه‌‌حمه‌‌د ئه‌‌لکوێتی که‌‌ له‌‌ماڵه‌‌که‌‌ی بن لادندا بووه‌‌ رۆژانه‌‌ ٩٠ ده‌‌قیقه‌‌ له‌‌ ماڵه‌‌که‌‌ی بن لادن دوور که‌‌وتووه‌‌ته‌‌وه‌‌ بۆئه‌‌وه‌‌ی به‌‌ ته‌‌له‌‌فۆن قسه‌‌ له‌‌گه‌‌ڵ تیرۆریسته‌‌کانی تری ئه‌‌لقاعیده‌‌ بکات. 

غول فریای ئه‌‌مریکییه‌‌کان ده‌‌که‌‌وێت

له‌‌دوای ئه‌‌م زانیارییانه‌‌ی غول ئه‌‌وه‌‌بوو له‌‌ مانگی ٥ی ساڵی ٢٠٠٥ ئه‌‌بو فه‌‌ره‌‌ج ئه‌‌للیبی له‌‌لایه‌‌ن ئه‌‌مریکییه‌‌کانه‌‌وه‌‌ ده‌‌ستگیر کرا.

خالید شێخ محه‌‌مه‌‌د و ئه‌‌للیبی له‌‌ لێکۆڵینه‌‌وه‌‌کاندا ئه‌‌وه‌‌ ره‌‌تده‌‌که‌‌نه‌‌وه‌‌ که‌‌ که‌‌سێک بناسن به‌‌ناوی ئه‌‌حمه‌‌د ئه‌‌لکوێتی.

ئه‌‌م ره‌‌تکردنه‌‌وه‌‌یه‌‌ له‌‌لایه‌‌ن ئه‌‌مریکییه‌‌کانه‌‌وه‌‌ به‌‌ ھه‌‌ند وه‌‌رده‌‌گیرێت و بۆیان ده‌‌رده‌‌که‌‌ویت ئه‌‌لکوێتی که‌‌سێکی گرنگه‌‌ له‌‌ قاعیده‌‌دا.

ھه‌‌رچه‌‌نده‌‌ ئاژانسی ھه‌‌واڵگری ئه‌‌مریکا ته‌‌ئکیدبوون له‌‌وه‌‌ی ئه‌‌لکوێتی که‌‌سێکی متمانه‌‌پێکراوی بن لادنه‌‌ به‌‌ڵام به‌‌پێی زۆربه‌‌ی ته‌‌فسیره‌‌کان و وه‌‌ک سه‌‌رچاوه‌‌ رۆژنامه‌‌نووسییه‌‌کان باسی ده‌‌که‌‌ن ده‌‌ڵێن خالید شێخ محه‌‌مه‌‌دو ئه‌‌للیبی بۆیه‌‌ ره‌‌تیانکردۆته‌‌وه‌‌ که‌‌ که‌‌سێک بناسن به‌‌ناوی ئه‌‌لکوێتی بۆئه‌‌وه‌‌بووه‌‌ که‌‌ زانیویانه‌‌ به‌‌ ده‌‌ستگیرکردنی یان ئاشکرابوونی ئه‌‌وا بن لادن کۆتایی دێت بۆیه‌‌ ئینکارییان له‌‌ ناسینی کردووه‌‌.

له‌‌م نێوه‌‌نده‌‌دا ته‌‌نیا که‌‌سێک که‌‌ گومانه‌‌کان ده‌‌ڕه‌‌وێنێته‌‌وه‌‌ حه‌‌سه‌‌ن غوله‌‌. ده‌‌رده‌‌که‌‌وێت که‌‌ ئه‌‌لکوێتی که‌‌سێکی راسته‌‌قینه‌‌یه‌‌و وه‌‌ھمی نییه‌‌و غولیش له‌‌مباره‌‌یه‌‌وه‌‌ زانیاریی ته‌‌واو ده‌‌دات به‌‌ ئه‌‌مریکییه‌‌کان.

ئه‌‌لکوێتی ناوی ته‌‌وای شێخ ئه‌‌بو ئه‌‌حمه‌‌ده‌‌. پاکستانییه‌‌و له‌‌ کوێت له‌‌ دایکبووه‌‌. غول له‌‌ دانپێدانانه‌‌کانیدا وتویه‌‌تی راسته‌‌وخۆ په‌‌یوه‌‌ندیی به‌‌ سه‌‌رکرده‌‌کانی قاعیده‌‌وه‌‌ نه‌‌بووه‌‌ به‌‌ڵکو ته‌‌نیا ئه‌‌و نامانه‌‌ی که‌‌ ھه‌‌بوون ته‌‌سلیمی ئه‌‌لکوێتی کردووه‌‌و ئه‌‌ویش ته‌‌سلیمی بن لادنی کردووه‌‌.

به‌‌پێ ئه‌‌م قسانه‌‌ بێت غول په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌کی پته‌‌وو راسته‌‌وخۆی به‌‌ ئه‌‌لکوێتییه‌‌وه‌‌ ھه‌‌بووه‌‌. له‌‌مه‌‌شه‌‌وه‌‌ ده‌‌رده‌‌که‌‌ویت که‌‌ غول ره‌‌نگه‌‌ شوێنی بن لادنی زانیبێت به‌‌حوکمی نزیکییه‌‌که‌‌ی له‌‌ ئه‌‌لکوێتییه‌‌وه‌‌.

بۆیه‌‌ ناوه‌‌ڕاستی ساڵی رابردوو کاتێک که‌‌سێکی نزیکی بن لادن ده‌‌ست ده‌‌داته‌‌ ته‌‌له‌‌فۆنه‌‌که‌‌ی نازانێت ئیدی ئه‌‌مه‌‌ ده‌‌بێته‌‌ کۆتایی بن لادن چونکه‌‌ ئه‌‌و که‌‌سه‌‌ی وه‌‌ڵامی ته‌‌له‌‌فۆنه‌‌که‌‌ی داوه‌‌ته‌‌وه‌‌ ئه‌‌لکوێتی بووه‌‌و ئه‌‌مریکاش له‌‌م رێگه‌‌یه‌‌وه‌‌ بۆی یه‌‌کلا ده‌‌بێته‌‌وه‌‌ که‌‌ شوێنی بن لادن کامه‌‌یه‌‌. به‌‌پێ ئه‌‌م ته‌‌فسیره‌‌ بێت و وه‌‌ک لاھور تاڵه‌‌بانی له‌‌سه‌‌ره‌‌وه‌‌ ئاماژه‌‌ی پێدا ره‌‌نگه‌‌ دوای ئه‌‌وه‌‌ی حه‌‌سه‌‌ن غول زانیاریی ده‌‌داته‌‌ ئه‌‌مریکییه‌‌کان له‌‌باره‌‌ی ئه‌‌لکوێتییه‌‌وه‌‌ ئه‌‌وا ئه‌‌مریکییه‌‌کان ره‌‌نگه‌‌ ته‌‌نیا چاودێری ئه‌‌لکوێتی و ته‌‌له‌‌فۆنه‌‌که‌‌یان کردبێت نه‌‌ک ده‌‌ستگیرکردنی. بۆیه‌‌ دواجار ئه‌‌لکوێتیش له‌‌ماڵه‌‌که‌‌ی بن لادن به‌‌ کوژراویی ده‌‌دۆزرێته‌‌وه‌‌.

لێره‌‌وه‌‌ ده‌‌رده‌‌که‌‌وێت که‌‌ ده‌‌ستگیرکردنی حه‌‌سه‌‌ن غول له‌‌لایه‌‌ن ھێزه‌‌کانی دژه‌‌ تیرۆره‌‌وه‌‌ یه‌‌که‌‌م ھه‌‌نگاوی دۆزینه‌‌وه‌‌ی شوێنی بن لادن بووه‌‌. ئه‌‌و زانیارییانه‌‌ی غول داویه‌‌تی به‌‌ ئه‌‌مریکییه‌‌کان له‌‌باره‌‌ی شیخ ئه‌‌حمه‌‌د ئه‌‌لکوێتییه‌‌وه‌‌ بووه‌‌ فاکته‌‌رێکی گرنگ له‌‌ دۆزینه‌‌وه‌‌ی بن لادن و کۆتایی به‌‌ چیرۆکی درێژترین راوه‌‌دونان ھێنا له‌‌ جیھاندا.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com