ئەمڕۆ چوارەمین هێزی پێشمەرگە دەچێتە كۆبانێ

0

نوچە.نیت.رووداو

رۆژی هەینی 27-2-2015، چوارەمین هێزی پێشمەرگە كە ژمارەیان 126 پێشمەرگەیە، دەچێتە كۆبانێ و ئەو هێزەی ئێستا لەوێیە دەگەڕێتەوە باشووری كوردستان.

عەمید موسڵیح زێباری، فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە سبەی كاژێر05:00 ی ئێوارە، چوارەمین هێزی پێشمەرگە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرەو فڕۆكەخانەی رووها لە باكووری كوردستان بەڕێدەكەوێت، دواتر لە پرسووس دەچێتە كۆبانێ.

زێباری باسی لەوە كرد كە ئەو هێزەی ئێستا لە كۆبانێیە، دوای گەیشتنی چوارەم هێزی پێشمەرگە رۆژێك دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە باشوور. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە رۆژی شەممە 28ی شوبات ئەوان دەگەڕێنەوە هەولێر.

لەبارەی بارودۆخی کۆبانێش موسڵح زێباری گوتی، تەواوی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەكانی كورد دایە و ئێستا هاونیشتمانيانی ئەو گوندانەی كۆنترۆڵكراونەتەوە، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

هەروەها گوتیشی، سەرۆکایەتی هەرسێ کانتۆنەکەی رۆژئاوای کوردستان، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و سوپاسی پێشمەرگەیان کردووە، کە لە کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەریدا بەشدارییان کردووە و شانبەشانی یەپەگە و یەپەژە شەڕیان لە دژی داعش کردووە.

بە بڕیاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردەی پەرلەمان، تاوەكو ئێستا سێ  هێزی پێشمەرگە چوونەتە كۆبانێ و لە شەڕی دژی داعشدا بە چەكی قورس و دوورهاوێژ پاڵپشتی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG كردووە.

كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە لە 28 ی تشرینی یەكەمی 2014 لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت، ماوەی 35 رۆژ لەوێبوون پاشان گەڕانەوە، كاروانی دووەمیش لە 3 ی كانوونی یەكەمی 2014 بەڕێكەوت، كاروانی سێیەمیش 15-1-2015  بەڕێكەوت و تاوەكو ئێستا لەوێیە، رۆژی شەممەش دەگەڕێتەوە باشوور.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com