دابان حەیدەر : ئەم مەغریبە بۆ وا توڕەیە
شەماڵێک دێت ،
ئەشکی خستووەتە سەر دەستی
لە سەر خوانی ئەم مەغریبە
پێشکەشی تەنیایمی کرد..
جریوەی پاسارییە بێ لانەکان و
سکاڵای گوڵە تێر نەبووەکان لە تیشکی خۆر
لە حەقیقەتم ئەسێنن و
ئەمخەنە سەر تولە ڕێی خەیاڵ ،
تەزوو بە جەستەما ئەهێنن ..
ئەم مەغریبە تەماوییە ، بۆ ئەوەندە بە قوڵی هەناسە ئەدات
خواستی وایە ئازیزێکم لێ بسێنێت ،
یان ژوورەکەم پڕ بکات لە تاوان
لە چی توڕە بووە لە چی ….
کام مناڵی بێ نەوا لە سەرما هەڵدەلەرزێ ،
کام پیرەژنی بێکەس ماڵەکەی لێ بووە بە گۆڕستان ،
ئاخۆ کام دایکی جەرگ سوتاو، ڕۆڵە کوژراو
دوعای لە دڵخۆشی کردبێ
ئەم مەغریبە وا تەنگ بووە
ئاشووب ئەبارێ ئاشووب ….
ئەستێرەکان سڵاو ناکەن ،
شەمشەمەکوێرەکان لە کونە تاریکەکان نایەنە دەر
پیاوەکان هەڵپەی گەڕانەوەیان نییە بۆ ماڵەکانیان
وەک دوێنێ نین …!
وەک بڵێی زەمین لەرزەیەک کەون دا ئەگرێ ،
وەک بڵێی هەموو دنیا چاوەڕوانی ڕوودانی شتێک بێ
ئەترسم تۆ بیت شارەکەت جێ هێشتبێت ،
ئاوا مەغریب تووڕە بووە ..!
چۆتە پلەی سڕ بوونەوە..
ڕقی لە تێپەڕ بوونی خۆیەتی
بەسەر لاشەی بێ تۆییدا
خودایە بێ ئافاتی بگێڕی ئەم مەغریبە
بە زەییت بێ بەم غەریبە…
