حوسێن یه‌زادنپه‌نا: به‌پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵات خۆمان ده‌ناسێنن نه‌ك حزبێك

0

نوچە.نیت.باسنیوز

حوسێن یەزدانپەنا، جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە میحوەری رۆژاوای کەرکوک فەرماندەیی هێزی رۆژهەڵات دەکات، لەو دیمانەیەدا بۆ “وشە” باس لە چۆنیەتیی بەشداربوون و مانەوەیان لە بەرەکانی شەڕ دەکات و راشی دەگەیەنێت کە هیچ چەکێکی نوێیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە پێ ندەراوە، هاوکات پەڕە لەسەر ئەو وێنەیەی خۆی هەڵدەداتەوە کە لە میدیاکانەوە بڵاو کرایەوە و بە وێنەیەکی درووستکراو ناوی دەهێنێت و دەڵێ: “ئەوە وێنەیەکی فۆتۆشۆپکراوە کە بە هەندێک سەرنجي سادة دەتوانی تێبگه‌ی فۆتۆشۆپ كراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و پێڵاوه‌ی دیاره‌ هه‌رگیز ئێمه‌ به‌كاری ناهێنین. نامەوێ ئەوە لەسەر نەتەوەی ئێمە تۆمار بکرێت. بۆیە من ئەو وێنەیە بە توندی رەت دەکەمەوە و دووپاتی دەکەمەوە هیچ بنەمایەکی نییە و هەر دیلێکی دەست ئێمە کەوتبێ ئاومان پێداوە و رەفتاری مرۆڤانەمان لەگەڵ کردووە و کەرامەتیمان نەشکاندووە”

وشە/رۆژاوای کەرکووک-هیدایەت جان

*لەو كاته‌ی داعش له‌ 3ی ئابی 2014 په‌رلاماره‌كانی بۆ كوردستان ده‌ست پێ كرد، زۆربەی حزبەکانی رۆژهەڵات هێزیان نارد بۆ بەرەکانی شەڕ، بەڵام دواتر بە ئاگادارییەک لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە هێزەکانیان کشاندەوە، چۆن بوو رێگەیان بە ئێوە دا لەو شەڕە بەردەوام بن و له‌ سه‌نگه‌ره‌كان بمێننه‌وه‌؟.

لەبەرئەوەی ئێمە لە سەرەتاوە پێداگر بووین لەسەر مانەوەمان لە مەیدانی شەڕ، هیچ لەمپەرێک نەیتوانی ئێمە بخاتە دەرەوەی شەڕ، ئەوکات لە یەکێک لە بەرەکانی شەڕ داوا لە ئێمە کرا بکشێینەوە، بەڵام لە بەرەکانی تر نەکشاینەوە و دواتر وای لێهات هەر شوێنێک خۆمان پێمان باش بێت لێی بمێنینەوە و تا ئێستایش ماوینەتەوە. ئەوەی هێزەکانی تری رۆژهەڵات چۆن هاتنە بەرەکانی شەڕەوە و لەبەرچی گەڕانەوە، ئاگاداری نیم و رەنگە خۆیان بتوانن وەڵامی بدەنەوە.

من وه‌ڵامه‌كه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت، وەزارەتی پێشمەرگەوە بە فەرمی هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتي ئاگةدار کردەوە بکشێنەوە و بەشداری شەڕ نەکەن، ئەی چۆن بوو وەزارەتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بە تەنیا مانەوەی ئێوەیان پەسند کرد؟.

بابەتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە لەسەر داوا و خوڵکی هیچ کەسێک نەهاتینە ناو شەڕەوە، بۆیە بە رەوامان نەزانی هیچ کەسێک پێمان بڵێ لەو شەڕە بچنە دەرەوە، واتا ئێمە لەسەر داوای کەس نەچووینەته‌ شەڕ و ئاساییە لەسەر داوای کەسیش نەگەڕێینەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا، ئەو رۆڵەی ئێمە لە شەڕەکاندا بینیمان وای کرد ئامادەیمان لە شەڕدا ببێت بە پێویستی.

ئێستا لە ریزی پێشەوەی شەڕدا بەرەیەکتان پێ سپێردراوە، ئەو متمانەیە چۆن لای وەزارەتی پێشمەرگە درووست بوو تا بەرپرسیارێتیەکی ئاواتان پێ بسپێرن؟.

ئێمە لە قۆناغی “ئەرێ رێگەمان دەدەن یان نادەن بۆ ئەوەی لەو شەڕەدا بەشدار بین” تێپەڕین و مانەوەی خۆمان کرد بە ئەمری واقيع، دواتر بەو رۆڵەی لە بەرەکانی شەڕی باشیك و رۆژاوای کەرکووک بینیمان، پێگەی ئێمەی لە شەڕەکاندا سەقامگیر بوو، واتا ئەو دەورە ئازایانەی هێزەکانمان لەو شەڕەدا گێڕای ئامادەیی ئێمەی وەک پێویستییەک لێکرد، ئێمە لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەین، ئەوەش شوێنێک نییە پێیان دابین و بۆیان دیاری کردبین، بەڵکو شوێن و سەنگەرەکانمان بەرهەمی شەڕەکانی ئێمەیە، لە مانگی ١١ەوە چ شوێنێک گرتن و پاراستنی ئەستەم بوو، ئێمە وەئەستۆی خۆمان گرت.

ئێوە خۆتان بەهێزی رۆژهەڵات ناساندووە لەو شەڕەدا، زۆر بە کەميی ناوی حزبەکەتان دێنن، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانین و خوێندنەوەی “پاک” یان پێتان گوتراوە بەو شێوەیە خۆتان بناسێنن؟.

جگە لە خۆمان، هیچ ناوەند و کەسێک بۆ ئێمەی دیاری ناکات بە چ ناوێکەوە بەشدار بین، بە سوپاسێکی زۆرەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم و بەرپرسی مەحوەر، ئەو دەستوباڵ ئاوەڵاییەی ئێمە لە تاکتیکەکانی شەڕ لەگەڵ دوژمندا هەمانە، دەتوانم بڵێم هێزە فەرمییەکانی حکوومەت نییانە. ئێمە کورد لە حزب گەورەتر دەبینین بۆیە لە دیدارە ئاساییەکانی رۆژانەماندا خۆمان بە هێزەکانی رۆژهەڵات دەناسێنین و ناڵێین پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستانین، ئەو پێشمەرگانەی لە ریزەکانی پارتی ئازادیدا شەڕ دەکەن رۆڵەی نەتەوەی کوردن لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کەواتا دەبێ ناوی ئەو نەتەوەیە بکەوێتە پێش حزبێکی دیاریکراوەوە، بۆیە پێمان وایە دەبێ دەوری رۆژهەڵات لە ناو و ناوەرۆک و راگەیاندنەکاندا بەرجەستەتر بێت تا دەور و ناوی حزبێکی دیاریکراو.

زۆربەی ئەو رەخنە و سەرنجانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێنەوە، باس لەوە دەکەن بۆیە پارتی رێگەی داوە بە تەنیا پارتی ئازادی کوردستان لەو شەڕەدا بەشدار بێت، لەبەرئەوەیە هەمیشە وەک باڵێکی خۆی سەیری ئێوەی کردووە، ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟.

درووستکردن و وەدواخستنی ئەو دەنگۆیانە لە بنەمادا هەوڵدانە بۆ تیرۆری کەسایەتی حزبێکی سیاسی یان کەسێک، جیا لەمە ئەگەر تەواوی ئەو میحوەر و سەنگەرانە بگەڕێین، هێزێک نابینی بە ناوی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو ميحوەرەی ئێستا ئێمە تیایدا ئەو چاوپێکەوتنە دەکەین، لیوای ٢ و لیوای ٥ی هێزی پێشمەرگەی لێیە، ئەوەندەی ئێمە رۆژانە لەگەڵ فەرماندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەروکارمان هەیە، بۆمان گرنگ نییە کێ پارتییە و کێ یەکێتییە یان لە دەرەوەی ئەوانەیە، لە هەمان کاتدا پێوەندیمان لەگەڵ هەموو هێزەکان هەیە، ئێمە چەندە دۆستایەتیمان لەگەڵ پارتی هەیە، ئەوەندەش دۆستایەتیمان لەگەڵ یەکێتی هەیە، بۆیە ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی نییە و لە هەر شوێنێک هێزێکی یەکێتی نیشتیمانی پێویستی بە ئێمە بێت بۆ شەڕی دژی داعش هاوکاری دەبین, لە هەمانکاتیشدا دۆستایەتی و پێوەندییەکی پتەو لەگەڵ پارتی، نەک بە شەرم نازانین، بگرە شانازی پێوە دەکەین.

ئێوە وەک هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕن، وەزارەتی پێشمەرگە لە گەیاندنی چەک و کەلوپەلی سەربازی و خۆراکدا جیاوازیتان دەکات لەگەڵ هێزە فەرمییەکانی خۆی؟.

ئەو پرسیارە بەلامه‌وه‌ زۆر هەستیارە، ئێمە زۆر بەباشی درک بە هەستیاربوونی بابەتەکە دەکەین، دەزانین ئێستا چەندین رەخنە و گازندە و گوشاری ئێران لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی هەیە لەبەرئەوەی پارتی ئازادی کوردستان لە شەڕدایە، بۆیە ئێمە لە سەرەتاوە بڕیارمانداوە نابێ ببین بە بارگرانی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نە داوای چەک و تەقەمەنیمان لە حکوومەت کردووە و نە ئەوانیش چەکیان پێداوین، هەر ئەو چەکانەی لە ٢٣ ساڵی رابردوودا خەباتمان پێ کردووە، ئێستاش شەڕی داعشی پێ دەکەین و لەو چەکە تازانەی هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان، هیچمان وەرنەگرتووە.

ئێوە بەرەیەکتان پێ سپێردراوە، بەرامبەرتان داعشە و ئەگەر هێرش بکاتە سەرتان لە پشتەوەی ئێوە کۆمەڵێک گوند و دواتریش شارۆكه‌ی دوبزە، ئەوە تا چەند لە ڕووی سەربازییەوە درووستە، ئێوەش تا ئێستا داواتان لە حکوومەتی هەرێم كردووە چەکی پێشکەوتووتان بخاتە بەردەست؟.

پێمانخۆشە لەو چەکە تازە و پێشکەوتووانەی بە وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان دراوە بە ئێمەش بدرێت، ئەگەر سەرنجی چەکەکانی ئێمە بدەی دەبینی کۆنن و دەيشبینی کە لیواکان هەموو چەکی نوێیان بەدەستە، ئەوە بەجێ دێڵین بۆ حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، هەرکات ئەوان گەیشتنە ئەو باوەڕەي پێدانی چەک بە ئێمە کێشە و دوژمنایەتی هەرێمییان بۆ درووست ناکات، با ئەوکات پێمانی بدەن. ئێستا ئەگەر ناڕەزایەتی دەربڕینی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە و حکوومەتی هەرێم توانا و تاقەتی سەرهەڵدانی کێشەیەکی تری لەو روانگەیەوە نییە، ئێمە هیچ گلەییەکیان لێ ناکەین و هەر بەو چەکانەی خۆمانەوە شەڕ دەکەین و ئەگەر پێشمەرگە ناوی خۆی لەسەر بێت هەر بە کڵاشینکۆفەکەی جارانەوە شەڕی خۆی دەکات.

جیا لە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان هیچ پێشمەرگەیەکی تر خۆبەخش یان سەربە حزبێکی تري دیاریکراو بێت، لەناو بەرەکانی شەڕدا هەن له‌گه‌ڵتان؟.

نەخێر، وەک هێزەکانی رۆژهەڵات و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ هێز یان گرووپێک لە بەرەکانی شەڕ نین جگە لە پارتی ئازادی کوردستان.

لەناو هێزەکانی ئێوەدا هەندێک کەسم هەر لە گوندی قەرەدەرەوە تا ئەو سەنگەرەی ئێوەی لێیە بینی کە پێشتر ئەندامی حزبەکانی تری رۆژهەڵات بوون و لەگەڵیان قسەم کرد، هەستم بەوە کرد مەرجێک هەیە بؤبوون به‌ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر رێگه‌دان به‌ مانه‌وه‌یان لە بەرەکانی شەڕدا، مەرجێکی ئاوا هەیە؟.

هەندێک لە رۆژهەڵاتییەکان وەک تاکە کەس لە شەڕدا بەشدارییان کردووە، بەڵام دواتر ژمارەیەک لەو خوشک و برایانەی بە خۆبەخش چووبوونە شەڕەوە تێگەیشتن ئەگەر ئەو هێز و وزەیە رێک نەخرێت، رەنگە نەتوانن ئەو خزمەتە بکەن کە شیاوە، بۆیە بەشێکی دیار لەوانە بينیان پارتی ئازادی لەو شەڕەدا بەردەوامە، خۆیان بەبێ ئەوەی کەس بانگهێشتیان بکات هاتنە ناو ریزەکانی ئێمەوە، دووپاتی دەکەمەوە هەر تاکێکی رۆژهەڵات تەنانەت هەر حزبێکی رۆژهەڵاتیش كه‌ خۆی دەرفەتی ئەوەی درووست نەکردووە یان پێی نەدراوە بەشداری شەڕ بکات، دەتوانێ ئەو چوارچێوەیە بە هی خۆی بزانێت و تیایدا بەشدار بێت، بەبێ ئەوەی ببێته‌ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان.

ئێوە لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە بەرەکانی شەڕن، تا ئێستا چەند شەهید و بریندارتان لەو شەڕەدا هەبووە؟.

ئێمە تاکە شەهیدێکمان هەبووە ئەویش شەهید “نیگار حوسێنی” بوو کە بە هاوەن شەهید کرا، ١١ برینداریشمان هەبووە هەندێکیان برینەکانیان سووک بووە و زوو چاک بوونەتەوە و ئەوانەيشي برینەکانیان قووڵ بووە، خۆشبەختانە ئێستا بەرەو باشبوونەوە دەڕۆن.

لە راگەیاندنەکاندا وێنەیەکی ئێوە بڵاو کرایەوە کە تەرمێکی داعش لەبەر پێتاندا کەوتبوو، رەخنەی ئەوەتان لێ گیرا هەم لە یاسای شەڕدا و هەمیش لە نەریت و کولتووری کورداندا هەرگیز رێگە بەوە نەدراوە سووکایەتی بە تەرمی دوژمنەکەت بکەی، ئەو وێنەیە چۆن گیرا و چۆن دزەی کردە ناو راگەیاندنەکانەوە؟

ئەوە یەکەمجارە سەبارەت بەو وێنەیە دەدوێم، عادەتم نییە هەرکات هەڵایەک درووست بوو خێرا بە “ئا یان نا” بەشداری تیادا بکەم، زۆرجار لێدەگەڕێم بۆ ئەوەی دوژمن و نەیار هەموو هێزی خۆی بەکار بێنێ و هەموو سەرمایەی خۆی بخاتە سەر درۆیەک یان دەنگۆیەک. ئەو وێنەیەی بڵاو کرایەوە و هەڵای لێ درووست بوو، ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر لەسەری رۆیشتن و ئێستەش هەر دەیورووژێنن, بەداخەوە هاوتەریبییەک لە نێوان هەندێک کەس و لایەن و ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامی درووست بوو لەسەر ئەو وێنەیە، لە راستیدا وێنەیەکی فۆتۆشۆپکراوە کە بە هەندێک سەرنجي سادة دەتوانی تێبگه‌ی فۆتۆشۆپ كراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و پێڵاوه‌ی دیاره‌ هه‌رگیز ئێمه‌ به‌كاری ناهێنین. نامەوێ ئەوە لەسەر نەتەوەی ئێمە تۆمار بکرێت. بۆیە من ئەو وێنەیە بە توندی رەت دەکەمەوە و دووپاتی دەکەمەوە هیچ بنەمایەکی نییە و هەر دیلێکی دەست ئێمە کەوتبێ ئاومان پێداوە و رەفتاری مرۆڤانەمان لەگەڵ کردووە و کەرامەتیمان نەشکاندووە، جا چی بگا بە تەرمێکی بێ گیان، هەر خۆشم لەو بڕیارەدا بەشدار بووم بۆ ئەوەی تەرمەکانی داعش لەو شاخ و دەشتانە قەل و داڵ نەیانخوات، بەخاک بسپێردرێن. بۆیە ئەوە ناڕەواییەک بوو دەرحەق بە ئێمە کرا و دوژمنانی کورد ئەوەیان درووست کرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com