پێشمەرگە و شەڕڤانان گورزێكی كوشندە لە داعش دەدەن

0

پێشمەرگە و شەڕڤانان گورزێكی كوشندە لە داعش دەدەن

نوچە.نیت.رووداو

سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، دوێنێ یەكشەممە 22ی شوبات، هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا لەگەڵ شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG لە میحوەری خانەسۆر و تربێك بۆ سنووری سووریا، داعشیان لە ناوچەكە وەدەرناوە و چەندین گوندیان كۆنترۆڵكردوونەتەوە.

فەریق جەمال ئێمنكی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، كە دوێنی لەسەر راسپاردەی بارزانی، هێزی پێشمەرگە پاڵپشتی شەڕڤانانی یەپەگەی كردووە و لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا لە ناوچەی خانەسۆر، گورزێكی كوشندەیان لە چەكدارانی داعش وەشاندووە و چەندین گوندیان لەسنوورەكەدا كۆنترۆڵكردوونەتەوە.

سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێ، ناوچەی خانەسۆر دەكەوێتە كۆتایی چیای شنگال بە ئاراستەی سنووری سووریاو لەوێوە چەكدارانی داعش هێرشیان دەكردە سەر هێزی پێشمەرگە و یەپەگە، بەڵام لە ئاكامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەكانی پێشمەرگە توانیان بگەنە سنووری سوریا و ئامانجە راستەقینەكە بپێكەن، كە چۆن وەك لە پێشدا نەخشەی بۆ داڕێژرابوو و داعشیان لەو ناوچەیەدا وەدەرنا.

سوپاسالاری پێشمەرگە راشیگەیاند، كە دەمێك بوو پلان بۆ ئۆپەراسیۆنەكە دانرابوو، بەڵام دوێنی جێبەجێكرا و هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا لەگەڵ شەڕڤانان بە تۆپخانەو چەكی قورس بۆردوومانی داعشیان كرد، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش رۆڵیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەو سوپاسالارەوە دەست تۆڕی میدیای رووداو كەوتوون، لە میحوەری خانەسۆر 6 گوند بە ناوەكانی (بیرقاسم، تل مشێرف، بیرجاری، حەساوێك، بی بی و بەنی سەح) كۆنترۆڵكراونەتەوە، كە هەموویان دەكەونە باشووری كوردستانەوە.

هەر لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هێزەكانی پێشمەرگە و یەپەگە بەرەو سنووری رۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون و لەخاكی رۆژئاوای كوردستان دوو گوند بە ناوەكانی (ئومیەو قورتەپە) كۆنترۆڵكراونەتەوە.

چەكدارانی داعش لەو ئۆپەراسیۆنەدا، زیانێكی گەورەیان پێگەیشتووە و پاشەكشەیان كردووە، هاوكات ژمارەیەكی زۆر تەرمی داعشیش لە بەرەكانی شەڕدا جێماون. جەمال ئێمنكی دەشڵێت، لە میحوەری تربێك بۆ سنووری رۆژئاوا 3 گوندی دیكە بە ناوەكانی (خوزاعە، تەمیمە، فلیمە) كۆنترۆڵكراونەتەوە.

ئێستا مەترسییەكانی داعش لەسەر چیای شنگال نەماون و رێگەی چەكدارانی داعش بۆ گەیشتن بە شنگال لەو سنوورەدا پچڕاوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com