لە 250 هامەر و تانكی ئەمریكی تەنیا 25یان دراون بە پێشمەرگە

0

نوچە.نیت.rudaw

لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند حكومەتی ئەمریكا وەكو قۆناغی یەكەمی هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ حكومەتی عێراق 250 تانك و هامەری رادەستی حكومەتی عێراق كردووە، بەڵام تەنیا 25 لەو تانك و هەمەرانە دراون بە هێزی پێشمەرگە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا سەبارەت بە هاوكارییە سەربازییەكەی بۆ عێراق رایگەیاندووە، بەهای هاوكارییەكان زیاترە لە 18 ملیۆن دۆلار، ئامانجی ئەم هاوكارییەش بەرزكردنەوەی توانستی سوپای عێراقە بەرامبەر بە داعش.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند “لە كۆی ئەو هاوكارییە سەربازیانەی كە بە وەزارەتی بەرگریی عێراق گەیشتووە، تەنیا 10%ی بۆ هێزی پێشمەرگە نێردراوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هێزی سەرەكی لە عێراق بەرامبەر داعش وەستابێتەوە و شەڕ بكات، هێزی پێشمەرگەیە”.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی “سەبارەت بە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە لە رێگای بەغداوە، قسەمان لەگەڵ خالد عوبێدی، وەزیری بەرگریی عێراق كردووە و پێیڕاگەیاندووین، ئەمە هەنگاوی یەكەمی هاوكارییەكانە و بەڵێنی ئەوەشی داوە كە هەر هاوكارییەكی سەربازی بگاتە بەغدا پشكی كوردی تێدا دەبێت”.

زۆربەی وڵاتان بۆ ناردنی چەك لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، لە رێگەی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن.  زانا روستایی، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند، دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق، رێكەوتننامەیەكی سەربازی لە نێوان هەردوولادا واژۆ كراوە، بەپێی ئەو رێكەوتننامەیە حكومەتی ئەمریكا بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، ناتوانێت هاوكاریی سەربازی و لۆجیستی هیچ هۆز و لایەنێكی دیاریكراو بكات”.

روستایی گوتیشی “هەرچەندە دەستەی حەشدی شەعبی، ئێستا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانی پێدا نراوە وەكو هێزێكی شەرعی، بەڵام هاوكاریكردنی راستەوخۆی ئەو هێزە لەلایەن ئەمریكاوە پێچەوانەی یاسا و عورفی نێودەوڵەتییە”.

سەبارەت بە خەرجییەكانی حەشدی شەعبی، شاخەوان عەبدوڵڵا بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت “ئەبو مەهدی، سەرۆكی گشتی حەشدی شەعبی پێیڕاگەیاندووین كە  بە دوو قۆناغ و لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا 649 ملیۆن دۆلار و 500 ملیار دیناریان لە داهاتی گشتی عێراق بردووە”.

لەبارەی بەكارهێنانی ئەو بڕە پارەیەشەوە، گوتی “144 ملیۆن دۆلاریان داوەتە وەزارەتی بەرگریی عێراق و 89 ملیۆن دۆلاریان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ و 2 ملیار و 600 ملیۆن دیناریان داوەتە  هێزی پاراستنی شنگال كە هێزێكی كوردییە، بەڵام ئەو كارەیان بەبێ‌ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە”.

بڕیاردەری لێژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەدواداچوونەكانی بۆ دروستیی هەواڵی دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دەڵێت “بەئامادەبوونی سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای روونكردنەوەمان لە خالید عوبێدی، وەزیری بەرگریی عێراق كرد و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا چەند پارەتان لە حەشدی شەعبییەوە بەدەست گەیشتووە، گوتی: هیچ پارەیەكمان لە حەشدی شەعبی وەرنەگرتووە، بە پێچەوانەوە ئێمە هاوكاری حەشدی شەعبی دەكەین”.

عەباس موسا زاملی، سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نایشارێتەوە كە داهاتی گشتی بە هەدەر دراوە و بە (رووداو)ی گوت “لێژنەی ئاسایش و بەرگری دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەسەر بەهەدەردانی داهاتی گشتیی عێراق، بە ناوی هاوكاریكردنی هێزی ئەمنی و حەشدی شەعبی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com