خۆشەویستی من ئەوەیە
لەسەروو یاساکانی غەریزە و
لەودیوو دیوارەکانی
چێژ وەرگرتنەوە خۆشم ئەوێی!
بەرلەوەی بیر لە ماچ بکەمەوە
بیر لە لێوەکانت ئەکەمەوە
نامەوێ سوراوەکەت کاڵ بێتەوە
با هەر جوان دەرکەویت!
پێش ئەوەی بیر لە خەوێکی
سەر سینەت بکەمەوە
بیرم بۆ ئەوە ئەچێ
نابێ سینەت بژاکێنم
نابێ ستیان بۆن کەم و
نابێ چاوی تەماشام
لە سێوەکانتا بڕوێنم !
ئەمەوێ بۆ هەمیشە
وەک یادگاری لە ناو مندا هاتووچۆ بکەیت
با هەر ناسکبی …..قەت نەژاکێی!
حەز ئەکەم
جەستەم تەواو هەپروون بێت
بەس دلێ تۆ هەر ئاسایی لێبدات
حەز ئەکەم
چی خەم هەیە یەخەم بگرێ
بەس خەم بەرەو لای تۆ شەپۆل نەدات
حەز ئەکەم هەر وەک ئاسمان بگریم
بەس چاوی تۆ پەی بە گریان نەبات !
ئەخوازم کە هاتیتە دەر
لەگەڵ خۆتا بمکەیتە گەردنت
با من ملوانکەکەت بم
هەر هیچ نەبێ
ناهێلم پرچت
بێزارت بکا و
دەست بۆ لا مل و گەردنت بەرێ!
ناهێڵم با
دەمامکەکانی لەچاوکا و چاو لە تۆ ببرێ!
هەر هیچ نەبێ
ناهێڵم باران
ڕەوتی خۆی بگۆڕێ و بەناو سینەتا بکات گوزەرێ !
من وام
ئێ ئاخر
لەجیێ ڕوخسار و جەستەت من رۆحتم خۆشئەوێ
رابەر ئیلهامی : رۆحتم خۆشئەوێ
0
Share.
