دابان حەیدەر : ئەی یار لێرەش نەبیت حزورت هەر لە روحمایە
ئەی یار
کە پایز لە سەفەر هاتەوە لێی بپرسە
کێ گەڵا وەریوەکانی کۆ دەکردەوە و
نزای سەوز بونی دەکرد
ئەی یار
بەردی حەزت مەکێشە بە
شوشەی ئاواتەکانمدا
مەبادا بێ دەنگیت بروشێ
ئەی یار
تۆ بەردەوام لەنجە بکە
تاووس و کەو
لە دانیشتگای عەرشی تۆدا بادە گێڕن
ئەی یار
خۆت لە گەڵ سۆزانییەک بەراورد مەکە
تۆ بەفریت و ئەو دەریای ژەنگ
تۆ خەونی غەزەل نوسێکیت و
ئەو خەونی هەزاران ناپیاو….!
ئەی یار
چەندە تامەزرۆی ئێوارانێکم
تۆ بێیت و من گەش ببمەوە
من تەفسیری حیکایەتەکانی
هوماو قەقنەست بۆ بکەم
تۆش
ستیانەکەت لابەریت و خۆر ڕوو زەرد بێ و
بۆ ئەبەدی زەردی ماڵئاوایی بکا
پێکەوە ورتە ورتی عاشق بونمان بکەین
ئەی یار
حزورت چەندە شرینە
ویساڵت جەندە بە چێژە
نیگارت چەن شیعراوییە
ئەی یار
خەیاڵەکان ئەمشەو وردم ئەکەنەوە
بە هەر وەسیلەیەك بێت پێم خۆشە
وەصڵت لە باوەش بگرم!
ئارەزومە وەک توتیەک
لە سەر قۆڵی چەپت لەنگەر بگرم.
ئەی یار
بە دەم پیاسە کردنەوە
بمبەرەوە بۆ ئەو شوێنەی
شوشەی دڵمت تیا ورد کرد
نیگای حەزمت تیا بزر کرد….
ئەی یار
ناری ئەڵێ:
من خەیاڵم وەصڵ و تۆ فیکرت فیراق
من بە تۆ موشتاق و تۆ بێ ئیشتیاق.
تۆش وەرەو پێی بڵێ:
من لە گەڵ مەعشوقەکەمدا
سرودی وەصڵ ئەخوێنین
لە هزری ئێمەدا نیە بوونی فیراق