کامران شافێعی : مەرگ لە دەرگا دەدات
مردن هاتوە لە پەنام راوەستاوە
چاوی لە چاوم بریوە
جار جارە بزەیەکی دێتێ
جاری واشە گرژ گرژە نێوچاوانی
خەریکم خۆم به دهستهوه دهدهم
چی تر ئەو شەرەم پی ناکرێ
لە پێش ئەوەی دەست هەڵێنم و تهسلیم بم
وەسیەت دەکەم
لەو غەریبیە کەس ناناسم جیا لە هێندێک
فرمێسکی تەنیایی خۆم نەبێت
نووسیومنەوە لە سەر کاغەز
لە تازیەم دا نە کەس هەیە شینم بۆ بکات
نە دڵسۆزێ یادێ لە من
وەسیەت دەکەم شێعرەکانم پرسە دانێن
ووشەکان شین بگێرن
لە لای سەروەی دیوانی هەڵبەستەکان
مۆمێ پێکەن
وێنەیەکم لە سەر تاقەی روبەرو دا هەڵپەسێرن
بە قەڵەمەکەم بلێن تێر تێر بگری
هەر ئەو ئاگای لە دڵم بوو
هەر ئەو چاوی لە چاوم بوو
هەر ئەو دەستی لەدەستم بوو
ئەودەیزانی چەند قوڵپی گریانم لە گەرو دا قەتیس ماون
ئەو شارەزای گریانی شەوانو هەنیسکی لێک دابرانمە
ئەگەر توانی با پێتان بلێ
چەند تامەزرۆی ئازادی بووم
چەند نیشتیمانم خۆش ویستوە
چەند پێم خۆش بوو نانم پێ با بۆ هەژاران
ئەو دەزانێ
با تێر بگری، بۆ خۆی ، بۆ من بۆ
هەمو ئەو شێعرانەی نەنووسراون و
نەبیستراون